بۆچی ئێران چەك بەپێشمەرگە دەدات؟
Wednesday, 18/06/2014, 12:00
دوای بانگێشت و كۆبوونەوەى بەرپرسانى باڵای ئێرانى لەگەڵ پارتى و یەكێتى و هەوڵدان بۆ قەناعەت پێ هێنانیان تا لەبەرەی سوپای ئێراقەوە دژ بە داعش بجەنگن، دیارە بەپێی رێكەوتنى پێش وەختە پارتى و یەكێتى هاوڕا و هاوهەڵوێست بوون كە بەیەك گوتار و ئەجێنداوە وەڵامیان بۆ پرسە گرنگ و چارەنووسسازەكان هەبێت نەخاسمە گرژی و ئاڵۆزییەكانى چەند ڕۆژی ڕابردووە كە بۆ ئێران هەستیارترین دۆسیەیە و دەیەوێ بە وریاییەوە مامەڵەى لەگەڵ بكات بەجۆرێ ئەگەر لەبەر تانە و تەشەرە و ڕەخنەی وڵاتان نەبێ ئەوە زۆر لەمێژبوو دەستى لەكاروباری ئێراق بەتایبەت بەرەنگاربوونەوەى دژ بە داعش دەست پێ دەكرد.
ئێران ئامادەیە هەموو ڕێ و شوێنێك بگرێتە بەر بۆ ئەوەى دەمكوت و سەركوتى ئەو گروپە بكات و لە نەخشەرێگای ئێراقی نوێدا بەیەكجاری بیسڕێتەوە و كۆتاییان پێ بێنێ.
لەهەموو ئەو هەنگاوانەیشیدا ئێران بە ستراتیژیەت و بەرنامەیەكى درێژخایەن پلان بۆ كارنامەى سیاسی خۆی لەناوچەكە دادەڕێژێ، بەواتایەكى دیكە لەو هاوكێشەیەدا دەستەوسان نامێنێ و گورزى كەمەرشكێنى خۆی دەوەشێنێ، لەوەشدا توانیویەتى شیعە پێك ناكۆكەكان لەسەر یەك مێز كۆبكاتەوە كە لەم قۆناغەدا هەر ئەوەندە بەس نیە ئەگەر لەپشتەوەى ڕووداوەكاندا ڕۆڵێكى ئەكتیڤ نەگێڕێ كە ئەویش بەكارهێنان و تێوەگلانى كورد لەگەمەیەك هێشتا دیار نییە ئاكامەكانى بەكوێ دەگات.
هەوڵەكانى ئێران تا بەم ئان و ساتە ڕادەگات لە قەناعەت پێهێنانى كورد بۆ بەشداری ئەو جەنگ و بەرەیە بێ ئەنجام بووە و كارتى دووەمى دەست ئێران قەناعەت هێنانە بەكورد كە بەو چەكەى لەبەر دەستیەتى ناتوانێ بەرەنگاری داعشێك ببێتەوە كە لەلایەن سعودیە و قەتەر و ئیماراتەوە لەڕووى لۆجستى و ماددى و مەعنەویەوە تێر كراوان، بەوەش ئەگەر مەترسیەكان بۆ سەر شیعە وەك گرتنى بە پێ یەكان بێ، ئەوە بۆ كورد دەبێتە كارەسات ئەگەر ڕووبەڕووى هەمان هەڕەشە بۆوە، بۆیە ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن كە چەك بە هێزى پێشمەرگە بدەن و لە پێویستیشدا لایەنى ماددەش لەبەرچاو بگرن.
سەركردایەتى سیاسی كورد هێشتا نەچۆتە ژێر باری ڕازیبوون و قەبوڵكردنى ئەو داخوازییە كە بێ شك لەدەربڕینى ڕەزامەندی و ڕازی بوون بەوەى چەك لەئێران وەربگرێن ئەو كاتە كورد لەبەرامبەردا دەبێ هەندێ لە داواكاری و داخوازیەكانى ئێران جێ بەجێ بكات كە بچووكترینیان بەشداری كردنى كوردە بەشێوەیەكى كارا لەبەرەنگاربوونەوە و ڕاوەدوونان و سەركوتكردنى داعش، كە ئەمەیش ئەو پرسەیە ڕۆژانى داهاتوو وەڵامەكەیمان چنگ دەكەوێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست