وه‌ڵامێک بۆ به‌ڕیز کاک (مسته‌فای حه‌سه‌نه گه‌وره) سه‌باره‌ت به نووسه‌ره ناوخوازراوه‌کان
Saturday, 21/08/2010, 12:00
کاک (مسته‌فای حه‌سه‌نه گه‌وره) رۆژی 18/8/2010 بابه‌تێکی به ناونیشــــانی (کاتی ئه‌وه هاتووه هه‌موومان به ناو و وێنه‌ی خۆمان ره‌خنه بگرین) له‌م سایته به‌ڕێزه‌ی کوردستان پۆست‌دا بڵاو کردۆته‌وه و تیایدا رووی کردۆته نووسه‌ران و ره‌خنه‌گران له ده‌سه‌ڵات و ده‌فه‌رمووێ که ئیتر کاتی ئه‌وه‌یه به ناو و وێنه‌ی خۆمانه‌وه ره‌خنه له ده‌سه‌ڵات بگرین و چیترله پشتی ده‌مامک و ناوی خوازراوه‌وه خۆمان حه‌شار نه‌ده‌ین
ئه‌م داوایه‌ی کاک مسته‌فا به نیسبه‌ت ره‌خنه‌گرانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان (ئه‌وروپا) داوایه‌کی زۆر ره‌وا و له جێی خۆیدایه، چونکه هیچ پاساوێک نییه بۆ ره‌خنه‌گران و نووسه‌رانی دانیشتووی ئه‌وروپا که به ناوی خوازراوه‌وه ره‌خنه بگرن یان خۆیان ده‌مامک بده‌ن ، ئه‌وان له هه‌موو رووێکه‌وه ژیانیان پارێزراوه و له ژێر هیچ فشارێکی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیدا نین، به‌ڵام به نیسبه‌ت ناوه‌وه‌ی کوردستان ئه‌وانه‌ی که ره‌خنه له ده‌سه‌ڵات ده‌گرن دیاره ئه‌وانیش ده‌بن به دوو به‌شه‌وه ، به‌شێکیان که بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی خۆیان ده‌که‌ن و خۆیان له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی حزبه‌کاندا پۆڵین ده‌که‌ن، ده‌کرێت ئه‌و داوایه‌ی کاک مسته‌فا بیانگرێته‌وه و لێیان قه‌بوول نه‌کرێت له پشتی ده‌مامک و به ناوی خوازراوه‌وه ره‌خنه له ده‌سه‌ڵات بگرن . هه‌رچی به‌شی دووه‌می ئه‌وانه‌ی له ناوه‌وه‌ی کوردستاندا ره‌خنه له ده‌سه‌ڵات ده‌گرن ئه‌وانه‌ن که فه‌رمانبه‌ر و کارمه‌ندی وه‌زاره‌ت و ده‌زگا حکومییه‌کانن یاخود سه‌ر به حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانن چونکه که‌سانێک هه‌ن که له ناو حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیشن و به‌ڵام ناتوانن له ئاستی گه‌نده‌ڵییه‌کاندا بێده‌نگ بن و له کوردستان پۆست‌دا ره‌خنه ده‌گرن و گرتووشیانه ، من پێموایه ئه‌و به‌شه له ره‌خنه‌گران حه‌قێکی ته‌واوی خۆیانه له ره‌خنه گرتندا ده‌مامکی خۆیان بده‌ن و به هه‌ر ناوێکی خوازراوه‌وه بێت بێنه ده‌نگ و گه‌نده‌ڵییه‌کان ئاشکرا بکه‌ن، ئاخر ناکرێت ئه‌وانه به ناوی راسته‌قینه‌ی خۆیان بنووسن و وێنه‌ی خۆشیان له گه‌ڵیدا بڵاو بکه‌نه‌وه .
کاک مسته‌فا گیان
دیاره هه‌موومان شاره‌زای کرده‌وه و ره‌فتاری هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستانین ده‌زانین تا چ ئاستێک بێباکن به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی ره‌خنه‌یان لێده‌گرن و گه‌نده‌ڵییه‌کانیان ئاشکرا ده‌که‌ن هه‌ر له هه‌ڕه‌شه لێکردن و نانبڕین و تا به لێدان و کوشتن و تیرۆر کردنیش ده‌گات ، بۆ نمونه خۆم کارمه‌ندی ده‌زگایه‌کم و بڵاوکردنه‌وه‌ی ناوی راسته‌قینه‌ی خۆم و وێنه‌که‌م به‌سه بۆ ده‌رکردنم له کاره‌که‌م و نانبڕینم ، بۆیه من پێم باشه به‌ڕێزتان و کوردستان پۆستیش ئه‌و مه‌سه‌لانه له‌به‌ر چاو بگرن و گرنگ ئه‌وه‌یه به هه‌موومان گه‌نده‌ڵییه‌کانی ده‌سه‌ڵات ئاشکرا بکه‌ین و گه‌نده‌ڵکاران ریسوا بکه‌ین ئیتر له په‌نای هه‌ر ناو و ده‌مامکێکه‌و بێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست