کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تكایه‌ ژینگه‌ی كوردستان ئه‌تك مه‌كه‌ن!

Tuesday, 22/09/2020, 0:27


ده‌گێڕنه‌وه‌ رۆژێكیان گه‌نجێك له‌مه‌ڕ خۆمان به‌هۆی ده‌مه‌قاڵێیه‌كی بچووكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌ی، یه‌خه‌ی یه‌ك ده‌گرن و به‌سه‌ر یه‌ك هاوار ده‌كه‌ن، تا قسه‌یه‌ك له‌م و قسه‌یه‌ك له‌و، یه‌ك له‌و دوو گه‌نجه‌ كاتێ دوو مستی خاس ده‌خوات، زۆر ده‌هری ده‌بێ و ده‌كه‌وێته‌ جنێودان، پێیده‌ڵێ: گه‌وواد تۆ بووی به‌و پیاوه‌ له‌من بده‌ی؟
كه‌ چه‌ند جارێ كاڵای وشه‌ی گه‌وادی به‌ باڵایا بڕی، گه‌نجه‌كه‌ به‌و جنێودانه‌ پێش چاوی تاریك داهات، ده‌ستی نایه‌ باخه‌ڵی، چه‌قۆیه‌كی ده‌رهێناو وه‌رگه‌ڕایه‌ سه‌ر هاوڕێ گیانی به‌گیانه‌كه‌ی تا نووزه‌ی لێ نه‌بڕێ و له‌په‌ل و پۆی نه‌خست، ده‌ستی به‌چه‌قۆی لێ هه‌ڵنه‌گرت
ئه‌وجا له‌ترسان سه‌ری كاسی له‌وشاره‌ هه‌ڵگرت و ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ی به‌جێ هێشت، جا بۆ ئه‌وه‌ی تنه‌یدۆزنه‌وه‌ چووه‌ به‌غدا، خۆی له‌وێ حه‌شاردا، ماوه‌یه‌ك به‌بێ ئیش ده‌سووڕایه‌وه‌، تا رۆژێكیان كابرایه‌ك پێی ده‌ڵێ: من ئه‌وه‌نده‌ی دیقه‌تی تۆ ده‌ده‌م، تۆ بێ ئیش ده‌گه‌ڕێیت و ده‌سووڕێیته‌وه‌، مادام هه‌ر بێ ئیشی، وه‌ره‌ لای من كار بكه‌و مانگانه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی باشت ده‌ده‌مێ.
كه‌ لێی پرسی: جۆری كاره‌كه‌ چیه‌؟
له‌وه‌ڵامدا پێیوت: من كابرایه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندم، شوقه‌یه‌كی گه‌وره‌م هه‌یه‌، ئیشی تۆ ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ژن و پیاو دێنه‌ ژووره‌وه‌ ده‌بێ به‌ روویه‌كی خۆش و كراوه‌ به‌خێرهاتنیان بكه‌یت و هه‌ر به‌و رووه‌وه‌ كه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌رێیان بكه‌ی.
به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی دیاریكراو رێك كه‌وتن و گه‌نجه‌كه‌ به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ ده‌ست به‌كار بوو، چی پێ وترا، ئه‌وه‌ی ئه‌نجام ده‌دا.
ساته‌ وه‌ختێ رابورد، ئه‌وه‌ی لای ئه‌و گه‌نجه‌ دروست بوو، هات و چوونی ئه‌وانه‌ بوو كه‌ ده‌هاتنه‌ شوقه‌كه‌، بێ ئه‌وه‌ی شه‌و یان بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌و شوێنه‌ بمێننه‌وه‌، له‌ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێ یا كه‌متر ده‌مانه‌وه‌، ئه‌وجا ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌و ئه‌و شوێنه‌یان به‌جێ ده‌هێشت، ئه‌و دیمه‌نه‌ بۆ ئه‌و گه‌نجه‌ ببووه‌ مایه‌ی سه‌رنج و تێڕامان، به‌ په‌رۆشه‌وه‌ كاتێ خاوه‌ن شوقه‌كه‌ هات، سه‌ره‌داوی ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌گه‌ڵ كرده‌وه‌، خاوه‌ن شوقه‌كه‌ به‌ده‌م زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه‌ پێیوت: تۆ ده‌ڵێی دنیات نه‌دیوه‌! ئێره‌ تیاترۆخانه‌یه‌، ئه‌وانه‌ی دێنه‌ ئێره‌ بۆ رابواردن دێن، بۆیه‌ كه‌ حه‌زو ئاره‌زووه‌یان تێر كرد، ئیدی خۆیان ده‌گۆڕن و دێنه‌ ده‌ره‌وه‌و له‌م ناوه‌ دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌.
گه‌نجه‌كه‌ ئاهێكی قووڵی پڕ به‌سیه‌كانی هه‌ڵكێشا، له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ وتی: ئاااااخ من چیم به‌خۆم كرد، گه‌نجێكم له‌سه‌ر یه‌ك وشه‌، له‌سه‌ر وشه‌ی گه‌واد كوشت، كه‌چی ئێستا به‌ره‌سمی بوومه‌ته‌ گه‌وادو ده‌بێ به‌روویه‌كی خۆشه‌وه‌ پێشوازی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بكه‌م كه‌ بۆ رابواردن دێنه‌ ئێره‌و ده‌بێ له‌ رۆیشتن دووباره‌ به‌روویه‌كی خۆشه‌وه‌ به‌ڕێیان بكه‌م.
ئه‌وه‌ی له‌م به‌سه‌رهاته‌ ده‌فامرێ ئه‌وه‌یه‌ میلله‌تی كورد زوڵم و سته‌می به‌عسی قبوڵ نه‌كرد، به‌گژ رژێمێك داچۆوه‌ پێی وابوو نابێ عه‌ره‌ب حوكمی بكات، كه‌چی ئێستا وا به‌رگه‌ی هه‌موو ئه‌و زوڵمه‌ ده‌گرێ كه‌ خودی كورده‌كه‌ حوكمی ده‌كات و به‌رپرسه‌ حه‌یاته‌كه‌ به‌ناوی شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ زۆر له‌عه‌ره‌به‌ شۆفێنیسته‌كه‌ جه‌ورو سته‌م ده‌كاتن كورد وته‌نێ : خۆزگه‌ به‌ كفن دز، جا بچووكترین نموونه‌یش سه‌ره‌ڕای به‌تاڵانبردنی سه‌رخان و ژێرخانی ئه‌م هه‌رێمه‌، ئێستا لێره‌و له‌وێ په‌نا بۆ سووتانی سه‌وزایی و ئه‌و ژینگه‌ ده‌برێ كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ بووه‌ته‌ نموونه‌ی جوانی و ئه‌مانیش هاتوون به‌پاساوی جۆراو جۆر ته‌نها له‌پێناو ده‌ستخستنی قازانجی خودی، ئاگر له‌ دارستان و شوێنه‌ گه‌شتیاره‌كان به‌ر ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌یان بۆ بچێته‌ سه‌ر، ئه‌وه‌ له‌داهاتوو شتێ به‌ناوی سه‌وزایی و ژینگه‌ له‌م هه‌رێمه‌ بوونی نامێنێ.
ئه‌ركی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ژینگه‌پارێزان و لایه‌نی به‌رپرس به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تی كشتوكاڵه‌ كه‌ به‌بێ سڵه‌مینه‌وه‌ ده‌ستی تاوان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ درێژ بكات و راده‌ستی دادگاو یاسایان بكات جا هه‌ر كه‌سێك و له‌ژێر هه‌ر به‌رپرسیاریه‌تێكدا بن، تا رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌و به‌ناو خه‌مخۆرانه‌ بۆ رای گشتی ده‌ركه‌وێ كه‌ وه‌ك مشه‌خۆرو خۆخۆرو مۆڕیكانه‌ بوونه‌ به‌ڵابه‌سه‌ر شانی هاوڵاتیانه‌وه‌ تا كه‌س چیتر بوێری ئه‌وه‌ی نه‌بێ ده‌ست بۆ هه‌ناسه‌ی ژیان و جوانیه‌كان درێژ بكات، هه‌رچه‌نده‌ كار له‌كار ترازاوه‌، به‌هۆی نه‌بوونی هیچ قیودو به‌ربه‌ستێك، بوونی ئه‌و هه‌موو فێلاو ئاپه‌رتمان و مه‌زره‌عانه‌ی له‌سه‌ر موڵكی گشتی دروست كراون، ئه‌وانه‌ سه‌ره‌ڕای ناشیرینكردنی دیمه‌نی كوردستان، له‌داهاتوو شوێنێ نامێنێ خه‌ڵك بۆ سه‌یران و حه‌وانه‌وه‌ رووی تێ بكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە