ئاسایشى نەتەوەیى یان مانەوەى كورسى*
Monday, 21/03/2011, 12:00
ههورامان میرزا قادر
هەورامان ئەو شوێنەیە كە ههموو ناوییمان بیستووه، زۆربەمان دیومانە و ڕۆژێك لە ڕۆژان سەردانمان كردووە و لە سەر(هانە)* یەكی كەمێك تینوویەتیمان شكاندووە، ئەویش وەكو هەموو شوێنەكانى ترى كوردستان سەردەمانێك لە ژێر چەپۆكى رەشى بەعسیەكاندا بووە، بەڵام جیاواز لە هەندێ شوێنى ترى كوردستان، هەردەم لانەى شۆڕشگێڕان و پەناگە و پارێزەرى ئەو بیرە كاڵە نەتەوایەتى یە بووە كە لەو سەردەمەدا خەریكبوو لەناو دەچوو، ئەمە بێجگە لەوەى كە ئەو ناوچەیە لەبەر سەختیى و دووریى، دانیشتوەكانى سەختترین ژیانیان دەگوزەراند، چجاى ئەوەى ئەرك و قورساییەكى دەرەكیشى بكەوێتە ئەستۆ بژێوى خەلكى تر دابین بكات وببێتە مەكۆى شۆرش، بەڵام لە گەڵ ئەمانەشدا وەك وەفایەك بۆ كوردستان و بەجێ گەیاندنى ئەركى نیشتمانى ئەم ئەركە قورسەى خستە ئەستۆى خۆى و ببوو بە قەڵایەكى پۆڵایین و سەنگەرى بەردەوامى شۆڕش .ئەوانەى ئەمڕۆ لەسەر حیسابى ئەو ژیانە سەختەى هەورامیەكان و ئەو باوەشە گەرم و گوڕەى هەورامان و خوێنى شەهیدەكانى ئەو دەڤەرە لەسەر كورسى دەسەڵات دانیشتوون وخەریكى ناوزڕاندنى هەورامان و خەڵكە خۆڕاگرەكەیەتى، شایەتى بۆ ئەم ڕاستیانە ئەدەن و ناتوانن خۆیان لەم حەقیقەتە بدزنەوە، ئەگەر نەختێك بە ویژدانیشەوە بڕوانینە مێژووى كەمێك پیشتریش، پشتیوانیە بێ وێنەكەى قارەمانى هەورامان (مەحمود خانى دزڵى) مان دێتەوەیاد بۆشۆڕشەكەى (شێخ مەحمودى حەفید) كە مامۆستا عومەر مەعروف بەرزنجى لە كێبەكەیدا بە ویژدانەوە باسى كردووە . بەڵام وەك هەموومان دەزانین ئەوان واتە دەستەڵات شێوازى تایبەتى خۆیان هەیە بۆ باسكردن و گێڕانەوەى رٍاستیەكان و ئەبێ مێژوو بە دڵى ئەوان بگێڕدرێتەوە.هەتا ئێرە مەبەستمان گێڕانەوەى مێژوو نەبوو.
ئەو چەند دێڕەى سەرەوە بۆ تەنیا بۆ بیرخستنەوە بوو، ئەوەى لێرەدا مەبەستە و دەمەوێ خەڵكى كوردستان هەمووى بیزانێ و بپرسێ ئەوەیە داخۆ (ئاسایشى نەتەوەیى) چىیە و بە چى دەكەوێتە خەتەرەوە ؟). من هەرچەندە شارەزایى شیكردنەوەى ئەم چەمكەم نییە و بەجێى دێڵم بۆ پسپۆڕانى بوارەكە، بەڵام هێندە دەڵێم ئەو سەرۆكایەتى پەڕلەمان و دامودەزگایانەى كە بەناو نوێنەرى هەموو گەلى كوردستانن و هەڵبژێردراوى خەڵكن، بەناوى شەرعیەت و دیموكراتیەت و دەستوورەوە هەموو شتێكى بۆ كۆمەڵێك كەس قۆرخ كردووە كە هەم لە تەمەندا چوونەتە پێش و هەم بوونەتە جێى گومانى خەڵكى لە رێبەرێتى كردنى قۆناغى نوێدا و هەندێكیشیان دەفەتەرە دۆلارو وڤێللا و كۆمپانیا بەتەواویی بەرى چاوى گرتوون و (قارون)انە بیر دەكەنەوە، پیرۆزى و سەروەریەكانى مێژووى نەتەوەكەشمان بەئارەزووى خویان بەكاردەهێنن و تەفسیرى جیا جیاى بۆ دەكەن و بە ئارەزووى خۆشیان پاساو بۆ هەموو گەندەڵى و یاسا شكاندنێك دەدۆزنەوە، هەروەها ناو و ناتۆرەى جۆراو جۆر دائەهێنن بۆ ئەو كەس و لایەنانەى كە بیانەوێ بچوكترین ڕەخنە لەم دەستەڵاتە بگرن، وەكو دەستى دەرەكى و تیرۆر و ناحەز ولە دەستدانى ئەزموون و خەتەرى ئاسایشى نەتەوەیى و ... هتد. تەنها و تەنهاش مەبەستیان ئەوەیە ڕاستیەكان بشێوێنن وكەس پێیان نەڵێت بەرى چاوتان كلى پێوەیە و خۆیان واپیشانى ئەم نەوە نوێیە بدەن، كە دواى ڕاپەرین پێَگەیشتووە كە خەڵكى كوردستان هەر خەریكى خواردن و خەو بووە و ئەوان شۆڕشیان بۆكردووە، وا ئێستاش ئەمن و ئاسایشى دەپارێزن، ئیتر ئەى هاووڵاتیان داواى هیچى تر مەكەن .
هەورامییەكانى هەرێمى كوردستانیش وەكو هەموو كوردێك بەشێكین لەو واقیعە، ئێمە دەڵێَین نەك داواكاریمان هەیە و مافمان خوراوە، بەڵكو دەڵێین با ئەو حكومەتە كە قۆرخكراوە بۆ دوو حیزب و كۆمەڵێ سەرمایەدار و بەناو بەرپرس وەرە خزمەتكارمان بە، نەوەك ناو و ناتۆرەمان لێبنێیت و بە خەتەر بۆسەر ئاسایشى هەرێممان بزانێت، وەرن هەموو جۆگە و كانى وكانیاو و جادە و كەلاوەكانى تەوێڵە و بیارە ودەوروبەریان چاك بكەنەوە دڵنیام ئەو بڕە پارەیەى تێناچێت كە درا بەو هەموو جل و پەڕۆ و تەختەو ئاڵاو واڵایە و ئەو بووكەشووشانە لە ڕۆژانى یادكردنەوەى ڕاپەڕیندا لە هەولێر و سلێمانى .
كاك كەریم سنجارى ڕۆژانە بە بەر چاوى جەنابتەوە و بەئاگادارى جەنابت چەندین تۆڕى سیخوڕى و هەزارەها خەڵكى جۆراو جۆرى تورك و عەرەب و فارس و عەجەم و جوولەكە و مەسیحى دێنە ئەم هەرێمە بێ دیفاع و بێ سنورەى جەنابت و هەریەكى بەناوێكەوە دەیانهێنن و دەیانبەن، ئەمانە هیچیان بە خەتەر نازانن بۆ سەر (ئاسایشى نەتەوەیى) چونكە بەشێوەیەك لە شێوەكان وەك حیزب و تاكە كەس سوودى ماددیان لێوەردەگرن و هیچ بەلاشتانەوە گرنگ نییە هەرچیەكى تر لە كوردستاندا ڕووبدات و بقەومێ لە سەر دەستى ئەمانە، بەڵام كردنەوەى كەناڵێكى تەلەفزیۆنى بە شێوە زمانى هەورامى بە خەتەر دەزانن بۆ سەر (ئاسایشى نەتەوەیى) ئەو ئاسایشەى كە ڕووداوەكانى ئەم دواییەى كوردستان سەلماندیان كە نیمانە، یان دەمێكە لە سەر دەستى كەسانى حزبیى و مشە خۆر و بازرگانەوە خراوەتە خەتەرەوە، ئیتر بۆچى و لە پێناوى چیدا تەنها لەبەر داواكردنێكى یاسایى بۆ كردنەوەى كەناڵێكى تەلەفزیونى ئەم هەموو دەستە چەورە بەسەرى هەورامیەكاندا بسڕدرێت و بەو شێوە ناشیرینە هەستى خەڵكى ئەو بەشە هەرە دێرین وزیندووەى كوردستان بریندار بكرێت، خۆ دەتانتوانى وەكو هەزارەها داواكارى ترى خەڵكى كوردستان بەگشتى و ناوچەى هەورامان و هەڵەبجە بە تایبەتى هەر جوابیشتان نەدایەتەوە و سوكایەتیشتان پێ نەكردینایە، دڵنیاشم داهاتووئەم ڕاستیانە ئەسەلمێنێ، چونكە زۆر بە گەشبینیەوە دەڕوانینە هاتنە دەنگى چینى ڕۆشنبیر و گەنجانى وڵاتەكەمان لەسەر ڕاستیەكان.
زۆر سەیرە لەم هەرێمەى ئێمەدا هەركەسێ ناوى هەرچییەك بێت خەڵكى هەرشوێنێكى ئەم هەرێمە بێت داواى سادەترین مافى خۆى بكات، مادەم سەربەم دووحزبە نەبێت (كەدەڵێم سەر بەو دووحزبە مەبەستم كەسە نزیكەكانى دەورى بنەماڵەكان و لێپرسراوە باڵاكانیانە چونكە ئەم دووحزبە هەزارەها لایەنگرى خۆشیان هەیە كە كەسى شەهیدن و تێكۆشەرى دێرینن و بێبەشیان كردون لە هەموو مافێك لەژێر پەردەى كۆمەڵێك بڕو بیانووى بێ بنەما دا)، ئیتر دەبێتە خەتەر و تۆمەتى واى بۆ دەتاشن لە هیچ قاموسێكدا نەبێت و واى تاوانبار دەكەن كە چیتر نەوێرێ باسى هیچ شتێك بكات ، بەڵام با ئەو دەستەڵاتە باش بزانێ تازە ئەو زەمانە خەریكە نامێنێ و بەسەر دەچێ و پێویستە بە خویاندا بچنەوە و بیرێك لە داهاتووى خۆیان بكەنەوە و تا كات ماوە بێنەوە بەرەى میللەت وهۆشیان بێتەوەبەر، تاكو لانیكەم لەوە زیاتر بێزراوتر نەبن لەبەر چاوى میللەتەكەیان، چونكە تازە هۆشیاریى خەڵك بە تایبەتى گەنجەكان گەیشتۆتە ئاستێك چەواشەكردنى زەحمەتە، لەبەر ئەوە جارێكى تر كەس باوەڕ ناكات كە گەنج بیەوێ خوپیشاندان بكات و تۆى دەستەڵات پێى بڵێیت ئەزموونەكە ساوایە و دەكەوێتە خەتەرەوە، یان كردنەوەى كەناڵێكى تەلەفزیونى بەشێوەزمانى ڕەسەن ودەوڵەمەندى هەورامى خەتەرە، من بزانم ئەوەى كە بە جێبەجێ كردنى داواكاریەكانى خەڵك و گێڕانەوەى مافى هاوڵاتى دەكەوێتە خەتەرەوە (ئاسایشى نەتەوەیى) نییە بەڵكو ئەوە دەستەڵاتى گەندەڵان و حزب پەرستەكانە كەبە دەربڕینى ڕاى جیاواز و ئازادى تاكەكان و هەبوونى میدیاى سەربەخۆ دەكەوێتە خەتەرەوە . لەبەر ئەوە دەڵێم دەركردنى یاساى سەركوتكەر و بێدەنگكەر و بێهۆشكەر لە پێناوى مانەوەى دەستەڵاتى گەندەڵكاران هیچ پاساوێك هەڵناگرێ و چى دى ناچنە عەقڵى كەسەوە و تەنهاو تەنها بۆ پاراستنى كورسیە و بەس، هەموومان ئەو هەڵوێست و كردارانەمان بینیوە و یا لە بیرمانە كە لە ساڵانى دواى ڕاپەرین و ساڵانى شەرى براكوژیدا كەئەم دەستەڵاتە هەیبوون و كەسیش نەیدەوت ئەم هەڵوێستانە خەتەرن بۆ سەر ئاسایشى نەتەوەیى، كەسیشمان ئەوەمان لە یاد نەچووە كە چۆن سوپاى دەوڵەتانى دراوسێ تەراتێنیان دەكرد و چۆن لەسەر داواى حكومەتى كوردى ئەو هێزانە دەبرانە سەر شوێنە نیشتمانى و پیرۆزەكان و هیچ حسابێكیشیان بۆ خەڵكى كوردستان نەكرد و تەنها مانەوەى خۆیانیان مەبەست بوو، ئەوەى ماوە بیڵێم ئەوەیە كە با كەریم سنجارى كەوەزیرى ناوخۆیە نەختێك بە خۆیدا بچێتەوە و بەخۆى بڵێ داخۆ كەناڵێكى تەلەفزیۆنى هەورامى دەبێ چ خەتەرێك بێت بۆسەر ئاسایشى نەتەوەیى ؟ قابیلە بچین بەشێوەزمانى هەورامى سوپاى ئەم و ئەوتان بۆ بانگ بكەین و ئێوە تێنەگەن و كەسێك نەبێ بۆتان تەرجومە بكات ؟ یان هەرمەبەستتان سووكایەتى كردن بوو بەهەورامیەكان، نا كاك كەریم ئێمە قەد نابینە خەتەر . خەتەر زراوى ئەچێ كە شاخى بەفرین و مشكى و فەرنجى و كڵاش دەبینێ، ئیتر بابەس بێ ناو زڕاندن و سوكایەتى كردن بەكەسایەتى خاوەن هەڵوێست و بیرو ڕاى جیاواز و شوێن و كەمینە و چین و توێژەكانى گەل، هەورامی یەكان زۆر لەوە دڵسۆزتروجوامێرترن كە ئێوە باسى لێوەدەكەن .. لە كۆتاییشدا دەمەوێ ئەوە بڵێم كە ئەگەر خەتەرى ئاسایشى نەتەوەیى نەمانى كورسی گەندەڵكارەكان بێت ئەوا هەموومان ڕازین ئەو خەتەرە ڕووومانتێبكات .
ئەوەى پاڵى پێوەناوم دەست بدەمە قەڵەم و ئەم چەنددێڕە بنووسم هیچ لایەن و پاڵنەرێكى سیاسى نەبووە چونكە سەر بە هیچ گروپ و لایەنێك نیم، بەڵكو تەنها وەكو هەورامییەك ئەو سوكایەتیەم پێ قبوڵ نەكرا و مناڵى خۆمم هاتەوە یاد .. لەبیرمە كەمناڵ بووم هەموو شەوێ پێشمەرگە بەجامانەى سور و رەشەوە خۆیاندەكرد بەماڵمانداو نانیان دەخوارد و بەتانیان بۆ دەپێچرایەوە و باوكم بەڕێى دەكردن منیش نەمدەزانى مەسەلە چىیە، ئێستاش وەكو هەورامیەك و لە سپڵەیى ئەودەستەڵاتەدا هاتوومەتە جواب ... كانیاو
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست