جۆن كیری چ پەیامێكی بۆ بارزانى پێیە؟
Monday, 23/06/2014, 12:00
وەك بینیمان جۆن كیری وەزیری دەرەوەى ئمریكا جەولەیەكى بۆ وڵاتانى عەرەبی دەست پێكرد، لەیەكەم وێستگەى بۆ میسر و دواتر بۆ ئوردن و پاشان لە سەردانێكى چاوەڕوان نەكراودا چووە بەغدا بۆ كۆبوونەوەى لەگەڵ مالیكى و بەرپرسانى دیكەى شیعە و سوننە و تاوتوێكردنى بارودۆخی ئەم دوایەى ناوچەكە مەبەستى سەرەكى سەردانەكەیەتى، لەوەشدا دەیەوێ بەفەرمى سیاسەتى ئەمریكایان بۆ دیار بخات و هەڵوێستەكانی بۆ چارەسەركردنى ئەم بارودۆخە تەوەری سەرەكى سەردانەكەیەتى كە دواتر وا چاوەڕوان دەكرێ بێتە هەولێر و لەگەڵ بارزانى وەكو سەرۆكى هەرێمى كوردستان كۆبێتەوە.
ئەوەى تێبینى دەكرێ لەو كۆبوونەوەدا قەناعەت پێهێنانى كوردە تا شان بەشانى سوپای ئێراقی شەڕی داعش بكات و پێ دەچێ جۆن كیری پێش ئەو سەردانەى بۆ هەرێم هەندێ بەڵێنى پێش وەختە لەمالیكى وەربگرێ تا هەولێر و بەغدا ئاشت بكاتەوە، ئەگەرچی مالیكى ئەو نامەیەى لەرێی ئێرانەوە بۆ بارزانى ناردووە، لەو نامەدا مالیكى ئامادەیی خۆی دەربڕیوە داخوازیەكانى كورد لە ماددەى 140و بودجە و پێشمەرگە و نەوت لەپێناو مانەوەى خۆی جێ بەجێ بكات، وەلێ كورد مێژوویەكى تاڵی لەهەمبەر ئەو بەڵێنانە هەیە، پێ دەچێ لەو كۆبوونەوەدا بارزانى گەرەنتیەكى سەد دەر سەد لەئەمریكا داوابكات ئەوجا دوای كۆبوونەوەى لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان وەڵامى ئەو سەردانەی كیری بداتەوە.
ئەمریكا ئەگەر چی نایەوێ ڕاستەوخۆ بەشداری ئەو جەنگە پڕ مەترسیە بكات و هەڕەشەكانى ئێرانیش لەو لاوە بوەستێ كە بەهەموو شێوەیەك دژی دەستوەردانى ئەمریكان لەكاروباری ئێراق، ڕەنگە ئەو گرژی و ئاڵۆزیانە وابخوازێ لەتەك هەموو گریمانەكانى تر ئەمریكا بەشێوەیەكى ناڕاستەوخۆ كار لەسەر رێكخستنەوەى لایەنە سیاسیەكان بە كورد و سوننە و شیعە بكات تا بەهەموویان لەبەرەیەكى بەهێزدا شەڕی داعش بكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست