کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەسەری ساڵ دا گەورەترین یاری قومار لەهەرێم بەڕێوە دەچێ

Friday, 27/12/2013, 12:00


چەند ڕۆژێ ماوە بۆپێنانە ساڵێكى نوێ و هەر یەكەمان بە روئیایەكەوە دەڕوانینە ساڵی تازە و خەون و خولیاكانمان بێ شومارن.
وەلێ ئەفسووس لەهەرێمەكەماندا لەسەروبەندى پێنانە ساڵێكى تازەوە تۆڕەكانى پەیوەندی بەهاوكاری كۆمپانیە دەستڕۆیشتووەكان لەقومارێكى گەورە و بێ وێنەدا فێری قومارمان دەكەن و لێرە و لەوێ بە سوپرایزێكەوە لەڕێی میدیاكانەوە سوومان دەكەنەوە، تەماحگیرمان دەكەن ناچارببین بە ناردنى كورتە نامەیەكى بەتاڵ یا پڕ تا ببینە خودان سەیارەیەكى دوا مۆدێل و شوقە و دەیەها كەل و پەلی نایاب، ، لەكاتێكدا هیچ گرەنتیەك نییە بۆ ئەوەى ئەو شوقەیە بۆ كەسێكى داماو و نەدار دەرچێ، وەك چۆن گرەنتى نییە ئەگەر ئەو تۆڕ و ئەو كۆمپانیا زل و زەبەلاحانە هەرگیز جاڕی دیارییەك، باشترین دیاری بدەن ئەگەر لەسەدا هەزار نەزانن قازانجێكى زۆر و لەبن نەهاتوویان لەقۆڵبڕینى دڵساویلكەیی من و تۆ بۆ خۆیان زامن و مسۆگەر نەكردبێ، لەكاتێكدا بیست سەنت ئەگەر زۆر كەمیشبێ كەچی لەكۆی ئەو هەموو نامانە بەڕاستى سوپڕایەزێكى گەورە پێشكەش دەكەن، بۆ كێ؟ بێگومان بۆ ئەو تۆڕ و بەڕنامە و كۆمپانیانە هەریەكەیان بە پشكێكی پێش وەخت بڕیار لەسەر دراو.
دەگێڕنەوە: كاتى خۆی سەركردەیەكى لەمەڕ خۆمان جا ڕاستیبێ یا بۆ خۆشی، دەچێتە چین بۆ كۆمەكى كوردان، لەوێ داوا لەهاوڵاتیانى ئەو وڵاتە دەكات هەریەكەو یەك فلسی پێ ببەخشن كە فلسێك چەند بێ نرخە و هیچ كاریگەری لەسەر كەسیان نییە، بەڵام لەكۆی ئەو فلسانە بەملیار دینار كۆ دەكاتەوە.
قومارە گەورەكەى سەری ساڵ پێمان دەڵێ: ئەو كەناڵ و ڕاگەیاندنانە بۆ ئەو ڕۆژە نانیان كەوتۆتە ڕۆنێ لەو پشك و تێكە و لێكەى لەگەڵ تۆڕی پەیوەندیەكان و كۆمپیانیاكان لەسەری ڕێك دەكەون.. لێرەدا خێرخوازى و پەرۆشی لە چیدایە ئەگەر لەڕۆژە ئاساییەكان خەڵكانێكى هەژار و نەدار سەر بەو ئۆفێس و لایەنى بەرپرس لەو شوێن و كۆمپانیایانە بكەن نەك هەر جوابیان نادەنەوە و ئامادەنین دەستى هاوكاریان بۆ درێژ بكەن، هەڵبەتە ئەگەر زۆر ناچار بكرێن بەلایانەوە ئاساییە بە شەق و پێلەقە و تف و جنێوی ناشیرین و هەست برینداركردن لەو شوێنەیان دوور بخەنەوە، كەچی بۆ دەست بڕینى من و تۆ بەبێ بەنج و بێ هەست كردن لەچوارچێوەى نامەیەكى بەتاڵ یا پڕ خۆیان دەكەنە فریادڕەس.
هەقە كەس لەئێمە نامەیان بۆ نەنێرێ و بەشداری ئەو قومارە گەورەیەی ئەو بێ ویژدانانە نەكەن كە بە هەموو پێوەرێكی بەشەرییەوە ئەوەى بۆی دەردەچێ حەرامە و لەچاولێبوونى ئەو هەزار هەزار كەسەدا گیانى ئیرەیی و ڕق و كینەیان لەناخدا دەڕسكێ نەخاسمە ئەوانەى بەدەیان نامەیان ناردووە و لەچاوەڕوانى بردنەوەى ئەو گەمەدان و هیچ كام لەو شتانەیان بۆ دەرناچێ.
فەرموو چ كۆمپانیایەك ئامادەیە بەبێ نامە ناردن، ڕازییە بەبێ هیچ قازانجێك تیروپشك بۆ ژمارەی مۆبایلەكان بكات؟
ئەو تۆڕانەى پەیوەندی چ تۆڕێك ئامادەیە بەبێ بەرامبەر قایلبێ بەبێ ئەوەى یەك سەنت وەربگرێ لەناردنى ئەوانەى نامە دەنێرن بۆ بردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێل و شوقە و چی و چیانە.
ئەگەر ئەو شوێن و كۆمپانیا و تۆڕانەى پەیوەندى بەڕاستى بەبۆنەى ساڵی تازەوە خۆیان لەسەر حیسابی من و تۆ دەوڵەمەند ناكەن بۆ دەوڵەمەندییەكى ناقۆڵا و ئەو كۆمپانیایانە بەڕاستى لەخەمی پێشكەشكردنی شتى جوانن، ئەوە دەتوانن سوپڕایزێك ئەنجام بدەن دڵخۆشكەربێ، ئەویش:
یەكەم: بە ناونووسكردنى تەواوى ئەو هەژار و كەمدەرامەت و كرێچیانەی لەسنووری پارێزگاكان یا پارێزگایەك بەجیا دەژێن زۆر ئاسانە كە لەهەر پارێزگایەك ئامارەكان دیار و بەرچاون بۆ وەرگرتنى ژمارەى مۆبایلەی ئەو كەسانە.
دووەم: ئەوە بكرێتە مۆدێلێك بۆ هەموو ئەوانەى دەیانەوێ سوپڕایز بكەن نەوەكو قوماركردنی ئەو حاڵەتەى ئێستا بووەتە باو تا لەسەر كەلاكی من و تۆ هێندەى دیكە ورگی برسی و چاو تێر نەبوویان تێر بكەن.
ئێمە هۆكارین بۆ گەورەكردنى ئەو كەناڵ و تۆڕ و كۆمپانیایانە، وەئەگینە ئەگەر من لەلای خۆمەوە، تۆ و هەموومان كەس نامەمان نە بەبەتاڵی و نەبەپڕی نەنارد، دەستیان لە كەندووب بەتاڵ دەردەچێ و هەرگیز هەڵەى وا دووبارە ناكەنەوە، ئامادەنین بەناوى چیتر سوپرایزەوە شەكری وا بشكێنن.
سێ یەم: هەر شتێ لەكایەى دەوڵەمەندكردنەوە لەسەر حیسابی گشتى سەرچاوە بگرێ قومارە و ئەوەى ئەمانە دەیكەن گەورەترین قومارە و كەس نییە پێیان بڵێ: بەری چاوتان دوو برۆیە.
چوارەم: هەروەها هەموو ئەو هەوڵانەی لێرە و لەوێ دەدرێن جێی ستایش و دەستخۆشیە كە وەك دیاردەیەكى جوان و شارستانى بەدەر لەهەژماردنى بەقومارە گەورەكە لەلایەن هەندێ كۆمپانیا و شوێن و مۆڵەوە لەكڕینى هەندێ كەل و پەلدا بلیتێكی بێ بەرامبەر بەكڕیار دەدەن، لەكڕینى ئۆتۆمبێلێكدا ، یاخود لەتێكردنى بەنزین لەبەنزیخانەیێ بەهەمان شێوە بلیتێك بەو كەسە دەدەن و ئەوانیش بەشداری پێشبڕكێكانى پێ دەكەن .
هیوادارم بەهەمووان بیر لەسوپڕایزێ بكەینەوە كە بەقازانجی هەژار و كەمدەرامەت و كەسانى نەدار و كرێچی تەواوبێ، نەك سوپرایزێ كە زۆربەى جار بینیومانە و بیستوومانە بۆ كەسانێ دەرچووە، كە ئەسڵەن هەر پێویستى بەو شتانە نییە و تەقەى سەری دێ.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە