کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خودایە دڵۆبێك ئەخلاقیان پێ ببەخشە ..!

Wednesday, 19/08/2009, 12:00


ئەمجارەشیان وەك جارەكانی دی، ترسنۆك و جاهیلێكی تر بەناوی خوازراوی (شۆڕش)ەوە، جنێونامەیەكی پڕ لەدرۆ و بێ ئەدەبیی نووسیوەو تیایدا بە مەنتقی تەعمیمكردن ناوی منیشی بردووەو بە ئارەزووی ئاغاكانی و غەریزەی سادییانەی خۆی رژاوەتەوە و كۆمەڵێك تۆمەتی بێبنەما، گیرفانی، خەیاڵی، بێ بەڵگە، ترسنۆكانەی لەبارەوە منەوە ریزكردووە. بێگومان من وەڵامی خەڵكانێك نادەمەوە، جورئەت ناكەن لەمینبەرێكەوە دەربكەون و خودا بایی ئەوەش غیرەت و ئەخلاقی پێنەبەخشیون رووبەڕووببنەوە تاكو هەر بە وشە، نەك هیچ شتێكی دی، بیانكەین بە پۆڕی خوراو و بۆ هەتایە ریسوایان بكەین.
هەڵبەتە من دەزانم ئەوانەی ئەندازیاری بڵاوكردنەوەی ئەم بەدئەخلاقییە گەورەیەن، كەسانێكی نەفام و بێ ماریفەتن، دەنا سەرەتاییترین زانیارییان لەسەر ژیانی سیاسیی من و بنەماڵەكەم دەبوو كە هەمووی بریتییە لە قوربانی. ئاخر كەم كەس لەخەڵكی گەرمیان هەیە نەزانێ ئێمە لەو سەدان خێزانە پێشمەرگە كەمانە بووین كە لەبەعس یاخی بووین و لەشاخ یان ئاوارەی شارەكان بووین، كەم كەس هەیە نەزانێ خانەوادەی من لە ئێستاوە تا سەد ساڵی دیكەش تەنها یەك بەڵگەی، نەك بەعسیبوون، وەك ئەم تۆموتنووسە ترسنۆكە دەڵێت، بگرە بچووكترین لادانی سیاسی و نیشتمانی لەسەر نابینرێت، كەم كەس هەیە شایەتی بۆ شەهید و ئەنفالكراوەكانمان نەدات؟ ئاخر ئیدی ئەم قسە قۆڕ و تۆمەتە گیرفانییانەی لەكوێوە هێنا؟!
گومانی تیا نییە تاقە شتێك پاڵی پێوە نام بۆ نوسینی ئەم چەند دێڕە تەنها ئەوەیە، كەسانێك كە من و خانەوادەم ناناسن بڕوا بەو تۆمەتانە نەكەن و فریو نەدرێن، داوای لێبووردنیش لەو دۆستە بەڕێزانەم دەكەم كە چەندینجار داواملێدەكەن وەڵامی ئەم جۆرە نەخۆشانە نەدەمەوە، لێبووردن لەوەی ئەمجارەش دڵم شكاندن لەپێناوی ئەوەی خەڵكانێك هەن بەم درۆو دەلەسانە هەڵنەخەڵەتێن، دەنا بڕواتان هەبێ دەمێكە ئەم تۆمەتانەی لەبارەی منەوە دەنوسرێن پوچەڵ كردۆتەوە، دەشزانم ئەم دەشتە بەرین و وشكە لە بێ رەوشتی كە هیچ بارانێكی ویژدان و عەقڵ و ئەخلاق تەڕی ناكا، كەسی دی نییە جگە لەو تڕۆكراو، یان فاشیل، یان داوێنپیسانەی كە ماڵی یەكێتییان وێرانكرد. ئەمانە كە خوداش دەرگای لێبووردنیان لێ ناكەتەوە، لێواولێون لە ڕق، نیفاق، درۆ و شكست، هیچ شتێكیشیان لەبارا نەماوە ئەم هونەری درۆكردنە نەبێت. ئەمانە، بەداخەوە، جگە لەخۆیان، خەڵكانێكی بەكرێگیراویشیان لەجنێوفرۆش دروستكردووە بەناو و ئیمەیلی خوازراوەوە تەنها خەریكی ئەم پیشەسازییەی نابوتەن، دەیانەوێ هیچ دەنگێكی راستگۆیانە نەمێنێت ریسوایان بكات و رووبەڕوویان ببێتەوە، ئەوانە ئەوەندەی لەسێبەری بوێری و قەڵەمەكانی ئێمە دەترسن، ئەوەندە لەخودا ناترسن، بۆیە هەمیشە وەك ترسنۆكێكی گەورە دەمێننەوەو ناوێرن خۆیان دەربخەن، سوور دەشزانن من هەرگیز شەڕم لەگەڵ شەمشەمە كوێرەكاندا نییە، بەڵكو شەڕی رووبەڕووەوە لەگەڵ ئەوانەی تۆزقاڵێك جورئەتی خۆ دەرخستنیان هەیە..!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە