بۆ رای گشتی
Tuesday, 10/11/2009, 12:00
دوای هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری لە ئێران و بەدیهاتنی نارەزایەتی جەماوەری لە ئێران دوو رێگا چاوەروان دەكرێت. یان موحافەزەكاری و یاخود هەنگاو بەرەو گۆڕانكارییەكی دیموكراتیانە كە ئەمە بەواتای دەست پێكردنی پێواژوێكی نوێیە. ئەو هەڵوێستانە كە ئێستا رژێمی ئێران دوای نارەزایەتیەكانی هەڵبژاردن دەینوێنێ، نیشان دەدات كە رژێم بە باشی لێی تێنەگەیشتووە و دەیهەوێت كە سیاسەتی كلاسیكی خۆی بەتایبەتی لە بەرامبەر گەلی كورد بەردەوام بكات. دوای ئەم گۆرانكاریانە رژێم دان بە راستیەكان دانانێت كە ئاشكرایە هەڵویستی لەم چەشنە زۆر مەترسیدارە و لە بەرژەوەندی رژێم دا نیە و ئەم بڕیارە بریاری نەیارانی ئێران و گەلانی ئەم وڵاتەیە و هیچ چەشنە پێوەندییەكی بە عەقلانیەتێكی راستەوە نیە. بریاری لە شێوەی جێی بە جێ كردنی بریاری لە سێدارەدانی ئیحسان فەتاحیان هیچ پێوەندی بە حقوق و مافی مرۆڤەوە نیە و ناحەقیە بەرامبەر بە گەلێك و بە قازانجی گەلانی تری ئێرانیش نیە و هەتا دوایی بریارێكی سیاسیە كە تەنیا بە واتای لە سێدارەدانی تاكەكەسێك نیە. گەلی كورد ئەم كردەوانە لە دەرەوەی هەموو پێوانە ئەخلاقی، ئینسانی و سیاسی و ئیسلامی دەبینێت. ئەم بریارە خزمەتی كێ و چی دەكات دیار نیە.
گەلی كورد پێویستە بزانێت كە لە سێدارەدانی ئیحسان فەتاحیان بریارێكە بەرامبەر بە تەواوی گەلی كوردە لە رۆژهەڵاتی كوردستان. لەم پێناوەدا پێویستە گەل خۆی بەرێكخستن بكات و بێدەنگ نەمێنێت و بڵێت ئیدی بەسە. بە ئاوایەكی دیمۆكراتیانە نارەزایەتی خۆی بە هەر شێوازێك دەرببرێت و بزانێت كە لە ئەگەری جێی بە جێ كردنی ئەم بریارە پرۆسەیەكی برفراوانی توند و تیژی لە بەرامبەری دەست پێدەكات.
رژێمی ئێران پێویستە بزانێت كە ئەم كردەوانە تاوانێكی مێژووییە و هەروەك بۆ خۆیانیش دەزانن بریاری لەم چەشنە ناتوانێ گەلی كورد بترسێنێ و بێدەنگیان بكات. ئێمە وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان جارێكی تر رژێمی ئَێران وشیار دەكەینەوە كە دەست لەم چەشنە كردەوانە لەبەرامبەر گەلی كورد هەڵبگرێت و چاوخشاندنەوەیەك بە سەر ئەم بریارانەدا بكات. لە رەوشێكی پێچەوانەدا، بزاڤی رزگاری خوازی و گەلی كورد ئەم چەشنە كردەوانە بێوەڵام ناهێلێتەوە. بێگومان كردەوەی لەم چەشنە نەك تەنیا ناتوانێت پێش بە داخوازییە رەواكانی گەل بگرێت بەڵكوو لە بەرامبەر رژێم بۆ خۆی هەڵدەگەرێتەوە و مەترسی مەزن رووبەرووی رژیم دەكاتەوە.
لە بەرامبەر زوڵم و زۆرداری رژێمە دەسەڵاتدارەكانی سەر كوردستان ئەمرۆكە بە هەزاران لاوی كورد لە سەر چیاكانی كوردستانن و تا وەدەست خستنی مافە رەواكانیان و بەردەوام بوونی ئەم چەشنە سیاسەتانە ژمارەی لاوان لە سەر شاخەكانی كوردستان روو لە زیاد بوون دەكات.
بەم بۆنەیەیوە بانگ لە هەموو گەلانی ئێران و بەتایبەتی گەلی كورد دەكەین كە بە یەك دەنگ بۆ دیمۆكراتیزە كردنی ئەم وڵاتە و پێشگرتن لەم چەشنە سیاسەتانە خاوەن هەڵویست بن و بەیەك گرتوویی بەرەو وەڵاتێكی دیمۆكراتیك هەنگاو بنێن. هاوكات بانگ لە لاوانی كورد دەكەین كە بە بەشداری كردنیان لە رێزەكانی گەریلای ئازادی و دیمۆكراسی دا بەرامبەر بەم بریارانە هەڵویست بگرن.
كوردیناسیون پارتی ژیانی ئازادی كوردستان
2009-11-10
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست