بەتەمای کەرکوک مەبن، ئەگەر.
Tuesday, 16/07/2019, 19:43
کەرکوک شاری فرە رەنگ و دەنگ و نەتەوەو ئایین و ئایینزایە، خودان مێژوویەکى کۆنە، چەقی ململانێکانی ئەو دەڤەرە بووە.
دوای رووداوەکانى 16ی ئۆکتۆبەرو گۆڕانى بالانسی هێزو جۆری حوکمڕانى لەو شارەدا، دۆزى کور بە ئاقارێکى دیکەدا گوزەری کرد کە لەماوەى کەمتر لە ساڵێک کۆمەڵێک گۆڕانکاری لەو شارە روویدا کە سەرەڕای زوو ئاسیبوونەوەى پەیوەندیەکانى نێوان هەولێرو بەغدا، بەهۆی ناتەبایی حزبە کوردیەکان و بەخشینەوەى تۆمەت و یەکتر تاوانبارکردنی پارتى و یەکێتى، خەمخۆری بۆ ئیدارەدانى ئەو شارە لەوەدا سەرچاوەى نەگرت کە بە پەلەو لەپێناو بەرژەوەندى گشتى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان هەموو ناکۆکیەکان بەلاوە بنێن و سەرەڕای هەموو ئەوتێبینیانەى لەهەمبەر یەک هەیانبووە، لاپەڕەیەکى تازە هەڵبدەنەوەو کار بۆ ئاساییکردنەوەى ئەم شارە بکەن، ئەوەش وایکرد بەوەکالەت عەرەبێکى شۆفێنى پۆستى پارێزگار وەربگرێت و لەماوەیەکى کەمدا هەوڵەکانى بەگەڕ بخات تا ئەوەى بۆی بلوێ هاوکێشە ناتەواویەکانى رابردوو هاوسەنگ بکات و بە قازانجی عەرەبەکانى بشکێنێتەوە.
من پێموایە بۆ گەڕانەوەى قورسایی و سەنگى کورد بۆ سەلماندنى کوردستانیەتى ئەو شارە، بەربژێری پارتى و یەکێتى وەک لیستى برایەتى بە کاندیدکردنى ئەندازیار تەیب جەمال بۆ پۆستى پارێزگاری کەرکوک چەند خوێندنەوەیەکى بۆ دەکرێت:
1-پارتى و یەکێتى ئەو قەناعەتەیان لا دروست بووە بەتایبەت پارتى کەسێک بەربژێر بکات خاوەنى هەموو دەسەڵاتێک نەبێت، چونکە بە ئەزموون بۆی دەرکەوت هەر کاتێک کەسێکى مەکتەبی سیاسی یا سەرکردایەتى ببێتە پارێزگار بەرامبەر داخوازیەکانى پارتى ئەوەندە بە ئاسانى نایەتە ژێر بارەوە.
2-کەرکوک پێویستى بە کەسێکە لە دەسەڵات و بڕیارەکانى سڵ نەکاتەوەو ئەوەندە نەبێتە کەلاو داردەست کە بۆ هەر بریارێک بگەڕێتەوە مەکتەبی سیاسی، بەواتایەکى تر دەستکراوەبێ بۆ هەر بریارێک بۆ بەرژەوەندى گشتى ئەو شارە بیدات.
3-دەکرا لەبری کاک تەیب ئەندامێکى مەکتەبی سیاسی ئەو پۆستەى وەربگرتایە کە لەبەردەم فشارەکاندا سڵ لەهیچ نەکاتەوە کە هەر ئەوەى راست بۆوە نەتوانێ وەتەنیەتى پێ بفرۆشێت کە رەنگە بۆ دانانى کەسێکى وەک کاک تەیب ئەو قسەیە راست بێت.
4-دوا پەیام بۆ ئەو ئەندازیارە بەڕێزە ئەوەیە پێش وەرگرتنى ئەو پۆستە بێ پەروا لەگەڵ هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتى و یەکێتى کۆبێتەوەو داوایان لێ بکات کەم تا زۆر دەستوەردانى حزبی نەکەن و نەبنە رێگر لەبەردەم کارەکانیدا، بەمەیش بتوانێ خزمەتى ئەو شارە بکات و بارودۆخەکە ئاسایی بکاتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست