کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سلێمانى دەبێتە هەرێمێكى سەربەخۆ؟

Thursday, 07/11/2013, 12:00






پڕتاو ئەم هەواڵە تەواوى كونج وكەلەبەرەكانى كوردستانى گرتەوە، كە خەڵك بەپەرۆشەوە بپرسن: كێ داڕێژەری ئەو پلانەیە؟ چۆن كار بۆ بەهەرێمكردنى شاری سلێمانى دەكرێ؟ پشتگیركردن بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجە چیە و كێ لەپشت ئەو كارەوەیە و دەیەها پرسیاری تر.

بێ شك لە وروژاندنى ئەو بابەتەدا خەڵكانێك هەن ڕاستەوخۆ پەنجە بۆ بزوتنەوەى گۆڕان ڕادەكێشن گوایە گۆڕان پڕ بووە و(جام كە پڕبوو لێی دەڕشێ) و ئەو جەماوەرەى دەنگیان پێی داوە لەسەر تەقینەوەن، تووڕەییان گەیشتۆتە بینە قاقا و چیتر دەستەوسان نامێنن كە دوای سێ جار بردنەوە بزوتنەوەكەیان لە هەڵبژاردنەكاندا لەجیاتى وەرگرتنى ئستیحقاقاتی ئینتیخابی و دیتنى بەروبوومى هەوڵەكان لە بەدەستهێنانى ئەو دەنگە زۆرەی لەسلێمانی بەدەستیان هێنا، كورد وتەنێ(كێ دەیكاو كێ دەیخوا) بووەتە ئەو مەتەڵە شاراوەى ئەوە سێ هەڵبژاردنە و هەر ئەمان دەیبەنەوە و لەو لایشەوە ئەوە یەكێتییە حوكمى سلێمانی دەكات وەك زەنگى ئاگاداركردنەوە بەسەركردایەتى سیاسی گۆڕانى ڕادەگەیەنن كە ئیدى كاتى گۆڕانە و چیتر ئەو بارودۆخە ئەوها قەبوڵ بكەن چیتر چاوەڕوانى ئەوەمان لێ مەكەن بۆ هەڵبژاردنەكانى داهاتوو دەنگتان پێ بدەین، ئەوەش چیتر لەسەری ناوەستین و دەبێ بڕیاری چارەنووس و یەكلاكەرەوەى خۆتان بدەن، لەوەشدا ئەگەر ئەو تێڕوانین و بۆچوونە بەڕاستى سیاسەتى بزوتنەوەى گۆڕانبێ، دەبێ بەئاشكرا هەڵوێستى خۆی لەبارەوە دەرببڕێ و دڵی جەماوەركەى ئەهوەن بكاتەوە كە بۆ ئایندەى حوكمڕانى سلێمانى چیان پێیە؟ بەپێچەوانەوەش ئەگەر ئەو قسانە تەنها و تەنها بیروبۆچوونى كەسانێك بن ئەوە لەو جوغزە تێناپەڕێ قسەكان بەفرئاسا دەكەونە بەر ڕەشەبا و دەتوێنەوە كە لەو ڕوانگەوە ئەگەر گریمانەكە بۆ بۆچوونى یەكەم وادەرچوو كە هەندێ پێیان وایە گۆڕان ئەو وروژاندنەى وەك كارتێك دژ بە پارتى بەكاری دەهێنێ تا لەو كابینەیەدا گورگەكەى پێ نیشان بدات كە بەپێی رێژەى كورسیەكان وەزارەت و ئیستیحقاقاتى خۆی بەتەواوى پێ وەربگرێ، لەوەشدا ئەگەر دەستى لەكەندووى بەتاڵ دەرچوو و هیچ حیساب بۆ هەڵوێستەكانى نەكرا، هەندێ رێوشوێن هەیە دەتوانێ بیگرێتە بەر و سڵی لێ ناكاتەوە، لەوانە:

یەكەم: بەپێی دەستووری هەمواركراوى ئێراق كە ڕێ بەهەر پارێزگایەك دەدات بە ڕەزامەندى و واژۆكۆكردنەوەى دوو لەسەر سێی دانیشتوانەكەى هەرێمێكى سەربەخۆ ڕابگەیەنێ لەوەشدا بێ هیچ دوو دڵییەك بۆ قوڵكردنەوەى كێشە ناوخۆییەكانى هەرێم لەهەر جاڕدانێكدا یەكسەر بەغدا ڕەزامەندی لەسەر بەهەرێم بوونى ئەو شارە دەردەبڕێ و بەخۆشحاڵییەوە بۆ لەتكردنى كورد ئامادەى لەسەرووى بودجەى تەرخانكراو، بودجەى زیاد لەپێویستى بۆ دابین بكات.

دووەم: ئەگەرەكان وا دەردەخەن یەكێتی لەسلێمانى ئەوەندەى گۆڕان دەستڕۆیشتوو نییە تا بەر بەو هەوڵە بگرێ لەكاتێكدا ئەگەر ببێتە سەر ڕاستى ئەوە بەشێكى زۆری دام و دەزگاكانى یەكێتى پشتگیری لە هەولەكانى نەوشێروان مستەفا رێكخەری بزوتنەوەى گۆڕان دەكەن و هەموو هەوڵەكانى دیكەیش بۆ شكست پێهێنانى دەبنە بڵقی سەر ئاو و دەپوكێنەوە، خۆ ئەگەر پارتى دیموكراتى كوردستان بیەوێ ئەو كێشەیە بەناردنى هێز لەهەولێرەوە بۆ سلێمانى كێشەكەى پێ ساغ بكاتەوە ڕەنگە هێزەكانى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان دەرفەتى هاتنە ناوەوەیان بۆ سنووری پێشووتری ناوچەى سەوز نەدەن، بەمەیش ڕەنگە لە هەر پێقژا و گرژییەكدا ڕێ خۆش ببێ تا بەغدا بەناوى پێش گرتن لەشەڕوشۆی ناوخۆیی سوپا بۆ ئەو سنوورە بجولێنێ و بەرگری لەهەر هەوڵێك بكات كە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەو هەرێمەی ڕەزامەندى لەسەر دەردەبڕێ.

سێیەم: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووى ڕابردوو ئیدى دوو میرنشینى لە كوردستانى باشور حوكم دەكات كە لەو ئان و ساتەدا دوو حكومەت و پەرلەمان یەك لەسلێمانى و ئەویتر لە هەولێر پێكدێ، هەروەها دوو سەرۆكى هەرێم دروست دەبێت، بەمەیش هێندەى دیكە كورد قورسایی خۆی لەدەست دەدات و ئەو متمانەى تا ئێستا هەیبوو هەمووى لەدەست دەدات كە دەبێ هەتا ماوە خۆی بە بەغداوە گرێ بدات و خەونى سەربەخۆییەكە ببێتە خەونى حوشتر و خەونى شاعێرانە بەجۆرێ هەر لایە كار لەسەر حسیابی ئەویتر لەناوەند بۆ لاوازكردنى لایەنی بەرامبەر بكات و كەس نەزانێ مامەڵە لەگەڵ كام هەرێمیان بكات.

چوارەم: لەحاڵەتێكدا ئەگەر بارودۆخەكان بەقۆناغێكى دژوار گوزەر بكەن كە هەرچی لەو هەرێمە یا ئەویتر لایەنگری بۆ هەرێمەكەى دیكە دوپات بكاتەوە ڕەنگە تووشی ڕاوەدونان و سزا و لێپێچینەوە ببێت و هەمیشە باری لەناكاو ڕابگەیەندرێ تا ئەو ئەندازەى چ لایەكیان زیاتر دەستى ڕۆیشت لەهەر هەلێكدا پەلاماری ئەوی دیكە بدات.

ئەمانەى سەرەوە ئەو گریمانانەن باوەڕم بەوە نییە كەسی نیشتیمان پەروەر و دڵسۆزى ئەم گەلە پەنای بۆ ببات كە خۆی لە دووبەرەكى و كەرت كەرتكردنى كوردستان دەدۆزێتەوە چونكە وا داماننا ئەو هەرێمە لە سلێمانى ڕاگەیەندرا، ئاخۆ: پەیامیان بۆ ئەو خەڵكەى خۆیان چی دەبێت كە بەدڵ و بەگیان لەناوچەى زەرد دا ئیشیان بۆ بردنەوەى ئەو بزوتنەوەیە دەكرد؟ چۆن دەتوانن بانگەشەى سەربەخۆیی بكەن؟ چ وەڵامى مێژوو دەدەنەوە و....هتد.

هەر هەوڵێكى نەزۆكى لەم چەشنە خزمەت بەدۆزى ڕەوای گەلەكەمان ناگەیەنێ و بەیەكجاری ماڵی كورد تێك و پێك دەدات ئەوجا هەر لایەنێك بیری لێبكاتەوە لەكاتێكدا هەڵبژاردەى دیكە زۆرن تا لەو ڕێیانەوە هەر حزبێك بیەوێ داخوازییەكانى خۆی پێ بێنێتە دی.

من بەش بەحاڵی خۆم زۆر جار لەناچاریدا پەنا بۆ شتى ئەوتۆ دەبردرێت كە كەس دركى پێ ناكات و بەخەیاڵی دا نایەت و ڕوو دەدات، بۆیە ئەركى سەرشانى بەرپرسانە تواناكانیان چڕ بكەنەوە بۆ پوچەڵكردنەوەى هەر هەوڵێك كە هەرێمەكەمان بخاتە مەترسییەوە، ئەوەش دەكرێ لەرێی دیالۆگ و لێك تێگەیشتن و سازانى نیشتیمانى چارەسەری تەواوى ئاریشەكان بكەن، لە سیاسەتیشدا هەموو ئەگەرێ رێی تێ دەچێ و هیوادارم بیر لەهەموو خیاراتێك بكرێتەوە، بیر لەو خەونە نەكرێتەوە كە جگە لە دروستكردنی بۆشایی و درز لەریزەكانى بزوتنەوەى نیشتیمانمان و ئەو سام و هەیبەتەى تا ئێستا هەرێم بەهەموو كەم و كوڕییەكانەوە هەیەتى دوژمنان پێمان خۆش نەبن و هەموومان بەوەوە جوانین كە خۆمان بەخاوەنى ئەم خاكە بزانین و ئامادەیی ئەوەمان تێدا هەبێت هەموو شتەكان لەپێناو مانەوەی خۆمان لەسەر كورسی حوكمڕانى و بەرژەوەندییە تایبەتییەكان نەكەینە قوربانى ئەو مێژووەى ڕەحم بەكەس ناكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە