کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داهاتوومان.. له‌ سایه‌ی مه‌لا به‌ختیار و قه‌سیده‌ی بورده‌ی مام جه‌لال ـ دا

Friday, 17/07/2009, 12:00


له‌ هه‌واڵه‌کاندا هاتووه‌ که‌ مه‌لا به‌ختیار له‌ سه‌ردانێکیدا بۆ ده‌ربه‌ندیخان، به‌ڵێنی به‌ خه‌ڵکه‌که‌ داوه‌ که‌وا هه‌ر خانوویه‌کی تاپۆ نه‌کراو، تاپۆ ده‌کرێت، هاوکات له‌ گه‌رمه‌ی حه‌ماسه‌تدا بڕیاره‌که‌ی خۆی ئیمزا کردووه‌. بێگومان ئه‌و کاره‌ی سه‌یدا ته‌نیا فه‌توای خۆی بووه‌ و ئه‌مه‌ش یه‌ک له‌ نیشانه‌کانی گه‌نده‌ڵی و بێسه‌روبه‌ریی حکوومه‌تێکه‌ که‌ کاره‌کانی هاکه‌زایین، هاوکات هه‌موو شتێک له‌ میلله‌تی خۆی ده‌شارێته‌وه‌ و گشت بودجه‌ و پڕۆژه‌کانی له‌نێو به‌ریک و جزدانی خۆیدا گلی داون، بێی ئه‌وه‌ی ڕۆژێ له‌ ڕۆژان ئه‌وه‌ی بنبه‌ڕێ بۆ خه‌ڵکی بهێنێته‌ سه‌ربه‌ڕێ.

گومان له‌وه‌دا نییه‌ مه‌لا به‌ختیاریش یه‌ک له‌ ده‌رهاوێشته‌کانی ئه‌و سیسته‌مه‌ داڕزاو و مۆته‌که‌یه‌، ده‌نا چ حوکمڕانییه‌که‌ ئه‌وه‌ کاتێ به‌رپرسێکی حیزبی به‌ ئاره‌زووی خۆی و له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵچوون و بگره‌ چه‌پڵه‌ڕێزانێکی خه‌ڵکی بێئاو و کاره‌با و به‌له‌نگاز و ڕیسواکراودا، ده‌ستووری تاپۆکردنی زه‌ویی پێ بدرێ به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا، هه‌تا ئه‌گه‌ر به‌ ڕواڵه‌ت کارێکی باشیشی کردبێت.؟ چونکه‌ هه‌نگاوی ئاوا ده‌بێ ئه‌ڵقه‌یه‌ک بێ له‌ زنجیره‌ کارێکی که‌ ده‌وڵه‌ت خۆی به‌رنامه‌ی سه‌رله‌به‌رانه‌ی بۆ داڕشتبێ، واته‌ هه‌موو کون و قوژبنێکی وڵاتی گرتبێته‌وه‌، ده‌نا ماقوول نییه‌ ئه‌م شارۆچکه‌یه‌ به‌ر ڕه‌حمه‌تی مه‌لا به‌ختیار بکه‌وێ و شارۆچکه‌ی ئه‌ولاترێش ده‌ستی به‌دبه‌ختی بخاته‌ ژێر چه‌نه‌ی خه‌فه‌ت و هه‌موو ده‌مێ گه‌فی هه‌ڵکه‌ندنی لێ بکرێت، هه‌ر چییه‌ حه‌زره‌تی مامۆستا سه‌ردانی ئه‌وێی نه‌کردووه‌.

ئه‌م کاره‌ پڕ له‌ هه‌ڵپه‌ و بێبه‌رنامه‌یه‌ی کاکه‌ مه‌لا، به‌ په‌له‌فرتێی پێش داڕووخانی یه‌کجاره‌کیی یه‌کێتیی ده‌زانم، که بۆگه‌نی کردووه‌ و‌ خه‌ریکه‌ هه‌ر ڕۆژێ په‌لێکی لێ ده‌پسێ، تابوورێکی لێ ده‌ترازێ و کۆمه‌ڵێ جاڕی ئاشبه‌تاڵی ده‌دا و بۆ مه‌کۆ و مه‌ڵبه‌ند و بنکه‌ی دی لووزه‌ ده‌که‌ن، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی مام جه‌لال له‌ دیداره‌کانی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا بڕوێش ده‌کا و له‌ مه‌دح و سه‌نای سه‌رۆکی هه‌رێمدا هه‌ر ده‌ڵێی قه‌سیده‌ی بورده‌ی که‌ له‌سه‌ر فه‌خری عاله‌م نووسراوه‌؛ ده‌خوێنێته‌وه‌.. وێڕای ئه‌و کاره‌ به‌ربڵاو و گه‌رماوگه‌رمانه‌ی هاوپه‌یمانانی ئه‌وان ده‌یانکه‌ن له‌ قیڕتاوکردنی ڕێگه‌وبانان، زێده‌کردنی وێستگه‌ی کاره‌با و به‌خشینی خه‌ڵاتان، که‌ هه‌ر ده‌ڵێی ڕۆژی جه‌ژنه‌ و تێیدا هه‌موو که‌س تێری پڵاو و گۆشت ده‌بێت، تومه‌ز گشتی به‌رتیلی ده‌نگدانه‌. ئه‌گه‌رچی له‌و بڕوایه‌دام ئه‌گه‌ر بهاتایه‌ ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌، وه‌ک ئه‌م دوو سێ حه‌فته‌یه‌ی دوایی، کاری ئاوه‌دانی بکرایه‌، ئێسته‌ کوردستان شانی له‌ شانی وڵاتانی ئه‌وروپی ده‌دا و ده‌با هه‌ر سه‌ڵه‌وات له‌ دیداری به‌رپرسان بدرایه‌.

له‌ ڕوانگه‌ی سه‌رنجه‌کانی گۆرینه‌وه‌، ده‌کرێ پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دابگرین که‌ ئه‌و موباله‌غه‌ زۆره‌ی مام جه‌لال و ئه‌و په‌له‌قاژه‌یه‌ی مه‌لا به‌ختیار و هه‌ڤاڵانی که‌ میلله‌تی پێ بۆڕ ده‌ده‌ن، له‌ داهاتوودا، هێدی هێدی، خوێنی نه‌یاران شیرینتر و ڕه‌زایان سووکتر ده‌که‌ن، هه‌روا زێتر ده‌که‌ونه‌ به‌ردڵان.. به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی ده‌سی له‌ بینه‌قاقای کورد ناوه‌، له‌زگه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ واڵا ده‌بێ که‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی : ئه‌گه‌ر هاتوو میلله‌ت ـ له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک ـ کارته‌کانی لێ تێکه‌ڵ بن، به‌وردی به‌سه‌رهاته‌ تاڵه‌کان نه‌خوێنێته‌وه‌، ده‌رس له‌ ئێسته‌ و ڕابوردوو وه‌رنه‌گرێ و سێبه‌رده‌ له‌ مستی هه‌ڵگرانی شێرپه‌نجه‌ی گه‌نده‌ڵیی بنجداکوتاو نه‌نێ، ئه‌ویش به‌ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ر و لایه‌نی هه‌نووکه‌ و ڕابوردوو پاك و بێگه‌رد و ڕاسته‌قینه‌، ئه‌وا به‌دوور نازانرێ په‌یتاپه‌یتا به‌غدا گه‌رای خۆی له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌ی بێبنه‌وانی کورده‌واری دابنێ و وا بکا کورده‌که‌ ـ به‌ حوببی دڵیه‌وه‌ ـ بیهێنێته‌وه‌ هه‌ولێرێ، زاته‌ن ئه‌زموونیشمان هه‌یه‌ له‌ مێژووی ئێسته‌ و به‌رێ.

2009/7/14
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە