بژی مه‌لا مه‌سعود...

Friday, 07/01/2011, 12:00



مامۆستا (مه‌لا مه‌سعود کانی کورده‌یی) مامۆستایه‌کی به‌ڕێزی ئایینیه‌ له‌ شاری هه‌ولێر و له‌ لایه‌ن خه‌ڵکی هه‌ولێر و به‌ تایبه‌تی توێژی گه‌نـــــجان رێزێکی زۆری لێده‌نرێت و گوێی لێده‌گیرێت ، ئه‌م مامۆستا به‌ڕێزه‌ ناسراوه‌ به‌ بوێری و حه‌قبێژی لــــه‌ خوتبه‌کانی رۆژانی هه‌ینی و ئه‌و وتارانه‌ی له‌ که‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌کانی شاری هه‌ولێردا پێشکه‌شــی ده‌کات که‌ مایه‌ی ده‌ستخۆشی لێکردنه .

دیاره‌ ئه‌رکی مامۆستایانی به‌رێزی ئایینی ته‌نها باسی به‌هه‌شــــت و دۆزه‌خ نییه‌ به‌ڵکو جگه‌ له‌ ئه‌رکه‌ ئایینیه‌که‌ ئه‌رکێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ئه‌خلاقیشیان له‌ ئه‌ستۆدایه‌ که‌ پێویسته‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌م جۆره‌ پرسانه‌ش وریاو ئاگادار بکه‌نه‌وه‌ ، مامۆستا مه‌لا مه‌سعود زۆر جار له‌ خوتبه‌ و وتاره‌کانیدا له‌م رووه‌وه‌ ئه‌رکی ســــه‌ر شانـــی خـــۆی راپه‌ڕاندووه‌.

له‌م رۆژانه‌ براده‌رێکم بڕگه‌یه‌کی تۆمارکراوی ده‌نگیی یه‌کێک له‌ خوتبه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی مامۆستای ناوبراوی له‌ مۆبایله‌که‌یدا بۆ لێدام که‌ زۆر بوێرانه‌ باسی له‌ کۆنه‌ به‌عسییه‌کی تازه‌ پارتی ده‌کرد که‌ ئه‌ویش عه‌میدی هاتوچۆ (رۆبیتان)ه‌ که‌ تاکو پێش رووخانی سه‌ددامی دیکتاتۆر له‌ خزمه‌تی به‌عس دابووه‌و دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌ولێر و ئێستا له‌ ژێر سایه‌ی پارتیدا به‌رپرسه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هاتوچۆی هه‌ولێر، دیاره‌ مامۆستای به‌ڕێز ئه‌م عه‌مید (رۆبیتان)ه‌ باش ناناسێ بۆیه‌ باسی براکانی دیکه‌ی نه‌کردووه‌ ئه‌م عه‌میده‌‌ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی به‌عس په‌روه‌رو ناسراوی شاری هه‌ولێره‌ و دوو برای تریشی به‌ روتبه‌ی (عه‌قید و مقدم) له‌ ده‌زگاکانی پارتی به‌رپر‌سن .

مامۆستای ناوبراو له‌و بڕگه‌یه‌دا که‌ باسی عه‌مید رۆبیتان ده‌کات هاوار ده‌کات و ده‌ڵێت ئه‌و عه‌میده‌ی جاران به‌ڕێوه‌به‌ری دائیره‌ی مروری موێل بووه‌ ئێستا به‌رپرسه‌ له‌ دائیره‌ی مروری حکومه‌تی هه‌رێم ، ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ سه‌رنجی خۆمی له‌سه‌ر بده‌م ئه‌م (حکومه‌تی هه‌رێم)ه‌یه‌ ، مامۆستای به‌ڕێز ده‌بوایه‌ به‌ته‌واوی خاڵ بخاته‌ سه‌ر پیته‌کان و راسته‌وخۆ رووی ده‌می بکردایه‌ته‌ (پارتی) نه‌ک حکومه‌تی هه‌رێم چونکه‌ راسته‌ ئێمه‌ حکومه‌تی هه‌رێممان هه‌یه‌ به‌ڵام ئایا پێکهاته‌ی حکومه‌تی هه‌رێم برتینیین له‌ دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری خۆسه‌پێن (پارتی و یه‌کێتی) به‌ حوکمی ده‌زگاکانی پاراستن و زانیاری و ئاسایش و دژه‌تیرۆر و پێشمه‌رگه‌و بودجه‌و .... هتد . لای هه‌موومان ئاشکرایه‌ ئه‌و داموده‌زگا حکومییانه‌ی که‌وتوونه‌ته‌ سنووری پارێزگاکانی هه‌ولێرو دهۆک راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ حزبێندراون و داموده‌زگاکانی سنووری سلێمانیش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه‌ حزبێندراون دیاریشه‌ حزبه‌ پاشکۆکانی دیکه‌ که‌ پاشکۆی پارتی و یه‌کێتین ئه‌گه‌ر له‌ حکومه‌تیشدابن کارتۆنین و هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌وتۆیان نییه‌ و ئه‌وان تاکه‌ خه‌مییان ئه‌و بڕه‌ بو‌دجه‌یه‌یه‌ که‌ وه‌ک خێر پێکردنێک پارتی و یه‌کێتی پێیان ده‌ده‌ن و ده‌مبه‌ستییان کردوون ئه‌مه‌ واقیعی حکومه‌تی هه‌رێمه‌و نکوڵی لێناکرێ بۆیه‌ هه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌ک و ناعه‌داله‌تییه‌ک و تاوانێک له‌ سنووری هه‌ولێر و دهۆک بکرێت له‌سه‌ر پارتی ماڵه‌ و پارتی لێی به‌رپرسه‌ ، به‌ هه‌مان شێوه‌ش ئه‌وه‌ی له‌ سنووری سلێمانی روو ده‌دات له‌سه‌ر یه‌کێتی ماڵه‌و ئه‌و لێی به‌رپرسه‌ ، بۆیه‌ پێویست بوو مامۆستا مه‌لا مه‌سعود راسته‌وخۆ رووی ده‌می بکردایه‌ته‌ پارتی نه‌ک حکومه‌تی هه‌رێم ، به‌هه‌ر حاڵ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی مامۆستا مه‌لا مه‌سعود هه‌نگاوێکه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی ئه‌رکه‌ نیشتیمانییه‌کان و شایانی ده‌ستخۆشی لێکردنه‌ و خۆزگه‌ سه‌رجه‌م مامۆستایانی به‌ڕێزی ئایینی وه‌ک چۆن له‌سه‌ر دێره‌ شیعرێکی حه‌مه‌ کاکه‌ڕه‌ش و فه‌رهاد پیرباڵ و هۆشه‌نگ شێخ محمد ده‌یکه‌ن به‌ هه‌را ، ئاواش له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو گه‌نده‌ڵی و دزی و فزی و تاوانه‌ی پارتی و یه‌کێتی ده‌رحه‌ق به‌م میلله‌ته‌ سته‌مدیده‌یه‌ ده‌یکه‌ن بێده‌نگ نه‌بن .
 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە