بە دەسەڵات مەڵێ بۆ زوڵم دەکەیت؟ بە کۆیلە بڵێ بۆ قبوڵی دەکەیت!؟


بەراورد كردنى رابیتەی ئیسلامی كورد بە دەزگاى بارزانى كارێكى چەواشەكارى و نابابەتیە . وه‌ڵامێکَ بۆ هیدایەت مەلا عەلی

Friday, 02/12/2011, 12:00




لەوتارێكدا كەرۆژی 28/11/2011 لەسایتی كوردستان پۆستدا بەناوی (رابیتەی ئیسلامی و  دەزگای خێرخوازی بەرزانى دووڕووی یەك دراو)كە لە لایەن(هیدایەتی مەلا عەلی) بڵاوكراوەتەوە ، یان لەبەر نەبوونی زانیارى یان باكگراوندێكی ئایدۆلۆژی بۆ لایەنێكی دیارى كراو، نوسە لەم وتارەیدا نەیتوانیوە بە شێوەیەكی بابەتیانە راڤەى روداوەكەو مێژوو ئامانجەكانى رێكخراوێكی خێرخوازی وەك رابیتەى ئیسلامی بكات، چونكە كاك هیدایەت زۆر بێ ویژدانانە دێتو رێكخراوێكی وەك رابیتەى ئیسلامی بەئەو هەموو كارە خێرخوازیەی كە ئەنجامى داوە كەلەئیسَتادا بوەتە ئەزمونێكی سەركەوتووی كارى خێرخوازی لەكوردستاندا لەگەڵ دەزگاى بەرزانیدا بەراورد دەكات، كەچەند ساڵێكی كەمە دروست بوەو هەتا ئێستاش زۆرینەى خەڵكی كوردستان نازانێت دامەزرێنەرانو بەڕێوەبەرانى كێنو كارەخێرخوازیەكانیان چینو چیان كردووە؟، تەنانەت بەهۆى دابەشكردنى مووچەى ئەم دواییەى مناڵە بێ باوكەكانی مانگی سورى ئیماراتیەوە دەركەوت كەلەشارە گەورەكانی وەك سلێمانىو هەوڵێرو دهۆك نوسینگەیان بارەگای سەرەكیان نییە و بە پەلە خانویەكیان بەكرێ گرتووە یان لە كۆمەڵگەیەكدا دابەشیان كردوە ، كاك هیدایەت ئەگەر زانیاریەكی باشی هەبوایە لەسەر كارە خێرخوازیەكانی رابیتەى ئیسلامی كوردو ئامانجەكانو لەنزیكەوە ئاگادارى شێوازی كاركردنی ئەم رێكخراوە بوایە بەم شێوەیە ئەم ووتارەى نەئەنووسی، لەسەرەتاوە كاك هیدایەت باس لەوە دەكات كەكارەكانی رابیتەى ئیسلامی كورد موزایەدەیەكی سیاسیو خزمەتكردنە بەئامانجەكانى پارتێكی سیاسی بەڵام كاك هیدایەت دەبوایە بیزانیایە كە رابیتەى ئیسلامی كورد لەساڵی 1988 دامەزراوە، لەكاتێكدا كورد لەوپەڕی نەهامەتى ئەنفالو كیمیا باراندا ژیاوە ، دكتۆر عەلی قەرەداغیو كۆمەڵێك لەرۆشنبیرانی تر لەئەوروپاو ئەمەریكا، تەنها لەرویەكی مرۆڤ دۆستی و خێرخوازیەوە ئەم رێكخراوەیان دروست كردووە، هەتا بتوانن ئەوانیش بەدەم نەهامەتیەكانی گەلەكەیانەوە بنو هەندێك لەئازارەكانى كەم بكەنەوەو بۆ ئەم مەبەستەش رابیتەی ئیسلامی یان دروست كردوەو لەم رێگەیەوە هاوكاریان لەخێرخوازانی جیهانی و مسوڵمانو نامسوڵمانەوە كۆكردۆتەوە بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە دەست خەڵكی هەژارو نەدارو لێقەوماوی كوردستان لەئۆردوگاكانی ئێرانو لەسەر سنورەكان، كاك هیدایەت لە جیاتی ئەوەی كەئەم هەستە پاكە مرۆییە بخوێنێتەوە، دەیەوێت ئەمە بەبارێكی تردا تەفسیر بكاتو بەئاقارێكی تردا بەریت ،دەبوایە نوسەر بیزانیایە كە رابیتەى ئیشلامى كورد بەشەش ساڵ لەپێش دامەزراندنى یەكگرتووى ئیسلامیەوەیە ، رابیتە لەبارو دۆخێكی تەواو سەربەخۆدا دروست بوەو لە دامەزرێنەرانی رابیتەشدا هی ئەنداهیچ ئەندامێكى سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەگكرتوی تیادا نەبووە، لەلایەكى تریشەوە ئایا بۆ دەبێت كارێكى خراپ بێت ئەگەر پارتێكى سیاسى بیەوێت لەریًگەى كارى خێر خوازیەوە خۆى بناسێنێت و خزمەتى هاونیشتمانیان بكات بەڵام لەبرامبەردا زۆرینەى پارتەكانى تر خەریكى سەنكەر لێدان و شەرى ناوخۆو كوشتن و زیندانىو ئەشكەنجەى هاووڵاتیانى خۆمان بوون و پارەى هەموو فیشەكەكانیش هەر لە سەر بودجەى هەریًمى كوردستان بووە ،لەبەشێكی ترى وتارەكەیدا دەیەوێت هاوكارى كردنى رابیتە ببەستێتەوە بەهاوكێشەیەكی سیاسیو ناكۆكی نێوان شیعە و سوننە ،كەئەمەشیان بێ بەڵگەو بێ بنەمایە، چونكە ئەگەر سوننەكانى كەنداو رابیتەیان بۆ ئەومەبەستە بەكار بهێنایە، ئەوا دەیانكردە پارتێكی سیاسیو هەموو جۆرەهاوكاریەكیان دەكرد، كاك هیدایەت دەبوایە پرسیارى بكردایە كەئایا هاوكاریەكانى رابیتەى ئیسلامی كورد لەكوێوە دێن هەتا ئەو وەڵامەی بەباشی دەست بكەوتایە .هاوكاریەكانى رابیتەى ئیسلامی هەرگیز لەدەوڵەتەكانەوە نەبووە، بەڵكو تەنها لەڕێگەى كەسانی خێر خوازو رێكخراوە خێرخوازیەكانەوە بووە بەپێچەوانەوە دەوڵەتەكان لەوانە كەنداویەكانیش رێگری زۆریان دروست كردووە وەك دەوڵەت و ئامادەنەبوون هیچ هاوكاریەكیان بكەن .
ئەگەر سەرنجی لێدوانەكانى (نعیمە موهیری بەرپرسی بەشی بێ باوكان لەرێكخراوی مانگی سوری ئیمارات بدەین) كەدەڵێت ئێمە وەك رێكخراوەكەمان سەر بەحكومەتین دەمانەوێت لەكوردستان لەگەڵ رێكخراوێكدا كاربكەین كەنزیك بێت لەحكومەتەوە، رێكخراوی بارزانیش سەر بەحكومەتە بۆیە هاوكاریەكانى دەدەینە ئەوان، لێرەوە ئەگەر بۆچونەكەى كاك هیدایەت راست بوایە دەبوو ئەو هاوكاریانە هەربۆ رابیتە بونایە ، هەروەها لەبەشێكی ترى لێدوانەكەیدا دەڵێت راپۆرتمان بۆ هاتووە كەدەڵێت رابیتەى ئیسلامیى بە قازانجى پارتێكی ئیسلامی هاوكاریەكانى دابەش كردووەو ئەمەشمان لەلایەن هەندێك لایەنی سیاسی كوردی پێگەیشتووە، ئەگەر ئەمە راست بووایە دەبوایە بەلێشاو پارەی كەنداوو وڵاتانی عەرەبی بەسەر رابیتەدا بڕژایەو بیانكردایە بەهێزێكی سیاسی گەورە، بەڵام بەپێچەوانەوە دەبینین ووڵاتە عەربییەكان لەوانە كەنداویەكانیش فشارى زۆریان لەسەر كردوەو بەردەوامیش هەوڵی بڕینی هاوكاریەكانیان كردوە هەورەك چۆن ئێستا لەكوردستانیشدا لایەنێكی سیاسی ئەو كارەى كرد .
لەلایەكی ترەوە كاك هیدایەت رەخنە لەوە دەگرێت كەرابیتەى ئیسلامی كورد ئەجیندایەكی سیاسی هەبووە، ئەمەش بێ ئاگاییەكی تری كاك هیدایەتە لەتێگەیشتن لەچەمكی سیاسەت، چونكە هەموو رێكخراوێك ئامانجی سیاسی هەیە، بەڵام سیاسەت بەمانا زانستیو مرۆییەكەى كەئەویش چەسپاندنی عەدالەتو شەفافیەت و خزمەتكردنی مرۆڤە هەژارو نەدارو كەم دەرامەتەكانو بەهانەوە چوونى گرفتاكانیانە بۆچارەسەركردن ، هەر ئەمەش سیاسەتی رابیتەى ئیسلامی كورد بوە .
چونكە كاررى خێرخوازی رابیتەى ئیسلامی كورد هەڵقوڵاوی چەمكو جیهانبینى ئیسلامی یە بۆكارى خێرخوازی بێ ئاگایی كاك هیدایەت لەكارى خێرخوازی لەئیسلامدا واى لێكردووە تەنها دیدێكی سیاسی چەواشەكارانە دەخاتە روو بۆكارى خێرخوازی بەمەش ناگاتە هیچو لەرابیتەى ئیسلامیو مرۆڤی خێر خوازیش تێ ناگات، پێغەمبەرى خوا
(د.خ)لە فەرمودەیەكدا دەفەرمێت (من اێبح ولم یهتم بامر المسلمین فلیس منهم)لاى مرۆڤى مسوڵمان چاكەكارى بنەماى كارى خێرخوازیە ،بەڵام نوسەر لەمەتێناگات ، سەرۆكی رابیتە و هەموو ئەندامانى ستافەكەى بەشانازیەكی گەورەى دەزانن وەك مسوڵمانێك بتوانن خزمەت بەگەلی مسوڵمانی كوردستان بكەنو لەژێر رۆشنایی ئەو ئایەتەشدا كار دەكەن كەدەفەرموێت (لانریدو منكم جزاو ولا شكورا)واتە چاوەروانى پاداشت لە كەس ناكەن تەنها لە خوا نەبێت.)
مرۆڤی مسوڵمان كارەخێرخوازییەكانى بۆ خوایەو چاوەروانى هیچ نیە لەگەڵ ئەوانەى كەچاكەیان لەگەڵدا دەكات، كاك هیدایەت دەبوایە لەمە تێ بگات كەچاكەكارى لای مرۆڤی مسوڵمان چیەو بەچ ئامانجێك دەیكات، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانێت كەئیسلامیەكان لەهەموو كەس شارەزاترن لەكارى رێكخراوەییو دامەزراوەییو ئەنجامدانى كارەكانیان بەشێوەیەكی زانستیو مۆدێرنو بەكارهێنانی باشترین سیستمی كارگێڕی بۆ ئەنجامدانى كارەكانیانو بەكارهێنانى ئامێرە تەكنۆلۆژیە نوێیەكان بۆ ئەم مەبەستە .
رابیتەى ئیسلامی كورد ویستی ئەوە بەجەماوەرى كوردستان بڵێت كەمسوڵمانێتی ماناى میانڕەویو چاكە خوازیو بەهای جوانىو ئەخلاقی بەرزو بەدەمەوە چوونی گرفتەكانیەتی لەروى سیاسیو ئابورىوكۆمەڵایەتییەوە، بۆ ئەمەش شتێكی ئاساییە كەهەرپارتێك بروای بەم بەهاو ئامانجانە هەیە پشتیوانی لێ بكاتو هاوكارى بكات ئەگەر ئیسلامی یان نائیسلامی بێت . لەلایەكى ترەوە كاك هیدایەت باس لەكۆمەڵێك شت دەكات كەهیچ بنەماو بەڵگەیەكى نیە، لەوانەش دەڵێت كەمەرج بوە هەرچى موچە وەردەگرێت بچێتە مزگەوتێكى رابیتە یان بچنە لاى مەلایەكى یەكگرتوو.هەتا قورئان بە منداڵكان بلێن .. سەرەڕاى بێ بەڵگەیى ئەم بۆچونانە، بەڵام دەبوایە كاك هیدایەت ئەوەى بزانیایە كەئێمە لەكۆمەڵگەیەكى مسوڵماندا دەژین، هەتا ئێستاش قورئان لەكۆمەڵگەى كوردیدا زۆرترین رێزى هەیەو سەرچاوەى هەموو بەهایەكى ئەخلاقى جوانە، ئایا بۆچى فێركردنى قورئان و رەوشتى مسوڵمانانە دەبێت تاوان بێت، هەرلەم بارەیەوە بەرپرسى بەشى بێ باوكانى مانگى سورى ئیماراتى دەڵێت" چەند لایەنێكى سیاسى راپۆرتیان بەئێمەداوە كەئەو مناڵانە لەلایەن رابیتەى ئیسلامیەوە قورئانیان پێ ووتراوە " ئەگەر راپرسیەك بكرێت لەنێوان خێزانى ئەو مناڵانەدا بڕواناكەم كەمترین رێژەت دەست بكەوێت كەناڕازى بن بەفێركردنى قورئان بەمناڵەكانیان، چونكە لەكۆمەڵگەى ئێمەدا قورئان سەرچاوەى هەموو چاكەیەكە،ئەمەش لەو فەرموودەیەوە سەر چاوەى گرتووە كە دەفەرمَت (خیركم من تعلم القران و علمه)واتە باشترین كەسێكتان ئەو كەسەیە كە قورئان فێر دەبێت و فێرى خەڵكى تریشە دەكات ، بەڵام لێرەدا دەپرسین ئایا ئەگەر ئەم مناڵانە لەپەروەردەى قورئانى و مسوڵمانانە داببڕێن ئایا بەرەو كوێ دەچن. ئایا بەدیلى پەروەردەیەكى مسوڵمانانە بۆ گەنج و مناڵ چیە؟
ئایا لەجیاتى پەروەردە قورئان و مسوڵمانیەتیەكەى رابیتەى ئیسلامى بابزانین رێكخراوى بارزانى فێرى چیان دەكەن و لەچ قوتابخانەیەك ئیلهام وەردەگرن؟.
رابیتەى ئیسلامى لەهەموو رویەكەوە سەربەخۆ بوەو دامەزراوەیەكى كارگێڕى خێرخوازییەو پێویستى بەهیچ لایەك نیە هەتا هاوكارى بكات و ئەو سەربەخۆییەش هەر لەپۆستى سەرۆكى رابیتەوە دیارە كەلەكوردستاندا هیچ پۆستێكى سیاسى نیەو وەك كەسایەتیەكى سەربەخۆ ناسراوە.
لەلایەكى تریشەوە بەراوردكردنى رابیتەى ئیسلامى و دەزگاى بارزانى بەیەكتر كارێكى زۆر نابابەتى و بێ ویژدانانەیە، چونكە وەك لەسەرەتاوە وتمان رابیتەى ئیسلامى كورد بۆ كارى خێرخوازى دامەزراوە لەكاتێكدا كەهیچ ئامانجێكى سیاسى لەئارادا نەبوەو هەموو ئەو كۆمەكیانەش كەهێنراوتە كوردستان كەبەسەدان ملیۆن دۆلار دەبێت، هەتا ئێستا هەمووى لەخێرخوازانى دەرەوە بوەو بەشەفافى لەچەند كوراسەیەكدا چاپ كراوەو هەركەسێك ئەگەر بیەوێت دەتوانێت بیانبینێت، بەتایبەتیش بۆبە هاناوە چونى خێزانى مناڵانى بێ باوك زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلار خەرج كراوەو وەك كۆمەكى پێشكەشیان كراوە.
ئەمە لەكاتێكدا بوە كەلەدواى ساڵى 1992 ەوە دەسەڵاتدارانى كوردستان بەهەردوو پارتە فەرمانڕەواكەدا لەناوانەش پارتى دیموكراتى كوردستان لەشەڕى ناوخۆدا هەزاران مرۆڤى ئەم كوردستانەیان كوشتوە، وەزۆربەى باوكى ئەو (5000) مناڵەش كەكەفالەت كراون لەلایەن مانگى سورى ئیماراتى و لەلایەن رابیتەى ئیسلامیەوە هاوكاریان بەسەردا دابەش كراوە باوكیان لەو شەڕانەدا كوژراون.
ئایا چەند هەڵوێستێكى نامرۆڤانەیە ئێستا باوكێك بەدەستى یەكێك كوژرابێت، بەڵام دایكى و ئەو مناڵە بچن موچە لەولایەنە وەربگرن. ئایا ئەگەر رێكخراوى بارزانى ئامانجى خێرخوازى هەیە بۆ ناچێت (5000) مناڵى تر كەفالەت بكات، بۆ دەچێت ئەو (5000) مناڵە دەبات كەرابیتەى ئیسلامى كەفالەتى كردون، رێكخراوى بارزانى رێكخراوێكى سەر بەپارتى دیموكراتى كوردستانەو ئەمەش هیچ جێگەى مشتومڕ نیە.
ئایا پارتى دیموكراتى كوردستان و دەسەڵاتى كوردى بۆچى رۆژێك بیرى لەوەنەكردۆتەوە كەهەموو سەروەت و سامانى ئەم وڵاتەى لەبەردەستدایەو ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلارى بەگەندەڵى دیار نامێنێت، بیرێك لەهەژاران و مناڵانى بێ باوك بكاتەوە، ئایا ئێستا كوردستان لەم بارە ئابورییە باشەیدا پێویستى بەوە هەیە مناڵە بێ باوكەكان لەلایەن خێرخوازێكى كەنداوەوە كەفالەت بكرێت و مانگى (20) دۆلارى بۆ بنێردرێت ، یان دەبوو هەر مناڵێكى كورد بەلاى كەمەوە مانگى (100) دۆلارى پێ بدرایەو بەرەفاهیەت بژیایە؟ من دەڵێم دەبوو دەزگاى خێرخوازى بارزانى هەڵوێستێكى لەدەسەڵاتى كوردى هەبوایەو بیوتایە ئایا مناڵانى بێ باوك هاوڵاتى ئەم وڵاتە نین؟، ئایا بۆچى ژیانى ئەوان بەژیانى مناڵى بەرپرسەكان بەراورد ناكەن، ئایا چ مناڵى بەرپرسێك رۆژانە (20) دۆلارى هەیەو رازى دەبێت بەوپارەیە؟
بەڵام ئایا بۆچى ویژدانتان ناجوڵێت لەخێزانێكدا یەك مناڵ كەفالەت كراوەو مناڵەكەش (20) دۆلار وەردەگرێت، دەبوایە پارتى و دەزگا خێرخوازییەكەى پرٍِۆژەیەكى وایان هەبوایە كەئیتر مناڵانى بێ باوك هەستیان بەبێ باوكى نەكردایەو مافى خۆیان وەربگرتایە لەوسامانەى كەئەمڕۆ لەكوردستاندا هەیە، نەك بێن دەست بخەنە ناو كاروبارى رێكخراوێكى ترو ئەم شەڕەش ناوبنێن كارى خێرخوازى.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە