خه‌ندان حه‌مه جه‌زا: من تا ئێستاش سفر ناده‌م به‌ده‌سه‌ڵات
Thursday, 14/10/2010, 12:00
با یه‌کسه‌ر بچینه نێو پرسیاره‌کانه‌وه، له‌ویوه به‌م پرسیاره ده‌ست پێبکه‌ین:
کوردستانپۆست: خه‌ندان حه‌مه جه‌زا کێیه؟ هه‌ڵبه‌ته هه‌ندێک که‌س تا ئیستا وا ده‌زانن، تۆ کچی هونه‌رمه‌ند حه‌مه جهزایت و دانیشتووی دانیمارکیت؟ من ڕێز و حورمه‌تێكی زۆرم بۆ هونه‌رمه‌ندی نیشتمانپه‌روه‌ر (حه‌مه‌جه‌زا) ی کۆچکردوو هه‌یه و یه‌كێكم له هه‌واداری مه‌قام و كاره‌كانی، به‌تایبه‌ت مه‌قامی "جوتێ پێڵاوی به‌جێماو مناڵێكی سه‌رلێشێواو" كه شیعری مامۆستا شێخ ئه‌نوه‌ره، تا ئێستاش له‌ناخمدا ده‌ژی و یه‌كێك بووه له هانده‌ره‌كانی په‌روه‌رده‌ی من، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌و هونه‌رمه‌نده باوكی من نه‌بووه. من باوكێكی هونه‌رمه‌ندی ترم هه‌بوو له بواری پیشه‌ی میكانیكیدا و ناسراوه به "جه‌زای حه‌مه سه‌رپاچ" كه له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناسراوی شاری سلێمانیدا ژیاوه و له‌ڕووی جه‌سته‌وه له‌ساڵی 2001 ه‌وه به كۆچێكی هه‌تایی جێی هێشتووین، به‌ڵام ئامۆژگارییه‌كان و ڕۆحی پاكی باوكم هێشتا له‌گه‌ڵمدا ده‌ژی له هه‌ركوێ بم. من ئێستا دانیشتووی ئه‌وروپام و له‌دانیمارك ناژیم.
کوردستانپۆست: خوێندنت که‌ی ته‌واو کردووه، له به‌شێکی دیکه‌ی پرسیارهکهماندا، پرسیار له‌سه‌ر فڕاندنی مێرده‌که‌تان ده‌که‌ین، که دواجار له که‌رکوک بینرایه‌وه، بۆیه دهمانهوێتئهوهندهی که پێویسته لێره‌دا، باسی ژیانی هاوسه‌رگیری خۆتمان بۆ بکه‌یت ؟ من خوێندنم تا ئاستێكی دیاریكراو بڕیوه، ده‌رچووی ئاماده‌یی پیشه‌سازیم، له‌به‌شی كۆمه‌ڵناسی زانكۆی به‌غداش وه‌رگیرام، به‌ڵام جگە لەوە بهزانكۆیهكی سه‌ختی ژیاندا ڕۆیشتووم، ئه‌وه‌ش بۆ من سه‌رچاوه‌ی زانست و زانینهكهمه. یه‌كه‌م كاركردن له‌گه‌ڵ منداڵی سه‌رجاده، دووه‌م له‌گه‌ڵ قوربانیان و ژنانی ئه‌نفال، سێیه‌م له‌گه‌ڵ قوربانیانی توندوتیژی له‌سه‌ر شه‌ره‌ف، دواجاریش ئه‌زموونی به‌ندیخانه و كاری ڕێكخراوی خانزاد.
من له‌ساڵی 1993 ه‌وه له‌گه‌ڵ سۆران قادر هاوسه‌رگیریم كردوه و تا ئێستاش شه‌ریكی ژیانین پێكه‌وه و كچێكی ژیكه‌ڵه و چاوكراوهمان هه‌یه، له ماوه‌ی ژیانماندا له‌گه‌ڵ سۆران پێكه‌وه زۆر كاری هاوبه‌شمان كردوه، ئه‌وه‌نده‌ی بۆمان ڕه‌خسابێت خزمه‌تمان به‌كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی كردووه له‌كوردستاندا، تا ئێستاش هه‌ردووكمان هه‌ر به‌رده‌وامین. یه‌كه‌م جار پێكه‌وه له مناڵپارێز كارمانكرد ساڵی 1993 ، دواتر لهمناڵپارێزی به‌ریتانی كارمانكردووه بۆ ماوه‌یه‌ك، پاشان من بوومه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ر له ڕێكخراوی خانزاد، کە سەر بەڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانییە و ئه‌ویش بووه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ری ئیداره له ڕێكخراوی ئێن پی ئه‌ی نه‌رویجی. له‌بواری سێ توێژینه‌وه‌دا به‌یه‌كه‌وه كارمانكردوه و هاوكاریی یه‌كتر بووین.
کوردستانپۆست: که‌ی کوردستانتان به‌جێ هێشت، پێش هاتنتان بۆ ده‌ره‌وه، له‌وێ چ کارێکتان ده‌کرد؟ دواجار من ڕێكخراوی خانزادم به‌جێ هێشت له‌ساڵی 2008 كه ئه‌و كات به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوه‌كه بووم له سلێمانی. ئه‌م ڕێكخراوه له سه‌ر ئه‌ركی ڕێكخراوی هاوكاری ئه‌ڵمانی دامه‌زراوه و به‌ڕێوه ده‌چێت. خانزاد یه‌كێكه له‌و ڕێكخراوه ده‌گمه‌نه بێلایه‌نانه‌ی، كه تا ئێستاش هیچ یارمه‌تییه‌ك له لایه‌نێكی دیاریكراو وه‌رناگرێت و به‌ته‌واویی سه‌ربه‌خۆیه له‌كاره‌كانیدا، ته‌نیا كار بۆ ژنان ده‌كات.
تا ئەو کاتەش كە من خانزادم به‌جێهێشت كارمان بۆ زۆر پڕۆژه ده‌كرد، به‌ڵام گرنگترینیان پڕۆژه‌ی گرتووخانه‌ی گرتن و گواستنه‌وه و نەوجوانان بوو له سلێمانی، كه تێیدا كاری تایبه‌تمان بۆ ژنان ده‌كرد. ئێستا بۆ گرتووخانەی مەحکومینیش کاردەکەن ، زۆر پڕۆژه‌ی تری په‌روه‌رده‌یی و یاسایی و پارێزگاری توندوتیژیمان هه‌بووه له‌ناو خانزاددا، هه‌روه‌ها هه‌ندێ ڕاهێنانی ته‌رفیهی و چالاكی وه‌رزشیمان بۆ ژنان له مه‌ڵبه‌نده‌كه‌دا هه‌بوو، چونكه تاكه مه‌ڵبه‌ند بووین، که ته‌نیا ژن بۆی هه‌بوو بێته ژووره‌وه. هەندێ جار ڕه‌خنه‌مان لێده‌گیرا له سه‌ر ئه‌م پرسیاره، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌م مه‌ڵبه‌نده به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ته‌وه توانیبووی ئه‌و ژنانه بێنێته ده‌ره‌وه، كه خێزانه‌كانیان ڕێگه‌یان نه‌ئه‌دا تێكه‌لاوی پیاوان بن.
کوردستانپۆست: ئایا له کوردستان، له‌ناو رێکخراوه‌یه‌کدا کارتان ده‌کرد؟ به‌تایبه‌تیی رێکخراوه‌ی ژنان؟ نه‌خێر، من له‌كوردستان به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كانم ده‌كرد، هه‌ندێ جار وه‌ك كه‌سێتی و هندێ جار كۆبوونه‌وه‌ی گشتی به‌هۆی نوێنه‌رایه‌تی خانزاده‌وه، ئه‌گه‌ر نا وه‌ك ئه‌ندامی ڕێكخراوه‌كانی ژنان و ئافره‌تان و خوشكان و ...تاد. ئه‌ندامی هیچ لایه‌نێكیان نه‌بووم. به‌ڵام به‌شداری زۆربه‌ی چالاكی ڕێكخراوه مهدهنیهكانم كردووه، كه تایبه‌ت بوه به‌پرسی ژنان و منداڵان، هه‌ر له نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واریه‌وه هه‌تا پرسی بازرگانی‌و له‌شفرۆشی ژنان و كوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف كارم تێیدا كردووه. جگه له خانزاد، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زراندنی چه‌ند ڕێكخراوێكی تریش بووم له‌وانه ئاسووده. رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ DHRD ئەندامی کەمپینی هەڵوێست و چەندینی تر ..
سه‌ره‌تای كاركردنی ڕێكخراوهییم من له‌گه‌ڵ منداڵدا ده‌ستم پێكرد کاری مندالان بەتایبەت له‌گه‌ڵ ئاواره‌كانی كه‌ركوك، كه له ته‌لاری سلێمانی پاڵاسی ئێستادا نیشتەجێ بوو بوون، کارێکی زۆرم بۆیان کرد. ئەو سەردەمە كاك سالار عزیز پارێزگار ی سڵیمانی بوو هەوڵێکی زۆرمدا، قاعەی شانۆی ئه‌و بینایه چاک بکرێت و پاک بکرێتەوە، تاچالاکی منداڵانی بێسەرپەرشت و ئاوارەکانی تیا بکرێت و خۆشبەختانە هەوڵەکەم له‌گه‌ڵ كاك سالار سەری گرت. پاشان رێکخراوی مندالپارێزی کوردستان ناردیان بەشوێنمدا و وتیان: "بیستومانە سەربەخۆ کارێک دەکەیت بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت".
داوایان لێكردم ئەو پرۆژەیە گەورەتر بکەن و بێێتە پڕۆژه‌ی مناڵپارێز ماوەیەکی زۆریش لەگەڵ ئەواندا کارم کرد و شەوان دەچوومە سەرجادە بۆ مندالانی سەرجادە دەگەرام و هەموو جەژن و ئاهەنگی سەری ساڵێکم لەگەڵ ئەو منداڵانەدا دەگێرا لە ناوەڕاستی شەقامەکانی بەردەرکی سەرا و بەر سینەماکاندا.
له‌و كاته‌دا پیاویش خۆی لە تاریکی و شەری سەرخۆشەکان و قاتوقڕی و ناجێگیری باریسیاسی نێوان یەکێتی و پارتی نێوان یەکێتی و ئیسلامی نەدەگرت من سه‌عات ٢ ی شەو دەکەوتمە گەرانی کۆڵان بە کۆلانی شار و منداڵم لەدەست هەتیو بازەکان ڕزگارم دەکردن، هەڵبەتە کارێکی زۆر گه‌وره‌م نەکردوە، ئه‌وه ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکە، که خزمەتی چینوتوێژەکانی کۆمەڵگا بکات بەتایبەتیش منداڵ، کە نەوەی داهاتووی کۆمەڵگاكهمانن.
ناکرێت لێرەدا باس لە ئازار و سیما تاڵەکانی شەو بە شه‌وی سەرشەقامەکان بکەم مەگەر منداڵەکان بزانن چ ساتێکمان بەڕێ دەکرد. پاشان من لە سەر شەقامەکانەوە تێگەیشتم کە کێشەکە تەنها منداڵ نییە، بەڵکو زۆرێک لەژنان ژێردەستەن و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و ئازار دەدرێن، بێ ئەوەی کەس هەستیان پێ‌بکات. هەمیشە وابیرم دەکردەوە یەکێتی ژنان یان رێکخراوەکانی تر کار بۆ ژنان دەکەن و منی کەم نییە، بەڵام منداڵانی سەرجادە هیچ کەس نەدەهات لە پرۆژەیەکی وادا کار بکات، تا دواتر چەند کارمەندێکی ترمان وەرگرتوو یەکێک لەوانە تا ئێستاش بەردەوامە، ئه‌ویش کاک عه‌لییه، بەڵام کاتێ بەهۆی کێشەی منداڵەکانەوە رێم کەوتە زیندان هەستم کرد، کەوتوومەتە دنیایەکی تر و بڕوام بە بیستنی حکایەت و بەسەرهات و ناعەدالەتی و توند و تیژیەکانی دادگا و بنکه‌کانی پۆلیس و دامودەزگای بەرپرس نەدەکرد. چەندین ژن لەنێو پیسترین گرتووخانەدا ژیانیان بەسەردەبرد بە شێوازێکی زۆر نامرۆڤانە تەماشا دەکران و ڕۆژانە هەموو ساتێک زۆرترین سوکایەتییان پێ دەکرا و دەستدرێژی و جۆرەها شیوازی ناشیاویان بەرامبەر دەکرا، ئیتر من بڕیارمدا کار لەسەر ژنان بکەم، هێواش هێواش تیگەشتم ژن چ بەد بەختی دەکێشێت لەژێر پەردەی بێدەنگی و حورمەت و شەرەف و پیاوسالاریی. منیش وەک هەموو هاوڵاتییەک وەک دایکم وەک دراوسێکەمان وەک هاوڕێکەم پێم وابوو ژن تەنها بۆ پارە لەشفرۆشی دەکەن. بەپێێ قوڵبونەوەم لەکارەکەمدا دەمبینی ژمارەی لەشفرۆش بەپێێ ئامارەکان لەزیندادا زۆر زیاترە لە هەموو مادەکانی تر، واتا زۆرترین بەند کراوی ژن لە سەر خیانه‌تیی هاوسه‌رگیریی و لەشفرۆشی بوو. ئیتر لێرەوە بڕیارمدا من لێکۆڵینەوە بکەم لە سەر دیاردەکە. له سەرەتادا ته‌نها زانیاریم کۆدەکردەوە، هیچ کاتیش نەم دەویست لە میدیاکان باسی بکەم و قسەی لەسەر بکەم، بەڵام لەپاڵ کارەکەدا فشارێکی زۆرمان لەڕێگەی ڕیکخراوەکەمانەوە هێنا بۆ سەر دەسەڵات و وەزارەتی ناوخۆ. له سه‌رده‌می هه‌موو وه‌زیره‌كاندا شه‌ڕمان له سه‌ر گرتووخانه ده‌كرد، به‌چاك و خراپیانه‌وه، به‌ڵام خۆش بەختانە لەسەردەمی بەڕێز کاک عوسمانی حاجی محمود زۆرترینی داواکانمان جێبەجێکرا، كه به‌ڕاستی به‌ته‌نیا بۆ ئازایه‌تی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونكه وه‌زیره‌كانی پێش خۆی زۆر ده‌ستكراوه‌تر بوون له‌و، كه‌چی هیچیشیان نه‌كرد.
کوردستانپۆست: که‌ی بیرۆکه‌ی نووسینه‌وه‌ی ئه‌و کتێبه (ئۆقیانوسێک له تاوان) که‌وته سه‌رتان؟ هۆکاری چیی بوو؟ من پاش په‌یمانی ستراتیژی نێوان یه‌كێتی و پارتی، ورده ورده وه‌زاره‌تی ناوخۆ له سلێمانی كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی تێكه‌وت، هه‌رچه‌ند هاوكاری ئێمه‌یان هه‌ر ده‌كرد، به‌ڵام وه‌ك پێویست نه‌ده‌توانرا پڕۆژه‌كانمان بۆ ڕاپه‌ڕێنن. بۆ نمونه پێشنیاری پڕۆژه‌ی چاكسازیهكمان به‌پرسی بازرگانی ژنان پێشكه‌ش كرد، كه‌س وه‌ڵامی نه‌داینه‌وه، له توانای كاك عوسمانیش نه‌بوو بۆمان، که جێ به‌جێ بكات. هه‌ولێر و سلێمانی زۆریان پێ كردین. دواتر بڕیارمدا ئه‌و زانیاریانه‌ی كۆمكردونهتهوه له‌ماوه‌ی ئەو چەند ساڵدا ڕێكیان بخه‌م و هه‌ندێ چاوپێكه‌وتنی تایبه‌ت بكه‌م كه له‌چوارچێوه‌ی تێۆری توێژینه‌وه‌كه‌دا پێویست بوو بەتایبەتیش دەم بینی قەبارەی کێشەکە لەوە گه‌ورەترە کە کۆمەڵگا بیبیستێ لە ڕاپۆرتێکی رۆژنامەوانیدا ئەمە جگە لەوەی هیچ سەرچاوەیەکت لە کتێبخانەی کوردی‌دا نەدەبینی باسی لەسەر ئەم کێشە و دیاردەیە کردبێت . بۆیه له‌ساڵی-2007 بڕیارمدا وه‌ك توێژینه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانی به‌چاپی بگه‌یه‌نم.
کوردستانپۆست: وه‌ک ده‌ڵێن ئه‌و کتێبه به‌شی تری به‌دوادا دێت؟ ئه‌مه تا چه‌ند راسته؟ که‌ی ئه‌وه‌ش به چاپ ده‌گه‌یه‌نن؟ مه‌رج نییه من ئیتر هه‌ر بنووسم، زۆرجار ئێمه ده‌بینین گۆرانیبێژێك به‌رهه‌مێكی باشی ده‌بێت ده‌وروبه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێده‌كه‌ن تا به‌رهه‌مێكی تری ببینن، به‌ڵام ده‌بینی به‌رهه‌می داهاتوو وه‌ك یه‌كه‌م باش نابێت. من له‌نووسینی ئۆقیانووسێك له‌تاواندا یه‌ك گه‌یشتمه ئه‌نجامێک و ئه‌و قازانجه‌ی هه‌بوو، که، هه‌ركه‌س ئه‌و كتێبه‌ی خوێندبێته‌وه، دوای كتێبه‌كه به‌چاوی حورمه‌تێكی تره‌وه سه‌یری له‌شفرۆشه‌كان ده‌كات و ده‌زانێت خه‌تای كێیه ئه‌وا ده‌ژین. ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی گرنگه.
من نووسه‌ر نیم به‌و مانایه‌ی نووسین پیشه‌م بێت، به‌ڵام زیاتر حه‌زم له توێژینه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر بزانم باشهاتی باشی ده‌بێت. كارمكردووه له‌سه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌ك به‌ناوی خیانه‌تی هاوسه‌رگیریی، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌نده ساده نییه و ده‌رئه‌نجامه‌كانی زیانیان بۆ ژنان زیاتره تا سوود. له‌و ڕووه‌شه‌وه من ڕێگه به‌خۆم ناده‌م كاره‌كه بكه‌م. له‌لایه‌كی تره‌وه من به‌ڕاستی ئێستا دوورم له‌كوردستان و پێویستیم به توێژه‌ری مه‌یدانی هه‌یه ئه‌و كاره‌م له‌گه‌ڵدا بكات به‌ته‌نیا ناتوانم پشت ببه‌ستم به‌داتا كۆنه‌كان، كه له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوودا كۆمكردوونه‌ته‌وه. ئه‌م دوو هۆكاره مه‌بده‌ئی و ته‌كنیكیه، ده‌ستیان گرتووم له‌وه‌ی جارێ كاره‌كه ئه‌نجام بده‌م.
کوردستانپۆست: زۆر له سه‌ر ئه‌و کتێبه قسه‌کراوه و گفتوگۆ و سیمینارتان کردووه، ئێمه ده‌مانه‌وێت پرسیار له سه‌ر ئه‌و خه‌ڵاته بکه‌ین، ده‌توانیت چیرۆکی خهلاتهکهمان بۆ بگێڕیته‌وه؟ سه‌ره‌تا پێم خۆشه هه‌موو كه‌س بزانێت، كاتێك بانگه‌واز كرا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێكخراو، یان نووسه‌ره‌كان هه‌ر به‌رهه‌مێكیان هه‌یه سه‌باره‌ت به توندوتیژی ژنان بینێرن بۆ هه‌ولێر بۆ ده‌ستی لیژنه‌یه‌ك، من بابه‌ته‌كه‌ی خۆمم نه‌نارد. له‌ڕاستیدا بۆم گرنگ نه‌بوو، چونكه ئامانجم له خه‌ڵاته‌كه و ناوبانگه كه گه‌وره‌تر بوو. پاش ماوه‌یه‌ك مه‌هاباد قه‌ره‌داغی په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم، كه بۆچی من بابه‌ته‌كه‌ی خۆمم نه‌ناردووه بۆ ئه‌و لیژنه‌یه. منیش وه‌ڵامم دایه‌وه، كه من بۆ خه‌ڵات ئه‌و كاره‌م نه‌كردوه و گرنگیش نییه خه‌ڵاتی له‌سه‌ر وه‌رگرم. دواتر وتی: "من خۆم كتێبێكم هه‌یه ئه‌و دانه‌یه ده‌ده‌مه لیژنه‌كه، به‌ڕاستی پێم خۆشه به‌شداری بكات". منیش له وه‌ڵامدا وتم ئازادیت، سوپاستان ده‌كه‌م.
پاش ماوه‌یك په‌یوه‌ندیم پێوه‌كرا، گوایه ڕێكخراوه‌كان ده‌عوه‌تن له هه‌ولێر و ده‌بێت به‌شداری كۆنفرانسی خه‌ڵاتی ژن پارێزی بكه‌ین و ئاماده‌بوونێكی جوان و مه‌راسیمێكی شایسته به‌كاره سه‌ركه‌وتووه‌كان پێشكه‌ش دەکرێت. من توێژینه‌وه‌كه‌ی خۆمم بیرچووبوو. زۆریش سه‌رقاڵ بووم، ویستم كارمه‌ندێكی خانزاد بنێرم. پێیان وتم ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوه‌كه نه‌یه‌ت نابێت. به‌هه‌رحاڵ كاتێ چوومه هه‌ولێر ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم نه‌بوو من خه‌ڵات بكرێم. چونكه ته‌واویی ڕێكخراوه‌كان و منیش وامان ده‌زانی، كه 18 خه‌ڵاته و من خۆم كاری باش شك ده‌بم كه كراوه باوه‌ڕم نه‌بوو من خه‌ڵات بكرێم، یان ڕاستره بڵێم باوه‌ڕم نه‌بوو به‌ته‌نیا من خه‌ڵات بكرێم.
نیو سەعات پێشی خوێنەوەی خەلات کە لەمەراسیمەکەدا دانیشتبوم کەسێک هاتە تەنیشتم و وتی تەنها یەک خەلاتە و خەلایتش بۆ کتێبەکەی جەنابتانە وتەیەک ئامادە بکە. ئەوەندە تووشی شۆک بووم، کە نەم توانی هیچ ئامادە بکەم تەنها لاپەرەی بەرگی کتێبەکەمم خوێندەوە. هه‌روه‌ها داواشم كرد خەلاتم ناوێت، خەڵات بۆ من جێ بەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەیە، کە چوارساڵە داوم له په‌ڕله‌مانی كوردستان كردووه بۆ ژنانی لەشفرۆش. پاشان ئەوەی بۆ من پرسیار بوو ئایا لیژنەکە کێن؟ کێ هەڵبژاردووە؟
لە وەلامدا زانیم لیژنەیەکی دوور لە دەسەڵات و حیزب بوون، زۆربەیان لە سوید گەڕابونەوە و هەوڵیان دابوو بەو پەری بێلایەنی کارەکە بکەن. ئەو پێوەرانەش، کە دایان ناوە کتێبەکەی من زۆر ترینی گرتۆتەوە. ئه‌مه ده‌قاوده‌ق چیرۆكی خه‌ڵاته‌كه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ی من ده‌یزانم.
کوردستانپۆست: هه‌ندێ که‌س سه‌رنجیان له سه‌ر ئه‌وه‌یه، که ده‌ڵێن نه‌ده‌بوو، ئه‌و خه‌ڵاته‌ی وه‌ربگرتایه، ئه‌وه‌ی خه‌ڵاتی ده‌ڵات وه‌رده‌گرێت، مانای وایه له گه‌ڵیاندا کۆکه، خه‌ڵات هه‌رچه‌نده جوانه، به‌ڵام له ده‌سه‌ڵاتێکی وه‌ک ده‌سه‌ڵاتیی کوردی ئه‌و جوانییه‌ی تێدا نییه! بۆ ئه‌مه چی ده‌ڵێیت؟ ئه‌گه‌ر چی من وه‌ك نووسه‌ر ئه‌و خه‌ڵاته‌م وه‌رگرت، به‌ڵام خه‌ڵاته كه بۆ من نه‌بوو، بۆ ڕێكخراوه‌كه بوو، وه‌رنه‌گرتنی كوتوپڕی، یان دواتر ڕه‌تكردنه‌وه‌ی، ده‌بووه مایه‌ی زیان و هیچ هه‌نگاوێكی دیبلۆماسی نه‌ده‌بوو. له‌ڕاستیدا ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت من په‌شیمان بم له وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه، چونكه له‌سه‌ر شانی ده‌سه‌ڵات واجبه خه‌ڵاتی نووسه‌ر و كاری سه‌ركه‌وتوو بكات. له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی تا ئێستا كردوویانه كه‌مترینی پێویستییه‌كان بووه به‌رامبه‌ر نووسه‌ران و چالاكهوانهكان. دواجار ده‌سه‌ڵات خاوه‌نی هیچ نییه، جگه له سهروكاركردنی سامانی میلله‌ت، بۆیه من ئه‌و خه‌ڵاته به‌خه‌ڵاتی میلله‌تی ده‌زانم تا به‌ته‌نیا، هی ده‌سه‌ڵات. دواتر له بیرمان نه‌چێت، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی هیلاكیی و ماندوێتی و موجازه‌فه و مه‌ترسییه‌كان لێك بده‌ینه‌وه، ئێستا له بری وڵاتێكی ئه‌وروپی ده‌بوو ده‌سه‌ڵات سه‌دان ئه‌وه‌نده‌ی بۆ من خه‌رج بكردایه كه بهمستۆگهری ژیانم بپارێزێت. له‌لایه‌كی تره‌وه خه‌ڵات ته‌نیا سومبولێكه، دواتر من تا سه‌ر ئێسقان له ده‌سه‌ڵاتی كوردی ناڕازیم، به‌ڵام خه‌ڵكی دڵسۆز و باشی له‌ناو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا هه‌بوون، كه هاوكارییان كردووین، وه‌ك وه‌زیری ناوخۆ، كه پێشتریش باسم كردووه. نابێت له بیریشمان بچێت، ده‌سه‌ڵات چۆن خه‌ڵاتی قوتابیه یه‌كه‌مه‌كان ده‌كات، ده‌بێت خه‌ڵاتی هه‌موو كارێكی باشیش بكات، جا خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كه‌ن ئیتر هیچی تیا نامێنێته‌وه ئاو بێنه و ده‌ست بشۆ. من تا ئێستاش سفر ناده‌م به‌ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوودا بینیومانه ڕۆژ له ڕۆژ نمره‌ی ده‌سه‌ڵات له دابه‌زیندایه، بۆیه به‌لامه‌وه سه‌یره خه‌ڵكێكیش، كه خۆیان به‌دڵسۆز ده‌زانن و ڕه‌خنه ده‌گرن، نازانن ئێمه چیمان كردووه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات. كه‌مێكت بۆ باس بكه‌م. لە سەر داوای ڕیکخراوی خانزاد سجن گوێزرایەوە‌و بەپێی تاوانەکان پۆلێن کران و جیادەکرانەوە..
گۆڕانێكی تەواو لە سیستەمی بەڕیوەبردن و کارکردن و خزمەتگوزاریی بۆ بەندکراوان ده‌ستی پێكرد، کە جاران دەبو لە توالێتا به ئاوی سارد خۆیان بشۆن. بەڵام ئێمە ڕۆژانە هەموو رۆژنامەکانمان دەگەیاندە دەست بەندکراوان، هەروەها تەلەفزیۆن و سەتەلایت و هەرکەس لۆکەری خۆی و قەرەوێڵە و گەرم بکەرەوە و سپلیت و نوێنی پێویست و کتێبخانە و شوێنی وەرزش و چەندین شتی ترمان بۆ دابین كردن. سەرەرای ئەوەش هەموو بەندکراوێک لە سادەترین شتەوە وەک فڵچە و دەرمانی دان و سانتی و خاولی و کرێم و شامپۆ و جلوبەرگ و تەواویی پێداویستی وەردەگرێت. تەواوی پۆلیس و مفەوز و ئیدارەی ژنانمان کرد بە پۆلیسی ژن تا پیاوان ئیستغلالیان نەکەن لەناو گرتوخانەکەدا هەر کەیسێك توێژەری کۆمەلایەتیی و پارێزەر ڕۆژانە بەدوای کێشەکەوەیەتی کاری هەرە قورس سەردانی خانەوادە و خێزانەکانیان تا بتوانین ئاشتی و ژیانێکی ئارامیان بۆ دابین کەین پاشی سجن.
خانزاد شەردەکات لەگەڵ یاسا دەسەلات کلتور خێزان عەشرەت ئەمە کارێکی ئاسان نییە، ئه‌و به‌ڕێزه‌ی ده‌یه‌وێت من خه‌ڵات ڕهتكهمهوه له‌خۆی ناپرسێت ئێمه ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌مان چۆن له‌ده‌سه‌ڵات پچڕیوه، خۆ هه‌ر وا ئاسان نه‌بووه، ئه‌ی له‌هه‌ڵوێستێكی وادا ڕه‌تكردنه‌وه‌ی خه‌ڵات دوژمنایه‌تی ده‌سه‌ڵات ناگه‌یه‌نێت؟ به‌ڕاستی ئه‌وانه شاره‌زای كاری ڕێكخراوه‌یی نیین بۆیه وا ده‌ڵێن. ڕه‌تكردنه‌وه‌ی خه‌ڵات ده‌بوو به‌گرفت بۆ خۆم و ڕێكخراوهكهم، چونكه خۆم ده‌مزانی له‌چ کهشو هه‌وایه‌کدا ژیان ده‌گوزه‌رێنم. وێنەی گرتووخانەم لایە، کە بەر لەوەی ئێمەدەست بکەین بەکار بۆیان هیچ کەسێک ناتوانێ تەسەوری ئەو گۆرانکاریە بکات. لێره‌دا ناچارم من پرسیار بكه‌م، ئه‌گەر ئەمانە خزمەت نەبن ئەی چی خزمەتە؟ باڵەخانە بەرزەکانی یەکێتی ژنا و یەکێتی ئافرەتان؟ کە ژنێکی بێسەرپەرشت بۆی نییە شەوێکی تیا رۆژ بکاتەوە؟ یان به‌رنامه ڕۆشنبیریهكانیان؟ یان دەهۆڵ و زوڕناکەی لە8 مارسدا دەیبەن بۆ کارخانەکان و دەلێن بەبۆنەی رۆژی ژنانەوە هەڵپەرن؟
ئێمە هەمو 8 مارس بۆنه‌یه‌ك لەگرتوخانە لەگەڵ ئەو ژنانەدا کۆبوینەتەوە و لەڕێگەی بەسەرکردنەوەمان ئازارەکانیانمان لە کۆڵ گرتووە ، بەبەشداری ڕۆژەکانی چەژن لەگەڵیاندا سەرەڕای ئەوەی سەدەها دۆسیەی کاری کۆمەڵایەتی لەو ڕێکخراوەدا شایەت حالی دڵسۆزی و خەمخۆری کارەکانیەتی بۆ ژنان سەدەها ژنم بەدەستی خۆم خستۆتەوە نێو باوەشی خێزان و ئارامییمان بۆ گەڕاندۆتەوە جا هەرچ کێشەیەکی بووبێت. به‌هه‌ر حاڵ باوه‌ڕ ناكه‌م له‌وه زیاتر پێویست بێت له‌سه‌ر ئه‌و خه‌لاته و كاره‌كانی خانزاد بڕۆم.
کوردستانپۆست: پرسیارێکی زۆر هه‌ستیار ده‌شتوانن وه‌ڵامی نه‌ده‌نه‌وه: راتان به‌رامبه‌ر به مه‌هاباد قه‌ره‌داغی چۆنه، ده‌ڵێن گوایه ئه‌و پێشنیاری ئه‌و خه‌ڵاته‌ی کردووه، و دوای ئه‌وه پهیوندییتان له‌وه به‌هێز بووه، ئه‌مه تا چه‌ند راسته؟ من رام وایە هەرچی لە دەسەڵاتی کوردی نزیک بێتەوە دەبێ دەمی خۆی بگرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هەرچی هەستێت و لە دەرەوەی دەسەڵات کار بکات، قسه‌ی من له سه‌ر توێژی ژنانه، پاشان خۆی دوور خاتەوە ئیتر دەسەڵات قۆرخ ده‌بێت بۆ پیاوان .. دەبێ و پێویستیشە ژنانێک بەپێچەوانەی من بیر کەنەوە و بیانەوێت خەباتی خۆیان لەناو جەرگەی دەسەڵاتدا بکەن، مەرج نییە خەبات هەر لە ئۆپوزیسیۆندا بێت. نكۆڵی له‌وه‌ش ناكرێت مه‌هاباد قەرەداغی ژنێکی بوێربووە و دەیان بابەتی سەرنج راکێشی نووسیوە، مەگەر هەر ئەو کۆمەڵگایە نەبوو شانازی بەو خانمەوە دەکرد؟ من تێناگەم بۆچی کاتێک ژنێک بیروبۆچوونێكی جیاوازی هه‌بێت ئیتر هه‌موو ده‌ست ده‌كه‌ن به‌لێدانی؟ من له‌هه‌موو جێگایه‌كی ئه‌م دنیایه‌دا پێویستم به‌وه هه‌یه ژنان كاربكه‌ن بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانم ئیتر گرنگ نییه له‌كوێدا كارده‌كه‌ن، من ئۆپۆزسیۆن بوون ناكه‌م به‌قوربانی ژن بوونی خۆم. بۆیه باوه‌ڕم وایه كه‌سێكی وه‌ك مه‌هاباد ئه‌گه‌ر هه‌مووشمان به‌هه‌ڵه‌ی بزانین له ڕووی سیاسییه‌وه ئه‌و له‌ڕووی ژنێتی خۆیه‌وه كارێكی ڕاست ده‌كات و هه‌وڵ بۆ ئامانجێكی ڕاست ده‌دات. من پرسیارێك ئاراسته‌ی خه‌ڵك ده‌كه‌م: "ئه‌گه‌ر به‌یانی مه‌هاباد قه‌ره‌داغی به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات چۆڵ بكات و ببێته ئۆپۆزسیۆن، ئیتر هه‌موو به‌شان و باڵیا هه‌ڵ ئه‌ده‌نه‌وه بێ ئه‌وه‌ی بزانن چی ده‌ڵێت؟ ئه‌مه گرفتی فێمینیزمی ئێمه‌یه له‌كوردستاندا كه نازانێت چی ده‌وێت.
کوردستانپۆست: له‌سه‌ر رفاندن و ده‌ستبه‌سه‌رکردنی مێرده‌که‌تان حه‌ز ده‌که‌ین خۆتان قسه‌ی لێوه بکه‌ن، هۆکاری چیی بوو؟ په‌یوه‌ندیی به خۆتانه‌وه هه‌بوو؟ هێرشی نابه‌جێ و هه‌ڕه‌شه و چاوسووركردنه‌وه و ئاگاداركردنه‌وه بۆ من و هاوسه‌ره‌كه‌م ته‌نیا ڕۆژێك یان پاش كتێبه‌كه نه‌بوو. هه‌ندێ كه‌سی نزیك چ له‌ده‌سه‌ڵات چ له‌ئاسایش و پۆلیس له هه‌ڕه‌شه‌كان ئاگادارن. من سه‌باره‌ت به‌و كاره‌ی ده‌مكرد ڕۆژانه و هه‌فتانه وه‌جبه‌یه‌ك هه‌ڕه‌شه و ئاگاداركردنه‌وه‌ی جیاوازم بۆ ده‌هات. هاوسه‌ره‌كه‌م به‌ته‌نیا هاوبه‌شی ئه‌و كتێبه‌ی نه‌كردووه، له ڕاستیدا ته‌نیا چه‌ند ڕێنمایه‌كی زانستی كردووم، به‌حوكمی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی له بواری توێژینه‌وه‌ی زانستیدا هه‌ی بوو. داواشم لەچەند مامۆستای زانکۆ کرد داوای بڕێک دۆلاریان لێدەکردم ئەسڵەن بۆیان گرنگ نەبوو بەهای توێژینەوەکە ئەوان بە کاسپی دەیان بینی، ناچار داوام لە هاوسەرەکەم کرد ئه‌و له‌ڕووی سیاسیی و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیه‌وه چالاك بوو هاوكاری زۆر ڕۆژنامه و ڕێكخراوی كردبوو، له‌م دواییانه‌شدا خه‌ریكی توێژینه‌وه‌یه‌ك بوو له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی له‌كوردستاندا و چالاكییه‌كی بێلایه‌نی مافەکانی مرۆڤ بوو.
یه‌كه‌م جاری نه‌بوو هه‌ڕه‌شه‌ی لێ بكرێت و زۆر جار هه‌ر گوێی پێنه‌ده‌دا، چەندین جار ئیمێڵیان بۆ دەکرد لە سەر من و کارەکانم ئەوە جگە لە قسەی ناشرین و سوکایەتیی و قسە هەڵبەستن ، هەندێ كات له سه‌ر یه‌كێتی و پارتی تووشی به‌زم ده‌بووین، كاتی شه‌ڕی ناوخۆ.. ئێمە هەمیشە دژ بە تیرۆر و توندوتیژی بووین.
من ئەندامی کەمپینی دژە تیرۆر بووم و لەساڵی 98 دا لەگەڵ گروپێک چووینە پەرلەمان و سەرجەم دەسەلاتی یەکێتیی و پارتیشمان بەسەر کردەوە و دا‌و تکامان کرد، کە لەپاڵ ئەم دۆخەدا هەرچی کەسێک لە سلێمانی دەکوژێت رادەکاتە هەولێر یاخود بەپێچەوانەوە بەتایبەت ئەوانەی ژن دەکوژن. نازانم ئەمانە کار نەبن چی کارن؟ به‌م جۆره‌ش به‌هه‌مان ده‌ستووری حوكمڕانی دیكتاتۆره‌كان، ئه‌وه‌ی ناپاك نه‌بێت مه‌ترسیداره و ده‌بێت خه‌تی بۆ بكێشرێت.
پاش هاتنی من بۆ دەرەوە هاوسەرەکەم چووە خانویەک بەرامبەر ماڵی کاک عومەر فەتاح، چووبوونە سەر ماڵەکەمان و هەرچی کەلوپەلی ناوماڵەکەمانە بە بۆیەی پەمپ نوسرابوو، فیشەک وەک هێما فڕێدرا بوو، تەنانەت جلی ناو کەنتۆرەکانیشمان نووسرابوو لە سەر دۆشەکی سیسەمەکە نوسرابوو: (ئا لێردا ده‌تکوژین) و نامەیەکی پڕ هەرەشە و گوڕەشەی ناشرین جێ هێڵرابوو، کە تێدا نوسرابوو داوا ده‌كه‌ین:
1. ژنەکەت لەسەر تەلەفزیۆن بلێت درۆم کردوە ئەو کتێبەدرۆیەو هیچ بەر پرسێکی پارتی‌و یەکێتی لەو کتێبەدا نیە.
2. هەرچی لایە تەسلیمی بکاو هیچ كۆپیه‌كی لا نه‌مێنێت
3. بە هیچ جۆرێک کەستان لەمەودوا نەبنووسن و نه هیچ بڵێن له‌هیچ جێگایه‌ك، من لێره‌وه زۆرم تكا كرد كه هاوسه‌ره‌كه‌م له میدیاكان قسه بكات و هه‌ڕه‌شه‌كان ڕاگه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئه‌و ڕازی نه‌بوو ده‌ی وت ئه‌وه ناهێنێت، من نامه‌وێت چونكه بۆی هه‌یه خه‌ڵك هه‌ست بكات موزایه‌ده‌ی سیاسیی ده‌كه‌م، جارجاریش ده‌یوت ئاخر حاكم پێی وتوم له‌كاتی شكاتهكهدا بۆ میدیاكان قسه نه‌كه‌یت با سه‌ر ته‌حقیق تێك نه‌چێت.
بەڕاستی من فشارێکی زۆرم بۆ هێنا، به‌ڵام سوودی نه‌بوو، ته‌نیا به سه‌ر زاره‌كی له‌گه‌ڵ كاك شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا باسیی كردبوو وه‌ك خه‌به‌رێكی براده‌رانه. دوای ئەو ڕووداوە پاش ته‌واوبوونی مۆڵه‌تی هه‌ڕه‌شه‌كان ڕفێنرا، بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ بێ سه‌ر و شوێن كرا، پاشان له‌كه‌ركوك فڕێدرا سه‌ره‌ڕای لێدان و ئیهانهكردنێكی زۆر ، هه‌مان هه‌ڕه‌شه‌كانیان پێ وتبوه‌وه، كه له‌نامه‌كه‌دا هاتبوو، بۆ زانیاری زیاتر ئه‌توانن له سایتی سبه‌ی چه‌ند ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی خۆی بخوێننه‌وه، كه له‌به‌رواری 20/1/2010 بڵاو بۆته‌وه به‌ناونیشانی "ناچارم هه‌ندێك له‌ڕاستی تاوانه‌كان بڵێم"، هه‌مان وتار له‌ژماره (566) ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه له‌به‌رواری 26/1/ 2010 دا.
بەدڵناییەوە هاوسەرەکەم هۆکاری فشار و هێرشی میدیاکان و قونسڵیەتەکان و ئەمنستی و سه‌فاره‌ته‌كانی هه‌موو ئه‌وروپا، تەواویی ڕێکخراوانی ناوە و دەرەوە کەوتنە نامەنووسین و فشارهێنان، دەنا ئەویش لە سەردەشت خراپتری لێدەکرا و دەشکرا بەتیرۆرست. ئەوەی جێگەی تیبینیە بۆ من، زۆر کەس رەخنەیان هەیە و دەلێن سینارۆ بوو، دەنا چۆن بە سەیتەرەکاندا برا و کەس نەیزانی! لێرەدا پێکەنینێكی گریاناویم دێت بەو رەخنانە! ئەوە سەردەشت بە باڵی هەورا فڕێنرا بۆ موسڵ؟ ئەی بایز ئاغا لە ژێر زەوییەوە بۆی دەرچوو؟ کاتێ ناکوژرێیت و به هه‌ر حاڵێك ده‌رباز ده‌بیت، ده‌ڵێن سیناریۆ بوو. کاتێکیش دەکوژرێیت دەڵێن تیرۆرست بوو. نازانم دەسەڵات کۆمەڵگا بە بێ‌ئاگا دەبینێت، یان به زۆرە ملێ پڕوپاگه‌نده‌كانی خۆی ده‌سه‌پێنێت؟ ئه‌گه‌ر بێئاگاییه. هیوادرم له ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌وه بتوانرێت هۆشیار بكرێته‌وه، ئه‌گه‌ر به زۆرە ملێشە ئه‌وا خه‌ڵكیش ناچاره بێتە قسە، ئێمه‌ش خه‌ڵكین.
کوردستانپۆست: بۆچی رووتان کرده هه‌نده‌ران؟ هه‌ندێک ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵات یارمه‌تیی داوه، ئه‌و کتێبه‌ش بوو به پهساپۆرتێک بۆ ده‌ربازبوونتان؟ له سه‌ر ئه‌مه قسه بکه؟ زۆر كات هه‌ڕه‌شه‌مان به‌هه‌ند وه‌رنه‌ئه‌گرت، به‌ڵام كاتێك هه‌ڕه‌شه كه‌وته سه‌ر ژیانی مناڵه‌كه‌م، بڕیارمدا نه‌گه‌ڕێمه‌وه كوردستان. دواتریش هاوسه‌ره‌كه‌م ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ردا هات، به‌ر له كاره‌ساته‌كه پلانم هه‌بوو بگه‌ڕێمه‌وه كوردستان و ئیتر به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌كان كه‌م بووبنه‌وه، به‌ڵام ڕاستی و واقع جۆرێكی تر بوون.
ئێمه خۆمان ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌مان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرت، من خۆم له ساڵی 2005 بوو من لەگەڵ سەرۆک باندێک لەگرتوخانە قسەم دەکرد زۆر زانیاری دامێ، لێم پرسی: ئایا ناترسی؟ وتی: نه‌خێر، بۆیە بەئاشکراش بە تۆ دەڵێم گەر تا شەممە کەفالەتم بۆ نەکەن حەیایان دەبەم، زۆریش تکای دەکرد من لە رۆژنامە ئەم قسانە بڵاو بکەمەوە. پێم وت من کارەکەم شتێکی ترە و ئامانجیشم لە چوار چێوەی ڕاپۆرتێکدا کۆ نابێتەوە. بەهەر حال من هێشتا دانیشتبوم پۆلیسێک هات وتی خەندان خان س .... مواجەی هاتوە بابێتە حەوشە. من ناچار هەڵسام ڕۆیشتم کاتێ کەوتمەڕێ هێشتا نەگەیشتبومە بەردەرگای رێکخراوەکەمان زەنگێکم بۆ هات بێ پێشەکی و هیچ سڵەمینەوە وتی گوێ بگرە (س ...) هەرچێ پێ وتوی دەریکە لە مێشکت دەنا بەیەک فیشەک دەریدەکەم لە مێشکت.
یەکسەر منیش گەڕامەوە زیندان و لە س.. م پرسی ئەوەچی بوو؟ وتی وەڵا من بە فڵان کەس و فڵان کەس و فیسارم وتوە گەر کەفالەتم بۆ نەکەن ناوتان دەخەمە سه‌ر جەریدە، هەموو شتێکم بەخەندان خان وتووە، ئەوەش ژمارەکەیەتی. ئەمە وەک نمونەیەک باس دەکەم، کە سەدان جار شتی لەم بابەتە ڕووی داوە، زۆر جار بە ڕاستی سەرۆک باند زۆر توند پلانیان بۆ دادەڕشتم و هەڕەشەیان لێدەکردم، چونکە زۆر جار ژنی بەد بەخت، کە ئیستیغلال دەکرا لەژێر چنگیان دەربازمان دەکرد و دەمان ناردنە سەنتەرێک یان چارەیەکی ترمان بۆ دەدۆزینەوە پاشان هیواش هێواش هەڕەشەکان چر بوونەوە، بەتایبەت دوای خەڵاتەکە، تا ئاستێک بو ئەو كارمه‌ندانه‌شی گرته‌وه، کە لە کتێبەکەدا ناویان هاتووە. ئەوان زۆر ترسان و ڕاستەوخۆ چوون شکاتیان کرد. هەڕەشە ده‌ستیكرد به بڵاوبوونه‌وه، به‌سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیانمدا، تا به‌ئاستێكی لێهات گه‌یشته مه‌ترسی بۆ سه‌ر کچەکەم و ویستیان بیفڕێنن ناچار لەو مەکتەبە نەقڵم کرد لە ماوەیەکی زۆر کەمدا تەواو ژیانیان لێ شێواندم.
چەندین لە شفرۆش هاتنە لام و تکایان کرد ئاگاداریی خۆم بم، تەکبیرم له‌سەر کراوە، ئینجا من باوه‌ڕم به‌قسه له‌شفرۆشه‌كان هه‌بوو، چونكه خه‌ڵكی به‌ده‌سه‌ڵات ده‌چووه لایان و پێشتریش هه‌ندێكیان بۆ كاری سیخوڕی له نێوان به‌رپرسه‌كان خۆیاندا به‌كار هاتبوون. تەنانەت رۆژێک سایەقێکی خەتی هەولێر نامەیەکی گەیاندە دەست ڕێکخراوەکەمان کە گوایه لەشفرۆشێک نووسیبووی: "پێم وتراوه بێم تێزاب بكه‌م به‌ده‌م وچاوتا" بەهەرحاڵ من لە نێو ئەوتەم و مژەدا هاتمە دەر بەخاتری پاراستنی گیانی کچەکەم ئینجا خۆم.
من لەڕێگەی ڕیکخراوەکەی خۆمەوە هاتووم بۆ هەندەران چەندین سەفەری تریشم کردوە و یەکەم جارم نەبووە بێمە ئەوروپا چەندین ولات گەڕاوم. بۆ نمونە من ساڵی 2003 و2006 سەردانی زۆر ڕێكخراوی داكۆكیكارم كردووه له مه‌سه‌له‌ی له‌شفرۆشی. چەند وڵاتمم کرد تا تێگەشتنم ببێت لە سەر لەشفرۆشی لەدەرەوەی کوردستان و جیاوزی و هۆکارەکانی. گەر ئامانجم ئەوروپا بوایە زۆر بەو کتێبەوە خۆم ماندوو نەدەکرد جارێک لەو جارانەی کەسەفەرم دەکرد، نەدەگەڕامەوە هیچ نەبێ ئەو سەردەمە ئەوروپا خەوی هەموو تاکێ بوو، یان له ڕێگای ڕێكخراوهكهمهوه ده‌كرا، چه‌ندین زه‌ماله و كارم بۆ دابین بكرێت له وڵاتانی تر. . ئاماده نیم پاكانه بكه‌م، به‌ڵام ده‌ڵێم كه‌سێك به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوێكی ئه‌ڵمانی بووبێت، هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوێكی نه‌رویجی بووبێت، ساڵانه سه‌فه‌ری ئه‌وروپای كردبێت و به‌شداری چه‌ندین بۆنه‌ی جیهانی كردبێت. موچه‌ی باش و پێکهوتیی كۆمه‌ڵایه‌تی باش و ماڵ و حاڵی باش و هه‌موو شتێكی باشی له وڵاتی خۆیدا هه‌بێت، ئایا شێت بووه ڕووبكاته ئه‌وروپا به‌بێ كار و به‌گرانی و ئازاریی غوربه‌ت بكێشێت، ئاواهاش هه‌ریه‌كه‌مان له‌شوێنێك بژین؟ به‌ڕاستی ئه‌وه ته‌نیا هۆشمه‌ندیی ئه‌وانه قبوڵی ده‌كات، كه سه‌ره‌ڕای درۆكان جارێكی تر ده‌نگه‌كانیان به به‌ڵێ ده‌خه‌نه‌وه سنووقهكانی ده‌نگدان به هه‌مان سیسته‌م و ده‌ستوور و یاسای باری كه‌سێتی و ماره‌به‌جاش و جۆره‌كانی تری چه‌وساندنه‌وه كه له‌كوردستاندا به‌ڕێوه ده‌چێت .
کوردستانپۆست: تا ئیستا هیچ که‌س و لایه‌نێک هه‌ڕه‌شه‌ی ئازاردان، یان مه‌رگیان لێکردوون، به‌تایبه‌تیی دوای ئاشکراکردن و نووسینه‌وه‌ی ئه‌و کتێبه‌تان؟- به هه‌زاران جار هه‌ڕه‌شه‌مان لێكراوه به‌ڵام له‌دوای كتێبه‌كه‌وه هه‌ڕه‌شه‌كان بوونه هه‌ڕه‌شه‌ی فعلی و هه‌وڵدان بۆ كوشتن.
کوردستانپۆست: ئیستا له چ وڵاتێک نیشه‌جێن و به چ کارێکه‌وه سه‌رقاڵن؟ من له‌ئه‌ڵمانیا ده‌ژیم له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌م و هاوسه‌ره‌كه‌شم له نه‌رویج كارده‌كات، وه‌ك پێشمه‌رگه و عه‌سكه‌ری زه‌مانی سه‌دام مانگانه چه‌ند ڕۆژێك مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرێت و دێت بۆ لامان.
کوردستانپۆست: نیازتان هه‌یه بگه‌ڕێیه‌وه بۆ کوردستان؟ به‌دڵنیایه‌وه، كوردستان بۆ ئێمه ئه‌و شوێنه‌یه، كه زیاترین شاره‌زاییمان تێیدا هه‌یه و باشترین شێوه ده‌توانین خزمه‌تی خه‌ڵكی تێدا بكه‌ین، به‌ڵام بۆ هه‌ر بۆنه‌یه‌ك و قسه‌ی خۆی هه‌یه، ئێمه ئێستاش له ئه‌وروپاوه كار بۆ كوردستان ده‌كه‌ین، تا ئێستاش هاوسه‌ره‌كه‌م له هه‌وڵی بوژاندنه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدایه و منیش لێره هه‌ر خه‌ریكی كارم بۆ ژنان. به‌ڵام ئه‌مڕۆ كوردستان شوێنێكی ئارام نیه و، ئازادیش له نیشتمان گرنگتره، چونكه نیشتمانمان بۆ خه‌ڵك خۆش ده‌وێت نه‌ك ته‌نیا بۆ خاك و دار و به‌رده‌كه‌ی.
کوردستانپۆست: به‌ڕێز خاتوو خه‌ندان، ئێمه ئه‌م پرسیارانه‌مان بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێک کردووه، پرسیاره‌کان زۆر ساکارن، ده‌مانه‌وێت ئه‌مانه وه‌ڵامێک بێت بۆ هه‌ندێک قسه، که له سه‌ر ئێوه ده‌کرێت، پێمان خۆش بوو، پرسیاریی زۆر جدییترتان ئاڕاسته بکه‌ین، به‌ڵام په‌یوه‌ندیی و نامه و نووسین، که بۆمان دێت وای لێکردیین، بۆ ئه‌مڕۆ به‌م پرسیارانه ئێوه به خوێنه‌ران بناسێنین، به‌هیوای ئه‌وه‌ی له پاسهڕۆژێکی نزیکتردا، به‌هه‌ندێک پرسیاری گونجاوتر له‌گه‌ڵتا قسه بکه‌ین و بیرورا‌و بۆچوونه‌کانی خۆتمان له سه‌ر ژنانی کورد و ده‌رده کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌کان به دوور و دریژتر و به قووڵی بۆ بنووسیته‌وه. زۆر سوپاستان ده‌که‌ین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست