بارودۆخ هەرچیەكبێ، نابێ چاوپۆشی بكەن!
Friday, 19/12/2014, 12:00
ماوەیەكە خەڵك بەپەرۆشەوە لەچاوەڕوانى دەرەنجامى لێكۆڵینەوەكاندان لێكۆڵینەوە لەو بەرپرس و بازرگانانەى كاری بازرگانیان لەگەڵ داعش ئەنجامداوە بەتایبەت تێوەگلان بەقاچاغبردنى نەوت و تێكەولێكەى فرۆشتنى سەیارە و...هتد، دوا ئاكامى بەدواداچوون بۆ كەیسە جۆرێ لە جۆرەكان هەست بەوە دەكرێت شل و پەیتى لێ دەكرێت لەكاتێكدا هەموو كەسێك ئەو هەقیقەتە دەزانن كە ئەو كارە زل و زەبەلاحانە بەكەسی عەوام و سادە ناكرێ ئەگەر ئەو كەسە كەسێكى پلەبەرز و كەسێكى دەست ڕۆیشتوو نەبێت، نیگەرانیەكان لەوەدا سەرچاوە دەگرن ڕۆژانە كوڕە هەژار و بێ نەواى وڵاتەكەمان لەسەنگەرەكانى ڕووبەڕوو بوونەوە دژ بەداعش سینگى خۆیان دەكەنە قەڵغان و شەهید دەبن، ئەوان خوێنی پیرۆزى خۆیان دەڕێژن و ئەوانیش لەپاڵەوە بازرگانى دەكەن و خۆیان دەوڵەمەند دەكەن.
ئێستاش لەشەقامى كوردیدا ئەو پرسە نەڕەویتەوە و بەردەوام بووەتە وێردی سەر زوبان بەوەى دەبێ سەرۆكایەتى هەرێم و حكومەت بەجددى بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بكەن و ئەوانەى لەو كارە تێوەگلاوەن، خاوەنى هەر سەروەرییەكبن لەرابردودا، دەبێ لەبەردەم دادگا ڕابگیرێن و دادگایەكى عادیلانە بكرێن، ئەگەر مامەڵەى یاسای تیرۆریشیان بەسەر ساغ نەكەنەوە، بەڵام دەكرێ لەپۆست و پلەو پایەكەى دابماڵدرێت و ئەگەر بازرگانە دەست بەسەر سەروەت و سامانەكەى دابگیرێت، ئەوجا ئازاد بكرێن، بەجۆرێ نیشانى خەڵك بدرێن هەر كەسێك بیانبینێت بزانێ ئەوانە لەوپەڕی تەنگژە و نەهامەتى و ڕووبەڕوو بوونەوەكاندا خاك و نەتەوەكەیان بەلاوە گرینگ نەبووە بەقەد ئەوەى خۆیان زیاتر و زیاتر دەوڵەمەند بكەن..مانەوە و كۆنكردن و كاركردن بەمڕۆ و سبەینێی ئەو بابەتە هەست و ئینتیمای خەڵك بەم هەرێمە لاواز دەكات، ناكرێ هەرێم بەقوربانى چەند كەسێك بكرێت لەكاتێكدا هێشتا لەڕێی میدیاكانەوە باس لەو پەیوەندیەى بەرپرس و بازرگانان لەگەڵ داعش دەكرێت و كەچی كەس نازانێ كێن ئەوانەى گیراون و كێیان لەپشت بووە و ئەو كەیسە تا كەى بەردەوام دەبێت و كەى یەكلایی دەبێتەوە؟ ئەگەر ئەو دۆسیە دابخرێت، بەدڵنیاییەوە شتى لەوە خراپتریش بەدوای خۆیدا دێنێت و دەبێ چاوەڕوانى موعجیزەى لەوە گەورەتربین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست