نەفەسنزمی بازگانانی كورد لەچیدایە؟
Sunday, 19/10/2014, 12:00
جێی شەرمەزاریە بۆ هەموو تاكێكی كورد دەستەوسان بوەستێ و لەئاست ئەو تاوانە بێدەنگ ببن كە لەسنووری كەركووك لەلایەن هەندێ بەرپرسی نەفس نزمی نێو ریزەكانى یەكێتى و پارتى مامەڵەى كڕین و فرۆشتنى نەوت لەگەڵ داعش بكەن لەكاتێدا بەدەیەها شەهیدمان داوە و ئێستایشی لەگەڵدابێ كەس و كاری جەرگبڕی وامان هەیە تازیەیان بۆ شەهیدەكەیان داناوە و كەچی تەرمى شەهیدەكەیان وا بۆ مانگێك و زیاتر دەڕوات لەژێر دەستى تیرۆریستاندایە و كەس نازانێ لەكوێ شاردراونەتەوە و چیان لێهاتوە و چیان لێ نەهاتووە، ئەوجا بابای فەرخە بەرپرسی ئێمەش بچن ژێر بەژێر پڕۆتۆكۆڵیان لەگەڵ ببەستن كە هیچ بەوور نازاندرێ لەو تێكە و لێكانەدا زانیاری هەواڵگریش بۆ دەستخستنى بڕە پارەیەك بدەنە ئەو گروپە.
لەتەك ئەو كارەدا وەك لە دەزگاكانى ڕاگەیاندنەوە گوێبیستى ئەوە بووین كە نزیكەى 2هەزار توێتا پیكابی دەبڵ كابینە بەرامبەر بەنەوت بە داعش فرۆشراوە كە هەر بەو سەیارانە هێرش دەكەنە سەر پێشمەرگە، لەكاتێكدا بەپێی یاسای نێودەوڵەتى مامەڵەكردن لەگەڵ تیرۆریستان بەشداربوونە لەتیرۆر.
ئەركى سەرشانى هەموو هاونیشتمانیانى كوردستانە پێداگیری لەو بابەتە بكەن و لەڕێی خۆپیشاندان و نووسین و سیمینار و چاوپێكەوتنەوە فشار بخەنە سەر حكومەتى هەرێمى كوردستان تا لێژنەیەك بۆ بەدواداچوونى ئەو مەسەلەیە بكەن و هەر كەس و لایەنێك لەپشت ئەو كارەوە بوون لێپێچینەوەیان دەرهەق بكرێ تا ببنە پەندی زەمانە و نائومێدی و ڕەشبینى ڕوو لەناخمان نەكات بەتایبەت پێشمەرگە كە لەسەنگەرەكانى پێشەوە دژ بە داعش بجەنگن و ئەو فەرخە بەرپرس و بازرگانانەش لەپشت ئەوانەوە مامەڵەیان لەگەڵ بكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست