کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەرلەمانى كوردستان ئەو مەتەڵەى كەس هەڵیناهێنێ!

Sunday, 12/01/2014, 12:00




پەرلەمان ئەو شوێنە گەورە و بەرز و پیرۆزەیە كە هەمووان بەچاوى ئومێدەوە بۆی دەڕوانن تا لەو ڕێیەوە ببینن چ پڕۆژەیەك بۆ خێر و خۆشی گشتیە، بەیاسایەك لەو شوێنە دەردەچێ و یاساكان تا چەند دڵنەوایی و ئارامى دەخەنە دەروون و ناخى تەواوى تاكەكانى كۆمەڵگە؟

پەرلەمانى كوردستان لە مەتەڵێكى هێندە قورس دەكات، زانین و هەڵێنانى گەلێ زەحمەتە، نەخاسمە دوای هەڵبژاردنەكانى 21ی ئەیلوولی پارساڵ كە دوای چاوەڕوانى چەند هەفتەیەك، ئەوجا بەقودرەتى قادر لەكۆبوونەوەیەكى میوانداریدا تێكڕای پەرلەمانتارانى تازە دەرچوو كۆبوونەوە و سوێندى یاساییان خوارد، كە ئەو ڕۆژە بووە وەرچەرخان بۆ ماڵئاوایی پەرلەمانتارانى پێشوو و دەست بەكاربوونى دەمووچاوە نوێیەكان لەتەك ژمارەییەكى كەمى ئەوانى پێشوو.

سەیر لەوەدایە ئەو پەرلەمانە بەفەرمى هیچ شتێكى تازەى ڕانەگەیاند، نەیتوانى بڕیار لەسەر ئەوە بدات بۆ ئەوەى سنوور و وادەیەك بۆ پێكهاتنى كابینەى هەشتەم دانێ.. هەروەها نەیتوانى بڕیار لەسەر ئەوەیش بدات كە دەبێ هەمووان ڕەگەڵ دەست بەكار بوونیاندا وەكو پەرلەمانتاری تازە، دەوامى ئاسایی خۆیان بكەن لەكاتێكدا سەرەداوى ئەو مەتەڵە لەوەدایە دەست بەكار بوونەكەیان تەنها بۆ ئەوە بوو تا مووچەى مانگانەكەى هەشت ملیۆن و نیوەكەیان بەزایە نەڕوات ئەگەر دەوامیش نەكەن كە ئەوە زیاتر بۆ سێ مانگ و قسوور دەڕوات بەفەرمى مووچەخۆری حكومەتن بۆ ڕۆژێك چییە دەوامیان نەكردوە و ئەو مووچەیەش بە حەلاڵ دەزانن و ئامادەن بیخەنە تەنگەى باخەڵیانەوە لەكاتێكدا كەس نییە لێپێچینەوەیان دەرهەق بكات، لەكاتێكدا فەرمانبەرە ڕەسمیەكەى حكومەت (ئەوانەى هەموو ڕۆژێ دەوام دەكەن) بۆ نموونە ئەگەر ئەو فەرمانبەرە پیشەكەی مامۆستابێت، ئەوە بەپێی رێنماییەكان لە ساڵێكدا بۆیان هەیە تەنها مۆڵەتى یەك هەفتە وەربگرن ئەویش رێ و شوێنى خۆی هەیە(بەلەبەرچاو گرتنى ڕەوشی قوتابخانە) رۆژەكان لەوە زیاتر بترازێ جگە لەوەى غایب دەدرێن، سەرەمانگیش كاتێ مووچەكەى وەردەگرێ دەبینێ بڕە پارەیەكى باشی لێ بڕدراوە و وێنەى ئینزار و غیابەكەیشی دەخرێتە نێو دۆسیەكەی كە بۆ دواساتەكانى خزمەت و لەحاڵەتى خانەنشین بوونیدا بەتێپەڕاندنى 63ساڵ، ئەوجا دەبێ باجى ئەو ڕۆژە نەهاتووى خۆی بۆ قوتابخانە بدات، كەچی ئەندام پەرلەمانەكەى لەمەڕ خۆیشماندا سەرەڕای پشووى هاوینە و زستانە، بەئارەزووى خۆیان دەوام دەكەن نە غایب دەدرێن، نەكەسیش پێی دەڵێ: ماڵتان لەكوێیە؟ بەتایبەت لەو ماوە دوورو درێژەى ڕابردوو بینیمان پەرلەمان نەیتوانی بڕیار لەسەر كۆدەنگیەك لەسەر ئەو دواكەوتنى كابینەى تازە بدات، ئەوەش بەبۆچوونى من خۆی لەوەدا دەدۆزێتەوە:

یەكەم: پەرلەمانتاران تا ئێستا نەیتوانیوە سەهۆڵبەندی ئەو كلتوورە بشكێنن كە تا بەئێستا ڕادەگات پەرلەمانتاران لەرێی مەكتەبی سیاسیەوە ئاڕاستە دەكرێن و كەم كەس بوێری ئەوەیان تێدایە بێنە دەنگ و بڵێن: بەسە تاكەى ڕۆبۆت ئاسا بمانجوڵێنن، بۆچی خۆمان نەتوانین بڕیار لەسەر كاروبارەكانمان بدەین؟ بۆیە هەموو ئەو شتانەى لەو ماوەیەدا بینیمان ئەوەیان نیشاندا ئاڕاستەكان هەر ئەوانەن كە لە مەكتەبی سیاسی و حیزبەوە پێیان دەدرێ.

دووەم: پێ دەچێ كابینەی ئەمجارە كابینەیەكى پڕ لەكێشمەكێشبێ، نەخوازەڵا لەهەمبەر پەسندكردنى بودجەى2014 ڕەنگە ئەو دواكەتنەى حكومەتى تازە هۆكارێكبێ لەپێناو بژێوى خەڵك و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان ببێتە كارتێك بۆ زوو تێپەڕاندن و پەسندكردنى بودجەى 2014.

سێ یەم: خۆ مەلاسدان بۆ تەوافق هۆكارێكى دیكەى ئەو بێدەنگیەیە كە هەر فراكسیۆن و كتلەیەكى پەرلەمانى لەپێناو وەرگرتنى بەشەكانى نێو پەرلەمان دەیدەن.

چوارەم: پەرلەمانتار دەبێ ویژدانیان بكەنە حەكەم بەوەى لەو ماوە زۆرەدا كە سەد ڕۆژی تێپەڕاندووە و تا ئێستا دەوامی ئاسایی خۆیانیان نەكردوە، هەقە هەستیان ببزوێ، ئامادەیی ئەوەیان تێدا بەرجەستەبێ ئەو پارەیە وەرنەگرن، یاخود ئەگەر وەریان گرت ئەوا وەكو ئەو حزب و ئەم حزب لەكۆنگرەیەكى ڕۆژنامەوانیدا كۆی مووچەى ئەو سێ مانگەى هەموویان ڕابگەیەنن و ئیعلانى بكەن چۆن و لە چ پڕۆژەیەكى خەرج دەكەن.

پێنجەم: تا بەم ئان و ساتە ڕادەگات هیچ ئەندام پەرلەمانێك ناڕەزایی خۆی بۆ ئەو بۆشاییە ئیدارییە دەرنەبڕیوە لەكاتێكدا ئەوەى لەناو خەڵكبێ دەزانێ و تێ دەگات چۆن ئەو دانیشتنانە كاری لەسەر بازاڕ و بژێوى هاوڵاتیان كردووە.

بەهیوای هەرچی زووە پەرلەمان دانیشتنەكانى درێژە پێ بدات و فشار دروست بكات لەپێناو پێكهێنانى كابینەى هەشتەمى حكومەتى هەرێمى كوردستان و ڕەوینەوەى تەم و مژی ئەو سڕبوونەى بازاڕەكانی هەرێمى گرتۆتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە