کەى شەڕی کورد و حەشدى شەعبی دەست پێدەکات؟!
Tuesday, 07/02/2017, 19:59
کورد تائێستا نەیتوانیوە بەیەک خیتاب و دەنگ و ڕەنگ و ستراتیژیەتێکى یەکگرتووەوە گوزارشت لە باس و خواستەکانى گەلی کوردستان بکاتن ئاخۆ خەوى لەمێژینەى کورد چیە؟ چۆن ئاواتەکانى دێنێتە دی؟ مەبەست لەم دەستەواژەى سەرەوە کارەکتەرەکان کە حزبەکانن لەناویشیاندا پێنج لایەنەکە و نزیکتر هەردوو پارتى فەرمانڕەوا کەوا مەسئولیەتێکى ئەخلاقی و مێژوویی و سیاسیان لەسەرشانە کە چۆن بارودۆخەکە ئاڕاستە بکەن و بتوانن لەوپەڕیتوندوتیژی تا ئەوپەڕی شێنەیی هەڵوێست لەسەر بابەتە چارەنووسسازەکان وەربگرن.
هەڵبەتە ئەوەى لەم ڕۆژگارە لە هەرێمەکەمان دەگوزەرێ وێڕای قەیرانى دارایی و سیاسی و قەیرانى یەکترقبوڵکردن تا بەشەڕی تیرۆر ڕادەگات کە شەڕی داعشە و پێشبینیەکان بەپێی شرۆڤەى چاودێرانى سیاسی مەرگى ئەو ڕێکخراوە نزیک بۆتەوە و پێ دەچێ تا کۆتاییەکانى مانگى سێ و چوار عێرا ق لە داعش پاک بکرێتەوە، سیاسەتوانان هەمیشە وتەیەکیان هەیە و وەک بنێشتە خۆشە دەیجوینەوە ئەویش ئەوەیە: ئایا عێراقی دوایداعش چۆن دەبێت؟ هەرێم چۆن دوای گۆڕانکاریەکان خۆی لەگەڵ هاوکێشە نێودەوڵەتى و هەرێمیەکان دەگونجێنێ؟ ئەمە و چەندان پرسیاری تر لەسەر کۆی پەیوەندیەکانى نێوان هەولێرو بەغدا دێتە ئاراوە و کەچی پێشبینیەکان دڵخۆشکەر نین لەچەند ڕوانگەیەکەوە، ئەوانیش:
1-ناساندن و شەرعیەتدان بە حەشدى شەعبی وەک دەقێکى یاسایی کە لەپەرلەمانى عێراق جێی بۆکرایەوەو خودى پەرلەمانتارە کوردەکانیش دەنگیان پێیدا بەپاساویی ئەوەى لەژێر چەتری یاسادا ئەو زۆرو بۆریەى ئەو دەستەوتاقمە هەیەتى لەجیاتى بێ سەرەو بەرەیی لەیەک بنمیچ کۆبکرێنەوە کە هەرنا بتوانن لەکاتى پێویستدا لێپێچینەوەیان دەرهەق بکرێت. بەڵام دەنگۆی بەهێز ئەوەیە ئەو ڕێکخراوە بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆلەلایەنئێرانەوە تەمویل دەکرێن و ئاڕاستە دەکرێن، کەواتە جێکردنەوە و جێ نەکردنەوەی لەیاساکانى حکومەتى عێراق هیچ لەبابەتەکە ناگۆڕێت.
2-حەشدى شەعبی کە تا ئێستا بە براوەى یەکەمى دژ بەداعش دەناسرێ کە شان بەشانى پێشمەرگە و سوپای عێراق لەو جەنگەدا بەشدارن ئەوەش هیمەنەى ئەو گروپە زیاد دەکات کە لەداهاتوودا تەنانەت خودى وەزارەتى بەرگری و سوپای نیزامى دەسەڵاتیان بەسەرینەشکێت.
3-حەشدى شەعبی وەک چۆن بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆو ناڕاسەتوخۆ ئەوەى بۆیان بلوێ بۆسەرکوتکردن وچەوساندنەوەى عەرەبی سوننە دەینێن، بەهەمان هەناسە لەدەستڕۆیشتووى خۆیاندا هەمانسیاسەت بەرامبەر کورد پەیڕەو دەکەن چونکە بەلای ئەوانەوە سوننە هەر سوننەیە چ عەرب بێت یان کورد.
4-کورد بەو پەرتەوازیە و بێسەروبەریەى ناوماڵی خۆی کە تا ئێستا هەوڵەکان ئەوەندە مژەبەخش بین بۆ ئەوەى کورد بەهەڵوێست و یەکدەنگى و یەکڕیزى و یەک خەیتابیەوە هەرێمێکى پڕ لەخۆشنوودى بێ کێشەو قەیران تێ بپەڕێنێ و دەست و بازووى یەکگرتووى ترسبخاتە دوژمنانى لەوەشدا پشتگیریکردنى حەشدى شەعبی و دژایەتیکردنى جگە لە بانێکە و دوو هەوا بەڕاشکاوى درز لەنێو ریزەکانى بەدى دەکرێت.
5-سیاسەتى وەرگرتن و ڕەتکردنەوە لەلایەن حزبە باڵادەستەکان مێژوویەکى کۆنى هەیە ئەوەش جگە لە پەرتەوازەیی هیچی تر نییە و لاوازى نیشان دەدات.
6- لەهەر ئەگەرێکى سەربەخۆیی و یەکلاکردنەوەى جێگە ناکۆک لەسەرەکان حەشدى شەعبی وێرای شارەزاییان لەهونەری جەنگ و ئەو چەک و هێزە زۆرەى هەیانە ئەمانە هۆکارگەلێکن کەلایەنە سیاسیەکان لەنەتوانینى یەکلاکردنەوەى کێشەکانیان و خۆسەپاندنی لایەک بەسەر ئەویتر هیچبەدوور نازاندرێ هاوپەیمانى لەگەڵئەو گروپە ببەستن وەک چۆن مێژووى میرنشینەکان بەدەیەها نموونەى لەو جۆرەمان نیشان دەدات.
7-لایەنەسیاسیەکان تا کورسی و پۆست و بەرژەوەندى حزب لەسەرووى بەرژەوەندى باڵاى کوردستان دابنێن و تەنەزولکردنیان بۆیەک پێ تاوان بێت ئەوە چاوەڕێی هیچ داهاتوویەک مەبن و بەپێچەوانەوە کوردستان بەرەو داهاتوویەکى گەشو ڕووناک هەنگاو دەنێت، بەڵام ئەوە مێژووە لەخیانەت و ناپاکی و دەستبردن بۆ دوژمن و پاڵپشتى نەیاران ڕوحم بەکەس ناکات و مێژوو خۆی دەنووسێتەوە بەچاک بێت یان بەخراپە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست