کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جێگه‌ی داخه‌

Friday, 10/06/2011, 12:00


ماوه‌یه‌كی زۆره په‌نجه‌كانم دوور بوون له داڕشتنی وشه‌ی دڵبزوێن كه بتوانێت هه‌ستی دۆست و هه‌ڤاڵانی خۆمی پێ بزوێنێت. ماوه‌ی حه‌فته‌یه‌كه سه‌ردانی چه‌ند سایتێك ده‌كه‌م كه به دایم ئه‌وینداری بابه‌ته‌كانیانم كه له سه‌راسه‌ری دونیا بۆیان دێت ده‌خوێنمه‌وه. ده‌بینم كه یادی خومه‌ینی خوێنڕێژ له هۆڵی پێشه‌وای نه‌مر ده‌كرێته‌وه. هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت و ده‌بوا پاش چه‌ندین ساڵ ژێر ده‌ستی و زۆڵمی زۆری سه‌ددام حوسه‌ین ئه‌وه‌نده كه‌سانی شاره‌زای تێدا بوایه كه هه‌موو لای خۆی خۆیان به كه‌سانی خه‌باتگێڕ و تێكۆشه‌ری مێژووی كوردستان داده‌نێن، ئه‌و ئیزنه‌یان به خۆیان نه‌دابات ڕێگه به جاش و پاسداره‌كانی ڕێژیمی ئێران بده‌ن بێنه ناو خاكی پاكی كوردستان و یادی خومه‌ینی بكه‌نه‌وه. باشه پرسیار له سه‌رانی هه‌رێم ده‌كه‌م: ئایا یه‌كگرتووی له ناو ڕیزه‌كانی حیزبه سیاسیه‌كانی كوردستان دا هه‌بێت یان هاو ده‌نگ و هاو مه‌رامی له گه‌ڵ یه‌كێك له دیكتاتۆره‌كانی مێژووی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست كه هه‌رگیز سڵی له كوشتن و قه‌تڵوعام كردنی ماڵ و مناڵی هیچ كوردێك نه‌كردووه. بۆ پێتان وا بێت ئه‌‌وڕۆ ده‌سته برایه‌تیتان له گه‌ڵ ده‌دات، سبه‌ی به هاناتانه‌وه دێت؟ موشكیله‌یه‌ك كه سه‌دده دوای سه‌دده ئێمه‌ی كوردی ته‌زاندووه، یه‌كگرتووی نه‌بونی له ناو خۆمان دا وه‌ك میله‌تی كورد. ڕۆژ له دوای ڕۆژ له ژێره‌وه وه‌ك مار ده‌ماگه‌زن به‌ڵام ئێستا كه ئێستایه حازر نین له خه‌و هه‌ڵسین و به خۆمان دا بینه‌وه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستتان له دروستكردنی هۆڵی پێشه‌وای نه‌مر، ڕێزگرتن بووه له پێشه‌وا، بۆ ئێستا خه‌یانه‌تی پێ ده‌كه‌ن؟ ئه‌وه گه‌وره‌ترین خه‌یانه‌ته به ناوی كه‌سێك كه 65 ساڵ دوای ئێستاش باسی زانای و كوردپه‌روه‌ری ده‌كه‌ن له‌ دونیا و له‌ زانکۆکان. جا تو خوداتان، خومه‌ینی و پاش ماوه‌کانی چیان داوه به كوردی باشور ئه‌گه‌ر شتێكی له عه‌وه‌ز دا نه‌ویستبێت؟ هه‌ر ئه‌و ساته‌ی ئێوه‌ یادی خومه‌ینی ده‌که‌ن له هه‌ولێر و سولێمانی له کوردستانی ڕۆهه‌ڵات لاوانی کورد له‌ سیاچاڵه‌کانی ڕژیم دا ئه‌شکه‌نجه ده‌درێن و بێ ڕێزیان پێ ده‌کرێت به‌ خاتر ئه‌وه‌ی که‌ کوردن وه‌ک من و تۆ. بۆ ئێمه كورد زۆر شه‌رمه كه بڕۆین و مه‌زاری خۆمه‌ینی ماچ بكه‌ین. بۆ منی کورد ده‌بێت بڕۆم شاخ و به‌ردی کوردستان ماچ که‌م، چونکه‌ هه‌موی به‌ خوێنی شه‌هیدانی کوردستان ئاودێر کراون. بۆ ئێمه‌ی كورد ڕۆژی ئه‌وه هاتووه به خۆمان دا بچینه‌وه بزانین چ شتێك به‌رژه‌وه‌ندی شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌ی میله‌ته‌كه‌مانی تێدایه. بۆ كورد نه‌هاتوه دوای هه‌موو سته‌مێك له لایه‌ن ڕژیمی ئێران، عراق، سوریه و توركیه یادی ئه‌وانه كه‌ین كه به چه‌ندین ساڵه ده‌ستیان به خوێنی لاوانی كورد سوور كردووه و به سه‌دان هه‌زار دایك و خوشكیان ڕه‌شپۆش كردووه. پرسیاری كۆتاییم ئه‌وه‌یه: بۆ یادی مناڵانی شه‌هیدی كورد ناكه‌ن، پێش له دایك بوونیان باوكیان بووه به قوربای ئه‌و خاكه
وا ئێستا ئێوه خه‌ریكن به عاباشۆڕه‌كانی ڕژیمی ئێران ئالوده‌‌ی ده‌كه‌ن؟
  2011-06-10

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە