کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حکوومه‌تی کوردستان و سیاسه‌تی شیرده‌ لۆ داپیرده‌

Saturday, 18/04/2009, 12:00


که‌ره‌م بکه‌ وئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستان که‌ له‌ 11/02 ی ئه‌م ساڵدا ده‌رچوو، بخوێنه‌وه‌ : (له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستاندا، چوارشه‌ممه‌، به‌سه‌رۆکایه‌تیی عه‌دنان موفتی، به‌زۆربه‌ی ده‌نگ بڕیاردرا ناوی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ بۆ په‌رله‌مانی کوردستان بگۆڕدرێت)..دوای نزیکه‌ی دوو مانگ، مه‌به‌ست (2009/04/06) ه‌، به‌بۆنه‌ی یه‌کگرتنه‌وه‌ی دوو وه‌زاره‌ت و هێشتنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی بۆ قه‌زاوقه‌ده‌ر، کاکان عه‌دنان موفتی و نێچیرڤان بارزانی، کۆنفرانسێکیان گرێ دا، له‌پشته‌وه‌یان تابڵۆیه‌ک هه‌ڵواسرابوو که‌ له‌سه‌ری نووسرابوو (ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستان) نه‌ک (په‌رله‌مان)، هه‌روه‌ک له‌مێژه‌ بڕیاری بۆ ده‌رکرابوو.

کاتێ له‌‌گه‌رمه‌ی که‌ڵکه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌دا بووم که‌ هه‌موو بڕیارێکی وڵاتی ئێمه‌، قسه‌ی سه‌ر کاغه‌زه‌، ته‌نانه‌ت له‌ شتی چکۆله‌شدا، وه‌ک گۆڕینی ناوێک که‌ به‌یاسا بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌.. ئه‌رێ، دیم ‌به‌ڕێز عه‌دنان موفتی‌ له‌باره‌ی دروستکردنی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌وه‌ ڕایده‌گه‌یاند و ده‌یوت: (پڕۆژه‌ی‌ ده‌ستووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ چه‌ند ده‌سته‌ و هه‌یئه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆ دروست بكرێن، له‌وانه‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی‌ ده‌نگ بۆ ده‌ستوور بده‌ین، له‌ هه‌رسێ‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندنی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌مان تاوتوێ‌ كردووه‌، كه‌ له‌ قازانجی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و دێموكراتی‌ و شه‌فافییه‌ته‌).. بۆیه‌، پێشبینی‌ كرد له‌ داهاتوویه‌كی‌ نزیكدا، ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان په‌سند بكرێ و كاری‌ پێ‌ بكرێت، تا ڕۆژی‌ ڕێفراندۆم و ئه‌وسا له‌به‌ر رۆشناییی‌ ده‌ستووردا، ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ دروست ده‌بێت. هاوکات سه‌رۆكی‌ حكومه‌تیش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، دروستكردنی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ به‌پێویست زانی‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ لێپرسراوانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بچن له‌وێ‌ سه‌روسامانی خۆیانی تێدا ئاشكرا بكه‌ن.

بێگومان ئه‌م سه‌رنج و ڕه‌وشه‌، بۆ گه‌لێک به‌ڵێن، دیارده‌ و لێدوانی هاوشێوه‌ی سه‌یرسه‌یرمان ڕاده‌کێشن.. مام جه‌لال، پێش ساڵی نوێ و به‌مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی مه‌حسووبییه‌ت و خزمخزمێنه‌، پڕۆژه‌یه‌کی بۆ ڕێکخستن و هێنانه‌کایه‌ی هاوئاهه‌نگیی نێوان حکوومه‌تی هه‌رێم و حیزبه‌کان؛ پێشکه‌ش کرد، وه‌لێ وه‌ک بڵقی سه‌رئاو پووکایه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ناویشی به‌قوربانی حازریان بوو.. سه‌رۆکی هه‌رێم له‌وه‌ته‌ی به‌غدا سقووتی کردووه‌، ساڵ نییه‌ جارێک و دوو پێمان نه‌ڵێ وا ده‌ستوور له‌بن نه‌شته‌رگه‌رییی جوانکردن و خه‌مڵاندندایه، که‌ژاوه‌ ئاماده‌ بکه‌ن.. ئه‌لحه‌ق ده‌ستووری به‌غدامان دی، وه‌لێ چاومان کول بوو و بووکی خۆمان هه‌ر نه‌دی.. پێش نزیکه‌ی دوو ساڵ، له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا که‌ بابه‌تی زمانی یه‌کگرتووی کوردی، خه‌مێکی گه‌وره‌ی ئه‌وه‌، ده‌بێ ده‌ست به‌ چاره‌سه‌رکردنی بکرێت.. ئه‌ویش هه‌ر نه‌بوو و وه‌ک به‌فری پار توایه‌وه‌.. وا خه‌ریکه‌ ـ به‌ڕاستی ـ دوو زمان و دوو میلله‌ت ، ته‌نیا له‌ کوردستانی فیدڕاڵدا په‌یدا ده‌بن، که‌ ئاخره‌که‌ی مه‌گه‌ر به‌ زمانی عه‌ره‌بی ببنه‌وه‌ کورد. یه‌ک له‌ ئامانجه‌کانی یاسای ئه‌کادیمیای زمانی کوردی که‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری له‌سه‌ر دا، ئه‌وه‌یه‌ هه‌وڵ بدرێ زمانی یه‌کگرتووی کوردی بێته‌ کایه‌وه‌، که‌چی هه‌ر ئه‌وێ ڕۆژێ یه‌ک له‌ لێپرسراوانی ئه‌کادیمیا وتی ڕازی نابین هیچ که‌س له‌هجه‌ی خۆی به‌سه‌ر ئه‌وانیدیکه‌دا فه‌رز بکا.. باقیی نموونه‌ و مه‌سه‌له‌کان، ئه‌نگۆ بیرێن.!

هه‌روابێته‌وه‌، هه‌ڵه‌ی به‌رچاو و مه‌زنی به‌رپرسانی کورد له‌وه‌دایه‌، هه‌ر که‌ که‌وتنه‌ به‌ر ڕه‌خنه‌، یه‌کسه‌ر بیانووان ده‌هێننه‌وه‌، به‌وه‌ی سه‌رقاڵی مشترومڕی به‌غدا و کێشه‌ی وڵاتانی ده‌وروبه‌رن و باری ئه‌وه‌نده‌ ئه‌رک و ئیش و ئێشانه‌ نابه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێ خه‌ڵکی په‌له‌یان لێ نه‌که‌ن و عوزریان بۆ بهێننه‌وه‌.. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و شێروڕێوییه‌، خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌وه‌ی نایکه‌ن، یاخود نازانن چۆنی بکه‌ن.. هه‌ر بۆ نموونه‌ ده‌ستوور، کێشه‌ی نه‌زاهه‌، نه‌بوونی زمانی یه‌کگرتوو و ڕێکخستنی ژیانی کۆمه‌ڵگه‌، هیچ پێوه‌ندییه‌کیان به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌وه‌ و که‌مته‌رخه‌می و لاسارییی به‌غداوه‌ نیه‌.. به‌ده‌ر له‌وه‌ی هه‌تا ئێسته‌، بۆ نموونه‌، ته‌نانه‌ت کارێکیان بۆ مادده‌ی 140 نه‌کردووه‌، بگره‌ له‌باتیی ئه‌م به‌ مادده‌ی 53 قایل بوون، که‌ لێژنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری مادده‌ی نێوبراو، قله‌ ئه‌ندامێکی تێدا نییه‌ که‌ گه‌وره‌ترین دوژمنی کورد نه‌بێت، یا هه‌ر هیچ نه‌بێ بێلایه‌ن و حه‌قبێژ بێت . له‌ هه‌قایه‌تی دێمستورایش گه‌ڕێ، که‌ پیاو نازانی چ عاجباتییه‌کی له‌ هه‌گبه‌دایه‌ چ له ‌ژوورێ یاخود له‌ ده‌رێ.

له‌ وڵاتی کاتپه‌روه‌ردا که‌ یه‌کێک ماڵ ده‌گوازێته‌وه‌، یه‌کسه‌ر ناوی خۆی به‌سه‌ر ده‌رگه‌که‌وه‌ ده‌بینێت.. که‌ بڕیارێک ده‌رده‌چێت، هاوکات ئامرازه‌کانی جێبه‌جیکردنیشی ئاماده‌ن، پێشترێ نه‌ک پاشترێ.. ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن ئیڕاده‌ و خودان ده‌زگه‌ی توندوتۆڵ، ته‌نیا به‌ته‌مای ئه‌وه‌ نابێ خه‌ڵکی له‌ده‌ره‌وه‌ بێن تاکوو چاره‌سه‌ری کێشه‌ی گه‌نده‌ڵیی بۆ بکه‌ن و به‌ پیاده‌کردنی سیاسه‌تی شیرده‌ بۆ داپیرده و به‌ته‌‌مای نیسکێ له‌ ئیمان گه‌ڕان‌، خۆی ئیقناع و خه‌ڵکی سڕ بکات، هه‌روه‌ک له‌ قسه‌یه‌کی سه‌رۆکوه‌زیراندا ده‌فامرایه‌وه‌، کاتێ له‌ هه‌مان کۆنفرانسی نێوبراودا وتی : بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌، گرێبه‌ستێكمان له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی‌ ئه‌مریكی‌ به‌ناوی‌ پرایس وۆته‌ر هاوس ـ دا ئیمزاكردووه‌، هه‌نگاوی‌ باشیان ناوه‌ بۆ بنه‌بڕكردنی‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌ كوردستاندا.!

2009/04/09
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە