داری عەیبە عەیب دەگرێ
Thursday, 17/04/2014, 12:00
هەموو عەیبێك عەیب نیە
هیچ گوڵێك بێ دڕك نیە
بەشخوراوبی داوا بكە
شەرم لەو عەیبەدا نیە
* * *
مرۆڤ عەیبە دروست دەكا
هەر خۆی بەرگى بەبەر دەكا
چەند باسی عەیبەى بۆبكەى
دەڵێ عەیبە و عەیبە دەكا
* * *
كەبەفر بەرگەى خۆر نەگرێ
خۆریش سەر بۆ شەو دادەگرێ
گەر ئەوەبێ یاسای ژیان
داری عەیبە عەیب دەگرێ
* * *
عەیبەیەك نیە ڕاو نەكرێ
كۆت و بەندی مەرگ نەكرێ
چەند سەركێشی لەلوتكەبێ
دەبێ عەیبە سەركوت بكرێ
* * *
ئەوە عەیبەیە كە عەیبە
عەیب نەبێ و تۆ پێت عەیبە
دەست لەمافی خۆت هەڵمەگرە
بڵێن عەیبە، بۆ ئەو عەیبە
* * *
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست