كورد هەقە چیتر شەڕ بۆ عەرەب نەكات
Monday, 16/02/2015, 12:00
لەو شەڕەى بەرۆكى هەرێمى كوردستانى گرتەوە لەكاتێكدا شەڕەكە هێشتا شەڕی سووننە و حكومەتى نوری مالیكى بوو وەك شیعە و ئەو داگیركارییەى داعش لەماوەى كەمدا ناوچەیەكى زۆری خستە ژێر ڕكێفی خۆیەوە، هەموو ئاماژەكان ئەوە بوو داعش تەنها پەنجا مەتر لەبەغداوە دوورە و پێشڕەوییەكانى بەوە گەیشتووە لەماوەیەكى زۆر كەمدا بەغداش داگیر دەكات و ئیتر هیچ سەروەرییەك بەناوى عێراقی نوێوە نامێنێ و حكومەت هەرەس دێنێ.
كەچی بەپێچەوانەوە پڕتاو هەڵوێستى داعش لەو پەلامارە بۆ سەر كوردستان پێچەوانە بۆوە لەكاتێكدا وەكو كورد هێشتا جۆرە هودنەیەك هەبوو كە كەسیان پەلاماری یەك نەدەن و بەو پەلامارە كۆتایی بەهەموو شتەكان هات.
كورد دوای لەدەستدانى جوگرافیایەكى زۆر، كەوتە خۆ تا بەرگری لەخۆی بكات و بەرە بەرە بەرنامە بۆ ئازادكردن و گێڕانەوەى ئەو شوێنانە بدات كە لەدەستیدا.
كەچی سوپای ئێراق شان بەشانى پێشمەرگە لە هەندێ قۆڵەوە توانیان سەركەوتنى بەرچاو تۆمار بكەن لە ڕاوەدوونانى داعش و گرتنەوەى ناوچە داگیركراوەكان، بەڵام كێشەكە لەوەدایە ئێمە وتمان ماددەى 140 كۆتایی هات بە ئازادكردنى ناوچە كوردستانیە كێشە لەسەرەكان و شیعەى ئێراقیش هیچ قسەیەكى بۆ ئەو لێدوانانە نەبوو لەكاتێكدا ئەمە جگە لەلێدوانێكى سەرپێی بەرپرسانى هەرێم هیچی تر نەبوو چونكە بەلای ناوەند(بەغدا) ئەو ناوچانەى كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتى هێزى كوردی (پێشمەرگە) هێشتا یەكلایی نەبۆتەوە، لەوەشدا ئەو هەقە بەخۆیان دەدەن لەپەنای یەكلانەبوونەوەى ئەو كێشەیە ئەگەر بۆ پێشمەرگە ئاسایی بێت ئەوە بۆ سوپا و حەشدی شەعبی (جاش جەیشی ئێراقی) ئاساییە بێتە ناو كەركووك و ئەو شوێنانەى تا بەم ئان و ساتە ڕادەگات لەڕووى كارگێڕییەوە سەر بە ناوەندن.
لێرەدا چەند پرسیارێك دێتە ئاراوە:
1- كورد تا كەى بەوەكالەت شەڕی عەرەب بكات، لەكاتێكدا هێشتا حكومەتى ناوەند لەوپەڕی بێ هێزیدایە ئەوجا لەهەڕەشەكانى بەرامبەر هەرێم ناكەوێ؟
2- سوودى كورد بۆ ئازادكردنەوەى موسڵ چیە؟ ئەوە لەكاتێكدایە ئەگەر وابزانین هاوكاری بەغدا نەكەین بوودجە و مەساریفی ئەو پێشمەرگانە ناكەن، لەوەشدا هەر قوربانیدانێك بۆ پێشمەرگە لەمەڕ ئازاد كردنى موسڵ هیچ دەستكەوتێكى تێدا نیە جگە لەوەى كە ئارامى گەڕایەوە بۆ ئەو شارە دەبێ پێشمەرگە پاشەكشە بكات.
3- ئەى بۆچی ناوچەكانى سنووری كەركووك ئازاد دەكرێن، كەچی عەرەبە شۆفێنیەكان بە زێدى خۆیان دەزانن و ئامادەنین سازشی لەسەر بكەن.
4- هەرچیەك بكەین وەكو كورد، عەرەب درەنگ و زوو داوای دەرچوون و كشانەوەى پێشمەرگە لەو ناوچانە دەكات، لەوەشدا یان دەبێ بەشداری بەعەرەبە ڕەگەزپەرستەكان بكەین یان دەبێ دوای شەڕی داعش، شەڕی عێراق بكەین ئەو عێراقەى شیعە ڕێبەرایەتى دەكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست