کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەزیری بێ وەزارەت یان وەستان لەسەر یەك لاق

Tuesday, 12/11/2013, 12:00






دەگێڕنەوە لەهەشتاكانى سەدەى ڕابردوو، كابراییەك كوڕێكى دەستگیر دەكرێ و بۆ ئازادكردنى كوڕەكەى چونكە لەنزیكەوە(تەها محێدین مەعروف)ی كوردزوبان دەناسێ كە جێگری سەرۆك كۆماری ئەوسای ئێراق كە لە دوای (سەددام حوسێن) بەپلە و پایە كەسی دووەمی هەموو ئێراق بوو ، كاتێك خۆی دەگەیەنێتە لای و هەواڵی گرتنى كوڕەكەى پێ ڕادەگەیەنێ گوایە تەها محێدین هەموو شتێكە و هیچ شتێكى لەبەر عاسێ نابێ بەڵكو بە تەلەفۆنێ، بروسكەیێ، نامەیێ سەروسۆراغی ئەو كوڕەى پێ بدەن و هەر دەم و دەست ئازادى بكەن، وەلێ(تەها محێدین) نەختێ سەری هەڵدەكڕێنێ و پێی دەڵێت: بەڕاستى ئەو ئیشەى تۆ بەمن ناكرێ، ئەو ئیشەى تۆ واستەییەكى گەورەى دەوێ.

لەماوەى ڕابردوودا كەم تا زۆر بینیومانە و بیستوومانە وەزیری لایەنێ توانای دامەزراندنی تاقە نەفەرێك و دانان و تەنانەت لابردنى كارمەندێكى نەبووە كە بەڕێوەبەری گشتییەكەی كە سەر بە حزبێكی دەسەڵات و دەستڕۆیشتوو لەو شوێنە هەموو دەسەڵاتێكى بگرە زیاتریشی لەو وەزیرە بۆ دامەزراندن و دانان و لابردن هەبووە، ئەوە مانای ئەوەیە ئەو وەزیرە بێ وەزارەتە وە ئەگینە چۆن دەبێ دەسەڵاتەكانى بەڕێوەبەرێكى گشتى لەو وەزیرە زیاتربێ؟ ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە لەڕووى ئاڕاستەكردنەوە لەلایەن حزبەكەیەوە چ جای دانانى كۆسپ و بەربەست لەبەردەم زۆرێ لە ئەجێندا و كارنامەكانى خودی ئەو وەزیرە،بەشێوەیەكى ناڕاستەوخۆ كاری بۆ ناشیرینكردنى ئەداى ئەو وەزیرە وەكو حزبی بەرامبەر دەكرد، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ وەزیری بێ وەزارەت وەك ڕاوەستان وایە كە لەسەر یەك قاچ بوەستێ.

حزبە براوەكانى هەرێمى كوردستان بۆ ئەوەى بتوانن لە وەرگرتنى هەر پۆستێكى وەزاریدا وەزارەت وەربگرن نەك وەزیر... ماوەییەكە خەڵكانێكی سەر بەدەسەڵات، كەسانێكى تێ نەگەیشتوو یان نیەتكاری كڵاولەسەرنانى خەڵك و چەواشەكار لێرە و لەوێ خوێندنەوەى خراپ ئەو بۆ ئەو پرسە دەكەن كە وەرگرتنى پۆستى وەزارەت نەك وەزیر یانى لابردنى هەموو كارمەندانى ئەو وەزراەتەیە لە فەراشێكەوە بگرە تا بەبەرپرسی هەموو بەش و كارمەندانى ڕادەگات، ئەوەش قابیلی قەبوڵكردن نییە ئەو هەمووە خەڵكە بەجارێ دەربكرێن و ڕەوانەى ماڵەوە بكرێن.

ئەو تێڕوانینە جگە لە نالۆژیكى خوێندنەوە و بیركردنەوەیەكى خراپ بۆ ئاوەژۆكردنى ڕاستییەكان، پێویستە هەر حزبێك ئەگەر دەیەوێ ئەجێندا و بەرنامەى خۆی، ئەو بەرنامەى لەهەڵمەتى هەڵبژاردنەكان بە گوێی هەوادارانی دەدا تا بتوانن جێ بەجێی بكەن پێویستە پێداگری لەوە بكەن وەزارەتیان پێ بدەن نەك وەزیر كە لەوەشدا ئەو وەزیرە هەموو دەسەڵاتێكى هەبێت و هەر فەرمانێكى دەركرد، مودیر عامێك نەتوانێ ڕەتى بكاتەوە و پاساو بۆ نەكردنى بدۆزێتەوە، هەڵبەتە لەوەرگرتنى وەزارەتدا ئەو وەزیرە لەو شوێنەى خۆی كە بەرپرسی بەشەكان تا بەڕێوەبەری گشتى لە كەسانى سەر بەخۆیان یان كەسانى بەئەزموون با لەگەڵ ئەو حزبەیش نەبن لەو شوێنانە دانا، ئیدى تەواوى فەرمانبەرانی دیكەیش چۆن كارەكانیان ڕاپەڕاندووە، بەهەمان شێوە كارەكانیان ڕادەپەڕێنن، بەمەیش بیانوو و هەنجت نامێنێتەوە بۆ ئەوەى دوو ڕۆژیتر ئەو وەزارەتە ئەگەر بەڕێك و پێكى ئیش و كارەكانیان ئەنجام نەدا و گەندەڵی و سستیان لە ئەركەكانیان نواند، گلەیی نەكەن فرمێسكى تیمساح بڕێژن كە گوایە بەربەستیان لەبەردەم دایە و كەسانێ هەن ناهێڵن كارەكانیان بەجوانى پیادە بكەن.. جەماوەریش سەرپشك دەبێ تا بۆ كارە باشەكان لەهەڵبژاردنەكانى داهاتوودا بەبێ دوو دڵی دەنگ بەو حزبە بدەن و لە كەم و كوڕی و ناتەواویەكانیشدا دەنگى پێ نەدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە