چوار"S" كەی پایەكانی سیستەم- سپۆرت ، سێكس، سەنعەت، سەرمایە
Friday, 18/03/2011, 12:00
هەرچەندە ژیانی مرۆڤایەتی لەرۆژگاری ئەمڕۆدا لەئاستێكی بەرزدایە لەڕووی زانست وتەكنولۆژیادا، بەڵام جگە لەوەی ناهاوسەنگی ونایەكسانییەكانی زیدەبونی هەیە لەهەمانكاتدا ئەو بەشەی مرۆڤایەتی كە لەلۆتكە پێشكەوتنەكاندایە بێ بەش نییە لەگرفت وئاریشەو نەهامەتی، ئەگەر چی تەكنیك وتەكنۆلۆژیا پێشكەوتۆكان جیهانیان لەقەبارەی گوندێك بچوك تر كردۆتەوە، ئەمە بەو واتایە نییە گرفت ودژواریەكانی ژیانیان بەهەمان شێوە بچووك كردبێتەوە، بەپێچەوانەوە لەرێگەی بچووككردنەوەی جیهانەوە، مەینەتیەكانی ژیان گەورەتر وبەرفراوانتر بوونە، لەرێگەی ئامرازە پێشكەوتووەكانی سەردەمەوە لەكورتترین ماوەدا دەتوانرێـت ئەوەی كە هەر هێزو سیستەمێك بخوازێت ومەبەستی بێت، بیگەیەنێـت بەهەموو قوژبنێكی دنیا، ئەمەش بووە بەهۆی ئەوەی بەرهەمی تەكنولۆژیان چەندە خزمەتی بەمرۆڤایەتی كردووە، ئەوەندەش كارئاسانی بۆ ئەو سیستەمە كردووە كە مرۆڤایەتی بەرەو كەناری گێژاو ئاراستە بكات، هەڵبەتە مەبەست لە سیستەمی هەژمونگەرای سەرمایەداریە. سیستەمی سەرمایەداری وەك ئەهریمەنێكی زەبەڵاح ئامانجی ئەوەیە تەواوی جیهانی مرۆڤایەتی بخاتە ژێر ركێف ودەسەڵات وسێبەری خۆیەوە، ئیدی گەیشتن بەو ئامانجە بەهەر نرخێك بێت، گرنگ نییە بە لایەوە، ئەم خواستە دوور لە یاساورێسایەش دۆخێكی بەرهەم هێناوە مرۆڤی لەسروشت وبەهاو ئاكارە بەنرخەكانی خۆی دابڕیوە، بێگۆمان دوورخستنەوەی مرۆڤ لە راستینەی خۆی وە پەڵكێشكردنی بەرەو ژیانی تێركردنی ڕەمەك وحەزوئارەزو دەبێـتە هۆی لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵگە، هەر ئەمەش ئامانجی سەرەكی سیستەمی سەرمایەدارییە.
"سیستەمی سەرمایەداری وئامرازەكانی دەستەمۆكردن"
سیستەمی سەرمایەداریی چوارسەد ساڵ لەمەوبەر لەئینگلتەرا وهۆلندا بەردی بناغەی دانراو بونیادنرا، لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا هەژموونی خۆی بەسەر بەشێكی هەرە زێدەی جیهاندا سەپاند، ئەگەر چاوێك بەمێژووی چوارسەدساڵی رابردوودا بگێڕین جگە لەنەهامەتی بۆ مرۆڤایەتی شتێكی دیكە بەدی ناكرێت كە لە سایەی ئەو سیستەمەدا بەدی هاتبێت، بەڵكۆ هاوتەریب لەگەڵ ئامرازەكانی زانست وتەكنۆلۆژیا خۆی دەخزێنێتە ناو ژیانی هەموو مرۆڤێكەوە، هەر كەسێك گیرۆدەی داوو تەڵەزگەی ئەو سیستەمە بێت، دواجار مرۆڤێكی خاڵی لەبەهاو ئاكارو پرنسیپە جوانەكانی سروشت وبنچینەی مرۆڤایەتی دەردەكەوێت، ئافراندنی تاكێكی بەو ڕەنگەش ئاڵۆزكردن وشێواندنی كۆمەڵگە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، كاركردن لەسەر تاك بەو شێوەازە ترسناكە كە بەرهەر جۆرێك سیستەم بخوازێت ئاوەها ئاراستە دەكرێت، بێگۆمان لەكۆتاییدا گێژاوێك ساز دەبێـت دەربازبوون تێیدا زۆر ئاستەم دەبێت، ئەمەش بەزیانی تاك وكۆمەڵگەو مرۆڤایەتی وسرۆشت تەواو دەبێت، ئەوانەی فەرمانڕەوان لەسیستەمەكەدا خواست وئارەزووی زێدە بەرهەم وزیدە بەهاو قۆرخ كردن بەئەندازەیەك كۆێری كردوون دەرك بەو راستیە ناكەن، كەدواجار ئەو جۆرە مامەڵەكردنە لەگەڵ سروشت ومرۆڤایەتی كارەساتێك بەدوای خۆیدا دەهێنێت سەری خۆشیان دەخوات و وەكو بەرداشێك بێ بەزەیانە دەیانهاڕێت.
دەتوانین بڵێین سیستەمی سەرمایەداری لەسەرچوارستون یان چوارپایە خۆی ڕاگرتووە یاخود ئەگەر بەگالیسكەیەكی بچوێنین ئەوا لەسەرچوارپێچكە بەڕێوە دەچێت، ئەوانەش بریتین لە چوار" S" سپۆرت (وەرزش) ، سێكس، سەنعەت، سەرمایە،
هەر یەك لەمانە بەشێوازێك دەستی بەسەردا گیراوە ولەبەرژەوەندی سیستەمەكەدا بەكار دەبرێت، هەڵبەت ئەم چوارئێسەی ناوبران بەو واتایە نییە كە بەڤایرۆسی جەستەی تاك وكۆمەڵگەومرۆڤایەتی دایبنێین بێگۆمان ئەگەر لەژێر ركێفی سیستەمی سەرمایەداریدا نەبن، هۆكارن بۆ گەشە سەندن وئاسوودەیی وخۆشگۆزەرانی ژیانی مرۆڤایەتی، ئەوەی مەبەستمانە ئاخاوتنی لەسەر بكەین خراپ بەكارهێنانی ئەو چوار بایەتەیە كەكراون بەپێچكەی گالیسكەكەی سیستەمی گڵۆباڵ، ئێستا ئەم كالیسكە دەخوازێت بەتەواوی جیهاندا گەشت بكات، لەم گەشتەشدا سەرجەم كلتورە جیاوازەكانی سەر ئەم هەسارەیە لەژێر چوارپاچكەكەی خۆیدا بهارێت وسەرلەنوێ ئەو كەلتوورەی خۆی مەبەستێتی لەشوێنەكەی دابیچێنێت، گومان لەوەدا نییە ئەوەی سیستەم دەیەوێت لەو پرۆسەیەدا بەدەستی بهێنێت دەستەمۆكردنی كۆمەڵگە جۆراوجۆرەكانی دنیایە. باشترین ئامراز بۆ دەستەمۆكردن، دەستبەسەراگرتنی ئەو چوار" S"یە، هەروەك ئاشكرایە ئێستا لە جیهاندا سەنعەت وپیشەسازی لەئاستێكی بەرزدایە، هەرچەندە ئەو پیشەسازیەی حاڵی حازر لەجیهاندا دێتە بەرهەم بەئەندازەی پێویستیەكانی مرۆڤایەتی نییە، بەڵكۆ زێدە بەرهەمێك لەڕادە بەدەرە ونەك سود بگرە زیانەكانی زۆرترە بۆ مرۆڤایەتی وسروشت ئەو ئامرازانەی پێشەسازی بەرهەمی دێنێت هەزاران قات لە پێویستییەكانی مرۆڤ زێدەترە، واتە ئەمە تەنها هەڵپەی كەڵەكە كردنی سەرمایەی زۆرو زەوەندە، لەئەنجامی ئەو كەڵەكە كردنەشدا رێژەیەكی كەم لەكۆمەڵگا بەرەو لوتكە هەڵدەكێشێ وبەشە زێدەكەش لەئاستێكی زۆرتری گوزەراندا هەوڵی درێژەدان بەژیان دەدات، كاتێكیش بەشە هەرە زۆرەكەی كۆمەڵگە برسی دەكرێت ئیدی كاتی ئەوە دێت سەرمایە بخرێـتە كار، بە گەڕخستنی سەرمایە لە وەها دۆخێكدا كە خەڵك بەدوای بژێوی ژیاندا سەربەهەموو دەرگایەكدا دەكات باشترین دەرفەت دەڕەخسێنیت بۆ دەستە مۆكردن ودەست بەسەردا گرتنی كۆمەڵگە، لەئەنجامی كۆنترۆڵ كردن ودەست بەسەرداگرتنی تاك وكۆمەڵگە ئیدی شتێك نامێنێت بەربەست وپەرژین بێت بۆ پاراستنی فەرهەنگ وداب ونەریت، هەر گەلێكیش لەڕەگ وریشەی خۆی دابڕێنرا هەر وەكو دارێك هێدی هێدی وشك هەڵدەگەڕێت ودواجار تەنها بۆ سوتاندن دەشێت، هەر گەل ونەتەوەیەك فەرهەنگ وناسنامەی خۆی ون كرد ئیدی وەكو تەسبیحێكی پچڕاوی بەسەر دێت وهەر دەنكە مورویەكی دەكەوێتە قوژبنێكەوە، دواجار دەبێتە گەمەی دەستی منداڵێك، لەڕەوشێكی وادا كۆمەڵگە لەبەریەك هەڵدەوەشێتەوەو تاكێكی بێ ئیرادەو پرش وبڵاو دەخولقێنرێت، لە پێواژۆیەكی دیكەدا بۆ ئەوەی تاكە بێ ئیرادەكان بیر لەوە نەكەنەوە ئاوەڕ لەرابردووی خۆیان بدەنەوە، دەزگای دیكە ئامادەیە بۆ زیاتر هاڕین و ورد و خاشكردنی تاكەكانی كۆمەڵگەی لەبەریەك هەڵوەشاوە.
سێكس وەك چەكێكی كارێگەر بۆ سڕكردن وبێ هۆشكردنی تاك بەدەستی سیستەمی هەژمونگەراوەیە، ئەم چەكەش لە بەرامبەر دوو توێژی گرنگی كۆمەڵگەدا كەداینەموی هەستانەوەوبەرەو پێشچوونن بەكار دەهێنرێت ئەوانەش ژن وگەنجن. رۆژهەڵاتی ناوین بەگشتی وكوردستان بەتایبەتی زۆرینەی كۆمەڵگە لەژن وگەنج پێك دێت، ئەم دوو توێژە گرنگە بەپەتای سێكس گیرۆدە بكرێن دەرباز كردن ودوور خستنەوەیان لەو ڕەوشە ناهەموارە كارێكی زێدە زەحمەت دەبێت، سیستەمی هەژمونگەرا لەهەر شوێنێك كەدەسەڵاتی ڕەهای بە سەریدا سەپاندبێت ئیدی ژنی وەك كاڵایەك لەرێگەی چەندین كۆمپانیاوە نمایش كردووە وگەنجیشی پەڵكێشی ناو ئەو تەڵەزگەیە كردووە، ئەگەر چی"سپور" وەرزش گرنگی وتایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ مرۆڤ، بەڵام ئەمەش لەبندەستی سیستەمدا گیرۆدەیە وە لەرێڕەوی راستی خۆی لادراوەو وەك ئامرازێك بۆ دوورخستنەوەی گەنجان لەهزرو ڕامان وڕامیاری بەكاردەهێنرێت، رەنگە لەهەر شتێك زیاتر بە تۆپی پێوە خەریكی بكەن، ئەگەر بۆ خۆشیان یاریچی نەبن، بەجۆرێك ئەو بوارە گەشەی پێدراوە و زەق كراوەتەوە كە لەئاستی پێویستی زیاترە. كامە سیاسەتمەدارو رۆشنبیر خۆی بەخاوەنی پێگەی جەماوەری دەزانێت ئەگەر كۆڕێك سیمینارێك یان دیدارێكی تەلەفزیۆنی هەبێت لەهەمانكاتدا یاریەكی تۆپی پێ دوو یانەی ناودار هەبێت، بەدڵنیایەوە گەنجەكان ئامادەی تەماشاكردنی یاریەكە دەبن، ئەگەر لێدوانی سیاسی ورۆشنبیرەكە چارەنووسسازیش بێت.
كاریگەریەكانی سیستەم لەكوردستاندا
ئەوەی پەیوەندیدارە بە ئیمەی كوردەوە كاریگەریەكانی ئەو مژارانەیە كە باسی لێوەكرا، هەڵبەتە كەم تا زۆر گاریگەری هەرچوار"S" كەلەكوردستاندا بەدی دەكرێـت، بەڵام هێشتا بەو ئەندازەیە نییە كە وەك دەڵێن"دەستمان لەبنی هەمانەكەوە دەرچوبێت" لەهەمانكاتدا ناشكرێت، كەمتەرخەمی لەهەمبەری بكرێت وبەهەند وەرنەگیرێت، وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد ژن و گەنج دوو توێژی گرنگی كوردستان ئەگەر بەئاراستەیەكی تەندروستدا نەبرێن ونەكرێت بەخاوەنی پەروەردەیەكی تۆكمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی سیستەمی هەژمونگەرای سەرمایەداری، ئەوە بەدڵنیایەوە ئەو زیانەی لەوڵاتەكەمان وكۆمەلگەكەمان دەكەوێت زۆر لەو زیانانە گەورەتر و گاریگەرتر دەبێت كەلە شۆڕشی ڕزگاریدا بەدەستی داگیركەران بەسەرمان هاتووە، جێگەی داخە هێزە دەسەڵاتدارەكان لەباشووری كوردستان خەریكە خۆیان دەكەن بەماشەی دەستی ئەو سیستەمە داسەپیوە لەسەر كۆمەڵگەی كوردستان، ئاماژەكانی ئەوەمان پێدەڵین ئەگەر بەرەنگار بوونەوەیەكی جددی نەبیت لەڕووی هزری و ئایدئۆلۆژیەوە چارەنووسی وڵاتەكەمان بەرەو ئایندەیەكی خەتەرناك وتاریك پەڵكێش دەكرێت، بێ ئیرادە كردنی بەشێك لەتاكی كوردونەمانی ئینتیما بۆخاك ووڵات وسیاسەت خۆی لەچوارچێوەی ئەو پیلانەدا دەبینێتەوە كەنەخشەی بۆ كێشراوە لەلایەن سیستەمی هەژمونگەراوە، ئەگەر زیانەكانی ئەو سیستەمە بۆ هەرگەلێك بەرێژەو ئەندازەیەك بێت ئەوا بۆ ئیمەی كورد زۆر لەزیاترە كە بیری لێبكرێتەو چۆنكە ئیمە لەچوارلاوە گەمارۆ دراوین بەدووژمن، ئەگەر كاریگەری سیستەمیشی بچێتە سەر ئەوا لەناوچون وتووانەوەمان مسۆگەر دەبێت.
ئامرازی خۆپاراستن وبەرەنگار بوونەوە
رەنگە لەگەڵ ئەو وتەیەدا كۆك نەبم، كەدەڵێت"سیستەمی جیهانگیری وەك شەمەندەفەرێك وایە، ئەگەر رووبەرووی ببیتەوە بەسەرتدا تێ ئەپەرێت ولەناوت دەبات، ئەگەر خۆتی لێ لا بدەی لەكاروانەكە بەجێت دێڵێت، بەبڕوای من، ئەو ئامرازو پێویستییانەی تەكنۆلوژیا بەرهەمی زانیاری مرۆڤەوپەیوەندی بەسیستەمی سەرمایەدارییەوە نییە، بەڵكو ئەو سیستەمە دەستی بەسەردا گرتووە لەبەرژەوەندی خۆی بەكاری دەهێنێت، ئەگەر لەدەستی ئەو سیستەمەدا نەبوایە خزمەتێكی زۆر باشتری بەمرۆڤایەتی دەكرد، لەكاتێكدا ئێستا زیانەكانی لەسوودەكانی كەمتر نییە، بۆیە وەك ئاماژەم پێكرد لەهەر نەتەوەیەك زیاتر ئێمەی كورد پێویستیمان بەئامرازی خۆپاراستن وبەرەنگاربوونەوەی ئەو سیستەمەیە، تەنها چەكیش بۆ خۆپاراستن لەبەرامبەر هەژمونی چوار"S"كە یەك "S"ێكە كە ئەوەش سیاسەتە. راستە لەباشووری كوردستاندا سیاسەت بەجۆرێك ناشرین و قیزەون كراوە وهەموو كەسێ: خۆی لێ لا دەدات، بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە كە خۆدی سیاسەت لەبنەڕەتەوە ئەو دێوەزمەیە بێت كە هیچ كەسێك نەتوانێت نزیكی بكەوێتەوە، ڕەنگە ناهەمواركردنی سیاسەت لای خەڵك بۆ خۆی سیاسەتێك بێت كە لەخزمەتی سیستەمەكە دایە، گومانی تێدا نییە مرۆڤی سیاسی خاوەنی بیركردنەوەیە، لەئەنجامی بیركردنەوەدا راستی پەیدا دەكرێت، دۆزینەوەی راستی گەیشتنە بەو سەرەداوەی دەمانباتەوە دۆخی سروشتی خۆمان سیاسەتی تەندروست مرۆڤی تەندروست دەئافرێنێت و بەپێچەوانەشەوە سیاسەتی چەواشە مرۆڤ بێ ئیرادەو بێ باوەڕ دەكات و وای لێدەكات دەستبەرداری تێكۆشانی بەدەست هێنانی ئازادی بێت، وتەی سەردەمی ئایدیا بەسەر چووە راستەخۆ لەخزمەتی ئەو سیستەمەدایە كە لە هەوڵی دەست بەسەرداگرتن وكۆنترۆڵ كردنی تەواوی پێكهاتەكانی كۆمەڵگە دایە، مرۆڤی خاوەن ئایدئۆلۆژیا وەك مرۆڤێكی باوەڕداری ئایینی وایە زۆر بەزەحمەت دەتوانرێت بێ باوەڕ بكرێت وبێ ئیرادە بكرێت، لەراستیدا لەكات وزەمەنێكدا نین راست وهەڵە لەیەك جیا نەكەینەوە، بەڕوونی وئاشكرایی سیاسەتی چەواشەو سیاسەتی راست لە یەكتر جودا دەكرێتەوە، بۆیە هەرچی زووە گەنجان وژنانی كوردستان پێویستە لەچوارچێوەی سیاسەتێكی راستگۆیانەدا خۆیان رێك بخەن، بۆ ئەوە لەمپەرو رێگرییەك دروست بكرێت لەو تەوژمەی خەریكە خۆی دەخزێنێتە ناو خانەكانی جەستەی كۆمەڵگەكەمانەوە، ئەبێ بڕوامان وا بێت سیاسەتی تەندروست تاكی تەندروست دەئافرێنێت، تاكی تەندروست كۆمەڵگەیەكی تەندروست دێینێتە ئاراوە، كۆمەڵگەی تەندروستیش رێگە بەهیچ سیستەمێكی ناشایستە و بێ ئاكار ودژە مرۆڤ وبەرژەوەندی خواز نادات دەست بەسەریدا بگرێت.
...........................................................................................................................
سیاسەتی تەندروست مرۆڤی تەندروست دەئافرێنێت و بەپێچەوانەشەوە سیاسەتی چەواشە مرۆڤ بێ ئیرادەو بێ باوەڕ دەكات
ئامرازو پێویستییانەی تەكنۆلوژیا بەرهەمی زانیاری مرۆڤەوپەیوەندی بەسیستەمی سەرمایەدارییەوە نییە، بەڵكو ئەو سیستەمە دەستی بەسەردا گرتووە لەبەرژەوەندی خۆی بەكاری دەهێنێت
سێكس وەك چەكێكی كارێگەر بۆ سڕكردن وبێ هۆشكردنی تاك بەدەستی سیستەمی هەژمونگەراوەیە، ئەم چەكەش لە بەرامبەر دوو توێژی گرنگی كۆمەڵگەدا كەداینەموی هەستانەوەوبەرەو پێشچوونن بەكار دەهێنرێت ئەوانەش ژن وگەنجن
سیستەمی سەرمایەداری وەك ئەهریمەنێكی زەبەڵاح ئامانجی ئەوەیە تەواوی جیهانی مرۆڤایەتی بخاتە ژێر ركێف ودەسەڵات وسێبەری خۆیەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست