سەرۆكی لیستی یەكگرتوو لەپارێزگای هەولێر: یەكگرتوو دەنگی بەپرۆژە یاسای هەڵبژاردن نەداوە .. .
Monday, 15/02/2010, 12:00
لیستی هاوپەیمانی كوردستان، هۆكاری چارەسەرنەكردنی كێشەكانى كورد بووە ..
ئا: بیلال سەعید
ئوسامە جەمیل، سەرۆكی لیستی یەكگرتووە لەهەولێر بۆ پەرلەمانی عێراق، لەو دیمانەیەیدا باس لە خۆئامادەكردنیان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دەكات، پێشبینی روودانی توندوتیژی دەكات و دەڵێ "ئەگەر روونەدا، سەیرە".
+ ئێوە وەك یەكگرتوو بۆ هەڵبژاردن بەرنامەتان چییە؟
ئوسامە جەمیل: بەرنامەیەكی تۆكمە دانراوە، بەتایبەت ئەمجارە باس لەخراپی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و هەرێم و هەروەها باسی هۆكاری چارەسەرنەكردنی ئەو كێشانە و ئەوانەی هۆكاری چارەسەرنەكردنین دەكەین.
سڤیل: كێ بەهۆكاری چارەسەرنەكردنی كێشەكانی نیوان هەرێم و بەغدا دەزانی؟
ئوسامە جەمیل: لیستی هاوپەیمانی كوردستان، هۆكاری چارەسەرنەكردنی كێشەكان بووە، چونكە ئەوان لەپەرلەمان زۆرینەن، ئەوەش كراویشە، زۆرجار لەپشتی پەردەوە كراوە و نەزانراوە.
+: عارف تەیفور دەڵێت لیستی یەكگرتوو لەپەرلەمانی عێراق دەنگی بەپرۆژە یاسای هەڵبژاردن داوە، لەكوردستان دەڵێن دەنگمان نەداوە، دەیانەوێت هاوڵاتیانی كورد چەواشە بكەن؟
ئوسامە جەمیل: یەكگرتوو دەنگی نەداوە، تەنانەت پێش رۆیشتنە پەرلەمان دكتۆر محەمەد لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان قسەی كردبوو، گوتبووی لەبەرئەوەی مافی كوردی تێدا نەپارێزراوە، بۆیە ئێمە دەنگ بەو پرۆژەیە نادەین، دەنگیشیان پێنەدا.
+: دەگوترێت یەكگرتوو لەرووی جەماوەرییەوە لاواز بووە، چیتان كردووە بۆئەوەی دەنگی باش بەدەست بهێنن؟
ئوسامە جەمیل: ڕاستە گەر یەكگرتوو له كورسیدا كەمی كردبێتەوە، بەڵام دەنگی زیادی كردووە، هۆكاری كەمبوونەوەی دەنگەكانی ئەمجارەش بەهۆی ئەوە بووە زۆرێك رێكخستنی یەكگرتوو لەگەڵ ئەوە نەبوون، لەگەڵ چوار حیزبەكە پێكەوە بڕۆنە هەڵبژاردن، بەڵام مەكتەبی سیاسی پێی باش بوو، كەچی دواتر تێبینی رێكخستن تەواو دەرچوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پێمان ئاساییە، چونكە لەسیاسەت هەموو جار تەوەقوعاتی موفاجەئە هەیە، یەكێتی و پارتیش چەندین جار تووشی شكست هاتوون.
+: محەمەدی حاجی مەحمود لەچاوپێكەوتنێك باس لەوە دەكات، ئەمجارە ئیسلامییەكان ئەنجامی خۆیان دەبینن؟
ئوسامە جەمیل: بۆ ئەوكاتەی بەیەكەوە بووین كاك محەمەد وای نەدەگوت، دیارە شتێكی لێ دەزانی، كە لەودیوو پەردەوە چی بەرامبەر لیستەكەمان دەكرێت، ئەو كورسیانەش هێناومانە، خۆ هی ئەوان نییە، ئەگەر ڕاست دەكات با حیزبەكەی كاكە حەمەش بەجیا بچوایەتە هەڵبژاردن، با بیزانیایە ئاستی دەنگی خۆی چەندە.
+: یەكگرتوو چاوەڕێی بەدەستهێنانی چەند كورسییە؟
ئوسامە جەمیل: لەكوردستان ناتوانرێت دیاری بكەیت، چونكە تەزویر ئەنجامەكان دەگۆڕێت، بەڵام دەتوانم بڵێم 5 كورسی زیاتر دەهێنین، لەهەولێریش هەوڵی بەدەستهێنانی 2 كورسی دەدەین.
+: بۆچی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لیستی ئیسلامیتان دروست نەكرد؟
ئوسامە جەمیل: ئیمە تەجروبەمان هەبوو و لە 1992 بەیەكەوە دابەزین، بۆ ئەم كات پێویست بوو، بەڵام لەئێستادا وامان پێ باش بوو.
+: لەكەمكردنەوەی دەنگی ئێوە تاچەند لیستی گۆڕان كاریگەری هەبوو؟
ئوسامە جەمیل: ئەوانەی دەنگیان بەگۆڕاندا زۆربەی یەكێتییە ناڕازییەكان بوون، لەوانەیە كەمكردنەوەی دەنگی 4 حیزبەكە بەشێكی پەیوەندی بەگۆڕانەوە هەبووبێت، بەشێكی دیكەی پەیوەندی بەخراپی خیتابی سیاسی 4 حیزبەكەوە هەبوو، بۆیە دەتوانم بڵیم زۆر جار خیتابی ئیسلامییەكان شەرمنانەیە، بۆیە یەكگرتوو دەبێت ئەمجارە بەجورئەتەوە لەهەڵبژادن كاربكات، چونكە ئێمە كە موعارەزەین، دەبێت درووشمی گۆڕانكاری بەرزبكەینەوە، پێویست بەهیچ پێچوپەنایەك ناكات.
+: دەگوترێت دانانی تۆ وەك كاندیدی یەكگرتوو، لەژێر فشاری خانەوادەكەتان بووە؟
ئوسامە جەمیل: ئێمە فشارمان نەكردووە، كە داوامان كردبێت. وەك خانەوادە حەقی خۆمانە كە داوامان كردووە، زۆر كەس ڕەنگە بەقەدەر ئێمە كاری نەكردبێت، ئێستا لەناو یەكگرتوو پۆستی باشی وەرگرتووە، كەمیشمان بۆ ئەم شارە نەكردووە.
+: چۆن بوو بڕیارت دا لەكاری هونەرییەوە بگوێزیتەوە بۆ كاری سیاسی؟
ئوسامە جەمیل: من وەك سیاسییەك لەناو یەكگرتوو دەستم بەكاركردووە، دواتر لە 2000 لەسەر داوای یەكگرتوو خۆم بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان هەڵبژارد، كە وەك ڕاگەیاندنكارێك ناسراوبووم، تاوەكو هونەرمەندێك. لەوێووە هەنگاوم ناوە، بزانم خەڵك چی دەوێت، ئێستاش ئەوەندە خۆم بەهونەرمەند دەزانم، ئەوەندەش خۆم بەسیاسییەك دەزانم.
+: دەگوترێت لەبەرئەوەی زۆرینەی خانەوادەكەی مامۆستا جەمیل لەڕاگەیاندنی یەكگرتوو كار دەكەن، لەوانەیە ئوسامە ئەوانە بۆ خزمەتی خۆی بەكاربێنی؟
ئوسامە جەمیل: بەپێی ئەو بەرنامەی دانراوە لەڕاگەیاندنی یەكگرتوو، ماف دەدرێت بەهەموو كاندیدەكان، لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە كاندیدمان هەبێت، توانای قسەكردنی 5 دەقیقەی نەبێت و جورئەتی نەبێت، بۆ من كە دەتوانم 6 سەعات قسە بكەم، مافی من نەدرێت.
+: چاوەڕێ دەكەن، توندوتیژی بكەوێتەوە؟
ئوسامە جەمیل: زور تەبیعیە توندوتیژی رووبدات، ئەگەر روونەدات، سەیرە! چونكە هەرجار كە روودەدات، دەڵێن دووبارە نابێتەوە. ئەگەر لیستە ڕكابەرەكان پێیان وابێت توندوتیژی ناكەوێتەوە، هەڵەن. لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێن دراوە، كە هەوڵی پاراستنی ئارامی پرۆسەكە بدەن. نوێنەری وڵاتەكان لەگەڵ زۆربەی ركابەرەكان دانیشتوون و چاودێری هەڵبژاردنەكە دەكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست