چاكسازییەكەی یەكێتی و هەڵوەستەكردنێك لەسەری
Friday, 27/02/2009, 12:00
لەسەروبەندی ئەو كێشانەو مشت ومڕانەی ناو یەكێتی كەسەریهەڵداوە ، وە ئەو بەناو چاكسازییەی كەسكرتێرەكەی یەكێتی وەكو پرۆژەیەك خستویەتیە بەردەم ئەندامانی حزبەكەی و ئەوانیش كردویانە بە دروشمێك و بەگوێی خەڵكی كوردستان و جەماوەرەكەیان دەگەیەنن ، بەڕای من هیچ نیە جگەلە چەواشەكردن و دەستی دەستی پێكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و چارەنوسی خەڵك دانە دەست قەدەر .
لەبەرنامەی گەرماوگەرمی سەتەلایتی گەلی كوردستان كە شەوی سێ شەممە میوانداری دكتۆر بەرهەم ساڵەحی كرد ، من لێرەدا ئەمەوێ چەند پەیڤێكی قسەكانی دكتۆر بەرهەم باس بكەم و شیكردنەوەی بۆ بكەم :
بەڕێزیان لە یەكێك لە قسەكانیدا ئەڵێ : " بڕیارەكانی یەكێتی بڕیارێكی رێچكە شكێنە بە رابەرایەتی هەڤاڵ مام جەلال . "
كام بڕیار و چی رێچكەشكێنیەك ، ئەو بڕیارەی تەنها لەپێناوی كورسی دەسەڵات و دەسەڵاتی بنەماڵەی تاڵەبانیدا ، هەموو بەرژەوەندیەكی باڵای بۆ ئەكەن بە قوربانی ، مام جەلال لەپێناوی موحارەبەكردنی كۆسرەت هەستا مەكتەب رێكخستنی لە سلێمانیەوە گواستەوە بۆ هەولێر فەرمانی بە ئەرسەلان باییز دا ، چونكە لە هەولێر دەسەڵاتی كۆسرەت لە برەودا بوو ، تەنانەت پارتیش هەستی بە مەترسی ئەو لە هەولێردا دەكرد .
بڕیاری رێچكەشكێن ، وەك پاڕانەوەو داواكاری تاڵەبانی بۆ كڕینی جەزیرەیەك لەئەمریكا بۆ بنەماڵەكەی خۆی لەلایەن قوبادی كوڕیەوە ، بەپارەی میللەتی كورد ، پارەی حكومەتی كوردستان ، پارتی ئەو داوایەی یەكێتی قبوڵكرد ، یەكێتیش لە وەرگرتنەوەی سەرۆكی حكومەت لە نێچیرڤان بارزانی لە وادەی خۆی خۆشبوو . ئا ئەمە بڕیارە حەكیمەكانی تاڵەبانیە .
دكتۆر بەرهەم ئەڵێ " ئیرادەی چاككردن لەناو یەكێتی هەیە ، ئێمە كێشەمان لەناو یەكێتی هەیە نایشارینەوە . "
منیش دەڵێم نەك ئیرادەی چاككردن نیە ، بەڵكو تۆی ئەندامی پایە بەرزی یەكێتی ، تۆی جێگری سكرتێری یەكێتی ، نەتوێرا هەر باسی كێشەكەتان بكەیت چیە ، زیاتر لە (45) خولەك تۆ قسەتكرد ، هەر باسی ئەو چوار هەڤاڵەی خۆتت كرد كەبۆچی ریزەكانی یەكێتیان بەجێهێشت ؟ ئەمەیە مەئسات دوو جێگر دەڵێن مام جەلال ئێمەی راسپاردووە كە بڕیارەكان جێبەجێ بكەین ، كە هەمووی خۆی لە بەغداوە بڕیارەكانی دانابوو ، ئێوە تەنها وەك قەڵەم وان بەدەستی تاڵەبانیەوە كە ئیمزاتان پێ دەكات و هەندێ جاریش ناوی ئەوانەی كەخۆی بەدڵی نەبێ پێی رەش دەكاتەوە .
یان لە قسەیەكی تردا دكتۆر ئەڵێ : " تێكۆشەرەكانی یەكێتی خەڵكی دڵسۆزن و ئەم ئازادیەی ئەمڕۆیان دابین كردووە و وەفادارن بۆ كەسوكاری شەهیدان . " ، كەسێك میللەت ئەیەوێ كەلەئاكارە رەوشت بەرزیەكان لانەدات . بەرپرسێك كەلەشوێنێك دادەنرێت ، ئەبێ ببێتە باوك بۆ دانیشتوانی ئەو شوێنە ، بەڵام سەد حەیف كە ئەوانەی ئێوە بۆمان دەركەوت كەچین (گورگ بوون و خۆیان لەپێستی مەڕدا مەڵاس دابوو) . وە یا ئەگەر ئێوە ئەوەندە دڵسۆزی میللەتن ، خۆ لەپێناوی خەڵكی كوردستان و جەماوەرەكەی خۆتان ، نەتاندەتوانی ئەو چەن بەرپرسە گەندەڵەی كەلەناو حزبەكەتان پلەیەكی باڵایان هەیە دەربكەن و بۆ ئەوەی هیچ نەبێ متمانەی خەڵكتان بۆ بگەڕێتەوە ، بەڵام دڵنیا بن ئەوەی ئێوە دەیكەن شەن كردنی بایە .
یان دەڵێت ، ئایندەی یەكێتی گەشە ، ئایا ئەمە فریودانی كادیرەكانی یەكێتی نیە ، یەكێتیەك لە حزبی كراوەو رێكخراوی جەماوەر و فرە بۆچوون ، بەرەو حزبی بنەماڵەو قۆرغكردنی دەسەڵات ئەچێ لەلایەن ئال تاڵەبانیەوە ،(یەكێتی نیشتمانی كوردستان) خەریكە ئەبێت بە (یەكێتی میراتگرانی كوردستان) ، ئەوەتا كاك كۆسرەت كە سەرەتا خەڵكی كوردستان و دژە گەندەڵەكان پەیتا پەیتا نامە و پەیامی دەستخۆشیان بۆ دەنارد بۆ وازهێنانەكەی بە مەبەستی چاككردنی ریشەیی لە یەكێتیدا ، كەچی چووە بەغدا بە تالچەبانی ووت ، كە كوڕەكەم لە دوای خۆم بكە بە جێگرەوەی خۆم ، چونكە دكتۆرەكان لە ئەمریكا پێیان ووتوە كە تۆ وەزعت تابێ بەرەو خراپی دەڕوات ، تاڵەبانیش داواكەی كۆسرەتی قبوڵكردووە .
" ئەم چاكسازیە ناڵێم كە هەموو كەموكوڕیەكان ، نەخۆشیەكان چارەسەر دەكات ، بەڵام ئەمە سەرەتایە ."
ئەمە وتەیەكی تری دكتۆر بەرهەمە . سەرەتایەك بە دانانی كۆمەڵێك دەموچاوی بێزراو قێزەوەن ، بۆ ناڵێن دانانی كۆمەڵێك كاسەلێس و ئەلقە لەگوێی بنەماڵە بۆ پتەوكردن وقایم كردنی پایەگاكانی بنەماڵەی تاڵەبانی .
" خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك ئەوە ئەخوازێ كە ئێمە ئەم چاكسازیە بكەین ، رەنگە ئەمەش لە بەرژەوەندی چەند كەسێك بدات ، ئەمە دەكەین لەپێناو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان . "
ئەمەش وتەیەكی تری دكتۆر بەرهەمە ، بەڵام دكتۆر گیان ئەو كۆمەڵانی خەڵكەی تۆ دەڵێی ، نوقووم بوی دەیان وسەدان كێشەو گرفتی سەختی ژیانن ، ئێوە ئێستا خەڵكتان بەبیر دەكەوێتەوە كە نزیكی هەڵبژاردنەكانە ، ئێوە بەماوەی (17) ساڵ حوكمڕانی خۆماڵی چیتان بۆ هاوڵاتیان كردووە ، ئەوەندەی كە شتتان بۆ خۆتان و بنەماڵەكانتان كردووە ، بە حەڤدەساڵ نەتانتوانی شت بۆ میللەت بكەن ، ئێستا بەم عەمری كۆتاییەتانەوە ئەتانەوێ خەڵكی كوردستان هەڵخەڵەتێنن ، بە دروشمی سواوەو رزیوی بن هەمبانەكەتان دوبارە دەتانەوێ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان لەخشتە بەرن .
دكتۆر بەرهەم زیاد لەپێویست و بۆ چەندین جار باسی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و خوێنی شەهیدەنەمرەكان و كەسوكاری شەهیدانی كرد ، وەك بڵێی تاكە فریادڕەسیان لەم رزگاربوون لە مەزبەلە و زبڵدانی مێژووە ئەوان بێت بۆیە دوبارە گەڕانەوە بۆ سەرچاوە نەمرو ئەكتیڤەكەی خەڵكی كوردستان .
من ئەم رایەم هەیە رەنگە بیرورای زۆربەی رۆشنبیرانیش لەسەر ئەوە بێت ، ئەمەی ئێوە چاكسازی نیە ، ئەمە گاڵتەكردنە بەچارەنوسی میللەتێك ، ئەمە دەمامكدار كردنی ئەو دزانەیە كە سەروەت وسامانی ئەم وڵاتە دەدزن و لەبانكەكانی ئەوروپا حەشاری دەدەن . ئەی كوا ئێوە تائێستا لەماوەی (17) ساڵدا ، بەرپرسێكی دزو گەندەڵتان ئیدانە كرد ، لێپێچینەوەتان لەگەڵ كرد ، هێناتانە سەر شاشەی كەناڵێكی تەلەفزیۆنی بۆئەوەی هیچ نەبێ میللەت بڕواتان پێ بكات كەئێوە راستگۆن لەو هەموو بەڵێنانەی كەیاوتانە بەخەڵكی .
ئەوە (17) ساڵە ، یانی ئێوە لەماوەی حوكمڕانیتان پاڵپشتی سەرەكی بوون لە دزبوونی بەرپرسەكان ، لەبەكارهێنانی پۆستەكەی بۆ بەرژەوەندی خۆی ، لە گەندەڵ بوونیان ، گەر وا نیە ، ئەی بۆ دوای حەڤدەساڵ لەدزی و دەخەڵی مەسئولەكانتان ، ئێستا بیری میللەتتان ئەكەوێتەوە ، ئەڵێن لەپێناوی بەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵك هەندێ كەس لەبەرژەوەندیەكانیان ئەدرێت ، یانی حەڤدەساڵە ئێوە لەبەرژەوەندی میللەت ئەدەن ، یاری بەچارەنوسی كۆمەڵانی خەڵكەوە ئەكەن ، بەكوردی و پەتی (بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانتان كردە قوربانی بەرژەوەندی فیئەیەكی دز لە بەرپرسەكان) ، دوای حەڤدە ساڵ لەخەو راچەنین و خەبەرتان بویەوە شكور !!
بەحەڤدەساڵ نەتانتوانی بەرپرسێكی گەندەڵ بخەنە ژێر لێپێچینەوە و دادگایی بكەن ، دیارە بەحەڤدە ساڵی تریش ناتوانن خۆتان لەپیسی وپۆخڵی و تاوان پاك بكەنەوە لەبەردەم دادگای عادلی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست