کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مۆدیلێکی تری نوێی سه‌ربه‌خۆ بوون، تایبه‌ت به‌ مه‌عمه‌له‌که‌ی لای خۆمان

Tuesday, 27/07/2010, 12:00



هه‌تا پێش راپه‌ڕین که‌مێ سیقه‌مان مابوو، چونکه‌ ئه‌مان وت: هێشتا فرسه‌تیان بۆ هه‌ڵنه‌سوڕاوه‌ که‌ رۆح بکه‌ن به‌به‌ر خه‌بات و جه‌سته‌ی ئه‌و کوردایه‌تیه‌ی که‌ بانگه‌شه‌یان بۆ ئه‌کرد، به‌ڵام دوای راپه‌ڕین ورده‌ ورده‌ راستیه‌کان ئاشکرا ئه‌بوون، هه‌تا له‌دوای له‌گۆڕنانی حیزبی به‌عس ئه‌گه‌ر بتویستایه‌ به‌ لۆری فایلی هه‌مان ئه‌و که‌سانه‌ت ئه‌هێنایه‌وه‌ له‌ به‌غدا که‌ له‌ رابردوو ده‌رسی کوردایه‌تیان به‌ ئێمه‌ ومانان ئه‌ووته‌وه‌ و له‌لایه‌کی تریش پیاوی دڵسۆزی به‌عس بوون، ئه‌وه‌ بۆ ماوی (20) بیست ساڵه‌، جگه‌ له‌ دروشم وبۆیاغ کردنی به‌رنامه‌ وپلانه‌کانیان تا ئه‌گات به‌ سمێڵ وپرچیان هه‌ر رۆژه‌ وله‌ژێر ناوێکی ئه‌نتیکه‌ چیتریان کردووه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ وترا (حکومه‌ته‌ ساواکه‌مان) هه‌تا به‌ خۆیان نه‌زانی که‌ نه‌ک حکومه‌ت به‌ڵکو یه‌ک جیلی گه‌نجیان پیرکرد، ئه‌وه‌ (20) بیست ساڵه‌ که‌ جگه‌ له‌ قسه‌ی بریقه‌دار و لاوانده‌نه‌وه‌ی مێژوو و فرمێسک هه‌ڵڕشتن بۆ فرسه‌ته‌کانی رابردوو و خه‌ڵکی مردووی قه‌برستانه‌کان کوا چی کراوه‌ بۆ خه‌ڵکی به‌ جه‌سته‌ زیندوو، چیکراوه‌ بۆ داهاتوو ونه‌وه‌ی نوێ؟
مه‌ڵێن که‌سێکی زۆر ره‌شبینه‌ و چاوی ئه‌و هه‌موو پێشکه‌وتنه‌ نابینێ، ئه‌گه‌ر چواریه‌کی ئه‌و قسه‌ زلانه‌ی که‌ بۆیان ئه‌کردین کاری جدیان بکردایه‌، ره‌نگه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێ کێشه‌ سه‌ره‌تایه‌کان چاره‌سه‌ر بکرانایه‌، ئێستاش که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌نووسم رۆژانه‌ به‌م گه‌رمای هاوینه ئه‌گه‌ر له‌ به‌ر ره‌حمه‌تی کاره‌بای مۆلیده‌ ئه‌هلیه‌کان نه‌بێت ئه‌بێ چیمان لێبێ؟! رۆژی وا هه‌یه‌ که‌ له‌ نیوه‌ڕۆدا کاره‌با ئه‌بڕێت، مۆلیده‌ی داماویش (8) هه‌شت سه‌عاتی خۆی داوه‌، ئیتر ئه‌بێ یان کاره‌بای خۆت هه‌بێ یان ئه‌بێ ته‌حه‌مولی ئه‌و گه‌رمایه‌ بکه‌ی که‌ رۆژانه‌ پله‌کانی گه‌رما له‌سه‌رووی (38) سی وهه‌شته‌وه‌یه‌، به‌س ئه‌وه‌ ئه‌ڵێن ئه‌گه‌ر بێت و یه‌ک چاره‌که‌ سه‌عات کاره‌بای یه‌کێک له‌ بچوکترین مه‌سئول و کاربه‌ده‌ست بکوژێته‌وه‌ ئه‌بێ چیبکات؟ ئه‌بێ چه‌ند که‌س نان بڕاو بکات به‌ سوکه‌ ئیمزایه‌ک؟ یان ئه‌بێ وه‌زعی چۆن بێ به‌و له‌ش ولار و هه‌سته‌ ناسکه‌یه‌وه‌؟!
کوا دابین کردنی خزمه‌ت گوزاریه‌ سه‌ره‌تایه‌کان وبنه‌ڕه‌تیه‌کان که‌ هه‌موو حکومه‌تێک ئه‌گه‌ر به‌ زیادیشه‌وه‌ بۆ خه‌ڵکه‌که‌ی دابین بکات، منه‌تیان به‌سه‌ردا ناکات و قه‌تیش ئه‌وه‌نده‌ بێ شه‌رم بن که‌ به‌ پێشکه‌وتن وده‌ستکه‌وتی گه‌وره‌ی دابنێن.
ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای نوقم بوونی هه‌موو دامو ده‌زگاکانی حکومه‌ت له‌ناو گه‌نده‌ڵیه‌کی بێ وێنه‌، هه‌تا ئه‌گات به‌ هه‌موو ئه‌و لیژنانه‌ش که‌ به‌ناوی جیاجیا و بۆ بنه‌بڕ کردنی گه‌نده‌ڵی گوایه‌ دایان ئه‌مه‌زرێنن.
بۆیه‌ ئێستا هه‌ر که‌سێ بۆ خۆی حه‌ز ئه‌کات هه‌م یاریکه‌رێکی گۆڕه‌پانه‌که‌ بێ، هه‌م شه‌رم ئه‌کات باسی حیزبه‌که‌ی، یان رابردووه‌که‌ی، یان هه‌لدانه‌وه‌ی مێژوو بکات، ئاسان ترین و باشترین کاریش ئه‌وه‌یه‌ که‌ خۆی به‌ سه‌ربه‌خۆ بناسێنێ!
گاڵته‌جاڕیه‌که‌ لێره‌دایه‌، سه‌یری ئه‌و ئاخیر مۆدێله‌ی دیموکرسی بکه‌ که‌ سه‌ر به‌ مه‌عمه‌له‌که‌ی خۆمانه‌...
هه‌ر ته‌له‌فزیۆنه‌ ورادیۆیه‌ که‌ حیزبێکی دیاری کراو خۆی دروستی کردووه‌، به‌رنامه‌ وئامانجی بۆ دیاری کردووه‌، کۆمه‌ڵه‌ هێڵێکی سوور سووری بۆ داناوه‌، له‌ پاره‌ وپول وخه‌رجیه‌کانیش هه‌ر مه‌پرسه‌، به‌ڵام یان شه‌رم ئاکات یان چه‌واشه‌ ئه‌کات و ئه‌ڵێت ته‌له‌فزیۆنه‌که‌مان سه‌ربه‌خۆیه‌، هه‌ندێ سوکه‌ یارمه‌تیمان بۆ دێت له‌ فڵانه‌ لایه‌ن وکه‌سایه‌تی، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ کاره‌کانمان جوانن‌ ویه‌که‌مینین...
هه‌ر رۆژنامه‌ و گۆڤار وبڵاوکراوه‌یه‌ که‌ یه‌که‌م دێر که‌ تێیاندا ئه‌نووسن ئه‌مه‌یه‌(رۆژنامه‌یه‌کی، گۆڤارێکی، بڵاوکراوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیه‌)، به‌ڵام بڕۆ به‌س سه‌یری لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می بکه‌، یه‌کسه‌ر ئه‌زانی سه‌ر به‌کام لایه‌نه‌یه‌ ئامانجی چیه‌...
هه‌ر سه‌نته‌ر ورێکخراو وگروپه‌ که‌ به‌ناوی جیاجیا ودروشمی ناسکۆڵه‌ دروست ئه‌کرێن ویه‌که‌م وشه‌ که‌له‌ده‌می لێپرسراوه‌که‌یان دێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ (ئێمه‌ رێکخراوێکی، سه‌نته‌رێکی، گروپێکی سه‌ربه‌خۆین وئامانجی کارمان خزمه‌ت کردنه‌)، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوای ئه‌وه‌ی که‌ کاری سه‌نته‌ره‌که‌ی ته‌واو بوو، ئه‌گه‌ر که‌مێ چاودێری بکه‌ی ئه‌وا حه‌تمه‌ن ئه‌بێ سه‌رێک له‌ مه‌قه‌ری حیزبه‌که‌ی بدات، جا بۆ غیاب نه‌بوونه‌که‌ بێ یان بۆ پانکردنه‌وه‌ و پارووی چه‌ور بێ...
بۆیه‌ زۆر ئاساییه‌ که‌ به‌ڕێزێکی وه‌کو محمود عوسمان له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکی مندا بڵێ "سه‌ره‌تا ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌وه‌نده‌ بێ خه‌به‌ر بیت که‌ نه‌زانیت من سه‌ربه‌خۆم، پرسیاره‌که‌ت سه‌یره‌ دیاره‌ ئه‌م براده‌ره‌ ئاگاداری هیچ نیه‌، من که‌ی پارتیم من ئه‌وه‌(18) ساڵه‌ سه‌ربه‌خۆم"
من به‌س ئه‌ونده‌ ئه‌ڵێم، ئه‌گه‌ر تۆ سه‌ربه‌خۆی که‌ هه‌موو رۆژ ئه‌م قسه‌یه‌ ئه‌که‌یت، ئه‌گه‌ر ئه‌ونده‌ ره‌خنه‌ت هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌دای لیستی یه‌کێتی وپارتی له‌ رابردوو، ئه‌گه‌ر دایم کاره‌کانی لیستی یه‌کگرتووت به‌رز ئه‌نرخاند، ئه‌گه‌ر خۆت نابه‌ستیته‌وه‌ به‌ هیچ حیزبێک و وه‌کو خۆت ئه‌ڵێیت که‌ ته‌نها ئامانجت خزمه‌ت کردن وبه‌ده‌ستهێنای مافه‌کانی کورده‌ و کام حیزب ولایه‌ن هه‌ڵوێست وبواری کاره‌کانی له‌ ئێوه‌وه‌ نزیکتر بێت ئێوه‌ له‌گه‌ڵی خه‌بات ئه‌که‌ن، ئه‌ی بۆ ئه‌م جاره‌ خه‌باته‌ پیرۆزه‌که‌ی خۆت نه‌ ئه‌گواسته‌وه‌ بۆ ناو لیستێکی تر، ئه‌گه‌ر ئه‌شڵێیت که‌ دڵنیا نه‌بووی له‌ کار وئامانج و هه‌ڵوێستی لیسته‌کانی تر که‌ پێشتر له‌ په‌رله‌مانی ئێراقدا نه‌بوون، خۆ لیستی یه‌کگرتوو هه‌بوو و زۆریشیان لێ ڕازی بوویت، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ دینیش به‌ینت خۆش نیه‌، خۆ ئه‌کرا هه‌ر هیچ نه‌بێ کاندیدی یه‌کیه‌تی بوویتایه‌؟!!
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ رقت له‌ پارتیه‌ وشه‌رمت به‌ پارتی بوونه‌، ئه‌ی بۆ کۆڵان به‌ کۆڵان ئه‌گه‌ڕای ده‌نگت بۆ کۆ ئه‌کرده‌وه‌، بۆ نه‌ ئه‌کرا هه‌روا بۆ خۆت سه‌ربه‌خۆ بویتایه‌ وهه‌مان بانگه‌شه‌شت بکردایه‌؟ بۆ تا ئێستا له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی پارتی مه‌جالی کار وچالاکی وهه‌ناسه‌دانت نیه‌؟
من له‌ ئاخیردا زۆر داوای لێبووردن له‌ که‌سایه‌تی خه‌باتگێڕی سه‌ربه‌خۆی کورد(مه‌حمود عوسمان) ئه‌که‌م که‌ هه‌ستی ئه‌وم بریندار کردبوو، چونکه‌ وتبووم " کاک محمود وه‌کو نوێنه‌رێکی پارتی تاچه‌ند رازیه‌ له‌ ئه‌دای ئه‌و حیزبه‌ی که‌ کاری تێدا ئه‌کات"
من ئێستا ئه‌زانم که‌ سه‌ربه‌خۆیی یانی چی، من زۆر بێخه‌به‌رانه‌ ئه‌و پرسیاره‌م کردبوو، بۆیه‌ من پێم وایه‌ که‌ ئه‌شێ ئه‌مه‌ هه‌لێک بێ که‌ کاک محمود به‌ پارتی و لیستی ئه‌سپه‌که‌ی دابێ، ئه‌گه‌ر ئه‌دای کاری خۆیان نه‌گۆڕن وبه‌ خۆیاندا نه‌چنه‌وه‌ و هه‌ر به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر هه‌مان شێوازی کارکردن، ئه‌وا کاک محمود وه‌کو که‌سێکی سه‌ربه‌خۆ بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ئه‌گه‌ر عومر باقی بێت، هه‌ر به‌ سه‌ربه‌خۆیی بمێنێته‌وه‌ وسه‌نگه‌ری خه‌باتیان بگوازنه‌وه‌ بۆ ناو یه‌کێک له‌ لیسته‌کانی تر!!!...




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە