کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیاسه‌تی شڕمبڕم!

Thursday, 10/12/2009, 12:00


ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ باشوور هیچی له‌ده‌ستنایه‌ت. سیاسه‌ت واتا بڕیاردان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌هاگه‌ل و دابونه‌ریت و به‌دیلگه‌له‌ی که‌ له‌ هه‌لومه‌رجێک و بارودۆخێکی تایبه‌تا هه‌ن. هه‌میشه‌ کاتێ که‌ کارله‌کار ده‌ترازێ و به‌رنامه‌ی کار له‌ته‌واوبوونایه‌، ته‌ماشا ده‌که‌ی کوردگه‌ل به‌خه‌به‌ردێن بۆ ئه‌وه‌ی پاساو بهێننه‌وه‌ و گله‌یی له‌ لایه‌نه‌کانی تر بکه‌ن و پاشانیش له‌ که‌عبه‌ نه‌گۆڕه‌که‌یان واتا به‌غدای عرووبه‌ و ئیسلام به‌ ده‌ستی به‌تاڵه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ پایته‌خته‌ به‌زۆر سه‌پێندراوه‌که‌ی کوردستان! که‌س نازانێ بڕیار به‌ده‌ستی کێیه‌؛ هه‌رچی په‌رله‌مانه‌ ته‌نها جێگای گفتوگۆیه‌ هه‌ر وه‌کوو دیوه‌خانێکی بێسه‌روبه‌ر، هه‌رچی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌ ئاماده‌ نییه‌ بۆ بڕیاردان و سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمیش له‌ شه‌وێکی بێمانگا په‌سه‌ندی بڕیارێک ده‌کات که‌ له‌ په‌رله‌مانی به‌غدا ده‌نگی بۆ دراوه‌ دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی کورد و کوردستان.
ئه‌وه‌تا ده‌بینی چلۆن قانوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق بڕیاری له‌سه‌ردرا که‌ پێکهاته‌ی هه‌ڵه‌ و فێڵ و خه‌له‌تاندنه‌ که‌چی په‌سه‌نده‌کرێت و سه‌رکۆماری عیراق که‌ گوایا کورده‌ شانازی پێوه‌ ده‌کات به‌ سه‌رکوتنی پرۆسه‌ی دیموکراسی له‌ عیراق له‌قه‌له‌می ده‌دات!
له‌ هه‌مووشی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ پاساوه‌که‌ نه‌ک هه‌ر جوان نییه‌، به‌ڵکوو ئه‌وپه‌ڕی ساده‌یی و ده‌به‌نگییه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ڕووانگه‌ی سیاسه‌تناسی تۆژینه‌وه‌ی بۆ سازکه‌یت! ده‌بێژن سه‌رۆکی ئه‌مریکا باڕاک ئۆباما په‌یمانی داوه‌ که‌ کێشه‌ی که‌رکووک چاره‌سه‌ر‌ بکات و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی کوردیش! ئه‌مه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ڕازیبوونی کورد یاخود ده‌سه‌ڵاتی کوردی (چونکی کورد وه‌ک گه‌ل به‌شێک نییه‌ له‌ کێشه‌که‌!) به‌م قانوونه‌ چه‌وت و ناپه‌سه‌نده‌! واتا سازشکراوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ په‌یمانێکی قورس و سه‌نگین له‌ شێوه‌ی په‌یمانه‌که‌ی 1974 یان با بێژین په‌یمانه‌که‌ی جۆرج بووشی باوک بۆ فه‌له‌ستینییه‌کان له‌ کاتی جه‌نگی ڕزگارکردنی کوێت له‌ 1990. بووش پێیانی گوت با کێشه‌ی کوێت چاره‌سرکرێت، په‌یمان بێت ئه‌وسا کێشه‌ی فه‌له‌ستین چاره‌سه‌ر ده‌که‌ین! ئه‌مه‌ پێش 19 ساڵ! ئه‌ی ئێستاکه‌ کێ سه‌رکۆماره‌ له‌ ئه‌مریکا؟
باشه‌ ئه‌گه‌ر گریمان شتێکی له‌م جۆره‌ په‌یمانه‌ له‌ ئارادایه‌، بۆچی بڵاوی ده‌که‌یته‌وه‌؟ ئه‌ی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی پڕ نییه‌ له‌ نهێنی؟ یاخود مه‌به‌ست هه‌ر پاساوهێنانه‌وه‌یه‌ و خه‌ڵه‌تاندنی جه‌ماوه‌ری کوردی به‌دبه‌خته‌! نه‌وه‌که‌ هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵکوو هه‌واڵێکی ئاوها کارگه‌رییه‌کی زۆر نه‌خێریی ده‌بێ له‌ ڕووی په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵاتی کوردی براعه‌ره‌به‌کانیان! باشه‌ تۆ ئه‌ی به‌رپرسی کورد، ئه‌ی سیاسه‌توانی کورد، ئه‌ی سه‌رۆک و وه‌زیر و ئه‌ندامپه‌رله‌مان و باڵوێز و ...تاد، ئێوه‌ هه‌مووتان نه‌تانگوت ئێمه‌ عیراقین و یه‌کێتیی خاکی عیراق ده‌پارێزین؛ ده‌ی که‌واتا چۆن ده‌چن په‌نا ده‌به‌ن به‌ هێزێکی بێگانه‌ی داگیرکه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌تان بۆ چاره‌سه‌ر بکات له‌سه‌ر حسێبێ براعه‌ره‌باکانتان؟ ئه‌ی نه‌تان گوت خه‌ڵکی که‌رکووک خۆیان بڕیارده‌ده‌ن؟ قانوونه‌که‌ له‌ ده‌ستوور نووسراوه‌، باشه‌ بۆ خه‌باتی بۆ ناکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی جێبه‌جێ بکرێت؟ ئه‌مه‌شیان هه‌ر قورس و زه‌حمه‌ته‌؟ یاخود دیسانه‌وه‌ فشارتان له‌سه‌ره‌؟ پاشان چۆن ڕازی ده‌بن به‌ قانوونێک که‌ دووره‌ له‌ دیموکراسی و دادپه‌روه‌رییه‌وه‌؟ ئه‌ی نابێ ڕێزتان هه‌بێ بۆ ئه‌م به‌ها جوانانه؟ ناشێ هه‌ندێ خاوه‌ن هه‌ڵوێست بن؟ ناگونجێ به‌ ئۆبامه‌ بێژن ئه‌م قانوونه‌ دووره‌ له‌و بنه‌مایانه‌ی که‌ خودی ئه‌مریکا بونیادکراوه‌ له‌سه‌ریان، بۆیه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ نین په‌سه‌ندی بکه‌ین؟ ده‌یه‌ها پرسیار و لێکدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ن که‌ پیاو بیانخاته‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆکردن به‌ڵام کوانێ بۆچوون و هه‌ڵوێست و وه‌ڵامگه‌ل؟
له‌ هه‌موو شتێک و بۆنه‌یه‌ک و دۆخێک وقۆناغێک و ئێستگه‌یه‌ک ژێرکه‌وتن ودۆڕاندن و فه‌شه‌ل و ده‌ستبه‌تا‌ڵی! سه‌رکه‌وتن ته‌نها له‌ قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات و سامانی کوردستان و هیچی تر! به‌ڕاستی شه‌رمه‌زارییه‌.
ئه‌وه‌تا بۆ 20 ساڵ ده‌روا، نه‌ ده‌ستوورمان بینی، نه‌ سنووری کوردستان، نه‌ سوپایه‌کی دیوانه‌کی (واتا ڕه‌سمی) هاوچه‌رخه‌کی، نه‌ په‌رله‌مانێکی کارا، نه‌ حکوومه‌تێکی به‌رهه‌مداری سه‌رکه‌وتوو، ته‌نانه‌ت که‌له‌پووری کوردیش هه‌ره‌سی هێنا شانبه‌شان له‌گه‌ڵ ئابوری و کشتووکاڵا! له‌ هه‌مووشت سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ چه‌نێ ژێرکه‌وتن و دۆڕاندن و خه‌ڵه‌تاندن و گاڵته‌جاری و شتی تریشیان تووش ده‌بێ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، که‌چی ئه‌مان هه‌ر نقه‌یان لێوه‌ نایه‌ت و هه‌ر بڵێی هیچ ڕووینه‌داوه‌ و پاشان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ پێسته‌گه‌نده‌ڵه‌که‌ی خۆیان و ده‌ستده‌که‌ن به‌ ماچکردنی براعه‌ره‌باکانیان و پێکه‌وه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ و پێکه‌نین دابه‌شده‌که‌ن! ئایا ئه‌مه‌ی ده‌یبینین یاخود بینیومانه‌ له‌م 17 ساڵه‌ی ڕابوردووا، ته‌نانه‌ت له‌ چیرۆکه‌کانی هه‌زارشه‌وویه‌کشه‌ویش ده‌خوێنرێنه‌وه‌؟ تۆ بڵێێ کاره‌کان هه‌مو هه‌ر شانۆگه‌ریگه‌ل نه‌بن بۆ له‌خشته‌بردنی گه‌لی کوردستانی سته‌مدیده‌؟ تۆ بڵێی ئه‌م سیاسه‌توانانه‌ی ئێمه‌ له‌ژێر ڕه‌شماڵی گومان و گومانلێکردن ڕانه‌کشابێتن؟ یه‌ک شت ڕاسته‌ و به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌؛ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌مان تێکڕا گوێنه‌درن، که‌مته‌رخمن، فه‌رامۆشکارن، بێده‌سه‌ڵاتن، بێهه‌ڵوێستن، ناپاکن، له‌ سیاسه‌تا‌ هاوین نه‌ک موحته‌ریف، خۆپه‌رستن، شێتوشه‌یدای پاره ‌و پله‌وپایه‌ن، هه‌لپه‌رستن و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ دوژمن وداگیرکه‌را هاومه‌بستن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە