کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەپارێزگابوونى قەزاكان مەترسی نیە وەكو ئەوەى لێی دەترسین!

Friday, 24/01/2014, 12:00








دوای ڕەزامەندی ئەنجومەنى وەزیرانى ئێراق لەسەر بەپارێزگاربوونى قەزای هەڵەبجە، بەماوەیەكى كەم قەزای دیكەى بەدوای خۆیدا بەكێش كرد، مرۆڤ سەرسام دەبێ ئاخۆ بۆچی لەهیچ ناوەندێكى عەرەبی ئێراق كەس ئەو بڕیارەى بەپارێزگابوونى هەڵەبجەى بەبڕیارێكى سیاسی نەزانى كەچی لەدەنگۆ و بڵاوبوونەوەى قەزاكانى فەلوجە و تەلەعفەر و دوزخورماتوو بەبوونیان بەپارێزگا یەكسەر لێرەو لەوێ بەبڕیارێكى سیاسی ناوزەدكرا و لێدوانەكانى هەندێ لەبەرپرسانى كورد بۆ ئەو پرسە بەتوندی ئیدانە كراو بەهەموو شێوەیەك ڕەت كرایەوە.



تەلەعفەر ناوچەیەكە ڕاستە لەتەك كورددا توركمانى زۆرە و ژمارەیەكیش عەرەبی تێدا دەژێ، هەروەها بۆ دوزخورماتوویش بەهەمان شێوەیە و قسە لەسەر فەللوجە ناكەین كەناوچەكە زۆرینەیان عەرەبە.



ئەوەى لێرەدا بەدێ دەكرێ ئەوەیە ئەگەر ئەو بڕیارە بڕیاری ئەنجومەنى وەزیرانى ئێراقبێ ئەوە یەك لەجێگرەكانى مالیكى كوردە و تا ئێستا كەم تا زۆر ئەو باسەى نەوروژاندووە ئاخۆ ئەو بڕیارە چۆن دەرچووە و لەچ دەستپێكەكەوە هەنگاوى گرتووە و هۆكارەكانى دەركردنى ئەو بڕیارە چیە؟ ئاخۆ ئاگای لەو بڕیارە هەیە؟ ئەگەر ئاگادارە هەڵوێستى لەهەمبەر چی بووە و...هتد



هەموو ئەو لێدوانانەى لەڕێی دەزگاكانى ڕاگەیاندنەوە دەدرێ كە ئەمە بڕیارێكى سیاسیە، بەڵام نازاندرێ ئەو بڕیارە سیاسیە چیە و چۆنە؟ بۆچی بەڕوونى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستانى لێ ئاگادار ناكەنەوە لەوەى ئایا مەترسیەكانى بوون بەپارێزگاى دوزخورماتوو و تەلەعفەر لەچی دایە؟



لێرەدا چەند پرسیارێك دێتە ئاراوە ئەگەر پێمان وابێ لەكاتى بوون بەپارێزگاى ئەم دوو قەزایە بەدەر لە فەلوجە، كێشە لەبەردەم گەڕانەوەى ناوچە كوردستانیە كێشە لەسەرەكان دروست دەكات، بێگومان دەبێ بزانین لەحاڵەتى ئێستای و ئەوسایش هەر هەمان شتە ئەگەر بمانەوێ بیخەینەوە سەر سنووری هەرێمى كوردستان.



خۆ ئەگەر پێمان وابێ لەبوونى بەپارێزگا ئەو شارە بەهێزدەبێ و عەرەبەكان بەجارێ جومگەكانى كارگێری قۆرخ دەكەن ئەوە گریمانەیەكى لاوازە و دەبێ كورد پێداگیری تەواو بكات لەوەرگرتنى پۆستە سیادیەكانى یەكەكان وەكو چۆن ئێستا كوردێ قایمقامى ئەو قەزایەیە، بەهەمان چەشن دەبێ ئەو پارێزگارەى دایدەنێن دەبێ كوردبێ، بەمەیش لەهەموو ئەگەرەكاندا ترسمان لە لەدستدانى نەبێ، وەئەگینە بوون بەپارێزگای ئەم قەزایانە جگە لەوەى بودەجەیەكى زل و زەبەلاحی بۆ تەرخان دەكرێ و كەرتى ئیداری تێدا نەش و نما و پێشكەوتنى بەرچاو بەخۆوە دەبینێ و لایەنى خزمەتگوزاریش بە تەكانێكى گەورەوە ڕووى ئەو قەزایانە هێندەى دیكە جوانتر دەكات كە لەم قۆناغە و بە بودجەیەكى كەمەوە پێشكەوتنەكان ئەو شتانە نین دڵمان ئاسوودە بكەن.



هەڵبەتە ئەگەر مەترسیمان لەسەر ئەوە بۆ دروست ببێ ئاخۆ بەپارێزگاكا بوونى ئەو قەزایانە، ئەو شوێنانە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر گەڕانەوەیان، من بەهەڕەشەى نازانم ئەگەر بۆماوەیەكى باش بێنە سەرپێ و خۆیان بگرنەوە، هەر كاتێكیش سەركردایەتى سیاسی كورد بیەوێ بڕیاری چارەنووسی ئەو ناوچانە یەكلایی بكاتەوە، بێ شك ململانێ و هەڕەشەكان و هەر پێكدادانێك بۆ ئەو شوێنانە یەك شتە ئەگەر قەزابن یا پارێزگا، كەواتە هیچ لەمەسەلەكان ناگۆڕێ.



پێویستە هەنگاوەكانى ئەو مەترسی و هەڕەشانە بێ پەروا و بەڕاشكاوی بۆ جەماوەر و هەوڵاتیانى هەرێم ڕوون بكرێتەوە ئایا كە دەوترێ ئەوە بڕیاڕێكی سیاسیە، مەبەستیان لەو بڕیارە سیاسیە چیە تا ئێمەمانان دڵمان ئاو بخواتەوە و لەڕاستى ئەو لێدوانانە تێبگەین و هەڵوێستى خۆمان لەم ڕوانگەوە دەرببڕین نەك تووتى ئاسا قسانێ بكەین و نەزانن ناوەڕۆكى قسەكانمان چین؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە