کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچی سەركردایەتى كورد جاڕی سەربەخۆیی نادات؟

Monday, 16/06/2014, 12:00






ئەوەى لەم قۆناغە بۆ كورد ڕەخساوە، ڕەنگە لە شەڕێكى دە دوانزە ساڵی نێوان هێزەكانى پێشمەرگە و سوپای ئێراقیدا كورد وا بەئاسانی ئەو هەمووە جۆرە چەك و جبەخانەی چنگ نەكەوێ، ئەمەش هەلێكى زێڕینە بۆ قۆستنەوەى ئەم بارودۆخە نەخوازراوەى لەناوچەكە دروست بووە و پێ ناچێ وا بەئاسانى و لەماوەیەكى كەمدا كۆتایی بەو تەنگژە بێ كە ماوەى چەند ڕۆژێكە بەشێكى زۆری سوننە نشینەكانى گرتۆتەوە و پاڵپشتى لۆجستى و ماددى لەلایەن ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی بۆ داعش

وا دەخوازێ كەف و كوڵی ئەو ئاگرە ئەوەندە بەسانایی خامۆش نابێتەوە و درێژە دەكێشێ.

كورد ناكرێ وەك تەماشاكەرێك تەنها چاوەڕوانى دیمەنە نەخوازراوەكان بكات و دەستەوسان بمێنێ، لەوەشدا هەمدیس ناكرێ ببێتە بەشێك و لایەنێك لەو ناكۆكیانەی بووەتە سەرئێشە بۆ حكومەتى مالیكى و شیعەكان كە لەم ئان و ساتەدا سوننەكان خۆیان بە مەغدوور دەزانن و هەر لەبیری گەڕانەوەى سوننەدان بۆ سەر تەختى حوكم و گرتنەوە دەستى دەسەڵاتی ئێراق لەلایەن خۆیانەوە كە هەرنا بتوانن دەوڵەتێكى سوننەنشین لەو شارانە پێكبێنن كە زۆرینەى خەڵكەكەى سوننەن.

سەركردایەتى سیاسی كورد دەبێ بەرچاوڕوونبێ كە دوور و نزیك شەڕێكى گەورەى لەبەردەمدایە و دەبێ بیكات لەكاتێكدا باش دەزانێ لە ئەقڵی عەرەبی ئێراقی فەرمانڕەوا هیچ تروسكاییەك بەدی ناكرێ و مانەوەى لەو چوارچێوەیە تەنها كات كوشتنە و هیچی تر.

لێرەدا چەند پرسیارێك خۆیان قوت دەكەنەوە، ئاخۆ: كورد بەتەمای چیە؟ بۆچی ئەم دەرفەتە ناقۆزێتەوە و جاڕی سەربەخۆیی نادات ؟

هەڵبەتە ئاواتى لەمێژینەى هەموو كوردێك سەربەخۆیی و دەوڵەتى كوردیە، لەوەشدا هیچ پاساوێك نەماوەتەوە بۆ كورد تا بڵێ ئەو سنوورەى دەیەوێت دیاری بكات لەچوارچێوەى ناوچە كێشە لەسەرەكان و بەهۆی بوونى سوپای ئێراقەوە لەو شوێنانە زەحمەتە هیچ بكرێ لەكاتێكدا ناوچەیەكى كەم ماوە هێزى پێشمەرگەى نەگەیشتبێ و هەموو ناوچەكان كەوتوونەتە ژێر قەڵەمڕەوى كوردەوە كە ئەوەى دەمێنێتەوە ئەو هەلە لەكیس خۆی نەدات و ئیعلانى سەربەخۆیی بدات و قایمكردنى پێگەی بەرەكانى پێشەوە و سنوورەكان تەواوى ئەو تەم و مژانە دەڕەوێنێتەوە كە ئیتر بەیەكجاری پشت لە بەغدا بكات و لەڕێی سەربەخۆیی ئابوورییەوە بەتایبەت نەوت دەتوانێ پشتگیری نێو دەوڵەتى بەدەست بێنێ و هەموو ئەو هەوڵانە پووچ بكاتەوە كە لێرە و لەوێ بیانەوێ یەكڕیزى كورد و شكست بەو دەوڵەتە بێنن كە كورد بەڕێوەى دەبات ئەوەش بابەتێكى هێندە هەستیارە چەند پەلەى لێبكرێ هەرگیز دەرفەتى وەك ئەم دەرفەت زێڕینەى دەست ناكەوێ تا جاڕی سەربەخۆیی بدات و حكومەتى ناوەندیش ئەوەندە جێی مەترسی نییە كە ناتوانێ كێشە ناوخۆییەكانى چارەسەر بكات، بێگومان توانای ئەوەى نابێ پەلاماری هەرێمى كوردستان بدات و هەر هەوڵێكی نەزۆكانە بیدات بە زیانى خۆی دەشكێتەوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە