كاتێك دادپه‌روه‌ری گڵۆڵه‌ی ده‌كه‌وته لێژێ
Tuesday, 17/11/2020, 18:00
دادپه‌روه‌ری بنچینه‌ی خۆشگوزه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری مرۆڤایه‌تیه، كاتێك دادپه‌روه‌ری گڵۆڵه‌ی ده‌كه‌وته لێژێ، ئیدی فێڵ و فهرهجهو دزی و به‌رتیل و گه‌نده‌ڵی و كوشت و بڕو شه‌ڕو شۆو نادادی جێی ده‌گرێته‌وه.
برا له‌پشته‌وه خه‌نجه‌ر له برای ده‌دات، برا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی بچووك برای ده‌فرۆشێ و چاڵی بۆ هه‌ڵده‌كه‌نێت.
له‌وڵاتی ناداد گچكه‌كان شتی بچووك ده‌دزن و گه‌وره‌كان شتی گه‌وره، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بچووكه‌كان هێلكه‌یه‌ك بدزن، ئه‌وه گه‌وره‌كان هێلكه و مریشهكهكان ده‌دزن، ئه‌گه‌ر بچووك سێ‌و و پرته‌قاڵ بدزێ، ئه‌وه گه‌وره‌كان به دار‌و به‌ره‌وه داگیری ده‌كه‌ن و بۆ خۆیانی ده‌به‌ن.
ئه‌گه‌ر بچووك حهفازهو قوتووه شیرێك بدزێ، حوكمی ده‌ده‌ن ، كه‌چی گه‌وره‌كان هه‌موو وڵات بدزن، ته‌قه‌ی سه‌ریان دێ و نابێ كه‌س باسیان بكات.
له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ری خوا، كه‌سێك دزی ده‌كات و كه‌س و كاره‌كه‌ی روو له سه‌حابه‌یه‌ك ده‌كه‌ن تا بۆ شه‌كوای حاڵ بچێته لای پێغه‌مبه‌ر به‌ڵكو چاوپۆشی لێ بكات، كاتێك سهحابهكه ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌لا ده‌وروژێنێ كه ئه‌گه‌ر مه‌جالی تێدابێ ده‌ستی نه‌بڕنه‌وه، پێغه‌مبه‌ر پێیده‌ڵێ: ئوممه‌ته‌كانی پێش ئێوه به‌م هۆیه‌وه له‌ناو چوون.
مه‌به‌ستی له‌م قسانه ئه‌وه‌بوو پێشان كاتێ كه‌سێكی هه‌ژارو بێ نه‌وا دزی بكردایه، یا پیاوی بكوشتایه حوكمی دادگای به‌سه‌ر دهسهپاو بۆ كه‌سێكی گه‌وره‌و ده‌ست رۆیشتوویش هیچ باس نه‌بوو.
ئه‌گه‌ر دادپه‌روه‌ری راسته‌قینه هه‌بێ ئیتر گرنگ نیه كێ حوكمڕانه، جوله‌كه، گاور، موسڵمان، بێ باوه‌ڕ، له هه‌موو ئه‌و جێگایانه‌ی دادپه‌روه‌ری تێدا به‌رقه‌راره ئه‌وه به‌ره‌كه‌ت له‌و شوێنه ده‌بارێ وخه‌ڵكه‌كه‌ی به‌خۆشی ده‌ژێ.
له‌ژێر سێبه‌ری دادگه‌ری دا له‌جێی دزه بچووكه‌كان، زیندانه‌كان پڕ ده‌بن له دزی گه‌وره.
به‌پێچه‌وانه‌وه چ شتێك خراپه نابێ به‌دووری بزانیت و هه‌موو شتێك كراوه‌یه، بۆ نموونه حكومه‌تێك میلله‌ته‌كه‌ی بناسێ ئه‌وا به‌ناوی باجه‌وه ده‌یدۆشێ و كه‌یف و ماشا‌و خۆشی خۆی به‌خه‌ڵكه ره‌ش و روتهكه پڕ ده‌كاته‌وه.
ده‌گێڕنه‌وه پادشایه‌كی نادادپه‌روه‌ر هه‌بوو به راست و چه‌پ له پاره‌ی خه‌زێنه‌ی وڵاتی ده‌ردێناو بۆ خۆشبه‌ختی خۆی په‌خشان وتهخشانی دهكردو میلله‌تیش زه‌قی چاوی ده‌هات، به‌مه‌یش وایلێهات خه‌زێنه‌ی وڵات به‌تاڵ بوو چونكه هه‌ر لێی ده‌ردێناو نهیدهگهڕاندهوه، به‌مه‌یش وڵات تووشی قه‌یرانێكی ئابووری و دارایی گه‌وره هات، وه‌زیری خه‌زنه‌دار هاواری برده به‌ر پادشا‌و وتی: قوربان وڵات له لێواری كه‌وتنه، نازانم چیبكه‌ین له‌كاتێكا گه‌نجینه‌كان له پاره‌وپوول داڕندراوهو به‌تاڵ بووه؟پادشا چونكه میلله‌ته‌كه‌ی خۆی به‌باشی ده‌ناسی و ده‌یزانی بایی چه‌نده؟ ده‌یزانی ئه‌گه‌ر پاره‌ی بده‌یتێ هه‌ر رازیه‌و نه‌یده‌یتێ دیسان هه‌ر رازیه، بۆیه وتی: بڕۆ بهكووچهو كۆڵانه‌كانی گه‌ڕه‌ك بگه‌ڕێ، بزانه ئه‌وه‌ی له ژنه‌كه‌ی ده‌ترسێ ده دیناری لێ بسێنه، هه‌ر كه‌سێك ناوی ئه‌حمه‌د بوو دیناری لێ بسێنه، ئه‌گه‌ر كه‌چه‌ڵ بوو دهیناری لێ بسهنێه، ئه‌گه‌ر قۆڕیش بوو ئه‌وه دیسان ده دیناری لێ بسێنه، ئه‌گه‌ر واتان كرد ئه‌وه به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م گه‌نجینه‌كان پڕ ده‌بنه‌وه.
وه‌زیری گه‌نجینه چه‌ند پۆلیسێكی دایه پێش خۆ‌و به‌ناو شار بڵاوبوونه‌وه، له‌و شتانه‌ی بینیان، سه‌ره‌تا ته‌ماشایان كرد ئه‌وه پیاوێك ته‌ندوور بۆ ژنه‌كه‌ی ئاگر ده‌دات، یه‌كسه‌ر قۆڵبه‌ستیان كرد‌و وتیان: ده‌ی بێته ده دینار بده چونكه ئاگر بۆ ژنه‌كه‌ت ده‌كه‌یه‌وه ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه لێی ده‌ترسی.
یه‌ك له پۆلیسه‌كان وتی: قوربان ئه‌و كابرایه ناویشی ئه‌حمه‌ده.. وتیان: ئه‌وه بووه بیست دینار..
ژنه‌كه‌ی كه‌وته پاڕانه‌وه، وتی: ده‌ستم دامێنتان پیاوه‌كه‌م قۆڕه، ئێمه هه‌ژارو داماوین تكایه ئه‌و كاره‌مان له‌گه‌ڵ مه‌كه‌ن. وتیان: چما قۆڕیشهو نه‌مانزانیوه، ئه‌وه پاره‌كه بووه سی دینار.
له كاته‌دا كابرا زۆر مشه‌وه‌ش بوو، نه‌ختێ خۆی هێناو بردیهكسهر جه‌مه‌دانیه‌كه‌ی سه‌ری به‌ربۆوه، سه‌یریان كرد ئه‌وه سه‌ری رووتاوه‌ته‌وه، وتیان: ئه‌وه كهچهلیشی؟ ده‌ی بێنه چل دینار بده، وهئهگینا خۆت له‌به‌ندیخانه ده‌دۆزیه‌وه.
كابرا بێ ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایی ده‌رببڕێ، وتی: سه‌برێكم لێ بگرن وادهچمه ژووره‌وه پاره‌كه‌تان بۆ دێنم.
ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه خۆیه‌تی، خه‌ڵكه‌كه نه‌ك له‌گه‌ڵ براكه‌ی، بگره له‌گه‌ڵ خۆیشی راستگۆ نیه، ئه‌وه‌تا دووبرا هه‌بوون یه‌كێكیان گێل و ئه‌ویتر زیره‌ك، كاتێك باوكیان ده‌مرێ، یه‌ك مریشكی له‌دوای خۆی به‌میرات بۆیان به‌جێ دێڵێ، ئه‌و دوو برایه نه‌یانده‌زانی ئه‌و مریشكه وهكومیراتی باوكیان چۆن به‌سه‌ر خۆیانی دابه‌ش بكه‌ن، برا زیره‌كه‌كه بۆ فریودانی براكه‌ی، وتی: من تهگبیرێكم پێیه ئه‌و مریشكه با هه‌ر بمێنێ و له‌ناوی نه‌به‌ین، من ئه‌و مریشكهم ناوێ با بۆ تۆ بێ، تۆ ته‌نها به‌خێوی بكه، ئه‌گه‌ر هه‌ر هێلكه‌كه‌ی كرد، ئه‌وه هێلكه‌كان بۆ من بێت.
ئه‌وانه‌ی دادپه‌روه‌ر نین، تا لێیان نه‌قه‌ومێ چاویان هه‌قیقه‌ت نابینێ، هانا بۆ ئه‌م و ئهونابهن، ئه‌وه‌ش راسته بۆ حكومه‌تێك تا لێی نه‌قه‌ومێ ناگه‌ڕێته‌وه بۆ رای میلله‌ت و داوای یه‌كریزی ناكات، ده‌ڵێن: شوفێرێك زۆر به‌خێرایی لهسهدو بیست ده‌ڕۆیی، كاتێ سه‌یاره له‌ده‌ستی وه‌رگرت، كه‌وته سه‌ر خۆڵ و خه‌ریك بوو وه‌رگه‌ڕێ، هاواریكرد: یا شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی خۆم دایه ده‌ستت بگه به‌فریام.
شێخ وه‌ڵامی ده‌داته‌وه، پێی ده‌ڵێ: كاكه بۆچی كاتێ له‌سه‌ر جاده قیڕه‌كه له سه‌ت و بیست لێت ده‌خوڕی نهتدهدایه ده‌ست من، كه‌چی له‌سه‌ر خۆڵ و وه‌رگه‌ڕان ده‌یده‌یه ده‌ست من؟
دادپه‌روه‌ری له‌و كه‌سانه چاوه‌ڕوان ناكرێ كه میلله‌ته‌كه‌یان بدۆشن، به‌چاوی سووك سه‌یری ژێردهستهكهیان بكه‌ن، كه‌سێك دزبێ، پیاوكوژبێ، درۆزنبێ، میلله‌تێك بگه‌وجێنێ هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی دادپه‌روه‌ری لێ مه‌كه‌ن با شه‌و و رۆژ بانگه‌شه‌ی دادپه‌روه‌ری بكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست