کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كاتێ دزو مافیاكان گوێیان پڕ ده‌بێ.. .

Tuesday, 15/09/2020, 16:16


ده‌گێڕنه‌وه‌ كابرایه‌ك هه‌بوو، زۆر سه‌نگین و شه‌رم به‌خۆ بوو، به‌كه‌مترین شت تێك ده‌چوو، كه‌سێك بوو به‌ژیانی خۆی سوعبه‌تی نه‌ده‌زانی و گاڵته‌جاڕ نه‌بوو، جنێوی به‌كه‌س نه‌ده‌داو كه‌سیش جنێوی پێ نه‌دابوو.
رۆژێكیان به‌هه‌ڵكه‌وت له‌گه‌ڵ كابرایه‌ك لێی ده‌بێته‌ ناخۆشی و ده‌مه‌قالێ له‌نێوانیان دروست ده‌بێ، به‌تووڕه‌ییه‌وه‌ پێی ده‌ڵێ: ده‌ی له‌به‌ر چاوم ونبه‌ هه‌ی بێ ره‌وشتی هیچ و پووچ!!
كابرای شه‌رم به‌خۆ كه‌ گوێبیستی ئه‌وقسه‌یه‌ بوو كه‌ له‌ ژیانیدا كه‌س قسه‌یه‌كی ئه‌وهای پێ نه‌وتوه‌، یه‌كسه‌ر له‌جێوه‌ ده‌كه‌وێ و له‌هۆش خۆی ده‌چێت.
ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌وێ بوو، ده‌وره‌یان له‌كابرادا، قاچیان به‌رز كرده‌وه‌، ئاویان به‌ده‌م و چاوی داكرد كه‌چی به‌هۆش خۆی نه‌هاته‌وه‌ له‌كاتێكدا نه‌ مستی به‌ر كه‌وتووه‌ و نه‌شه‌قی خواردووه‌، ته‌نها پێیان وت: هه‌ی بێ ره‌وشتی هیچ و پووچ!!
كابرایه‌كی دنیا دیته‌ پرسی: ئه‌وه‌ بۆچی وایلێهاتووه‌؟ ئه‌وانیش حارو مه‌سه‌له‌ی ده‌مه‌قاڵێكه‌یان بۆی گێڕایه‌وه‌.. ئه‌ویش وتی: ئه‌وه‌ بۆ من لێگه‌ڕێن ئێستا به‌هۆش خۆی دێنمه‌وه‌.
به‌هێواشی چووه‌ لای كابراكه‌و ده‌می له‌گوێی كابرای شه‌رم به‌خۆ نزیك كرده‌وه‌، به‌ده‌نگێكی به‌رز زیاد له‌ شه‌ش حه‌وت جار پێی وت: ده‌ی هه‌سته‌وه‌ هه‌ی بێ ره‌وشتی هیچ و پووچ!! ده‌ی راستبه‌وه‌، ئه‌وه‌ بۆ خۆت بووراندۆته‌وه‌ هه‌ی بێ ره‌وشتی هیچ و پووچ!!هه‌ی كلاوچی ده‌ی هه‌سته‌وه‌ هه‌ی بێ ره‌وشتی هیچ و پووچ!! ئه‌وه‌نده‌ وتی: هه‌ی بێ ره‌وشتی هیچ و پووچ!! ده‌ی چاوه‌كانت هه‌ڵێنه‌، هه‌ی مه‌كرۆ، هه‌ی بێ ره‌وشتی هیچ و پووچ!!
كابرای شه‌رم به‌خۆ چاوی كرده‌وه‌و راست بۆوه‌.
كه‌ لێیان پرسی: چۆن ئه‌وه‌ت كرد؟ له‌وه‌ڵامدا وتی: گوێیم پڕ كرد كه‌ ئیدی هه‌ر قسه‌یه‌كی پێ بوترێ، ته‌قه‌ی سه‌ری بێت.
ئه‌وه‌ی له‌م چیڕۆكه‌ ده‌فارمێ ئه‌وه‌یه‌ به‌شێكی زۆری كاربه‌ده‌ست و به‌رپرسه‌ ده‌ستڕۆیشتوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ گوێیان پڕ بووه‌ له‌ وشه‌ی: دز.. مافیا.. تاڵانكار، له‌حه‌یاو شه‌رم داتكاون، گاڵته‌یان به‌ ئه‌قڵی هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌دێ كه‌ پێیان ده‌ڵێن: دزو مافیا، درۆزن، له‌ كاتێكدا له‌ كورده‌واری خۆمان له‌سه‌ر وشه‌ی دزی پیاو پیاوی كوشتووه‌، هه‌مان شت بۆ درۆو مافیا راسته‌، ئه‌مانه‌ بۆ ره‌واجدان به‌ سه‌روه‌ت و سامانی خۆیان له‌سه‌ر حیسابی ئه‌و خه‌ڵكه‌ ره‌ش و رووت و به‌ش مه‌ینه‌ته‌ی نان نیه‌ بیخوا، هه‌قی خۆیه‌تی و هه‌قه‌كه‌ی لێ زه‌وت ده‌كه‌ن، ئاماده‌ن شه‌و ورۆژ درۆ بكه‌ن، شه‌و بنێنه‌ سه‌ر رۆژ چۆن ئه‌وخه‌ڵكه‌ بدۆشن و ئه‌وخه‌ڵكه‌ بگه‌وجێنن.
هه‌ڵبه‌ته‌ زۆر جار وتوومه‌، حوكمڕانی باش ره‌نگدانه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ خۆیه‌تی.
ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ پاك و باش و خه‌مخۆری خاك و نیشتمان بێت، ئه‌وه‌ی جڵه‌ی حوكم ده‌گرێته‌ ده‌ست، پێی خۆشبێ یا ناخۆش، ده‌بێته‌ ئاوێنه‌ی هاوڵاتیان و وه‌كو ئه‌و خه‌ڵكه‌ باش و پاك و خه‌مخۆری گه‌ل و نیشتمان ده‌بێت.
هه‌ر گه‌لێك بیه‌وێ حوكمداریه‌كی زاڵم و سته‌مكار بگۆڕێ، ئه‌گه‌ر له‌ ده‌روونه‌وه‌ خۆی نه‌گۆڕێ وخه‌ڵكه‌كه‌ خۆیان نه‌گۆڕن، نابێ به‌ته‌مای ئه‌وه‌بن ئه‌وحوكمه‌ بگۆڕێ.
شۆڕش وه‌رچه‌رخانه‌ بۆ گۆڕانكاری، به‌ڵام كێن ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ رابه‌رو پێشه‌نگ تا ئاڵای چاكسازی هه‌ڵبكه‌ن و پێشڕه‌وی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بكه‌ن؟.
هه‌ر حكومه‌تێك له‌سه‌ر بناغه‌ی درۆو دزی و كوشت و بڕ و ده‌مكوتكاری بینا كرابێ، ته‌مه‌نی هه‌رچه‌ندێك بێ، ئه‌وه‌ بێگومان رۆژێك دادێ په‌تی درۆو جه‌ورو سته‌م و دزییان بپچڕێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە