کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێله‌قه‌یه‌کی به‌زه‌بر له‌ قه‌برغه‌ی کوردانی که‌رکووک

Friday, 14/08/2009, 12:00


له‌ لێدوانێكدا كه‌ له ‌سایتی‌ ره‌سمیی‌ جه‌بهه‌ی‌ ته‌وافوقدا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌ندامی ئه‌و به‌ره‌یه‌ سه‌لیم جبووری‌ ده‌ڵێت: " لێژنه‌كه‌ی‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر تۆماری‌ ده‌نگده‌ران به‌تایبه‌تی‌ له‌ پارێزگه‌ی‌ كه‌ركوكدا، له‌گه‌ڵ‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كۆبووه‌ته‌وه‌‌، بۆیان ڕوونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ كۆمسیۆن دیدێكی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ له‌باره‌ی‌ هه‌لومه‌رجی‌ كه‌ركوكه‌وه‌ هه‌یه.‌ سه‌باره‌ت به ‌تۆماری‌ ده‌نگده‌رانه‌وه‌، ‌ڕێگه ‌نادات هیچ ناوێك بۆ تۆماره‌كه‌ له‌دوای‌ 2007ه‌وه‌ زیاد بكرێت، ئه‌مه‌ش مانای‌ وایه‌ ئه‌و سه‌د هه‌زار كه‌سه‌ی‌ له‌دوای‌ ئه‌و ساڵه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ناو كه‌ركووكه‌وه‌، بۆیان نییه‌ ده‌نگ بده‌ن".

ئه‌و وتانه‌ی نێوبراو، ئاماژه‌یه‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵ و پیلانانه‌ی دژی که‌رکووک و که‌رکووکییه‌کان ده‌درێن؛ به‌رده‌وامن، بگره‌ وا خه‌ریکن بکه‌ونه‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌ش، به‌و شێوه‌یه‌ی له‌ خزمه‌تی مه‌رامی نه‌یارانی خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی که‌رکووک بێ و له‌ داهاتوودا ببێته‌ کارتێکی به‌هێز له‌سه‌ر مێزی هه‌ر گفتوگۆیه‌کی له‌باره‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌ ناسک و پڕمه‌ترسییه‌دا ده‌کرێت.. ئا ئه‌وسا نه‌ ئه‌و مورافه‌عه‌ عوزمایه‌ی مام جه‌لال له‌باره‌ی که‌رکووکه‌وه‌ که‌ له‌ مه‌جلیسی حوکمی هه‌ڵوه‌شاوه‌دا کردی، ده‌خوا، نه‌ ئه‌و ته‌سریحات و خۆگیفکردنه‌وه‌ و عه‌رزی عه‌زه‌ڵاته‌ی‌ به‌رپرسانی کورد ده‌یانکه‌ن، دوو فلسان ده‌هێنن.

مالیکی، که‌ به‌ فه‌رمانی ئه‌مریکاوه‌ هاته‌ کوردستان و دوو سێ ته‌ئکیداتی دا، هێندێک قه‌ڵه‌م که‌وتنه‌ ته‌قه‌ی خۆشی.. له‌م ڕۆژانه‌شدا، له‌سه‌ر یاسا و ڕێسای فه‌توا به‌پێی زه‌مان و مه‌کان ده‌گۆڕێت، مالیکی له‌ به‌غدا گوتی کێشه‌ی که‌رکووک و مادده‌ی 140 له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا نییه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ستۆی ئه‌واندا بووه‌ له‌ڕووی پێکهێنانی لێژنه‌گه‌ل و بودجه‌وه‌، جێبه‌جێ کراون.. مه‌سه‌له‌ی سنووریش، ئه‌وا له‌به‌ر ده‌ست په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تیی کۆماردایه‌، له‌وێ پێک نایه‌ن له‌سه‌ری.

بۆی هه‌یه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی وه‌زیری ده‌وڵه‌تی عێراق عه‌لی مه‌حموود زه‌مه‌قی، زۆر ڕاست بێ، کاتێ به‌ ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌‌ : " له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا، به‌ده‌گمه‌ن له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیراندا باس له‌ كاری‌ لێژنه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ كه‌ركووك كراوه‌..هێنده‌ی‌ ئاگادار بم ته‌نیا یه‌كجار له‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2007دا له‌ وێدا باسی لێ كراوه‌، ئه‌و كێشانه‌ ته‌نیا له‌ ژووره‌ داخراو و ئاسته‌ ناڕه‌سمییه‌کان ‌و له‌ نێوان یه‌كێتی‌ ‌و پارتی‌ ‌و لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌دا باس كراون ".

ئه‌رێ، تا ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵدا بێ، به‌رپرسانی کوردستان، ته‌نانه‌ت بۆ یه‌ک جاریش، کاتێ له‌ لوتکه‌ی هێزدا بوونه‌، کارتێکی زه‌غتیان به‌کار نه‌هێناوه، که‌ بێگومان کاریگه‌ریی زۆری ده‌بوو له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی کێشه‌ی که‌رکووک. به‌ڵکوو پیاو زه‌ینی بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێ که‌ سووربوونی لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌ی ناوچه‌دابڕاوه‌کان، چ لایه‌نی کوردی یان عه‌ره‌بی، ته‌نیا بۆ ئه‌و که‌ڵکه‌ ماددییه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ که‌ له‌و سه‌ودا و مامه‌ڵه‌یه‌دا چنگیان ده‌که‌وێت، واته‌ ئه‌و په‌تای گه‌نده‌ڵییه‌یه‌ مه‌سه‌له‌که‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات، نه‌ک دڵسۆزی بۆ که‌رکووکی داماو و مات.

هه‌میشه‌ وا بووه‌، زۆر جار ئه‌وه‌ی له‌ کاتێکی که‌م و کورتدا کراوه‌ و وه‌به‌رهه‌م هاتووه‌، له‌ کاتێکی زۆر و درێژدا نه‌کراوه‌ و وه‌به‌رهه‌م نه‌هاتووه‌.. له‌ قسه‌کانی جبووری و کرده‌وه‌کانی ئه‌وانیدیکه‌دا، وا ده‌فامرێته‌وه‌ که‌ هه‌موو لایه‌ک سه‌نگه‌ریان گرتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕه‌کان له‌ ژێرپێی کورد ڕابکێشن و ئه‌و ده‌سکه‌وته‌ی له‌ 2005 دا بۆ کورد وه‌دی هات، له‌ هه‌ڵبژادنه‌کانی داهاتووی عێراقدا ـ به‌ به‌ڵگه‌ و سه‌ند ـ له‌باری ببه‌ن و وا بکه‌ن سه‌د هه‌زار دانه‌ کوردی که‌رکووک نه‌زانن ڕوو له‌ کوێ بکه‌ن و له‌ کام ده‌رکه‌ بده‌ن، هه‌ر چونکه‌ پێله‌قه‌یه‌کی به‌ژانیان به‌ قه‌برغه‌ ده‌که‌وێت، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورد نوستووه‌، نه‌ک زیندووه‌.!

2009 /8/12
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە