ئەرێ تاقەتتان لەم هەموو درۆ و بوختانانە نەچوو ؟!
Saturday, 20/06/2009, 12:00
هەندێ دۆستی بەڕێز پێیان وایە پێویست ناكا وەڵامی درۆ و دەلەسەی هیچ تۆمەتنوسێك بدەینەوەو دەبێ ئێمەش وەك سەدانی تر پشتگوێیان بخەین، چونكە ئەوانە لەسەر ئەم كاسبیە ئەژین و بە بەرنامەو هاندانی زیاتر لە كەسانێكی داخ لەدڵ ئەم گەمەیە بەڕێوەدەبەن، بەڵام من بۆچوونێكی دیكەم هەیەو پێم وایە دەبێ ئەمانە تا دواسنور بەدرۆ بخرێنەوە تا ئەو كاتەی ئیتر هیچ روبەرێك نامێنێتەوە دەرگایان بەسەردا بكاتەوە بۆ تەسویقكردنی ئەم پیشەسازییە! ناشیرینە.
ئەمجارەیان تۆمەتنوسێكی تری ترسنۆك بەناوی خوازراوی (عەلی كۆیی)ەوە! هەندێ تۆمەتی نوسیوە، لەوانە:
یەكەم: گوایە كاتی خۆی من داوای ئۆتۆمبێلی پرادۆ-م لە ئیعلامی مەركەزی یەكێتی كردبێت و بۆیان نەكڕیبێتم بۆیە وازم لەكوردستانى نوێ هێناوە !!، لەراستیدا ئەم تۆمەتە كاتی خۆی هەندێ ناحەزی تریش! كە لەززەت لەدرۆكردن وەردەگرن بڵاویانكردەوە، بەڵام خۆشبەختانە دەقی نامەی دەست لەكاركێشانەوەكەمان و هۆكارەكانی بەدەست رۆژنامەی هاوڵاتی كەوتبوو و هەر زوو ئەو درۆیانەی پوچەڵ كردەوە، چونكە ئەوەی لەو نامەیەدا هاتبوو دورونزیك هیچ داواكارییەكی شەخسی تێدا نەبوو، بەڵكو ڕێك بەپێچەوانەوە دژایەتیكردنی دابەشكردنی ئیمتیازاتی بێ مانای تێدابوو.
دووەم: درۆیەكی تری ئەم تۆمەتنووسە ترسنۆكە ئەوەیە گوایە (م.س)ی یەكێتی 7 دەفتەر دۆلاری بە من دابێت تا دەزگای واڵا-ی پێ دابمەزرێنم!، ئەمەشیان ئەوەندە درۆیە مرۆڤ پێكەنینی پێ دێت، چونكە نەك ئەو بڕە پارەیە، بەڵكو تەنانەت یەك دۆلاریشم وەرنەگرتووەو لەوەتیش هەم خۆم لە مەسائیلی حسابی و پارە بەدوورگرتووە.
سێیەم: سەبارەت بەوەی بابەتەكانمان تەرخان بێت بۆ دژایەتیكردنی شوێنێكی دیاریكراو، ئەمەشیان دیسانەوە تۆمەتێكی گەورەیە، چونكە لە كۆی 48 لاپەڕەی گۆڤارەكەمان كەمتر لەنیوەی باسی سیاسەتی تێدایە، ئەگەر رەخنەیەكیشی تێدابێت بە مانای دژایەتی هیچ كەس و گروپێك نییە، هەر كەسێكیش رەخنەكانی بەدڵ نییە دەرگامان واڵایە بۆ وەڵامدانەوە.
چوارەم: ناوبردنی ئەو قەڵەمە گەورانەی بۆ واڵاپرێس دەنوسن بە نوسەرۆكە، لەجنێوێكی بێتام زیاتر هیچی دی نییەو لە بنەڕەتدا تۆمەتنووسێكی بێفەڕی وەكو ئێوە لەو ئاستەدا نییە قەڵەمی چەندین ناوی گەورە هەڵبەسەنگێنێت كە زۆربەیان پیاوی ئەكادیمی و گەورەو رۆشنبیری دیاری كورد و عەرەبن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست