كامە نەخشەی رێی ئاشتی كێشەی كورد چارەسەر دەكات؟؟
Tuesday, 06/10/2009, 12:00
ماوەیەكە قسەو باسێكی گەرموگوڕ سەبارەت بەچارەسەركردنی كێشەی كوردو كرانەوە بەڕووی كورددا دەستی پێكردووە، هەڵبەتە ئەم مژارە ئەگەر لەسەر بنەمایەكی راستگۆیانەوە بەتەنگەوە هاتنی ئەو قەیرانە ئاڵۆزە بێت كەخودی توركەكان بۆخۆیان وگەلی كورد سازیان كردووە جێگەی خۆشحاڵیە، كێشەی كورد لە باكووری كوردستان و توركیا رێشەیەكی مێژوویی هەیەو نزیكەی نەوەت ساڵە ئەو دەوڵەتەی لەسەر بنەمای یەك نەتەوە و یەك ئاڵا ویەك زمان و یەك وڵات بنیات نراوە بەسەرجەم حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانیەوە كەبەشێوازی كودەتای سەربازی وپرۆسەی دیموكراسی جڵەوی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست لەناویەك بازنەی بیركردنەوە وەكخۆلێكردنی گەلی كورد بووە، هەڵمەتی پاكتاوی نەژادی كەسەرجەم حكومەتەكانی توركیا دەرێخی یان لێ نەكرد دژ بەگەلی كورد تا قۆناخی رەشەكوژی وقەڵاچۆكردن وجینۆساید كردن درێژەی كێشا بەڵام ئەوەی كە لەراستیدا لەبەرچاوە ئەوەیە گەلی كورد نەك هەر كۆتایی پێنەهات و نەكرا بەتورك بەڵكو لەئەنجامی تێكۆشان و بەرخۆدانی بێ وێنە وماندو نەناسانە گەیشتووە بەئەو قۆناخە گرنگەی كە جێگەی سەرسوڕمانی سەرجەم دوژمنانی كورد وجێی شانازی و خۆشحاڵی هەموو كوردێكی نەتەوەیی ونیشتمان پەروەر، گەلی كورد لەسەر دەمێك دا دەست بەپاكتاوكردنی كرا ژمارەی دانیشتوانی لە پێنج شەش ملیۆن كەس تێپەڕی نەدەكرد بەڵام ئێستا بیست ملیۆن كوردی ئازادیخوازو چاونەترس بەگژ دەسەڵاتدارانی تورك دا دەچێتەوە، ئەوەی ئێستا لەتوركیا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت بەناوی نەخشە رێ یان كرانەوە بەڕووی كورددا، ئەوە خێر پێكردن نییە لەلایەن دەسەڵاتدارێكی توركەوە كەهەڵگری ئایدیایەكی جیاواز بێت و لەڕوانگەی هەست كردن بە راستینەی كێشەكەوە دەستی دابێتە پرۆسەیەكی وا گرنگ، بەڵكو ئەوە ئەنجامی تێكۆشانی گەلی كوردە بەتایبەتی(30)ی ساڵی دوایی شۆڕشی باكووری كوردستان كە چۆكی بەبەڕێوەبەرانی سیستەمی نكۆڵی كاردا هێنا ئەوەی پێویستە بزانرێت ئەوەیە ئەو دەرفەتەی هاتۆتە پێش وەك خۆی لێكدانەوە و لێتێگەیشتنی بۆ نەكرێ بەهەڵەیەكی گەورەدا دەچین و دووجار باجەكەی ئەو هەڵەیەش هەر خۆیان دەی دەن، وەك ئاماژەم پێكرد هەرگیز نابێ وناكرێ ئەم كرانەوە ودیالۆگەی سەبارەت بەكێشەی كورد ئێستا بووە بەرۆژەڤ بەدەستكەوتی گەلی كوردی نەزانێت و پێمان وا بێ ئەكەپە و ئەردۆگان بەبڕوابوون وهزر وبیری خۆیان هەنگاو دەنین وخاڵی ئەساسی ئەوەیە بەرلە هەرشتێك گەلی كورد بڕوای بەو راستیە هەبێ كە ئەم پرۆسەیە بەرهەم و ئەنجامی تێكۆشانی بێوچانی چارەكە سەدەیەكە كە رووبارێك خوێنی لە پێناودا رژاوە، دواتریش ناكرێ خۆشباوەڕبین بەوەی كە ئەوانەی لە پێناودا رژاوە، دواتریش ناكرێ كە جێی باوەڕ بێت و نەرمیەك بەدی بكرێت، ئەو رووداوانەی رۆژانە لەباكووری كوردستان وتوركیا روودەدەن مرۆڤ دەخەنە ناو بێ باوەڕی وگومان لەو پرۆسەیەی بەناوی چارەسەری كێشەی كورد ناوزەد دەكرێ، دەمەوێ ئاماژەیەكی خێرا بەو دە خاڵە بكەم كە ئەردۆگان لەنەخشە رێگاكەی خۆیدا دایناوەو بەدەستكەوتێكی گرنگ وەسف دەكرێ نە هەر لەلایەن خۆدی ئەردۆگان وپارتەكەی بەڵكو زۆر لایەنی سیاسی و میدیایی كوردیش لەباشووری كوردستان بەدەستكەوتی مەزنی لەقەڵەم ئەدەن، هەڵبەتە خوێندنەوەیەكی بەو چەشنە بۆ بابەتێكی واهەستیار لەقازانجی گەلی كورد دا نییە، زەق كردنەوەی پرۆژەی ئەكەپە و ئەردۆگان وفەرامۆش كردنی لایەنی سەرەكی كێشەكە دواجار لەخزمەتی دوژمناندایە، بەرلەوەی بێمەسەر ئەو خاڵانەی لە نەخشەكەی ئەردۆگاندایە هەریەك بەرسیڤێكی كورتی پێبدەم دەمەوێ ئەوە بەبیربخەمەوە و بەرلەوەی قسە وباسێك بۆ ئاشتی لەلایەن ئاكەپە وئەردۆگانەوە هەبووبێت بەڕێز عەبدوڵڵائۆجەلان لەڕێی پارێزەرەكانیەوە داوای كرد بیروڕای سەرجەم لایەنە پەیوەست دارەكان بەكێشەی كورد وەربگیرێ و پێی بگات بۆ ئەوەی نەخشەی رێی ئاشتی پێشكەش بەڕای گشتی بكات، هەروەك خۆی دەیووت بادوایی كەس نەڵێت ئاپۆ پرسی بەكەس نەكرد، لەو چوارچێوەیەدا تەنانەت داوای بیروڕای بەڕێزان تاڵەبانی وبارزانیشی كرد، ئەمە جگە لەوەی لەساڵی 1993 وە بزووتنەوەی ئازادی كوردستان لەباكووركە پەكەكە رابەرایەتی دەكات پێنج ئاگربەستی یەك لایەنەی راگەیاندووە تەنانەت دوو گروپی ئاشتی لەشاخ و لەئەوروپاوە وەك نیازپاكی رەوانەی توركیا كردەوە نەك وەڵامێكی ئەرێنی پێ نەدایەوە بەڵكو ئاشتیخوازەكان لەزیندان ئاخێنران، بۆیە پێویستە رای گشتی كورد بەتایبەتی باشووری كوردستان چەواشە نەكرێت لەكاتێكی وا هەستیاردا، نەخشەكەی ئەردۆگان كە من پێم وایە لەبەرامبەر نەخشە رێی ئاشتی بەڕێز ئۆجەلان هاتە مەیدان كە تا ئێستا رێگەیان نەداوە بگات بەڕای گشتی وەك پارێزەرەكانی باسی دەكەن لە 160 لاپەڕە پێك هاتووە لەخاڵی یەكەم دا نەخشە رێی ئەردۆگان ئاماژەوە دەكات چارەسەری كێشەی كورد لەسەر بنچینەی پاراستنی یەكێتی توركیا دەبێت. لەكاتێكدا گەلی كورد هەمیشە هەر لەو چوارچێوەیەدا داوای مافە رەواكانی خۆی كردووە وبەڵام بەئاگر وئاسن وەڵام دراوەتەوە خاڵی دووەم باس لەوە دەكات لەئێستا بەدواوە كەمپینی سیاسی كوردی رێگەی پێبدرێت، ئەمە لەكاتێكدایە بەڕۆژانە گەل لەسەر شەقامەكانە وهوتاف ودروشمی سیاسی و شۆڕشگێڕانە بەزمانی كوردی دەڵێنەوە وباكی لەدڕندایەتی شۆڤێینەكانی تورك نییەوە چاوی لەوخێرەی ئەردۆگانیش نییە خاڵی سێیەم، رێگەدان بەسەنتەرەكان بۆ ئەوەی كۆرسی زمانی كوردی بكەنەوە ئەمەش لەمێژە بوونی هەیەو گەل ماڵی خۆی كردووە بە خوێندنگا بۆ فێربوونی زمانی كوردی دەبوو ئەردۆگان باسی لە كردنەوەی قۆتابخانەی كوردی بكردایە ئەوەشمان لەیاد نەچێت كاتێ قسە لەسەر ئەم مژارە دەكرێ كچە كوردێك بەناوی میدیا كە تەمەنی نۆ ساڵە وانەی كوردی لەماڵەكەی خۆیاندا بەچەند مندالێك دەڵێتەوە لەم رۆژانەدا لەگەڵ دایك وباوكی بانگهێشتی دادگا كراون وەك ئەوەی تاوانیان ئەنجامدا بێت، خاڵی چوار زمانی كوردی لەزیندانەكان رێگەی پێبدرێت بۆ قسەكردن لەگەڵ كەسوكاریاندا وهەمانكات فاتمە ئۆجەلان كەخۆشكی بەڕێز عەبدوڵڵائۆجەلانە پیرە ژنێكەو زمانی توركی نازانێت تا ئێستاش رێگەی نادەن بەكوردی لەگەڵ براكەی دا لەزیندانی تاكەكەسی ئیمرالی قسە بكات وخاڵی پێنج، ناوی ئەو شوێنە كوردیانەی كراون بەتوركی بكرێتەوە بەكوردی بۆ ئەمەش گرنگی یەكی وا بەدی ناكرێ چونكە هەرچەندە ناوەكانی كراون بەتوركی بەڵام ئێستاش لای گەلی كورد هەر كوردیە وەك نموونە شاری دەرسیم لەساڵی 1935وە ناوەكەی گۆڕاوە بەتونجەلی بەڵام لەهەركەسێكی كورد بپرسیت ناوی شارەكە چییە؟ لە وەڵامدا دەڵێ دەرسیم نەك تونجەلی، خاڵی، شەش، بڕیاری داوە ئەنیستیوتی كوردی بكرێتەوە، ئەم بابەتەش لە نەوەدەكانەوە گەلی كورد ئەنجامی داوە ئێستا لەدام و دەزگا و سازی دیموكراسی ومەدەنی ورۆژنامەی رۆژانە وهەفتانە وهتد بوونی هەیە سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەكانی هەر شتێكیش ئەردۆگان وپارتەكەی بەكوردی ببەخشن لەتەلەفزیۆنی تەرەتە شەش باشتر نابێت. خاڵی حەوت: ئیتر ئەو منداڵانەی بەرد لەپۆلیس دەگرن لەسەر شەقامەكان تیرۆریست نیین، هەر لە بنەمادا ئەم خاڵە تاوانێكی گەورەیە دەرهەق بە منداڵانی كورد كراوە لەرابردوودا وئێستاش بەردەوامە ئەمە دان پیانانێكی تاوانەكەیە كە زۆر دەرنگ وەختە ئەگەر راستیش بكەن. خاڵی هەشت ئاكتیڤ كردنی یاسای لێخۆشبوون بۆ ئەوانەی لایەنگری پەكەكەن، كاتێك قسە لەسەر ئەم بابەتە ئەكەن نەك لەزیندوەكان خۆش نابن كە لایەنگری پەكەكە بوونە بەڵكو رێگە نادەن تەرمی هونەرمەندێكی وەك ئارام تیگران بگەڕێننەوە بۆشاری ئامەد تەنها لەبەر ئەوەی گۆرانی بۆ كورد وكوردستان چڕیوە. خاڵی نۆ: رووبەری ئازادیەكان ورادەربڕین فرەوان بكرێت. بەرسڤی خاڵەكانی سەرەوە ناوەڕۆكی ئەم خاڵەش پوچەڵ دەكاتەوە. خاڵی دە: باس لە گێڕانەوەی مافی هاوڵاتیبوون دەكات، بۆ هەزاران كوردی دانیشتووی توركیا بەمەرجێ بەشداری لەكاری تیرۆریستی نەكردبێ. لێرەدا ئەو راستیە دەر ئەكەوێ كەمافی هاوڵاتیبوون بەو كوردانە نەدراوە نۆكەری رژێمی توركیا نەبوونە نە ئێستاش بەمەرجێ وەك هاوڵاتی پەسەند دەكرێ بەشداری كاری تیرۆریستی نەبووبێ!! هەڵبەتە لەروانگەی ئەوانەوە هەركەس باسی مافی نەتەوەیەكانی خۆی بكات تیرۆریستە بەكورتی ناوەڕۆكی پرۆژە ونەخشە رێی ئەردۆگان خۆی لەو خاڵانەدا چڕ كردۆتەوە، ئیدی نازانم دەسكەوتی مەزن بۆ گەلی كورد لەكوێدایە بەچ پێوەرێك بەچ هەقێك شۆڕشێكی سی ساڵە لەپێناو ئەو خاڵانە ئاش بەتاڵ بكات هەروەك داوایەكی وا دەكرێت، لەكۆتایدا پێویستە گەلی كورد بەتایبەتی رۆشنبیران نەكەونە ژێر كاریگەری هات و هاواری بێ بنەما و زۆر گرنگە واقیعەكە وەك خۆی ببینرێت وشەقامی كوردیش بەراستیەكان ئاشنا بكرێت. چارەسەری كێشەی كورد ئەگەر لەنەخشە رێیەكی 160 لاپەڕەیی دا نەبێت، بێ گومان لەدەخاڵی كرچ و كاڵ دا نییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست