کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


زەرورە پێشمەرگە بچێتە كۆبانێ؟

Sunday, 26/10/2014, 12:00






لەشەقام و ناوەندەكانى هاونیشتیمانیاندا، مشتومڕێكى زۆر لەسەر ئەوە دروست بووە: ئایا زەرورە پێشمەرگە بچێتە كۆبانێ یان زەرورەت لەوەدایە پارێزگاری لەو سنوور و شوێتانەى ناوەوەى هەرێم بكات كە سنووریان بەسەر داعشەوەن؟ ئایا بڕیاڕی ڕەزامەندی بۆ ڕەوانەكردنى پێشمەرگە بۆ كۆبانێ درەنگ نەبوو لەكاتێكدا هەست بەوە دەكرێ بەرەكانى پێشەوە و پەلامارەكان بۆ داگیركردنى ئەم شارە لەسەروبەندی یەكلایكردنەوە بوو كە بەجوامێری و قارەمانەتى شەرڤانانى یەپەگە توانیان بەر بەهەموو ئەو هێرشانە بگرن كە بۆ ئەم شارە درا؟

توركیا بە دەبڕینى ڕەزامەندی لەسەر ڕەوانەكردنى 200پێشمەرگە لەڕێی سنوورەكانیەوە بۆ كۆبانێ و دواتر كەمكردنەوەى ئەو ڕێژەیە بۆ 150 پێشمەرگە مانا و مەدلولێكە توركیا دەیەوێ پەیامێك بەگوێی سەركردەكانى سیاسی كورد بدات بەوەى ئەوە ئێمەین لەو ناوچەدا پارسەنگ و هاوسەنگی هێز ڕادەگرین و باڵانسی بارودۆخەكە ئەوە ئێمەین بارز و نزمى دەكەینەوە.

توركیا كە زانى بەرخودان ومقاوەمەتى شەرڤانان گەیشتە چڵەپۆپە و بەهەموو توانایەكەوە داعش سەرەڕای دەیەها هێرش لەچەندین قۆڵ و بەو چەكە قورسانەى لەبەردەستیدابوو نەیتوانى چۆكیان پێ دابدات و ئەو شارە بكەوێنێ، بەمەش توركیا لەژێر ئەو فشارە زۆرەى لێرە ولەوێ لەڕێی بەرپرسانى دنیا و دام و دەزگاكانى ڕاگەیاندنەوە وەكو ڕەخنەیەكى زەق و دیار و بەرچاو ئاڕاستەى بەرپرسانى توركیا كرا، لەوەشدا بەو دەربڕینە دەیەوێت وا خۆی نیشان بدات كە ئێمە هێشتا نیەت و نیازمان بەرامبەر بەكورد پاكە و لە دڵنیایی نەكەوتنى ئەو شارە بڕیارێكى لەو جۆرە دەدات، بەمەش ئەو هەنگاوە ئەوەندە پیرۆز نیە بەقەت ئەوەى دەرگاكانى وەك نیازپاكیەك بەرامبەر بەهەرێم و ئەو پەیوەندیە دیبلۆماسی و سیاسیەى هەیەتى بەتایبەت لەبواری ئابووری و نەوتیش لەسەرتۆپی ئەو كارانەیە باری لاكەوتووى داڕووخانی ئابووری ئەو وڵاتەى ڕاست كردەوە، دەرگاكانى ئاوەڵا بكات نەك مەرجدار بەژمارە مامەڵەى لەگەڵدا بكات كە تا بەم ئان و ساتە ڕادەگات لەدید و تێڕوانینى توركیاوە یەپەگە و پەكەكە بەیەك چاو سەیر دەكات و هیچ جیاوازیەكیان لەبەین نابینێت، ئەمەش جگە لەو گوشار و فشار و لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندیە درێژخایەنەكانى هیچی تر نیە و بەوە دڵخۆش نیە گوێبیستى هیچ سەركەوتنێكى یەپەكە ببێت.

سەركردایەتى سیاسی كورد زۆر درەنگ بڕیاری یەكلاكەرەوەى دا كە ئەو بڕیارە دەبوو وەكو نهێنى سەربازى مامەڵەى لەگەڵدا بكردایە وەكو چۆن هیچ كۆت و بەندێك بۆ ئەو شەڕڤانانە نەبوو كاتێك بەپێویستیان زانى بوونە هاوكار و پاڵپشتى پێشمەرگە لەقۆڵی شەنگاڵ و بەش بەحاڵی خۆیان ئەوەى بۆیان لوا درێخیان نەكرد، لەوەشدا كورد لە باشوری كوردستان دەبوو لەگەڵ گەرمەى پێكدادانەكاندا ناڕاستەوخۆ ئەگەر پێشمەرگەیشی نەناردایە ئەوە دەیتوانى چەك و تفاق و هاوكاری مادی و مەعنەوى بۆ بناردایە و سڵی لەهیچ نەكردبایەتەوە.

كورد لەهەر پارچەیەكى وڵاتانى دراوسێ هەر كوردە و هەرگیز نەیار و ناحەزانى پێی خۆش نیە هیچ سەركەوتن و پێشكەوتنێكیان لەبارەوە بزانن بەمەش كورد پێویستە ماڵی خۆی ڕێك بخاتەوە و بەرژەوەندی باڵای گەل و نەتوەكەیان لەسەرووى هەموو شتێكە دانێن و خەمی هەر پارچەیەك بەخەمی خۆیان بزانن و شەرم لەهیچ لەو شتانە نەكەنەوە پێیان وابێ بەو هەنگاوانە دڵی دۆستەكانیان دەڕەنجێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە