کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


با پێش ڕووداوه‌کان نه‌که‌وین

Saturday, 12/07/2014, 12:00




ئه‌مڕۆ جاڕدانی ده‌وڵه‌تی کوردستان به‌ڕێوه‌یه‌ یاخود پیلانی دامه‌زراندنه‌که‌ی له‌ ئارادایه‌ و بووته‌ بابه‌ت و هیوای هه‌موو کوردێکی کوردستانی. ڕاسته‌ ئه‌م کاره‌ ده‌بووایه‌ زووتر کاری بۆ بکرایه‌، به‌ڵام کێشه‌ی کورد هه‌میشه‌ سه‌رکرده‌ بووه‌ نه‌ک جه‌ماوه‌ری خۆبه‌ختکه‌ر. هه‌مومان ده‌زانین له‌ ساڵی 1991ه‌وه‌ چه‌نده‌ها و بگره‌ هه‌موو ئه‌و ساڵه‌نه‌ش خۆیان له‌ خۆیاندا ده‌رفه‌ت بوونه‌ بۆ ئه‌م کاره‌ سه‌نگین و مێژوویییه‌ به‌ڵام کارێک ئه‌گه‌ر دواشبخرێت و ئینجا بکرێت، هه‌ر چاکتره‌ له‌وه‌ی که‌ هه‌رگیز نه‌کرێت.
ئه‌مڕۆ باشووری کوردستان سوپای عیراقی تیا نه‌ماوه‌ و پاککراوه‌ته‌وه‌ و سنووریش پێشمه‌رگه‌ سه‌قامگیره‌ تیایدا و گه‌لی کوردستانیش ئاماده‌یه‌ و چاوه‌ڕوانی ڕۆژی سه‌ربه‌خۆیییه‌. به‌ واتایه‌کی تر هه‌موو هۆکار و که‌رسته‌گه‌لی بونیاتنانی ده‌وڵه‌ت له‌ ئارادان‌.
مافی چاره‌نووس مافێکی ڕه‌وایه‌ وڕه‌هایه‌ و که‌سیش بۆی نییه‌ بیخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. هه‌روه‌ها پێویستی به‌ پاڵپشتی و په‌سه‌ندکردنی که‌سیشی پێویست نییه‌. ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ته‌نیا دوو شته‌: ویستوخواتی گه‌ل و بارودۆخی بابه‌ته‌کی. گه‌لی کوردستان ویستوخواستی ئاسنینه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ و بارودۆخیش له‌سه‌ر زه‌مین دیاره‌ له‌ژێر هه‌تاو، خاکمان له‌ژێر ده‌ستی خۆمانه‌ و سنووریشمان دابینکراوه‌ و بۆیه‌ هیچ پاساوێک نه‌ماوه‌ بۆ پاشخستنی ئه‌م کاره‌ مه‌زنه‌. هه‌ندێ کوردگه‌ل هه‌ن دژی ئه‌م کاره‌ن و هه‌ر یه‌کێکیانیش به‌ پاساوی خۆیه‌وه‌. گوایا بارودۆخ گونجانییه‌، یان دراوسێکانمان ڕازینینه‌، یاخود کورد خۆی ئاماده‌ نه‌کردووه‌، یان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد گه‌نده‌ڵه‌ و درۆده‌کات. جارێ پێش هه‌موو شتێک گه‌ل نابێت و ناشێت چاوه‌روانی په‌سه‌ندکردنی هیچ ده‌وڵه‌تێک بێت پێش چاردان ودروستکردنی ده‌وڵه‌ته‌که‌. گه‌لان هه‌میشه‌ ده‌وڵه‌ت داده‌مه‌زرێنن، ئه‌وسا چاوه‌ڕوانی کاردانه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بن. ئه‌وه‌تا بینیمان له‌م 25 ساڵه‌ی ڕابووردوودا نزیکه‌ی 25 ده‌وڵه‌ت نوێ دروستکران. ئایا هیچ له‌م گه‌لانه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌یان دروستکرد پرسیاران له‌ که‌س کرد بۆ جاڕدانی ده‌وڵه‌ته‌که‌یان؟ بێگومان نه‌خێر! هه‌ر هه‌مووشیان بوونه‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و ئێستاکانه‌ ئه‌ندامن له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی تر وه‌کوو بۆ نموونه‌ یه‌کگرته‌ی ئه‌وه‌رووپی. هاوسێکانمانیش که‌ ئیمڕۆ ته‌نها تورکیا و ئێرانن، ئه‌وه‌تا تورکیا بێده‌نگه‌ چونکه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی تۆکمه‌ی له‌گه‌ڵ کوردستاندا‌ هه‌یه‌ و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌تی، جگه‌ له‌مه‌ش هه‌ر دژایه‌تیکردنێکی ڕاسته‌وخۆ ده‌بێته‌ هۆی هه‌ڵسانی کوردی باکوور. پاشان ئه‌نقه‌ره‌ دژی ڕژێمی به‌غدایه‌ به‌هۆی جیاوازیی ئایینه‌وه‌ و ده‌یه‌وێ عیراقێکی لاواز ببینێ نه‌ک عیراقێکی شیعه‌ له‌ شێوه‌ی ئێران. ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌بیرمان ده‌چێت که‌ پشتێنێکی مرۆییی ئه‌ستوور و سه‌نگینمان هه‌یه‌ چ له‌ باکوور، چ له‌ ڕۆژهه‌ڵات، چ له‌ ڕۆژئاوا، واتا سنوورمان له‌گه‌ڵ کوردستانه‌ نه‌وه‌ک ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ هه‌رچه‌نده‌ سنووره‌که‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م مرۆیییه‌ نه‌وه‌ک وه‌ک ده‌وڵه‌ت واتا ده‌وله‌تێکی تری کوردی. ئێرانیش ناتوانێ هیچ کارێک بکات مه‌گه‌ر تۆپبارانکردنی ناوچه‌ سنوورییه‌کان ئه‌مه‌ش هه‌میشه‌ هه‌ر پیشه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ دڕنده‌یه‌ بووه‌. من له‌و بڕوایه‌م زۆر ده‌وڵه‌ت هه‌ن که‌ دانده‌نێن به‌و ده‌وڵه‌ته‌ی که‌ کورد دروستی ده‌کات ته‌نانه‌ت له‌ نێو وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌کانیشدا به‌ تایبه‌تی وڵاتانی نیمچه‌ دورگه‌ی عه‌ره‌بی وه‌کوو کوێت و عه‌ره‌بی سعوودی بۆ نموونه‌. ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ دوژمنی به‌غدایه‌کن که‌ پایته‌ختی شیعیستان بێت.‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو هیچ ده‌وڵه‌تێک دانی نه‌نا به‌و ده‌وڵه‌ته‌وه‌، ئایا ئه‌وسا ئێمه‌ چیمان له‌ده‌ستچووه‌، یاخود بۆ زیانمه‌ند ده‌بین؟ بێگومان گرنگ ئه‌وه‌یه‌ خاک و سنووری خۆمان بپارێزین و به‌رده‌وام بین له‌ سیاسه‌ت و ژیانی خۆمان وبه‌پێێ ڕۆژگار جیهان هه‌ر په‌سندمان ده‌کات. ئێستاکانه‌ دوو ده‌وڵه‌ت هه‌ن له‌ جیهاندا هیچیان په‌سه‌ندنه‌کراون: تایوان و کۆماری قوبروسی تورکی. یه‌که‌میان له‌به‌ر چین که‌ به‌ به‌شێکی دانه‌بڕاوی ده‌زانێ له‌ خاکی خۆی چونکه‌ هاونه‌ته‌وه‌شن، دووه‌میان به‌ هێزی ده‌وڵه‌تی تورکی دروستکراوه‌. ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ سه‌قامگیرن و سه‌ربه‌خۆن هه‌رچه‌نده‌ بێ دانپێدان و بێ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامیش بن له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان. به‌ڵام بێگومان ده‌وڵه‌تی کوردی ئه‌م مۆرکانه‌ی پێوه‌ دیارنینه‌. چونکی کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاوازه‌ و هه‌زاره‌ها ساڵه‌ له‌سه‌ر خاکی خۆی ده‌ژێ، هه‌روه‌ها ئێمه‌ خاکی که‌سمان داگیرنه‌کردووه‌ و خۆمان ده‌وڵه‌تمان دروستکردووه‌ وه‌ک مافێکی ڕه‌وای خۆمان. بۆیه‌ ئێمه‌ جیاوازین به‌ به‌روارد له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌، واتا ئێمه‌ له‌ دۆخێکی زۆر باشترین له‌وان و هیچ له‌مپه‌ڕێک نییه‌ که‌ کۆمه‌ڵگای ده‌وڵه‌تی دانمان پێنه‌نێ و په‌سه‌ندمان نه‌کات. ئێمه‌ی کورد که‌ جاڕی ده‌وڵه‌ت ده‌ده‌ین واتاکه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ هه‌موو جیهان و مرۆڤایه‌تی په‌یامێک ده‌نێرین که‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ گه‌لێکین و نه‌ته‌وه‌یه‌کین له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ و ده‌بێ هاوتا و هاوماف له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌لانی جیهان شوێنێکمان هه‌بێت له‌ ژیر هه‌تاو! ئه‌م په‌یامه‌ خۆی له‌ خۆیدا ده‌بێته‌ مایه‌ی سه‌رکه‌وتن و شانازی و شکۆمه‌ندی بۆمان. ئه‌وساش جیهان کاردانه‌وی خۆی ده‌بێت و به‌ شێوه‌یه‌کی ده‌یکه‌ هه‌ڵسوکه‌وتمان له‌گه‌ڵ ده‌کات به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ر بێژین عیراقین و کوردستان به‌شێکه‌ له‌ عیراق ئه‌وسا پێم نابێژی جیهان و کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی چیمان بۆ بکات و چۆن مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا بکات وه‌کوو یه‌که‌یه‌‌کی سه‌ربه‌خۆ و ده‌سته‌یه‌کی مرۆییی جیاواز؟! سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی ناوخۆ واتا ماڵی کورد، گرنگه‌ ئه‌وه‌ بزانین که‌ گه‌نده‌ڵی و سته‌مکاری و زۆرداری و تاکڕوه‌ی و ناپاکی، گشت ئه‌مانه‌ چاره‌سه‌رناکرێن پێش ڕزگاربوونی نه‌ته‌وه‌یی واتا پێش پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت. گه‌لان دوو هه‌نگاویان له‌ پێشدایه‌، یه‌که‌م سه‌ربه‌خۆییی نه‌ته‌وه‌یی دووه‌م پێکهێنانی سستێمێکی سیاسیی نوێ ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر شانی خودی گه‌ل ڕاوه‌ستاوه‌. هه‌ر کێ حوکم بکات باشتره‌ له‌وه‌ی که‌ بێگانه‌ حوکمت بکات! سه‌گێکی کورد نه‌وه‌ک بێگانه‌یه‌ک! (له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ ئه‌و گیانله‌به‌ره‌ بێتاوانه‌!). ئه‌و کوردا‌نه‌شی که‌ دژی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردستانن بێگومان نه‌ک هه‌ر ناپاک و خائینن به‌ڵکوو گه‌وره‌ترین دوژمنی مرۆڤه‌یاتین ئینجا دوژمنی گه‌وره‌ی سه‌رسه‌ختی کورد و کوردستانن.
بۆیه‌ ئه‌مڕۆ ده‌بێ هه‌موومان یه‌ک ده‌نگ بین و هه‌موو جیاوازییه‌کانمان پشتگۆ بخه‌ین بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت چونکه‌ ده‌رفه‌تی گونجاو وه‌کوو پاپۆڕه‌که‌ی نووح وه‌هایه‌ ته‌نانه‌ت هه‌زارساڵیش جارێک تێپه‌ڕنابێت له‌نێو زه‌ریای مرۆڤه‌یه‌تیدا! دنیاش وه‌کوو خودی مێژوو وه‌هایه‌ دڵۆڤانییه‌که‌ی یان به‌رژه‌وه‌ندییه‌ یان درۆیه‌ یانیش ڕواڵه‌تبازییه‌.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە