پەیامنێركی چەتر دەكەوێتە بەر پەلاماری پۆلیس
Tuesday, 20/04/2010, 12:00
لە درێژەی خۆپیشاندانەكانی خوێندكارانی بەردەم پەروەردەی سلێمانی، ئەمڕۆ (20/4/2010) لەكاتی جێبەجێكردنی ئەركی گواستنەوە و روماڵكردنی خۆپیشاندانی خوێندكاران پەیامنێرێكی رۆژنامەكەمان (چەتر) دەكەوێتە بەر پەلاماری پۆلیسی چالاكییەمەدەنیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لەم بارەیەوە رۆژنامەوان (هاوژین غەریب) بە (چەتر پرێس)ی راگەیاند: "كاتژمێر (11:45) خولەكی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دوای دروست بوونی پشێوی لەنێوان خوێندكاران و پۆلیسدا من سەرقاڵی وێنەگرتن بووم بەڵام لە ناكاودا پۆلیسێك شوێنم كەوتوو گرتمی پاشان كامێرەكەی لێسەندم و چەند پۆلیسێكی تریش هاتن و بەشەق و بۆكس ویستیان راپێچی ناو ئوتومبیلی پۆلیسەكەم بكەن بەڵام بەهەوڵی چەند پەیامنێرێكی تر توانیم خۆم ڕزگاربكەم" لەدرێژەی لێدوانەكەیدا هاوژین وتی: "لەگەڵ ئەوەی باجی رۆژنامەوانیەكەشم پیشاندابوون بەڵام بەو شێوازە ناشرینە هێرشیان كردە سەرم و میمۆری كامێرەكەشیان شكاندم" هەروەها وتیشی پۆلیس دەچووە ناودوكانەكانەوە بۆ دەسگیركردنی خوێندكاران.
لای خۆشمانەوە وەك ستافی رۆژنامەی (چەتر) بەتوندی ئیدانەی هێرش بۆ سەر سەرجەم رۆژنامەنوسان بەتایبەتی و رۆژنامەوان (هاوژین غەریب) دەكەین و داواكارین چیتر پۆلیس ئەو شێوازە ناشارستانی و نادیموكراتییانەیە دووبارە نەكاتەوە و سەرپێچی كارانیش لایەنە پەیوەندیدارەكان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكەن و داواش لە سەندیكای رۆژنامەنووسان دەكەین كە بۆ ئەو پێشێلكاریانە هەڵوێست بنوێنن.
http://chatrpress.com/Detail.aspx?id=359&LinkID=3
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست