دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له نێوان هه‌ست و هۆش
Thursday, 09/05/2013, 12:00
ئه‌م گوتاره ده‌رباره‌ی ئه‌و بۆچوونه چه‌وتانه‌یه له‌مه‌ڕ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی. له پێش هه‌مووشی بۆچوونی جه‌لال تاڵه‌بانی که گوایا ئه‌و کورده‌ی خاوه‌ن عه‌قڵ و پێگه‌یشتن بێت بڕوای پێناکات! هه‌ر تاکێکی کوردی عاقڵ و پێگه‌یشتوو داوای ده‌وڵه‌تی کوردی ناکات چونکه ئه‌م ئامانجه جێبه‌جێکردنی مه‌حاڵه!
باشه ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و تاکه بانگه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی کوردی بکات و خۆشی کورد نه‌بێت، ئه‌وسا ئه‌م تاکه گهرێبێ چی بێت؟! وه‌ڵامه‌که بێگومان له‌لای تاڵه‌بانییه! نه‌خێر ئه‌گه‌ر هاتوو نێوبراو سیاسهتناسێکی گه‌وره بێت یان نووسه‌رێکه به‌ناوبانگ بێت یان کۆمه‌ڵناسێکی مرۆڤدۆست بێت وه‌کوو بۆ نموونه ئیسماعیل بێشکچی تورک یاخود هادیلعهلهوی عه‌ره‌ب، ئینجا جه‌لال چی ده‌بێژێ؟! پێویستیش ناکا باسی ماندێلای ئه‌فریقی بکه‌م!
با بابه‌ته‌که بکه‌مه چه‌ند به‌شێکه‌وه:
یه‌که‌م
ئایا سه‌رچاوه‌ی ده‌وڵه‌ت ئاوه‌زه واتا عه‌قڵه؟
لێره‌دا ده‌بێ چه‌خت بکه‌مه سه‌ر ئه‌و گه‌لانه‌ی که خاکیان داگیرکراوه. چونکه زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی جیهان پاش ڕزگاربوونیان له ده‌ستی بێگانه ـ واتا داگیرکه‌ر ـ دامه‌زرێندراون. چی وه‌ها له مرۆڤ ده‌کات که خهباتگێڕبێت بۆ پاککردنه‌وه‌ی خاکه‌که‌ی له هێزی داگیرکه‌ر و هانی ده‌دات که ژیانی خۆی پێشکهشکات بۆ ئه‌م مه‌به‌سته؟ مه‌گه‌ر خۆشه‌ویستیی خۆی نییه بۆ نیشتمانه‌که‌ی، سۆزی خۆی نییه بۆ خاکه‌که‌ی، ڕێزی خۆی نییه بۆ خۆی، بۆ گه‌له‌که‌ی، بۆ شکۆمه‌ندی، بۆ که‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، بۆ شه‌ره‌فی نیشتمانی...تاد. ئایا ئه‌م چه‌مکانه که بریتین له به‌ها جوانه‌کانی مرۆڤ و هاوکات هه‌ر ئه‌م بههایانهشن که جیایان ده‌کاته‌وه له گیانله‌به‌رانی تر که پێیان ده‌ڵێین ده‌سته‌ی حه‌یوان واتا ئاژه‌ل!
گه‌لان ده‌وڵه‌ت بۆخۆیان دروست ناکه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عاقڵن به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌ن خواستوویستن، چونکه ده‌یانوێ ئازاد و سه‌رفرازبن، سه‌ربه‌رز و سهربڵندبن، سه‌ربه‌خۆبن، شکۆمه‌ند و ڕێزداربن له‌نێو گه‌لانی جیهان، هه‌روه‌ها جێگای دیاری خۆیان هه‌بیت له‌نێو کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی. ئه‌گینا به بێ ده‌وڵه‌ت هه‌ر هه‌تیو ده‌مێننه‌وه له‌سه‌ر خوانی ئه‌وانی تر، هه‌ر سواڵکه‌ر ده‌مێننه‌وه له‌به‌ر ده‌رگای مزگه‌وته‌کان و په‌رستگاکان!
دووه‌م
عه‌قڵ که‌ره‌سته‌یه بۆ ئامانج
مرۆڤ عه‌قڵی به‌کاردێنێت بۆ ئه‌نجامدانی ئامانجه‌کانی که لێره‌دا مه‌به‌ست له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته. بێگومان مه‌به‌ست عه‌قڵی گشتییه واتا کۆی عه‌قڵی گه‌ل له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ده‌سته‌یه‌ک که سه‌رپرشتی ئه‌نجامدانه‌که ده‌که‌ن که پێێان ده‌گوترێ پێشه‌وا یاخود سه‌رکرده. به واتایه‌کی تر خۆڕێکخستن چونکه ده‌وڵه‌ت بۆ کۆمه‌ڵگایه ئینجا بۆ تاک. عه‌قڵ خۆی له خۆیدا بوونه‌وه‌رێکی رووت و ڕه‌ها نییه چونکه زۆر جار مایه‌ی چه‌وتی و هه‌ڵه و کهرایهتیشه! بۆیه لێره ده‌بێ چه‌مکی زانست به‌کار بێنین نه‌وه‌ک عه‌قڵ! به‌بێ تێگه‌یشتنێکی زانستی و بابه‌ته‌کی، نابێ و ناشێ هه‌نگاو بنرێت بۆ دهوڵهتدروستکردن. بۆ ئه‌مه‌ش خوێندنه‌وه‌ی جیهان پێویسته، خوێندنی مێژوو گرنگه، هه‌روه‌ها لێکۆڵینه‌وه‌ی بارودۆخ چ نێوخۆیی، چ نێوده‌وڵه‌تی، هاوڕێ له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه و کاراکردنی هه‌ل و ده‌رفه‌ت.
سێیه‌م
ده‌وله‌ت له باشووری کوردستان
تاکوو ئێستا ئه‌گه‌ر عه‌قڵمان بێنینه کار و له‌سه‌ر تۆژینه‌وه‌یه‌کی زانستی به‌کاری بێنین، ئه‌وسا ده‌گه‌ینه بهرههماندنی ڕاستییه‌کی ته‌واو. ئه‌م ڕاستییه ئه‌وه‌یه که تاکوو ئێستا دوو جار ده‌وڵه‌تی کوردی له باشوور له‌دایکببوو. یه‌که‌م جار له 1991 و دووه‌م جاریش له 2003. به‌لام هه‌ر دوو جاره‌که له‌باربران!
له 1991 بینیمان که پاش کۆڕه‌وه‌که کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هاته گۆڕه‌پانه‌وه. جۆن مه‌یجه‌ر که ئه‌وسا سه‌روه‌زیرانی به‌ریتانیا بوو بڕیاری دا که کورده‌کان بگه‌ڕێنیته‌وه نێو شار و شارۆچکه‌کانی خۆیان شانبه‌شان له‌گه‌ڵ سه‌ربازی وڵاته‌که‌ی. به‌م شێوه‌یه ئه‌گه‌ر کاره‌که به‌رده‌وام بووایا ئه‌وسا کوردستان ده‌کرایه پارێزراوهیهکی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان به هه‌مان شێوه‌ی کۆسۆڤۆ که له کۆتاییدا بووه ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له کوردستان ڕوویدا ئه‌نجامێکی تری هه‌بوو ئه‌ویش له‌سایه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵه‌بانی بۆ به‌غدا. کێشه‌ی کورد ببوو به بابه‌تێکی نێوده‌وڵه‌تی به‌ڵام به گه‌ڕانه‌وه‌ی نێوبراو بۆ نێو پۆلی نیشتمانی عیراق، بابه‌ته‌که دیسانه‌وه که‌وته نێو ته‌پۆڵکه لمه‌کانی بیابان! له به‌غداوه هاوریکرد: بڕۆنه ده‌رێ ئێمه خۆمان چاره‌سه‌ری کێشه‌ی خۆمان ده‌که‌ین! ئه‌وه بوو که بینیمان چاره‌سه‌ره‌که په‌رله‌مانێکی دیوهخانهکی و فیدراڵییه‌کی سه‌ر کاغه‌ز ده‌رچوو! پرسیاره‌که لێره ئه‌مه‌یه: ئایا ئه‌مه کام عه‌قڵ بوو، یان کام عه‌قڵی سیاسی بوو که پێتی گوت بگه‌ڕێوه به‌غدای عروووبه و ئیسلام ـ ئیسلام به واتا سیاسییه‌که‌ی ـ؟ بێگومان لێره عه‌قڵ به‌کارنه‌هێنرا به‌ڵکوو سۆزمهندییهکی تاکوو بێژی سه‌ره‌تایی بوو، هه‌روه‌ها فه‌رمانی سه‌ددام بوو یان ده‌وڵه‌تێکی تری داگیرکه‌ر که ئه‌و کاره نابه‌جێیه بکه‌ی. دیسانه‌وه به‌عس و سه‌ددام له ڕووی سیاسسییهوه بردیانه‌وه و کوردیش دۆڕاندی.
دووه‌م جار له 2003 نه عیراق ما نه به‌عس، که‌چی دیسانه‌وه هیچمان به هیچ نه‌کرد. ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتی کوردی نه‌یتوانی و نه‌یخواست سنووری کوردستانیش دابینکات، به‌ڵکوو پاشی خست بۆ ئه‌م ڕۆژه‌ی ئێستا که تازه‌به‌تازه گه‌ڕاینه‌وه سفر و ده‌مانه‌وێ بابه‌تی 140 جێبه‌جێکرێت! ئه‌مه‌ش عه‌قڵی نێوبراو بوو ئه‌م کاره‌ی کرد که ده‌توانم بێژم له مێژووی مرۆڤایه‌تی ڕووینه‌داوه. واتا گه‌لێک دوژمنه‌که‌ی نه‌مێنی، ئینجاش سه‌رنه‌که‌وێ!
چواره‌م
ئه‌و گه‌له‌ی دوژمنه‌که‌ی نه‌ما، هێشتاش سه‌رنه‌که‌وت
من ده‌خوازم پرسیار بکه‌م له تاڵه‌بانی، هه‌روه‌ها له هه‌موو ئه‌و کوردانه‌ی که له 2003 گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا به‌بێ ئه‌وه‌ی کێشه‌ی کوردستان چاره‌سه‌ر بکه‌ن. به شێوه‌یێ گه‌ڕانه‌وه هه‌ر وه‌کوو بێژی زۆر چاوه‌ڕوانی ڕۆژێکی وه‌ها بوون، یاخود ههولێرگوتهنی خه‌نی ببوون! به‌غدا ئه‌وسا کاولاوه بوو ته‌نانه‌ت که‌سێکی تیانه‌بوو که کوردهگهڕاوهکان داوای مافی لێبکه‌ن! بۆیه ده‌ستیان کرد به دامه‌زراندنه‌وه‌ی عیراق بۆ ئه‌وه‌ی دیسانه‌وه داوای مافی کوردی لێبکه‌ن! ئافه‌رین: ئا ئه‌مه‌یه عه‌قڵ و ئا ئه‌مه‌یه تێگه‌یشتن و پێگه‌یشتن; ئا ئه‌مه‌یه عه‌قڵی سیاسی! هه‌رگیز له‌بیرم ناچێ کاتێ فوئاد مهعسوومهکهی تاڵه‌بانی به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی فێڵبازانه ئه‌م گوته‌یه‌ی دهڕپهڕاند: هه‌ر چۆنێ بێ، ئێمه به‌رده‌وامین له داوهکردنی مافه‌کانی کورد له به‌غدا, واتا نێوبراو تازه‌به‌تازه داوای ماف ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی دڵیان پێ بسووتێت و شتێکی بده‌نێ! به بڕیاڕێکی کتوپڕێ په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌و ناوچانه‌ی که تا 2003 سه‌ر به به‌غدا بوون، ده‌کرانه سه‌ر کوردستان، ئه‌وسا نه‌ک سه‌رباز به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت پۆلیسی هاچوتۆش نه‌مابوو! سێبه‌ره لێڵه‌که‌ی تاڵه‌بانی به‌رهه‌م ساڵح گووتی: له 2003 که‌رکووک گه‌ڕایه‌وه سه‌ر کوردستان به‌ڵام خۆمان نه‌مانویست! پاشان به سێ‌چوار خۆپێشاندان ده‌وڵه‌تی کوردی ده‌بوو به دیفاکتۆ واتا ڕاستییه‌کی دۆخه‌کی. ئه‌وسا ئه‌مریکا له عیراق و کوردستان بوو، نه تورکیا نه ئێران نه‌یان ده‌تتوانی نقه بکه‌ن و دۆخه‌که له‌باربوو، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی کوردی له پێش هه‌موشیانه‌وه تاڵه‌بانی بوو به کۆسپوتهگهره و له‌مپه‌ڕ. به‌ڵام ئایا ئه‌مه بڕیاری خۆیان بوو یاخود فه‌رمانی تاران و ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شق بوو; ئه‌مه سه‌نگی مه‌حه‌ک نییه، به‌ڵکوو هۆیه سه‌ره‌کییه‌که ئه‌وه‌یه که ئه‌مانه له چێوه‌ی بێههستوهۆشی سیاسه‌ت ده‌که‌ن!
ڕووداوی گه‌وره هه‌میشه ئه‌نجامی گه‌وره به‌رپاده‌کات، ده‌ی بۆچی نه‌مانی عیراق ده‌وڵه‌تی کوردی پێکنه‌هێنا؟ به بۆچوونی من له 1991 تاکوو ئێستاکانه، کوردی باشوور ته‌نها یه‌ک دوژمنی هه‌یه، ئه‌ویش خودی خۆیه‌تی و هیچی تر!
پێنجه‌م
بردنه‌وه به واقیع، دۆڕاندن به گوته
واتا سه‌رکه‌وتن له‌سه‌ر زه‌مین، ژێرکه‌وتن به گوتار. لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئه‌و قسانه‌ی تاڵه‌بانی بێنمه بیرتان که له 2003وه بوونه به‌سته‌ی سه‌ر زاری. هه‌ر له‌م ساڵه‌دا ڕاسته‌وخۆ دروشمی خۆی گۆڕی، که بێگومان دروشمی ڕێکخراوهکهشیهتی. ئه‌م دروشمه تازه‌یه وشه‌ی کوردستانی تیادا نه‌بوو!
عیراقێکی فیدڕاڵی، دیموکراتی، په‌رله‌مانی، فرهپارتهکی و یهکگرتتووی یاکپارچه‌یی زیاتر به عه‌ره‌بی ده‌یگوت به‌ڵام من لێره کردوومه‌ته کوردی. واتا به عه‌ره‌بییه‌که‌ی: عراق دیمقراگی فدرالی برلمانی تعددی اتحادی موحّد من نازانم ئه‌م دروشمه که به ئه‌ندازه‌ی ته‌سبیحه‌که‌ی درێژه چۆن دایڕشتووه! ئه‌مه چ عه‌قڵێكه ئه‌مه‌ی داهێناوه؟ ئاخر تۆ باسی عه‌قڵ ده‌که‌ی، ده‌ی پێم نابێژی فیدڕاڵی و ئیتیحادی جیاوازییان چییه؟ پاشان ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێ دیموکراتی بێت، خۆ ده‌بێ پهرلهمانێکێشی هه‌بێت! دواجا له چ گۆشه‌یه‌کی دونیا ده‌وڵه‌ت هه‌یه هه‌م یه‌کگرتووبێت و هه‌میش یه‌ک پارچه‌یی بێت؟ واتا اتحادی موحّد؟ له جیهانا دوو شێوازی ده‌وڵه‌ت هه‌یه و باوه ئه‌ویش یه‌کێکیان یه‌کپارچه‌یی وه‌کوو نه‌رویج و فه‌ره‌نسا و کوێت و میسر و غانا، یه‌کێکیش ئیتیحادی واتا فیدڕاڵی وه‌کوو سویسرا و ئه‌مریکا و ئه‌ڵمانیا و به‌لجیکا و ئیماراتی عه‌ره‌بی. دهها چۆن ده‌وڵه‌تێک هاوکات هه‌م فیدراڵییه و هه‌میش نافیدڕاڵی! ئایا ئه‌مه‌یه عه‌قڵ یاخود ئه‌مه‌یه عه‌قڵی سیاسی؟!
گوته‌یه‌کی تر: "ئێمه وازدێنین له سه‌به‌خۆییی 12 ساڵ بۆ ئه‌وه‌ی پێکه‌وه عیراقێکی دیموکراتی پێک‌بێنین" باشه ئه‌وه‌تا خۆت واز ده‌هێنی له ده‌وڵه‌ت و ئه‌گه‌ریی دهوڵهتدروستکردن واتا سه‌ربه‌خۆیی!
فه‌رموون ئه‌مه‌ش: "ئێمه عیراقین، کوردستان به‌شێکه له عیراق، ئێمه جوداخواز نین". مه‌سعوود به‌رزانیش ئه‌مه‌ی په‌سه‌نکرد و گوتی: "ئێمه 50 ساڵه خه‌بات ده‌که‌ین بۆ دیموکراسی بۆ عیراق"، هه‌روها گوتی" "ئێمه نه‌مان هێشت عیراق پارچهپارچهببێت، ئێمه یه‌کێتیی خاکی عیراقمان پاراست" به واتایه‌کی تر، ئێمه نه‌مانهێشت کوردستان جیابێته‌وه واتا ئێمه نه‌مانهێشت ده‌وڵه‌تی کوردی سه‌ربه‌خۆ دروستبێت! وه‌کوو ده‌بینن ئه‌م ده‌سته‌واژانه به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنم که ده‌وڵه‌تی کوردی (یاخود له‌لای که‌مه‌وه که‌یانێکی کوردی) ببێته ڕاستییه‌کی ژێر هه‌تاو به‌ڵام ئه‌م ڕاستییه به گوتار و وشه‌سازی له‌باربران و بوونه دووکه‌ڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌ی نێوان که‌رکووک و به‌غدا! ئه‌وه‌ی به واقیع ده‌ستمان که‌وت و بردمانه‌وه و سه‌رکه‌وتین پێی، به زار دوڕاندمان و پێشکه‌شی داگیرکه‌ر و دوژمنمان کرده‌وه. گوته‌یه‌کی ژههراویتری جه‌لال ئه‌مه بوو: "ئێمه ئێستا داوای که‌رکووک ناکه‌ین!" ئه‌مه له کاتێکا که که‌رکووک ڕزگارکرابوو به‌ده‌ستی کورده‌وه بوو. ئه‌وه بوو خۆی هاته که‌رکووک هه‌ر له 2003 هاوڕێ له‌گه‌ڵ نه‌مانی عیراق وه‌ک ده‌وڵه‌ت به دامودازگاکانییهوه؛ به‌زۆر گه‌ڕاندییه‌وه سه‌ر به‌غدا! هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمه که‌س ده‌رناکه‌ین، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ با بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌وه‌یشی نایه‌ویت، با بمێنیته‌وه" باشه که‌واتا بۆ چی بابه‌تی 58 نووسرا که تۆ خۆت پێش براعهرهبهکانت ناته‌وێ جێبه‌جێی بکه‌یت؟ بێگومان ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌بیرنه‌چی که بابه‌تی 58 که پاشان بووه بابه‌تی 140 بیرهمای خۆدی تاله‌بانی بوو، ئه‌مه‌ش جێبه‌جێکردنی ویستوخواستی هه‌ر چوار داگیرکهکهرانی کوردستان بوو. ئه‌مه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ریی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی که‌مبکرێته‌وه، بێگومان ئه‌مه‌ش ویستی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بوو چونکه ئه‌وان له 1992 بڕیاریان دا که فیدرالی وه‌رگرن و ئه‌مه‌ش هه‌ر بۆ کوشتنی بیرهمای دهوڵهتدروستکردنبوو و هیچی تر.
به کورتی، ئێمه‌ی کورد له باشووری ولات- له‌سایه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نانهتهوهخواز و نانیشتمانپهروهرهوه- نه‌ک هه‌ر ئه‌گه‌ریی دروستکردنی ده‌وڵه‌تمان له‌ده‌ستدا، به‌ڵکوو سنووری کوردستانمانیش له‌ده‌ستچوو. ئه‌وه‌شی باسی دیموکراسی بوو، ته‌نها گاڵته‌جاری بوو و هیچی تر. ئه‌مڕۆ نه عیراق به‌گشتی، نه کوردستان به‌تایبه‌تی، فڕیان به دیموکراسییه‌وه نییه. ئه‌وه‌ی له کوردستان هه‌یه ته‌نانه‌ت دیکتاتۆرێش نییه، چونکه له ڕێکخسته‌ی (واتا سستێم) دکتاتۆری ده‌ستوور و قانوون هه‌ن، به‌ڵام له کوردستان ته‌نها تاکه‌که‌س فه‌رمانڕه‌وایه، هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێک خۆی ده‌ستوور و قانوونه. به وێژه‌یه‌کی تر، نه گه‌یشتینی مافی نه‌ته‌وه‌یی، نه دیموکراسیش پهیڕهکرا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست