کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گه‌ل هه‌یه‌ بۆ ئاشتی خه‌بات بکات؟!

Tuesday, 26/03/2013, 12:00




له‌ مێژه‌وه‌ گوتوومه‌ که‌ ئێمه‌ی کورد له‌عاله‌مبه‌ده‌رین! هیچ شتێکمان له‌ گه‌لانی تر ناچێت. نه‌ شۆڕشمان، نه‌ خه‌باتی سیاسیمان، نه‌ گفتوگۆی سیاسیمان له‌گه‌ڵ دوژمنان، نه‌ ئاهه‌نگێڕانمان و نه‌ پرسه‌گێڕانمان. ئاخر له‌سه‌ر زه‌مین ڕوویداوه‌، گه‌لێک یادی کاره‌ساتێکی وه‌کوو هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ هه‌ڵپه‌ڕکێ و گۆرانی بکاته‌وه‌ وه‌کوو ئه‌وه‌ی ئه‌م ساڵ ڕوویدا؟ ئایا جووه‌کانمان نه‌بینیوه‌ کاتێ یادی له‌ناوبردیان ده‌که‌نه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیای نازییه‌وه‌، یاخود ژاپۆنییه‌کان کاتێ یادی هیرۆشیما و ناکازاکی ده‌که‌نه‌وه‌؟
ئه‌وه‌تا ئێستاکه‌ش خه‌باتی کورد له‌ باکووری کوردستان بووه‌ته‌ خه‌باتگێڕان بۆ ئاشتی، یاخود بۆ ئاشتی و دیموکراسی! بێگومان ئاشتی له‌به‌رژه‌وه‌ندیی تورکیایه‌، چونکه‌ جگه‌ له‌ تێچووونه‌ به‌رزه‌که‌ی شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ کوردا، ناوبانگی تێکشکاوه‌ له‌نێو کۆمه‌ڵگای نێوده‌وله‌تیدا و هه‌روه‌ها بووته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ یه‌کگرته‌ی ئه‌ورووپا وه‌رنه‌گیرێت وه‌کوو ئه‌ندام. پاشان ئه‌وه‌ی له‌نێو کورد و تورک ڕووی داوه‌ شه‌ڕێکی ئه‌وتۆ نییه‌ که‌، بۆ نموونه‌، به‌راوردکرێت له‌گه‌ڵ شه‌ڕێکی نێو دوو ده‌وڵه‌ت. پاشان كێ ده‌ستی به‌ شه‌ڕکرد، کورد یان تورک؟ بێگومان کورد! ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تورکه‌کان ئاماده‌نین دانبنێنه‌ مافی نه‌توه‌ییی کورد، بۆیه‌ کورد په‌نایدایه‌ چه‌کهه‌ڵگرتن و ئه‌مه‌ش مافێکی ڕه‌وایه‌ بۆ هه‌موو گه‌لێک. به‌ڵام چه‌کهه‌ڵگرتن بۆ چی و بۆ چ مه‌به‌ستێک و چ ئامانجێ؟
له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی شه‌ڕ، په‌که‌که‌ خه‌باته‌که‌ی بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ بوو بۆ کورد. ئه‌مه‌ش واتاکه‌ی پاککردنه‌وه‌ی کوردستانه‌ له‌ سوپای ده‌وڵه‌تی تورکیا. ئه‌مه‌ ستراتیجێکی ڕاست و ته‌واو و ڕوون ڕه‌وابوو، هه‌رچه‌نده‌ مه‌رجێکی بێواتایان بۆ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ دانابوو که‌ گوایا ده‌بێت مارکسی بێت، واتا له‌سه‌ر بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ی مارکس و لینین بێت. بێگومان ئه‌م مه‌رجه‌ خۆی له‌ خۆیدا بۆچوونێکی چه‌وت و هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ بوو. به‌ڵام ئێره‌ شوێنی ئه‌م بابه‌ته‌ نییه‌. یه‌که‌مین هه‌ڵه‌ی مه‌زنی په‌که‌که‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ ستراتیجی ده‌وڵه‌تی گۆڕی به‌ مانه‌وه‌ی کورد له‌ چوارچێوه‌ی تورکیادا و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان کرد که‌ ئه‌وان نایانگه‌ره‌که‌ تورکیا دابه‌شکه‌ن! ئه‌مه‌ نه‌ک هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ بوو، به‌ڵکوو هاوکات کاره‌سه‌تاێکی مه‌زنبوو. گۆڕینی ستراتیج هیچ واتایه‌ک نابه‌خشێ مه‌گه‌ر ئاخڕشه‌ڕیی میلله‌تێک نه‌بێت! باشه‌ بۆچی ستراتیجت ده‌گۆڕی؟ ئایا بڕوات به‌ خۆت نییه‌؟ ئایا له‌ دوژمنه‌که‌ت ده‌ترسی؟ ئایا دڵت به‌ دوژمنه‌که‌ت ده‌سووتێ کاتێ که‌ ناته‌وێ ده‌وڵه‌ته‌که‌ی دابه‌شکه‌ی؟ ئایا ده‌وڵه‌ته‌که‌ هی ئه‌وه‌، یاخود ته‌نها هی ئه‌وه‌؟ باشه‌ ئێمه‌ نه‌مان گوت به‌شێکی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ خاکی مێژووییی ئێمه‌یه‌؟ ئه‌م هه‌نگاوه‌ گه‌وره‌ترین قه‌یرانی دروستکرد بۆ کورد و کوردستان. ده‌وڵه‌تی تورکیا هه‌ناسه‌یه‌کی درێژی کێشا به‌ درێژاییی خاکی کوردستانی هه‌ر چوارپارچه‌که‌! کوردان دۆڕان و تورکان بردیانه‌وه‌!
کاتێ که‌ سه‌رۆکی په‌که‌که‌ ئۆجه‌لان ده‌ستگیرکرا، دیسانه‌وه‌ دروشم گۆڕدرا، ئه‌م جاره‌یان بووه‌ ئازادی بۆ ئۆجه‌لان و ئاشتی بۆ کوردستان! ئاخر گه‌ل هه‌یه‌ ستمدیده‌ بێت، خاکی داگیکرابێت، ماڵی کاولکرابێت، که‌له‌پووری زینده‌چاڵکرابیت، شکۆمه‌ندیی نه‌توه‌ییی تێکشکێندرابێت، ئازادی لێزه‌وتکرابێت; خه‌بات بۆ ئاشتی بکات؟! کام ئاشتی؟ له‌گه‌ڵ کێ ئاشتی؟ خۆ ده‌توانیت ئاشتیانه‌ بژێیت له‌گه‌ڵ تورکان، به‌ڵام به‌بێ ماف!
فه‌له‌ستیننیه‌کان، ئه‌وانیش له‌ کورد ئاخرشه‌ڕتر!، خه‌باتیان گۆڕی، یاخود بۆیانیان گۆڕی، له‌ رزگارکردنی خاکه‌که‌یان بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی له‌نێو ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین! باشه‌ کێشه‌ی فه‌له‌ستین په‌یوه‌ندیی چییه‌ به‌ ئاشتیی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوڕاسته‌وه‌؟ پاشان که‌ی شه‌ڕ هه‌یه‌ له‌ نێوان فه‌له‌ستین وئیسرائیل؟ فه‌له‌ستینییه‌کان به‌رد و قه‌ڵماسنگ به‌کارده‌هێنن! به‌ وێژه‌یه‌کی تر، کێشه‌ی گه‌لێکی خاکداگیرکراو کرایه‌ کێشه‌ی ئاشتی و شه‌ڕ، واتا کێشه‌که‌ له‌ چێوه‌ی خۆی ده‌رهێنرا. وا ده‌ره‌که‌وێ ئیسرائیل تورکه‌کانیان فێرکردووه‌ که‌ هه‌مان ته‌کتیکی ئه‌وان به‌کاربهێنن!
بێگومان که‌س دژی ئاشتی نییه‌، به‌ڵام وه‌کوو گوتمان کام ئاشتی؟ پێش ئه‌وه‌ی باسی ئاشتی بکرێت، ده‌بێت باسی کڕۆکی کێشه‌ که‌ بکرێت، کێشه‌که‌ چاره‌سه‌ر بکرێت، نه‌وه‌ک هه‌ر له‌نێوان دوو لایه‌نه‌که‌وه‌ به‌ڵکوو هاوڕێ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌. با کێشه‌ی کوردستانیش وه‌کوو ئه‌وه‌ی فه‌له‌ستینی لێنه‌یه‌ت. ئه‌مڕۆ باشووری کوردستان به‌ شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی، وه‌کوو فه‌له‌ستینی لێهاتووه‌، یاخود پێستی فه‌له‌ستینیان کردووه‌ته‌ ‌به‌ری. له‌ کوردستانیش حکوومه‌ت و په‌رله‌مان هه‌یه‌ به‌ڵام سنوور نییه‌، سه‌روه‌ریی خاک نییه‌، هه‌میشه‌ له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی به‌غدایه‌ ئه‌گه‌ر نێوبراو به‌هێزبێته‌وه‌. ده‌توانین بڵێین عیراقیش وه‌کوو لوبنانی لێهاتووه‌، به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستای هه‌رگیز سه‌قامگیرنابێت. بۆیه‌ ترسێکی گه‌وره‌ش له‌سه‌ر دۆخی باکوور هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر کوردگه‌لی ئه‌وێنده‌رێ هۆشمه‌ند و دیقه‌تدارنه‌بن.
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بڕیاردرا له‌سه‌ری، واتا ئاگربه‌ست، به‌ مه‌رجێکیش کشانه‌وه‌ له‌ تورکیا له‌لایه‌ن هێزه‌کانی په‌که‌که‌ ڕوونه‌دات، چونکه‌ پیاو چلۆن له‌ خاکی خۆی ده‌کشێته‌وه‌، ئه‌وا وه‌کوو ته‌کتیکێکی کاتی ده‌شێ به‌رپابکرێت، به‌ڵام به‌ مه‌رجێ نه‌کرێته‌ ستراتیج یاخود هه‌نگاوی تری به‌دواوه‌ بێت و ته‌نها له‌لایه‌ن په‌که‌که‌ه‌وه‌ بدرێت. ده‌بێ ئێمه‌ی کورد داوای گفتۆگۆی هاوسه‌نگ بکه‌ین له‌گه‌ڵ تورکانه‌، نه‌ک له‌ ئه‌نقه‌ره‌، به‌ڵکوو له‌ شوێنێکی بێلایه‌ن، هه‌روه‌ها به‌ ئاماده‌بوونی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و یه‌کگرته‌ی ئه‌ورووپا و ئه‌مریکا وڕووسیا. ئا به‌م شێه‌وه‌یه‌ سوودانییه‌ باشوورییه‌کان کێشه‌که‌یان چاره‌سه‌رکرد، هاوکات له‌گه‌ڵ ڕاگرتنی شه‌ڕ.
با بۆ جارێک ده‌سبه‌رده‌ی له‌عاله‌مبه‌ده‌ربوونمان ببین و وه‌کوو گه‌لانی هۆشیار و باوه‌ڕبه‌خۆبوو هه‌ڵسوکه‌وتی سیاسیمان بکه‌ین! ئه‌گینا دیسانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ خاڵی یه‌که‌م. واتا سه‌ره‌تا گریان وپه‌شیمانی، پاشانیش هه‌ڵپه‌ڕکێ و گۆرانی!!!
یه‌ک شت تاکوو بڵێێ مایه‌ی گه‌شبینی و خۆشییه‌، چ له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌، چ له‌ ڕووی که‌ۆمه‌له‌کییه‌وه‌، ئه‌ویش به‌شداربوونی جه‌ماوه‌ره‌ له‌ باکووری کوردستان به‌ گشت چین و ته‌مه‌ناکنیانه‌وه‌، چ پیاو، چ ژن، چ منداڵ، چ گه‌وره‌، چ کوڕ، چ کیژ، چ لاو، چ به‌ساڵاچوو، هاوڕێ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ سیاسه‌توانکانمان. ئه‌م دۆخه‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌ باشوور بوونی نییه‌، چوونکه‌ له‌ باشوور، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ته‌نها خۆی سیاسه‌ت ده‌کات و هه‌ر بۆخۆشی ده‌یکات، واتا ده‌سه‌ڵات له‌ دۆڵێک، جه‌ماوه‌ریش له‌ دۆڵێکی تر.

هاشم بازرگان




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە