کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


مسعود بارزانى باس له‌‌ چاكسازیى دەكات، با له‌ نوێنەرایه‌تیی حكومەته‌که‌ی لە ڕوسیاوه‌ ده‌ست پێبکات

Saturday, 18/06/2011, 12:00


خۆشەوى ملا برایم، ناسراو بە دكتۆر خۆشەوى بابكر، تەنها لەبەر ئەوەى سەر بەعەشیرەتى بارزانە، بنەماڵەى بارزانى كردویانەتە نوێنەرى حكومەتى هەرێمى كوردستان لە ڕوسیا (ووڵاتانى كۆنى سۆڤیەت)، ئەم خۆشەوى یە هەرچەندە به‌‌ناو بڕوانامەى بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆراى لە ئۆكرانیا وەرگرتووە و ماوەى 30 سى ساڵە لە ڕوسیایە، هه‌رچه‌نده‌ نازانرێت تا چه‌ند بڕوانامه‌کانی ته‌واون، یان ته‌زویر، بەڵام تا ئێستا وه‌ک باسی ده‌که‌ن بە تەواوەتى زمانى ڕووسى نازانێ، لەڕوى ئەدائى كارى نوێنەرایەتى و دبلۆماسیش هیچ شتێك نازانێ، تەنانەت لە كاتى كۆبونەوە و دانیشتن لەگەڵ دوو خوێندكارى كوردیشدا ناتوانى پێنج دەقیقە قسە بكات، هەموو كوردەكان گاڵتە و قەشمەرى پێ دەكەن، خوێندكارنى كورد پێ ى دەڵێن گێلەكەى نوێنەرى حكومەت، ئەم زاتە تائێستا نەیتوانیوە كێشەى گەلەكەى بە حكومەت و میللەتى ڕوس بگەیەنێ، ئێستاشى لەگەڵ دابێت ئاستى پەیوەندییەكانى كوردستان و ڕوسیا لەژێر سفرەوەیە، نەیتوانیوە، یەك وەفد لە كوردستانەوە بهێنێت بۆ ڕوسیا و بەپێچەوانەشەوە، ئەم زاتە زۆر نەفس نزم و چاوچنۆكە، زۆر بەداخەوە پارتى و بنەماڵەى بارزانى كەسى ئەوا بێ ئەزموون و كۆڵەوار و هیچ نەبینیوو، بكاتە نوێنەرى خۆى لە ووڵاتێكى زلهێزى وەك ڕوسیا و مانگانەش بەناوى نوێنەرایەتى حكومەتى هەرێمى كوردستانەوە مەبلەغى 20000 بیست هەزار دۆلارى ئەمریكى وەردەگرێ، جگە لە بەڕێوەبردنى وێب سایتێكى ئینتەرنێتى بەناوى كوردستان تۆچكە ڕوو، تەحەدا دەكەم و پەنجە دەخەمە چاوى هەر كەسێكەوە نمونەى یەك چالاكى نوێنەرایەتى حكومەتى هەرێمى كوردستانم پێ بڵێ لە ڕوسیا! لە هەمووى سەیر و سەمەرەتر ئەوەیە تائێستا ئەم نوێنەرایەتیە بنكە و ئۆفیسێكى نیە، دكتۆر خۆشەوى لە خۆشترین ناوچەى مۆسكۆ شوقەیەكى بەكرێ گرتووە گوایە ئەمە ئۆفیسى نوێنەرایەتیە، بەڵام جگە لە خۆى و ژنى دووەمى كەسى تر تائێستا چاویان بەم شوقەیە نەكەوتووە. ئەم دكتۆر خۆشەوى یە، ژنى یەكەمى تەڵاقداوە كە كورێكى لێ ى هەیە، ئێستا ئەویش لەسەر حسابى حكومەتى كوردستان لە سوید دەژى و دەخوێنێ، سەدان كوڕ و كچى شەهیدیش لە كوردستان مافى ئەوەیان پێ ڕەوا نابینرێت لە زانكۆ و پەیمانگاكانى خۆمان درێژە بەخوێندن بدەن، ئەمەش عەدالەت و چاكسازى بارزانى !
كاتێك كوردێك دێت بۆ ڕوسیا بۆ خوێندن یا هەر مەبەستێكى تر بێت، تەلەفۆنى بۆ بكات هەزار بیانوو بەهانە دەهێنێتەوە و ناچێتە پێشوازى ، جگە لە بارزانیەكان نەبێت، وەك بڵێ ى تەنها بارزانیەكان كوردى ئەسڵى بن، ئەمەش مۆڕاڵى ئەم دكتۆرە گێلەیە.
بەهەموو شێوەیەك دژایەتى جالیەى كورد دەكات لە ڕوسیا بەتایبەت كەسە چالاك و زیرەك و زیندووەكانى ئەم جالیەیە، زۆربەى زۆرى ڕەوەندى كورد و ئەندام دۆست و لایەنگرانى پارتیشى كردۆتە دوژمنى كورد، گەورەترین كێشە و ململانى تەكەتولى خستۆتە ناو خوێندكارانى كورد لە ڕوسیا، كار گەیشتۆتە ئەوەى خەریكە دەست دەنێنە خوێنى یەكترى، تەنانەت دژایەتى كوردە ئیزیدییەكانى ڕوسیاش دەكات و هەمووى كردوونەتە دژى حكومەتى هەرێمى كوردستان و ئێستا زۆربەى ئێزیدییەكانى ڕوسیا دەڵێن ئێمە كورد نین بەڵكو ئێمە ئێزیدین، پارساڵ لە ڕۆژنامەكانى باشورى كوردستان، چەندین ووتارى تەشهیر ئامێزى لەسەر ئەندام پەرلەمانێكى كوردى ئێزیدى لە پەرلەمانى ڕوسیا نووسى، كە ئەمە زۆر خراپ بەسەر كورددا شكایەوە.
چەند ساڵێك لەمەوبەر ئۆتۆمبیلێكى جۆرى لادەى كریبوو لە شەودا لەبەردەم ماڵەكەى خۆیدا، وتی گڕى تێ بەردراوه‌ دواتریش لە ڕاپۆرتێكدا بۆ نێچیرڤان بارزانى نووسیبووى كە ڕێكخستنەكانى پەكەكە لە مۆسكۆ سەیارەكەیان سوتاندووە، بۆیە لەوێش جارێكى تر كڵاوى نایە سەرى نێچیرڤان و مەبلەغى 40000 چل هەزار دۆلارى وەرگرت و خستیە تەنكەى گیرفانى.
تائێستا چەندین چالاكى نەتەوەیى و نیشتیمانى و هونەرى لە ڕوسیا ئەنجامدراون، سەرەراى وەرگرتنى ئەم مەبلەغە زۆرەى دۆلار لە حكومەت بەڵام تائێستا یەك دۆلارى نەداوە بۆ بەڕێوەبردنى ئەم چالاكیانە، تاكە چالاكیەك كەئەمساڵ ئەنجامیدا بەبۆنەى ساڵیادى ملا مستەفا بارزانى بوو، لەسەر حسابى حكومەتى هەرێمى كوردستان، كە زیاتر لە سەد كەسایەتى ئامادەى یادكرنەوەكە بوون، كەچى تەنها بیست قوتو و بیپسى كریبوو بۆ بەشداربوون، كە ئەمە ئەوپەڕى چاوچنۆكى هیچ نەدیدەیى ئەو زاتەیە، كە زانیاریشمان لایە 30000 سى هەزار دۆلارى لە مەكتەبى مسعود بارزانى وەرگرتووە بۆ ئەم یادە.
ئەگەر مسعود بارزانى و پارتى و دەستەڵاتدارانى كوردستان بانگەشەى چاكسازى و بنەبڕكردنى گەندەڵى دەكەن لە ناو كورد، فەرموون ئەمە زەقترین نمونەى گەندەڵى و فەسادى و دزى یه‌ وەرن لە پێش هەموو شتێك ئەمە چارەسەر بكەن و ئەم زاتە هیچ نەزان و چاوچنۆك و گەندەڵ و دزە لە هەموو ئەرك و بەرپرسیاریەتێكى حكومى و حزبى دوربخەنەوە. با چیتر ئابڕوى كورد نەچێت لە ڕوسیا. له‌ جیاتی ئه‌مه‌ كەسێكى ڕۆشنبیر و بە ئەزمون و شارەزا لە بوارى پەیوەندى و دبلۆماسى دابنێن لە ڕوسیا .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە