کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كەم ئەندامانى كوردستان یەكگرن..

Saturday, 07/12/2013, 12:00




ئەوەى لەهەرێمى كوردستان دەگوزەرێ عاجباتى دونیایە، ماوەیێ پێش ئێستا لەسلێمانى كۆمەڵێ كەم ئەندام بۆ ماوەى بیست و نۆ ڕۆژ مانیان لەخواردن گرت، كاتێك داخوازییەكانیان جێ بەجێ نەكرا و كەس خۆی لێ بەگەن نەكردن، باروبنەیان تێكنا و شوێنەكەیان لەسلێمانیەوە بۆ هەولێر و لەوێش ڕێك بۆ بەردەم پەرلەمان گواستەوە بەو ئومێدێ هەست و نەستى بەرپرسان ببزوێنن تا تیلە نیگا و ئاوڕێكیان لێ بدەنەوە، كەچی هەر خۆزگەیان بە سلێمانى، وەك گێڕایانەوە وتیان: ئەو فەقیرانە بیست و نۆ ڕۆژ بەڕۆژوو بوون كەچی نەیانهێشت سییەكە تەواو كەن، ڕۆژووەكەیان پێ شكاندن و ڕێ و ڕێ بۆ شارە حەیاتەكەیان ناردنەوە.

كەم ئەندامان لەهەموو ڕوویەكەوە جگە لەوەى مرۆڤن و وەك هەر تاكێكى ئەم هەرێمە خەڵكى كوردستانن، دەبێ لەلایەنى ویژدانەوە تەماشایان بكەین و لەڕووى سایكۆلۆژییەوە بەكڵۆجێ ڕەفتاریان ڕەگەڵ بكەین هەست بە نیگەرانى و خەمۆكى و ئەو بۆشاییە زۆرە نەكەن كە ئەوان لەسەر زەوى زیادن و هەر بۆ مردن باشن، ئەوە سروشتى مرۆڤایەتییە هەموومان هەر جوان و هەموومان هەر ساغ و هەموومان لەسەر یەك ریتم نامێنینەوە، لەنەخۆشكەوتنمان رێزى لەشساغی دەگرین و لەكەوتن و مانەوەمان بۆ چەند ڕۆژێ لەسەر جێ و كورسیدا ئەوجا تێدەگەین ژیان چەند ناخۆشە، ئەى دەبێ گوناهی ئەو كەم ئەندامانە چیبێ و چ سەبر و ئارامگریەكیان هەبێت كە تەواوى ژیانیان وەك دوو هاورێی هاودەم لەگەڵ كورسی و جێگە و دارشەقەكەیان بەسەر دەبەن؟

ئاخر ئەوانەن لە دیدگایانەوە جوانیەكانى ژیان دەبینین، كەچی ناتوانین مامەڵەیەكى مرۆڤانەیان دەرهەق بكەین كە درك بە تەنیایی و بێكەسی نەكەن، بەجۆرێ لە هەموو كۆمەڵگایەكدا كەم ئەندامان رێزێكى زیاتر لەكەسە ئاساییەكانیان لێ دەگیرێ، ئەفسووس لەم مەملەكەتەى مەڕ خۆشماندا هیچ بەهایەك بۆ ئەو كەم ئەندامانە داناندرێ، لەكاتێكدا بەرپرسان چاك دەزانن ئەوانە لەهەڵبژاردنەكان ژمارەن و دەنگیان گۆڕان لەپرۆسەكە دروست دەكات.

لە هەفتەى ڕابردوودا كەم ئەندامان هەڕەشەى خۆ سووتاندنیان كرد ئەگەر چاوێ بە داخوازیەكانیان نەخشێننەوە، لەكاتێكدا بڕە مووچەیەكى 150هەزار دیناریان وەك منەت پێ دەدەن، ئەویش بە سێ مانگ جارێ ئەو مووچەیان بەسەر یەكەوە پێ دەدەن و هەندێ جار لەو وادەیەشدا موچەكەیان دوا دەخەن، لێرەدا چەند پرسیارێك سەر هەڵدەدات:

ئایا چ بەرپرسێك هەیە تەنها منداڵەكەى بە ڕۆژانەیەكى زۆر لەو پارەیە زیاتر ڕازیبێ؟

مامۆستایەك گێڕایەوە وتى: كوڕی بەرپرسێكم لەلابوو، ڕۆژێكیان بینیم یەك سەفتە دۆلاری بەدەستەوەیە، گومانم برد ڕەنگە ئەو منداڵە ئەو پارەى لە ماڵەوە دزیبێ، تەلەفۆنم بۆ باوكى كرد و لەو بابەتەم ئاگادار كردەوە، وەلێ سەرسام بووم كاتێك باوكى زۆر بەشێنەیی، بێ ئەوەى خۆی شێڵوو بكات، پێی وتم: هیچ نییە مامۆستان ئێمە لەماڵەوە پارەمان زۆرە، هەر حەز مان لێی نییە بەپارەیەكى كەمەوە بێتە قوتابخانە.

ئایا حكومەت ناتوانێ ئەو بڕە پارەیە دوو هێندە و سێ هێندە زیاد بكات هەرنا لەناو كەس و كاری بەڕێزەوە سەیر بكرێ(مەبەستم لەو رێزە ئەوەیە تاوەكو كەس و كاری دوو هێندە زیاتر و زیاتر بەدەورى منداڵ كەم ئەندامەكانیان بچن و توانایەكى دارایی ئەوتۆیان لەبەردەستبێ بتوانن ئەو جگەر گۆشانەیان ببەنە دەرەوە و گەشت و گوزاریان بۆ فەراهەم بێنن؟

ئایا بۆ هەموو حزبێك كە هەڵبژاردن دێتە پێشەوە ئامادەن تەنانەت پیرێژن و پیرەمێردێكى سەد ساڵە بەعارەبانە بۆ دەنگدان بێنن و داوا لە هەموو ئەندام و لایەنگرانیان بكەن كە ئەوەی كەم ئەندامی هەیە دەبێ بیانهێنن دەنگیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان پێ بدەن، لەكاتێكدا كە ئیشیان پێ نەما، نە دەیانناسن و نە حیسابیان بۆ دەكەن.

كەم ئەندامانى كوردستان لە كێشەیەك تێوە گلاوە وەك باس دەكەن لە خێزانێكدا حەوت كەسی ساغ و سەلامەت بێ ئەوەى عەیب و عاریان هەبێت، لەرێی تەسكیەى حزبی و ناسیاری دكتۆر لە لیژنەی پزیشكى هەر هەموویان كراونەتە كەم ئەندام و مانگانە حەوت150هەزار دیناری خشت وەردەگرن، ئەمەیش وای كردووە ژمارەیەكى زۆری ناموستەهەق بخزێننە نێو ئەو كۆمەڵانەى تایبەتن بە كەم ئەندامان و..هتد.

هەقە پێداچوونەوەى فعلی بەو مەسەلەیە بكرێ و لەلایەن لیژنەیەكى دەست پاكەوە هەموو ئەوانە گوڵبژێر بكرێن و ئەوەى شایستەى ئەو شەڕەفەیە لێی بەربژار بكرێ.

كەم ئەندامان یەكبگرن تا ببنە كارتێكى گوشار بۆ سەر دەسەڵات لەهەمبەر داخوازیەكانتان، نەك پەرتەوازە و پەنتك و پچڕ ، لەكاتێكدا یەكڕیزى و یەك دەنگتان دەتوانێ شەقام بهەژێنێ و وابكەن دەسەڵات گوێتان لێ بگرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە