کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕاده‌ست نه‌كردنی داهات یانی چی؟

Sunday, 27/02/2022, 22:15


ماوه‌یه‌كی زۆره‌ وه‌ك یاری به‌ بیرو هۆشی هاونیشتمانیانی هه‌رێم بكرێ، ماوه‌ ماوه‌ به‌ هۆكاری سیاسی و نه‌گونجانی ڕیتمی لێك تێگه‌یشتنی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و نیشاندنی هێزو بازووی ده‌ستڕۆیشتوی خۆیان كه‌ بۆ هه‌ر كارێك بیانه‌وێ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و گوێ بۆشكۆو سه‌روه‌ری حكومه‌ت و یاسا ناكه‌ن ئه‌مه‌ش واده‌كات وه‌ك لاوازترین ده‌ربڕی ئیمان له‌ڕێی میدیاكانه‌وه‌ چه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌ك بۆ ڕای گشتی بخه‌نه‌ ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ڕاستی ڕووداوه‌كان تێ بگات ئه‌ویش ده‌سته‌واژه‌ی وشه‌ی (نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی داهات بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت) یان (ڕِاده‌ست نه‌كردنی داهات) كه‌ به‌ڕاستی مایه‌ی شه‌رمه‌زاریه‌ له‌م ڕۆژگارو سه‌رده‌مه‌ خێرای به‌ناو عه‌وله‌مه‌و كرانه‌وه‌و پیاده‌كردنی مافه‌كانی مرۆڤ ، كه‌چی ئێمه‌ له‌هه‌رێمێ گوزه‌ر ده‌كه‌ین پێمان وابێ حزب له‌حكومه‌ت ده‌وڵه‌مه‌ندتره‌، حزب كایه‌كانی حكومه‌تی قۆرخ كردوه‌ و به‌دامه‌زراوی نه‌كراوه‌ له‌كاتێكدا له‌هه‌موو دونیای دیموكراسی و سه‌روه‌ری یاسا ، شتێكی له‌و جۆره‌ له‌فه‌رهه‌نگی سیاسی به‌دی ناكرێ، كه‌چی لێره‌ بووه‌ته‌ دیارده‌و ته‌قه‌ی سه‌ریان دێ.
مه‌خابن مانگانه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابه‌ش ده‌كرێ و كاتێك گرژی و تێكقرژان و نه‌گه‌یشتن به‌ئاكامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی دوو حزبی ده‌ست ڕۆیشتوو بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر یه‌ك، ڕاسته‌وخۆ په‌نا بۆ داهاتی زۆنی خۆیان ببه‌ن وه‌ك كارتێك كه‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ر چۆك بۆ داواو داخوازیه‌كانیان بدات.
مووچه‌خۆرانی هه‌ژارو ماندووی پابه‌ند به‌ده‌وامی ئاسایی خۆیان و ئه‌و خزمه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، تاوان و گوناهیان چیه‌ كه‌ ده‌چێته‌ بانكه‌كان و سڕه‌ ده‌گرێ، كه‌چی پڕتاو پێیان ده‌وترێ: چیتر مه‌وه‌ستن، بڕۆنه‌وه‌ پاره‌ له‌ بانك ته‌واو بوو؟ به‌كڵۆجێ وه‌زاره‌تی دارایی بۆ خوار خۆی به‌فه‌رمی و نافه‌رمی ئه‌وه‌نده‌ی هات و هاوار بكات: تكایه‌ ئه‌و داهاته‌ی وه‌رگیراوه‌ بیگه‌ڕێننه‌وه‌، ئه‌و پاره‌ی له‌ باج و رسومات و فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان وه‌رتانگرتووه‌ ڕاده‌ستی بكه‌ن، كه‌چی له‌نه‌بوونی په‌رۆشیان بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ ڕووت و ڕه‌جاڵه‌، به‌میزاج مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌قڵیان وه‌زعه‌كه‌ی خواست ئه‌وه‌ ده‌یگه‌ڕێننه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا با وه‌زیر هه‌ر بنه‌ڕێنێ و بڵێ: ئه‌ی هاوار بۆچی ئه‌و داهاته‌ ناگه‌ڕێننه‌وه‌؟ كه‌چی وه‌ك نه‌ بایا ن دیبێ نه‌بۆران، هیچ حیساب بۆ هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌و وه‌زیره‌كه‌ی ناكه‌ن، خۆهه‌ر لایه‌كیشیان بێته‌ جواب، ئه‌وه‌ به‌وه‌ڵامێكی ده‌مكوتكه‌رانه‌ بێ ده‌نگی ده‌كه‌ن.
قه‌ت بووه‌ ده‌زگایه‌كی ژێرده‌سته‌ی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ت گوێ به‌وه‌زاره‌ت و سه‌رووی خۆی نه‌دات، فه‌رمانه‌كانی جێ به‌جێ نه‌كات؟ سه‌یره‌ داهات موڵكی باوكی هیچ حزب و لایه‌ن و سیاسیه‌ك نیه‌، كه‌چی له‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ی لای خۆمان حزب حكومه‌ت ده‌جولێنێ، پاره‌ ده‌بێ له‌ حزبه‌وه‌ ته‌سفیه‌ بكرێ ئه‌وجا بۆ حكومه‌ت بڕوات، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ خه‌ڵك به‌ گومانه‌وه‌ بڕوانێته‌ داهاتووی ئه‌و هه‌رێمه‌ی به‌خوێنی شه‌هیدان دامه‌زراوه‌، وه‌لێ ئه‌گه‌ر خه‌مخۆری و وه‌لاو ئینتیمان بۆ خاك و نیشتیمان كه‌م بۆوه‌ ئه‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ خۆی به‌نامۆ ده‌زانێ و هیچ دڵی به‌و شوێنه‌ خۆش نابێ كه‌ پێی ده‌وترێ: كوردستان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە