دانپێدانانى كۆبان لە لایەن پەرلەمانەوە موعجیزەیە
Sunday, 19/10/2014, 12:00
ئەو كانتۆنانەى لە كوردستانى خۆرئاوا دروستكرا، لەلایەن حزبەكانى كوردستانى باشوورەوە هەندێ حزب یەكسەر دانی پێدانا و هەندێ حزبیش بەهەڕەشەیان زانى و لەوەشدا یەكگرتوویی بۆچوونى حزبە كوردستانیەكانى لەمەڕ خۆمان دەرنەكەوت بۆچی دان بەو كانتۆنانە دانانێن؟ خەتەرناكى ئەو دانپێدانانە لەچیدایە؟
ئەو پرسە بەوە گەیشت لەپەرلەمانى كوردستان كۆبوونەوەى بۆ گرێ بدەن ئاخۆ چی بۆ كۆبانێ بكەن و هەلوێستیان لەهەمبەر كانتۆنەكانى سوریا چی بێت؟
لێرەدا چەند پرسیارێك خۆیان قوت دەكەنەوە بەوەى: ئاخۆ ئەو كانتۆنانە ئەوەندە مەترسین بۆسەر ئاسایشی هەرێمى كوردستان لەكاتێكدا ئەوانەى بەڕێوەی دەبەن كوردن، جگە لەنیشاندانى دیمەنێكى جوانی پێكەوە ژیان لە بەشداری نەتەوەو ئاین و ئاینزای جیاواز، ئەوەش نموونەیەكە دەبوو لەگەڵ دروستبوونیدا هەموو لایەك پشتیوانى لێ بكردایە و ببوونایەتە پاڵپشت و پشتیوانى بۆی، وەلێ ئەفسووس پێناچێ دەسەڵاتدارانی كورد مێژوویان خوێندبێتەوە یان خوێندبێتیانەوە و پەندیان لێی وەرنەگرتبێت.
پاساوەكان ئەوەندە بەهێزنین تا دانیان پێ دانەنێین لەكاتێكدا هەرێمى كوردستان دروست بوو، تا زەمەنێكى دوور و درێژ بەشێكى زۆری حزبە كوردستانیەكان پەیوەندی ژێر بەژێریان لەگەڵ دڕندەترین ڕژێم هەبوو ئەویش ڕژێمی ێەدام بوو، ئاشكرایی ئەو حاڵەتە ئەو نەخۆش و بریندارانەبوو كە لەشەڕی ناخۆ ڕەوانەى بەغدا دەكرا و هیچیش لەگۆڕێ نەبوو، كورد وتەنێ دوژمنى دوژمنەكەم دۆستمە و سوود وەرگرتن لەدوژمن لەناچاری فەرزى كیفایەیە تا ئەو كیانە دێتە سەرپێی خۆی و خۆی دەگرێتەوە، ئاساییە بۆ هەندێ لەبەرژەوەندیەكانى بۆ قۆناغێكى دیاریكراو مادام یارمەتى دەدات و شەڕی ناكات و لەبەرەى بەرەنگاربوونەوەدا نیە ئەو پەیوەندە ببەستێ، كەچی ئەو قسەى زۆر جار دەوتری: كورد خۆ خۆرەیە، ئەمە شتێكى خراپە و با هەمیشە شتەكان بەڕەشی و بەنامۆیی نەبینین كە هەرشتێك لەبەرژەوەندی مندا نەبوو نابێ بە بەرژەوەندی بزانم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست