کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دكتۆر بەرهەم فریادرەسی یەكێتى یە، بەڵام.....

Monday, 14/10/2013, 12:00







هیچ حزبێ نییە لەدیرۆك و مێژووى خەبات و قۆناغەكانی بزاوی چالاكیدا تووشی هەوراز و نشێو و كێشمەكێشی ڕۆژگار نەیەتەوە و دەگەڵ تەنگژەكاندا ڕوو بەڕوو نەبێتەوە كە بێگومان بەرەنگاربوونەوە و مقاوەمەت لەلایەك و دەستەوئەژنۆ و دەست بەخۆدا شۆڕكردنەوە و ڕادەست بوون بە قەدەرێكى چەقبەستوو لەلایەكى دیكە هەریەكەیان ڕەهەندێكى ئەوتۆ لەلاپەڕەكانى تۆمار دەكات كە ئەگەر هەڵوێستەى كرد و بارودۆخەكەى بەهەند هەڵنەگرت و بە كێشەى بنەڕەتى و جدی نەزانى و متمانەى بەجارێ لەدەستدا و ورە و ئیرادەى بۆ هەستانە هانى نەدا و خواستى نەبوو چۆن بێتە دەست و شمشێری چاكسازى بەرز بكاتەوە بەڕووى خۆی و هەموو ئەوانەى بەو بەرنامەوە پابەند بوونە تا خۆیان بخوێننەوە بزانن كێشەكان چۆن سەریان هەڵداوە؟ هۆكارەكانى ئەو سەرهەڵدانە چین و چۆنیش كار بۆ دەربازبوون و دەرچوون لەو قەیرانە دەكرێ؟ جا ئەوانەى هیچ ڕۆشنایی و تروسكەیەكى هیوا و ئومێدیان لێ سەوز نابێ و لەخۆبایی بوونى سەردەمەكە بەلایانەوە بەكڵۆجێ لێكدانەوە بۆ ئەو قەیرانە بكات گوایە هێشتا شێری مەیدانە و قەیرانەكان بەهەند هەڵنگرێ و پێی وابێ جێی مەترسی نییە و هی ئەوە نییە ئەوەندە بایەخى پێ بدرێ.. دەبێ ئەوانە بەرچاو ڕوونبن لە دۆڕانى گەورە و شكستى گەورە و ئەوە لەناوچەوانى خۆیان بنووسن كە ئیدى هەر هێندە لەكاروانى نەپساوەى خەبات و تێكۆشانى ململانێكان دابڕان و دووركەوتنەوە، جارێكى تر ڕاستەڕێ نابن و ببڕای ببڕ خۆیان ناگرنەوە و لەوێستگەى ناوەندەكانى بڕیاردان هەر چەكوچێكیان لەدروشمە بریقەدارەكان بەدەستەوە بێت، لەبەر بێ تاقەت و بێ توانایی ناتوانن ئەو چەكوچە بەرز بكەنەوە و بیوەشێنن، لێرە باجى زەرەرمەندى گەورە تەنها ئەوانە نایدەن كە لە لوتكەدا هەموو شتێ خۆیان بوون لەبڕیار و دەسەڵات و سەركردایەتى، بەڵكو هەموو هەوادار و لایەنگرانیان پڕیشكى ئەو فەنابوون و كەوتن و دۆڕانەیان كەم تا زۆر بەپێی پێگەی حزبی و كۆمەڵایەتى بەر دەكەوێ و لە پەرۆشیاندا ئەگەر بەسەر خۆشیان نەیەنن ئەوا لەناخەوە هەست بەناڕەحەتى دەكەن.

خۆ بەدیوەكەى دی ئەگەر بەفەرمى ئاكامى ئەنجامەكانیان لەئەستۆ گرت و ڕایانگەیاند لەو پێشبڕكێیەدا دۆڕاون، داننان بەڕاستى كلیلی چارەسەری قەیران و گرفتەكانە تا بوێرانە قۆڵی لێ هەڵماڵن و كۆنفرانس و پلنیۆم و سیمیناری لەبارەوە ببەستن تا لەو ڕێیەوە دەست نیشانى كەم و كوڕیەكان بەشێوە گشتیەكەى بكەن و هەموو ئەو ئەگەرانەیش بگرنە بەر كە دەبنە بنەمای تەكاندان بەپرۆسەكە و ڕاست بوونەوەیان، لەوەشدا پێویستە بەر لەهەر شتێ ئەوانەى فاكتەری سەرەكى ئەو دۆڕانە بوون بێ پەروا وەك سەروەریەكى مێژوویی دەست لەكاركێشانەوەى خۆیان ڕابگەیەنن و دان بەو هەڵانە دابنێن كە لەتەكدا وێڕای سڕكردنى لایەنى جێ بەجێكار و دروستكردنى ئەنجومەنێكى كاتى تاوەكو هەندێ لێپرسینەوەیی سەرەتایی هەیە پەنای بۆ ببەن بۆ ئەوەى هەنگاوەكانى دواتر بەرەو هەستانەوە ئاسانترببێ.

لەو قەیرانەى ئەم ماوەیە یەكێتى تووشی بوو، خەڵكانێك پێی دڵخۆش بوون و خەڵكانێكیش حەزیان نەدەكرد ئەو یەكێتیەى بەگۆتەى جاران كە دەوترا: تەقڵە بەفیل لێ دەدات ئێستا ئەوها بچووك ببێتەوە بەبەراورد لەگەڵ لایەنى بەرامبەر كە سەرەمانێكە شان بەشانى یەك لەچوارچێوەى پرۆژەى ستراتیژی ئیدارەى هەرێم بەهەردوو بواری ئەكتیڤ و نەگەتیڤ بەڕێوە دەبن.

لێرەدا چونكە لەڕێی میدیاكانەوە چ بینراو و بینراو بیسراو زۆر لەسەر هۆكارەكانى ئەو شكستە خرایە ڕوو كە بەتێڕوانینى من هێشتا یەكێتى بەو ژمارە كورسیەى بەدەستیهێناوە(18كورسی) لە گۆڕەپانەكە ئەوەندە كورسیە ژمارەیە و حیسابی تایبەتى بۆ دەكرێ، كە بەواتایەكى دیكە قسەى لەبارەوە بكەین، ئەنجامەكانى هەڵبژاردن یەكێتى لەكاروانى سەروەری و سەرداری حكومەت بەچەند پلەیەك بۆ دواوە گەڕاندەوە و هەرچیەك بكات بۆئەم قۆناغە ناتوانێ لەكابینەى هەشتەمى حكومەتى هەرێم لەبازنەى رێكەوتنى ستراتیژی و هاوپەیمانە دێرینەكەی ئەوەى دەیەوێت وا بەئاسانى بۆی بچێتە سەر و داواكاریەكانى بۆ جێ بەجێ بكرێ مەگەر ڕازیبوون بەهەندێ موستەحقاقاتى ئینتیخابی و هیچی تر.

لایەنى بڕیاردەر و پەیوەست بە چارەنووسی یەكێتى، ناوەندنى ئەنجومەنى سەركردایەتى و مەكتەبی سیاسیە و لەناو ئەندامانى مەكتەبی سیاسی یەكێتى دا بۆ ڕزگاربوون لەو قەیرانە وای دەبینم دكتۆر بەرهەم فریادرەسی ڕزگاریبێ لەو دەریا قوڵەى یەكێتى تێی كەوتووە و كەس نییە بەهانایەوە بچێ.

من باس لەكەسایەتى دكتۆر بەرهەم ناكەم تەنها لەدوو خاڵەوە پێگەی كۆمەڵایەتى دەخوێنمەوە:

یەكەم: لە بوونى بەجێگری سەرۆك وەزیرانى حكومەتى عێراق لەناو میداكانى ناوەو دەرەوە بەگەواهی هەموو لایەك وەك كەسێكى بەهێز و خودان بڕیاری تایبەت و گرانایی لە ململانێكاندا حیسابی بۆ دەكرا و دەست رۆیشتن و نەڕۆیشتنى مەسەلەیەكە لەمپەر و كۆسپ و تەگەرەكان لەبەردەمیدا كەم نەبوون بەتایبەت لەشوێنێ هەموو شتەكان تا بەئێسایش ڕادەگات قەیران لەدوای قەیران بەدوای خۆیدا دێنێ و تا نها نەتواندراوە ئاریشەكان لەڕەگ و ریشەوە بنبڕ بكرێن.

دووەم: لەمیانى بوونى بەسەرۆك وەزیرانى حكومەتى هەرێم هەمان ڕۆڵی گێڕاوە سەرەڕای ئەو دەستوەردانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیانەى لەلایەن حزب و بەتایبەت مەكتەبی سیاسی بۆی دروست دەكرد ئەوجا بە نەفەسێكى پڕ لەخۆبردوویی كۆڵی نەدا و تا دوا پەیام مەیدانەكەى بۆ كەس چۆڵ نەكرد.

وردبوونەوە لەم دوو خاڵە بەو ئەنجامەمان دەگەیەنێ كە ئەگەر دەسەڵاتى موتڵەقی هەبێ و لێرەو لەوێ گرفتى بۆ دروست نەكەن ئەوە یەكێكە لەو كەسە بەئەزموونانەى چ جای ئەوەى دیبلۆماسێكى دانسقەیە، درك بە ناهامەتى و درزەكان دەكات، بیرۆكى جوان و هئەوتۆی لەلایە ئەگەر بەهەموو باڵەكانەوە ببنە هەماهەنگ و گرفتى بۆ دروست نەكەن، ئەوە دەتوانێ زۆر بەئاسانى كار لەسەر هەستانەوەى یەكێتى بكات وەك فریادرەسێ، بەڵام دروستكردنى كۆسپ و تەگرە و نەچوونە ژێر باڵ و پابەند نەبوون بەو بڕیارانەى دەیدات، چەند پڕۆژەى جوان پێشكەش بكات، هیچ لەمەسەلەكان ناگۆڕێ، جا ئەگەر ئەو بەو بوێری و ئەزموون و لێهاتووییەوە نەتوانێ هیچ بۆ یەكێتى بكات، ئەوا ئەوانیتر بەهەمان ڕێچكە تێ دەپەڕن و یەكێتى وەك خۆی دەمێنێتەوە كە ئەگەر خراپتر نەبێت، ئەوا باشتر نابێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە