پارتى لە برى نوێنەرى حكومەتى كوردستان لە ڕوسیا داواى نوێنەرایەتى ئێران دەكات
Saturday, 13/08/2011, 12:00
سەرچاوە: مەكتەبى نێچیرڤان بارزانى پاش ئەوەى لە ماوەكانى ڕابردوودا بابەتێكى بەڵگەییمان لەسەر گەندەڵى و دزییەكانى "خۆشەوى ملا برایم" ى نوێنەرى حكومەتى هەرێمى كوردستان لە ڕوسیا لە سایتى كوردستانپۆستى بوێردا بڵاو كردەوە، به ناونیشانی (
مهسعود بارزانی باس له چاکسازیی دهکات، با له نوێنهرایهتیی حکومهتهکهی له روسیاوه دهست پێبکات) دواى بەدواداچونەكانمان سەرچاوەیەك لە مەكتەبى سەرۆكى هەرێمى كوردستان پێى ڕاگەیاندین، كە شوێنى دكتۆر خۆشەوى لەق بووە و ئەوانیش زۆر دەمێكە لێى بێزارن بەڵام تا ئێستا هیچ بەدیلێكى تریان نەبووە بۆیە بەمشێوەیە ماوەتەوە، بەڵام سەرچاوەكە ئەوەشى ووت ئێستا پارتى و خودى سەرۆك بارزانى بەنیازن، عزەت نجم الدین قادر بكەنە بەرپرسى نوێنەرایەتى حكومەتى هەرێم لە ڕوسیا لەبرى دكتۆر خۆشەوى.
عزەت نجم الدین قادر، كە ماوەى چەند ساڵێك، بەڕێوەبەرى شارەوانى مەسیف سەلاحەدین بووە و ئەمساڵ بڕوانامەى ماستەرى لە ڕوسیا بەدەست هێناوە و ئەزموونێكى باشى ئیدارى و سیاسى و دبلۆماسى باشى هەیە. بەڵام هەمان سەرچاوە ووتیشى دكتۆر خۆشەوى ئێستا لەسەر حسابى نوێنەرایەتى حكومەتى هەرێمى كوردستان محمد ساڵح و منداڵەكانى، كە كوڕە خاڵیەتى و لە مەكتەبى سەرۆك بارزانى دەوام دەكات، دەعوەتى كردوون بۆ ڕووسیا و ماوەى چەند ڕۆژێكە لە سەر حساب و پارەى نوێنەرایەتى حكومەت خەرجى خواردن و مانەوەیان دەكێشێ، كە ئەمەش بەشێكە لە گەندەڵى و پێویستە حكومەتى هەرێمى ئیجرائەتى توندى لەگەڵدا بكات.
هەمان سەرچاوە ئەوەشى ووت كە دكتۆر خۆشەوى لەمانگى 5-2011 خۆى و خێزانە ئۆكرانیەكەى كارووبارى نوێنەرایەتیان لە ڕوسیا جێهێشتووە و بۆ سەیران و گەشتكردن هاتبوونە كوردستان تاوەكو 1-8 -2011 لە كوردستان ماونەتەوە .
سەرچاوەیەكى باوەڕپێكراو لە نوسینگەى تایبەتى نێێچیرڤان بارزانى پێى ڕاگەیاندین: كە دكتۆر خۆشەوى ملا برایم لەم گەڕانەوەیدا زۆر هەوڵى داوە چاوى بە نێچیرڤان بارزانى جێگرى سەرۆكى پارتى بكەوێت، بۆ ئەوەى لە پۆستى نوێنەرایەتى حكومەت لاى نەدەن، بەڵام سەرچاوەكە ووتى: هەوڵەكانى بێ ئەنجامبوون و نێچیرڤان ئەو دەرفەتەى بۆ نەڕەخساند، چونكە نێچیرڤانیش زۆر لێى توڕەیە لەسەر ئەو بابەتەى لەسەر ئەندام پەرلەمانێكى ئێزیدى لە پەرلەمانى ڕوسى نووسیبووى، هەروەها لە دزى و گەندەڵیەكانیشى ئاگادار كراوەتەوە.
سەرچاوەكە ئەوەشى ووت: كە نێچیرڤان بارزانى داواى كردووە نوێنەرایەتى حكومەت لە ڕوسیا بدرێت بە یەكێتى نیشتیمانى و نوێنەرایەتى حكومەتى هەرێم لە تاران ڕادەستى پارتى بكرێتەوە، چونكە بۆ پارتى ئێران گرنگتر و ستراتیژى ترە وەك لە ڕوسیا.
شیاوى باسە ئەم دكتۆر خۆشەوییە تەنها لەبەر ئەوەى عەشیرەتى بارزانە و بەڕۆژییە، بنەماڵەى بارزانى كردبویانەتە نوێنەرى حكومەتى هەرێمى كوردستان لە ڕوسیا و ووڵاتانى كۆنى سۆڤیەت، خۆشەوى بڕوانامەى بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆراى لە ئۆكرانیا وەرگرتووە و ماوەى 30 سى ساڵە لە ڕوسیایە، لەڕوى ئەدائى كارى نوێنەرایەتى و دبلۆماسیش زۆر لاوازە. ئەم زاتە تائێستا نەیتوانیوە كێشەى گەلەكەى بە حكومەت و میللەتى ڕوس بگەیەنێ، تائێستاشى لەگەڵ دابێت ئاستى پەیوەندییەكانى كوردستان و ڕوسیا لەژێر سفرەوەیە، نەیتوانیوە، یەك وەفد لە كوردستانەوە بهێنێت بۆ ڕوسیا و بەپێچەوانەشەوە. مانگانەش بەناوى نوێنەرایەتى حكومەتى هەرێمى كوردستانەوە مەبلەغى 20000 بیست هەزار دۆلارى ئەمریكى وەردەگرێ، بەبێ ئەوەى ئۆفیس و چالاكى یەكى هەبێت، جگە لە بەڕێوەبردنى وێب سایتێكى ئینتەرنێتى بەناوى كوردستان تۆچكە ڕوو،
چەند ساڵێك لەمەوبەر ئۆتۆمبیلێكى جۆرى لادەى كریبوو لە شەودا لەبەردەم ماڵەكەى خۆیدا، هەر گڕى تێ بەردرباو دواتریش لە ڕاپۆرتێكدا بۆ نێچیرڤان بارزانى نووسیبووى كە ڕێكخستنەكانى پەكەكە لە مۆسكۆ سەیارەكەیان سوتاندووە، بۆیە لەوێش جارێكى تر كڵاوى نایە سەرى نێچیرڤان و مەبلەغى 40000 چل هەزار دۆلارى وەرگرت و خستیە تەنكەى گیرفانى.
تائێستا چەندین چالاكى نەتەوەیى و نیشتیمانى و هونەرى لە ڕوسیا ئەنجامدراون، سەرەراى وەرگرتنى ئەم مەبلەغە زۆرەى دۆلار لە حكومەت بەڵام تائێستا یەك دۆلارى نەداوە بۆ بەڕێوەبردنى ئەم چالاكیانە، تاكە چالاكیەك كەئەمساڵ ئەنجامیدا بەبۆنەى ساڵیادى ملا مستەفا بارزانى بوو، لەسەر حسابى حكومەتى هەرێمى كوردستان، زیاتر لە سەد كەسایەتى ئامادەى یادكرنەوەكە بوون، كەچى تەنها بیست قتو و بیپسى كریبوو بۆ بەشداربوون، كە زانیاریشمان لایە 30000 سى هەزار دۆلارى لە مەكتەبى مسعود بارزانى وەرگرتووە بۆ ئەم یادە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست