کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌و ڕووداوه‌ی فه‌یسبوكی گه‌مارۆ داوه‌؟

Wednesday, 29/06/2022, 22:09


دوای ئه‌و كاره‌ساته‌ خه‌مناك و قێزه‌ونه‌ی دوور له‌هه‌ر به‌هایه‌كی مرۆڤایه‌تی له‌ 28/6/2022هه‌مووانی تووشی شۆك كرد، وایكردن دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت و ناوه‌نده‌كانی راگه‌یاندن و هاوڵاتیان ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر به‌م كرده‌یه‌ به‌رز بكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ دوو ڕووداوی جیاواز له‌شاری هه‌ولێردا قوتابیه‌ك هه‌ڵده‌ستێ به‌ كوشتنی دوو مامۆستای زانكۆ (د. كاوان ئیسماعیل – د. ئیدریس حه‌مه‌خان).
دیارده‌ی كوشت و بڕ و ته‌قه‌كردن دیارده‌یه‌كی تازه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یری لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو بكه‌ین ده‌زانین چۆن لێره‌و له‌وێ له‌لایه‌ن كه‌سانێكی نه‌فس نزمه‌وه‌ په‌لاماری قوتابخانه‌ دراوه‌و چۆن مامۆستاو قوتابی بووه‌ته‌ قوربانی نیازه‌ گڵاوه‌كانی كه‌سێك، گروپێك و پلانگێڕی حزبێك، حكومه‌تێك و. .. هتد.
مرۆڤ له‌هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌ بێ به‌ری نییه‌، وه‌لێ ده‌بێ ده‌رهه‌ق به‌ رووداوه‌كان سزاو پاداشت هه‌بێت و یاسا ڕۆڵی خۆی بگێڕێ و كه‌یسه‌كان به‌لاڕێ نه‌بردرێن، جا ئه‌و كه‌سه‌ كوڕی كێ بێت و هه‌ر كه‌سێك بێت و هه‌ر پله‌و پۆستێكی هه‌بێت.
دادپه‌روه‌ری زامنی مانه‌وه‌و ئارامی كۆمه‌ڵگایه‌، له‌هه‌ر شوێن و جێگه‌یه‌گ دادگا سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو، یاسا سه‌روه‌ر نابێت، به‌مه‌یش دادپه‌روه‌ری ده‌كه‌وێته‌ كه‌ناری كه‌وتن و گڵۆڵه‌ی ده‌كه‌وته‌ لێژێ كه‌ له‌ژێر سایه‌و سێبه‌ری سیسته‌مێكدا بۆ هه‌ندێ پڕ و بۆ هه‌ندێ قڕبێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ستڕۆیشتوو تاوان ئه‌نجام ده‌دات و به‌ئاشكرا ده‌سوڕێته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بوێری ئه‌وه‌ی هه‌بێت پێی بڵێ: به‌ری چاوت دوو برۆیه‌ له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی هه‌ژارو نه‌داره‌، بێ مه‌ئوایه‌، پشتی نیه‌و تاوانێكی ناچار یا نه‌ناچاری ده‌كات، دونیای لێ پڕ ده‌كه‌ن، ده‌یكه‌نه‌ په‌ندو مه‌خسه‌ره‌ی زه‌مانه‌و مێشێكی لێ ده‌كه‌نه‌ گامێشێك، به‌مه‌یش له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ هیچ ئومێدێك له‌چاوه‌ڕوانی خۆشگوزه‌رانی و دڵنیایی هاونیشتمانیان سه‌وز نابێت.
ڕه‌شه‌كوژی ، كوشتنی سه‌رۆكی وڵاتێك، دكتۆرێك، ئه‌ندازیارو كه‌سبكارێك تاوانكاریه‌، تاوانیش هه‌ر تاوانه‌، جۆرو شێوه‌كه‌ی جیاوازه‌.
ماوه‌یه‌كه‌ خۆكوشتن و كوشتن به‌ به‌ردو بلۆك و چه‌قۆو چه‌ك له‌هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ئاوخواردنه‌وه‌ی لێهاتوه‌ و ئاماره‌كان ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیدار ده‌رده‌خه‌ن كه‌ هه‌ر تاوانێك ئه‌نجامدراو بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی چووه‌ سه‌ر، ئه‌وه‌ كوشتن له‌حاڵه‌ته‌وه‌ ده‌بێته‌ دیارده‌ كه‌ پێویسته‌ سنوورێك بۆ ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ دابندرێ، هه‌موو كه‌س جورئه‌تی ئه‌وه‌یان نه‌بێت له‌وپه‌ڕی تووڕه‌ییدا په‌نای بۆ ببه‌ن ئه‌گه‌ر یاسایه‌ك هه‌بێ سزاكانی قورس بێت، بۆ نموونه‌ به‌ندكردنی هه‌تا هه‌تایی، بیست ساڵ به‌ندكردن یاخود له‌سێداره‌دان و كوشتنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ناهه‌ق كه‌سێك ده‌كوژن.
ئه‌وه‌ی له‌و رۆژانه‌ فه‌یس بووكی ته‌نیوه‌و به‌لێشاو له‌لایه‌ن به‌كارهێنه‌رانیه‌وه‌ ده‌رهه‌ق به‌كوشتنی ئه‌و دوو مامۆستایه‌ ده‌یخه‌نه‌ ڕوو، به‌سه‌هاتێكه‌ كه‌ له‌4/7/1970 قوتابیه‌كی ده‌ستڕۆیشتووی حزبی به‌عس كه‌ ناوی (موسا عه‌بدولحه‌مید) بوو له‌قۆناغی سێیه‌می كۆلێژی ئه‌ندازیاری ده‌یخوێند و سه‌رۆكی یه‌كێتی قوتابیان لقی زانكۆی به‌سڕه‌ بوو، كاتێك له‌ تاقیكردنه‌وه‌ گزی ده‌كات و قۆپیه‌كه‌ی لێ ده‌گر، یه‌كسه‌ر فه‌رمانی فه‌سڵكردنی بۆ ده‌رده‌كه‌ن، ئه‌ویش له‌په‌رچه‌كرداری ئه‌و فه‌رمانه‌، هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ر نووسینگه‌ی سه‌رۆكی زانكۆو دكتۆر خه‌لیل حه‌مید ده‌كوژێت.
هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش( مجلس قیاده‌ الپوره‌) كه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ (ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر) سه‌رۆك كۆماری عێراق سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد، فه‌رمانی پێكهێنانی دادگایه‌ك ده‌دات و له‌هه‌مان ڕۆژ قوتابیه‌كه‌ له‌سێداره‌ ده‌درێ و بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ ته‌رمه‌كه‌ی له‌ ده‌روازه‌و باب نیزامی زانكۆی به‌سڕه‌ هه‌ڵده‌واسرێ تا تازیه‌ی سه‌رۆكی زانكۆ ته‌واو ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ په‌نده‌و عیبره‌ت تا كه‌س زاتی ئه‌وه‌ نه‌كات بێرێزی به‌رامبه‌ر به‌مامۆستا بكات كه‌ داهاتووی هه‌موو وڵاتێك مامۆستا بینای ده‌كات.
كه‌واته‌ ده‌بێ دادگا به‌پێی ڕووداوه‌كان مامه‌ڵه‌ بكات و ئه‌و رێوشوێنانه‌ بگرێته‌ به‌ر كه‌ پێش له‌دووباره‌ بوونه‌وه‌ی بگرێت، سزای ناپاكیكردن له‌خاك و نیشتمانه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتان له‌سێداره‌دانه‌، كه‌واته‌ ده‌كرێ له‌سێداره‌دان بكرێته‌ بنامه‌یه‌ك بۆ ئه‌و كاره‌ساتانه‌ ناخهه‌ژێن و جه‌رگبڕن وه‌ك كوشتنی به‌كۆمه‌ڵ و. .. هتد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە