بەچلەى ماتەمی دڵی پێشمەرگە بێكەسەكان مەڕەنجێنن
Sunday, 01/03/2015, 12:00
شەهید هەر شەهیدە چ پلەداربێ یان بێ پلە، گرینگ ئەوەیە پێشمەرگەی ئەم كوردستانە بێت.
جێی داخە ماوەیەكە لێرەو لەوێ كۆڕی چلەى ماتەمینى بۆ ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەبەسترێ كە لەناو ڕیزەكانى خەبات و بەرخودان دژ بە داعش لەبەرەكانى پێشەوە دەجەنگن، بەڵام ئەوانە جیا لەوەى پلەدارن، لەو ماتەمگێڕیەدا تەنها ئەوانە لەڕێی میدیاكانەوە نیشانى خەڵك دەدەن بەوەى هەر ئەوان پێشمەرگەنە و ئەوانیتر پێشمەرگە نین، لەكاتێكدا پێشمەرگە سادەكە(مەبەست لێی ئەوانەى هیچ پلەیەكى سەربازیان نیە) ڕەنگە بەهۆی نەبوونى بڕوانامە و نەخوێندەوارییەوە نەیانتوانیوە بەو پلانە بگەن بەڵام ڕەنگە زۆر زۆر لەو كەسانە بوێر و چاونەترس و ئازاتربن كە بەرپرسەكەیان چۆن بەری بەدوژمن گرت و شەهید بوو، ئەویش لەو نەبەردى و مقاوەمەتەدا هەمان پلەى شەهیدى پێ بەخشرا.
ئەو جیاوازى كردنە لەنێوان پێشمەرگەیەكى داماوى بێ كەس لەگەڵ كەسێكى بەكەس مایەی نیگەرانیە و زۆر خانەوادەمان دواندووە كاتێك لەشاشەى (TV) چلەى ماتەمینى بەرپرسێكى پلەداری پێشمەرگە دەبینن، ئاه بۆ ئەوە دەكێشن كە بۆچی پیاوەكەیان، ڕۆڵەكەیان خۆی بەكوشت دا لەكاتێكدا ئەویش وەكو ئەو پلەدارانە شەهید بووە، دەبا چلەى ماتەمى بۆ هەمووانبێ بەپێی شوێن و دەڤەرەكان، نەك بۆ چەند كەسێكى دیار و بەرچاو، هەرنا با واز لەو دیاردەیە بێنن و ئەو پارەیەى لەو ڕێوڕەسمەدا خەرجی دەكەن، ئەو پارەیە بدەن بەخانەوادە و كەس و كاری شەهیدەكە و چیتر بەو شێوەیە هێندەى دیكە زامى پێشمەرگە بێ كەسەكان (بێ پلەكان) نەكولێننەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست