بۆپارتى و یەكێتى كورد گرنگ ترە یان پۆستێك
Tuesday, 29/09/2009, 12:00
هەردوو كونە گوێمان پڕن لەو درۆیانەى كە بەردەوام پارتى و یەكێتى و سەرانى ئەم دووحیزبە ئەیكەن لەوەى كە ئەوان بەرژەوەندى كورد ئەخەنە پێش بەرژەوەندى پارتى و یەكێتیەوە , بەڵام كە دێتە سەرپیادە كردن سەرلەبەر درۆئەكەن و ئەوەشى ئەم قسەیە دەكات سەرى داى لە بەرد ,ئەم دوو حیزبە ئامادەن دەست بەردارى هەموو شتێك بن بەڵام ئامادە نین دەست بەردارى پۆستێكى خۆیان بن ئەگەر فەڕاشیش بێت ,لە هەموو شتێكدا یەك بن لە پارەو پۆستدا یەك نین , ئیتر كێشەى كورد چى لێ دێت جار بە جەهەنەم , چەند ساڵە كەركوك ڕزگار كراوە لەبەر ئەوەى هیچیان تەنازولیان بۆ یەك نەدەكرد تائێستاش دوو ئاسایش و دوو پۆلیس و دوو پەروەردە و نازانم چەند دووى تریش هەیە , ئەگەریش پۆستێك بۆیەكێكیان بوایە ئەوا جێگرەكەى بە قەد ئەوى تر دەسەڵاتى هەبوو ئەمە لە هەرێم و دەرەوەش هەروایە شەڕى بەردەوامى ئەمانە هەر لە سەر كورسى و پۆستە و گوێ بە هیچى تر نادەن , ئەمانە بە ناخێرى گیانیان پرۆژەیەكیان هەیە و ناویان ناوە پرۆژەى ستراتیژى كەچى لە سەر پۆستێك چەندین مانگ خۆیان دوا ئەخەن , خۆ ئەگەر ئەو پرۆژەیە نەبوایە ئەوا بە ساڵ دوا ئەكەوت , كە پێشیان دەڵێیت كاكە ئێوە پرۆژەى ستراتیژیتان بۆ چیە؟ ئیتر هەزارو یەك بڕو بیانوو ئەهێنەوەو ئەیكەن بە منەتێكى گەورە بە سەر ئەم میللەتەوە كە ئەگەر ئەم ڕێككەوتنە نەبێت ئەوا میللەتى كورد ئەخورێت و نامێنێ و جارێكى تر بەر ئەنفال ئەكەوێت كەسیان ئامادە نین تەنازول بۆ یەكترى بكەن بەڵام هەموو تەنازولێك بۆ دوژمنان و داگیر كەران ئەكەن , ئەوا یەك مانگ زیاترە كورسیە بێ نازەكەى دكتۆر بەرهەم چۆڵە كە وەكوعارف تەیفور ئەڵێ ئەو پۆستە گرنگترین پۆستە چونكە چەندین بڕیار دەدرێت كورد ئاگاى لێ نیە , كەچى لێرەش دوو حیزبە مافیاكەى كورد و دوو سەرە زلەكەى سەرۆكیان هیچ یەكێكیان ئامادە نین تەنازول بۆ ئەوى تریان بكات و كەسێك دەست نیشان بكەن , هەرچەندە ئەوەى كە داشى دەنێن هەر لە كۆیلەكانى هەردوو بنەماڵەیە بەڵام دانانى باشترە لەوەى كە نەبێت , ئەمان پۆستیان بەلاوە گرنگە نەك كورد , گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە سەر بە یەكێك لەو حیزبانە بێت ئیتر كورد بون گرنگ نیە , ئاخر بە و ماوە زۆرە نەتوانرێ كەسێك دەست نیشان بكرێ , ئەى قوڕ بە سەرمان ئەگەر سبەینێ خەونى شاعیرانەكەى تاڵەبانى هاتە دى و كورد بوو بە دەوڵەت ئەو كاتە بە ساڵ كەسێكیان بۆ ناكرێت بە شتێك , ئەمە سەلماندى كە نەپارتى و نەیەكێتى بیر لە كورد ناكەنەوە و ئەوەندەى مەبەستیان پۆستە بۆ حیزبەكانیان ئەوەندە كوردیان مەبەست نیە ,ئەگەر لە كوردستان ئەمە بكرایە بە هەرحاڵ بەڵام لە بەغداد بۆ ئەمە ئەكەن , ئەى چۆن لە ڕووتان دێت داواى یەك لیستى دەكەن بە حساب بۆ یەكڕیزى كوردە , بەڵام خۆشیان لە سەر پۆستێك ڕێك ناكەون , واوەیلا بە حاڵمان چۆن گیرۆدەى دەستى ئەم دوو سەرۆكە نەزانە و ئەم دوو حیزبە مافیایە بوین , ئەمە پۆستە وەكو عارف تەیفور ئەڵێ هى یەكێتیە بەڵام بیانوى پارتى ئەوەیە كە یەكێتى كورسى كەمى هێناوە بۆیە نابێت ئەو پۆستە بدرێ بە یەكێتى , ئەوەى ماوەتەوەئەوەیە لەبەینى پارتى و یەكێتى وبەرژەوەندەیە حیزبیەكانى ئەم دوانەدا ئەم پۆستە مانگ زیاترە چۆڵە و ئەوەى پارتى و یەكێتیش بناسێ باش دەزانێ وازوو ناگەنە ڕێككەوتنێك بۆ دانانى كەسێك , حیزبێك ئامادە بێت بۆ مانەوەى خۆى سوپاى عێراق و توركیا بهێنێ باوەڕ مەكەن وازوو دەست بەردارى ئەم پۆستەش ببێت , پرۆژەى ستراتیژیش تەنها بۆ دابەش كردنى پۆست و داهاتى هەرێمى كوردستانە ,پارتى پەلەى نیە باش ئەزانێ كە تاڵەبانى هاتەوە ئەم پۆستەش واز لێ دەهێنێ و بۆ پارتى دەبێت ,
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست