هەرێم سەرۆکی ناوێت!
Saturday, 20/07/2013, 12:00
جارێکی تر بەڕێز مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا کە لە سایتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا بڵاوکرایەوە، بەهەمان جارانی پێشو خۆی دزیەوە لەو ئەرکەی کە سەرۆکایەتی هەرێمێکە و بە ئەو سپێردراوە، ئەم پەیامەی بارزانی دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی کە ئەم هەرێمە سەرۆکی ناوێت و راستەوخۆ لە بارەگای حیزبەوە سەرۆکی حیزبی باڵادەست بەناوی گەلەوە حوکمی قەرەقوشی بکات، ئەم جۆرە لە هەڵوێست و پەیامانەی بارزانی بەئاشکرا و بێ روتوش خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی و تاوانبارکردنی هەمو لەپێناو شکۆمەندبونی خۆدا.
سەرەتای پەیامەکەی بارزانی بە چەند وشەیەکی هەزاربارە دەست پێ دەکات "من خۆشترین بڕیار ئەوە بووە كە لە تەمەنی 16 ساڵیدا لە پێناو ئازادی و مافە نەتەوەیی و دیموكراتییەكانی گەلی كوردستان و ڕزگاركردنی خاكی كوردستاندا بوومە پێشمەرگەی كوردستان" ئەمە جگە لە منەتفرۆشی دەستپێکێکی کاڵە بۆ چاوەڕوانی هەڵوێستێکی سیاسی لەئاست مەسئولیەتدا لە سەرۆک، لە دۆخێکدا کە سیاسەتەکانی حیزبەکەی سەرۆک و حیزبە پاشکۆکەی بە مانای وشە ئەم هەرێمەیان خستۆتە بەردەم قەیرانێک، کە ئەنجامەکەی بۆ هەموان مەترسیدارە.
بارزانی و دو حیزبەکەی:
بارزانی لە پەیامەکەیدا هەمو لایەکی تاوانبار کردوە، ئۆپۆزسیۆن بە نەگونجان و خۆسەپاندن، حیزبە بچوکەکان بەوەی تکایان لێکردوە کە ببێتەوە بە سەرۆک، یەکێتی و پارتی بەوەی بێ پرسی ئەم ماوەکەیان بۆ درێژکردۆتەوە، بەس خۆی بێ ئاگا و مەغدور نیشانداوە لە کێشەکان و ئەو پێشێلکاریە یاساییانەی بۆ کورسیەکەی ئەو کراوە و دەڵێت: "ئێستا من لەبەردەم ئەركەكانی ئەو هاوپەیمانییەتەدام كە لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا هەیە، كە پێكەوە لەگەڵ چەند حیزب و نەتەوەی كوردستاندا لەناو پارلەمان بڕیاریان داوە ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ دوو ساڵ درێژ بكرێتەوە، بە بێ ئەوەی من تێیدا بەشدار بووبم".
بارزانی ئەوەشی نەشاردۆتەوە کە ئێستا ئەرکەکانی مام جەلالیشی کەوتۆتە سەرشان و دەڵێت "ئەمڕۆش كە جەنابی مام جەلال لەبەر باری تەندروستی لە كوردستان نییە هەست دەكەم بەرپرسیارێتییەكەی ئەویش دەبێ من ئەنجامی بدەم لە پاراستن و بەهێزكردنی ئەو هاوپەیمانییەتییەدا وەك وەفادارییەك بۆ پێكەوەكاركردن و هاوخەباتیی و هاوكاریی چەندساڵەی نێوانمان لە پێناو گەل و وڵاتەكەماندا" لە پەیامەکەی بارزانیدا زۆر بەوازحی جگە لە قبوڵکردنی سەرۆکایەتی بە نایاسایی، ئەوەشی ئاشکراکردوە کە ئیدی بارزانی وەک سەرۆکی دو حیزب مامەڵە دەکات و خاوەنی دو حیزبە و لە هیچ کوێی پەیامەکەیدا پارتی و یەکێتی لەیەکجیانەکردۆتەوە و وەک یەک جەستە تەعبیریان لێ دەکات، واتە بارزانی دو سەرۆکایەتی قبوڵکردوە سەرۆکی هەرێم و بون بە سەرۆکی دو حیزب، لەڕاستیدا دوەمیان خواستی هەندێک لە مەکتەب سیاسیەکانی یەکێتیش بوە، چونکە ئەوانە لەمێژە وتویانە "ئێمە مۆزەفین دەمانەوێت مودیرێکی باشمان هەبێت"، جاران دەیانوت تاڵەبانی باشترین مودیرە، رەنگە ئێستاش بڵێن بارزانی باشترین مودیرە.
کاردانەوەکەی یەکێتیش قبوڵکردنێکی ئاشکرای پەیامەکەی بارزانییە بۆ بون بە گەورەی حیزبەکەیان، بە سەرنجدان لە خیتابی راگەیاندنی یەکێتی لە چەند رۆژی رابردودا ئەو هەڵا و گێلاندنەی کاریان لەسەر دەکرد، کە گوایە یەکێتی دەستوری گەڕاندەوە بۆ پەرلەمان، چاوەڕوانییەکان ئەوە بو کە بەیانێکی توندی یەکێتی بڵاوبکرێتەوە و بڵێن؛ ئەم خەجاڵەتبونە لەپێناو کورسییەکەی تۆدا لەبەردەم خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین، دەبێت دەستور بگەڕێتەوە، بەڵام دوای چەند سەعاتێک لە پەیامەکەی بارزانی یەکێتی لە تەسلیمبونێکی ئاشکرادا بەناوی (پەیامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی بۆ مەسعود بارزانی) زۆر سوپاسگوزار و رێزی بێ پایانیان بۆ بارزانی دەربڕیوە، شاگەشکەبونیان بە رازی بونی بارزانی بۆ قبوڵکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و وەرگرتنی سەرۆکایەتی یەکێتیش لە تەسلیمبونەکەیاندا رون و ئاشکرایە.
بارزانی و تاوانبارکردنی ئۆپۆزسیۆن:
بارزانی لە پەیامەکەیدا جگە لە چەندجارێک لە دانپێدانانی وەک سەرۆک حیزبێک و ستایش کردنی پارتی و یەکێتی، زۆر حیزبیانە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر ئۆپۆزسیۆن، لەو خۆشحاڵنامەیەیدا بەبۆنەی درێژکردنەوەی سەرۆکایەتییەکەی بەناوی پەیامەوە بڵاویکردۆتەوە، بارزانی 8 جار ناوی ئۆپۆزسیۆن دەهێنێت، ئۆپۆزسیۆن تاوانبار دەکات بە ئەو پشێوی و بێسەرەبەرەییەی کە لە کوردستاندا هاتۆتەئاراوە.
بارزانی دەڵێت: "بەڵام بە داخەوە ئۆپۆزیسیۆن سەركەوتوو نەبوون لە هاوكاریكردن بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە، بەڵكو بەو شێوە ڕەفتارەیان كە قبووڵیان نەكرد لایەنەكانی دیكە لە كۆبوونەوەكانی سەرۆكایەتی پەرلەماندا بەشدار بن، هەوڵ و پرۆسەكەیان پەكخست. لەوەدا دەركەوت كە مەفهوومی تەوافوق لای ئۆپۆزیسیۆن تەنیا سەپاندن و جێبەجێكردنی ئەو داوایانەیە كە خۆیان هەیانە"، بۆ وەڵامی ئەم پەرەگرافەی بارزانی دەبێت بڵێین یان بارزانی ئاگای لەوە نییە لەم هەرێمە چی دەگوزەرێت، یان هەمومان بەبێ ئاگا و نەفام دادەنێت، چونکە هەرچۆن رونە کە ئۆپۆزسیۆن بڕوای بە تەوافوق هەیە، ئاواش رونە کە تەوافوق لەلای بارزانی و حیزبەکەی واتە تەسلیمبون، یان لە باشترین حاڵەتدا واتە یەکێتی بون و چونە ژێر باڵی پارتی.
لە شوێنێکی تردا دەڵێت: "بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆن بە ڕەفتار و شێوەی مامەڵەكردنیان لەو چوار ساڵەی رابردوودا، ئەو تێڕوانینەی بەشێكی زۆر لە خەڵك و لایەنەكانیان لەسەر خۆیان چەسپاندووە، كە بە هیچ شتێك رازی نابن و، تەوافوق لە ڕوانگە و بە لێكدانەوەی ئەوان سەپاندنی بیروڕاكانی خۆیانە كە ئەوەش پێچەوانەی ڕێسا و عورفە سیاسی و دیموكراسییەكانە." هاوکات دەشڵێت "بۆیە داوا لە برایانی ئۆپۆزیسیۆن دەكەم بە سینگێكی فراوانی یەكترقبوڵكردنەوە و بە پێی بنەما دیموكراسییەكان كار و چالاكییە سیاسییە یاساییەكانیان ئەنجام بدەن و، هەموو ڕەفتار و مامەڵەكانیان لەسەر بنەمای قبوڵكردنی ئەوانیترەوە بێت"، ئەم پەیڤانەی بارزانی بەلاڕێدابردنی راستییەکان و ئاوەژوکردنەوەی ئەوەیە کە لەم هەرێمەدا دەگوزەرێ، ئەم پەرەگرافەی بارزانی لەڕوی ماناوە ئەگەر وشەی ئۆپۆزسیۆن بکەیت بە دەسەڵات ماناکەی لەڕوی ئاخاوتنەوە راست دەبێتەوە.
جارێکی تر سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆن دەڵێت: "سێ لایەنەكەی ئۆپۆزیسیۆن دەبێ بزانن كە جگە لە پارتی و یەكێتی، زۆر حیزبی دییش هەن لە كوردستاندا لە سەختترین ڕۆژگاری ژێر دەستەییدا ئەو پەڕی فیداكارییان نواندووە بۆ بەرگریكردن لە هەبوونی گەلەكەمان و مانەوەی ناوی كوردستاندا، هەروەها زۆر حیزبی دیكەی مۆڵەتپێدراو هەن ئەمڕۆ ڕا و قسەیان هەیە بۆ پێشكەوتنی كوردستان. نابێ سێ لایەنەكەی ئۆپۆزیسیۆن ڕێگە بە خۆیان بدەن و هەوڵی ئەوە بدەن لە لایەن دەزگا باڵاكانی كوردستانەوە ڕا و بۆچوونی لایەنەكانی دیكە نادیتە بگیرێن. یان رێگە بە خۆیان بدەن بە شێوەیەك لە سووكایەتی پێكردنەوە باسیان بكەن"، ئەم قسەیەی بارزانی لەکاتێکدا رەوایە کە خۆی و دو حیزبەکەی رەچاوی دیدوبۆچونی شەقامی کوردی و ئۆپۆزسیۆن بکەن، ئەوکات ئاساییە داوای حورمەت بۆ دوکانە حیزبیەکانی خۆشیان بکەن، دەسەڵاتێک لەم هەرێمەدا هێندە نەبیست و نەبینە هەست ناکات کەسی تر بونی هەیە، ئەم جۆرە شفاعەتەش بۆ هەندێک لەو حیزبانە کە خۆیان خالقیانن، جگە لەبەلاڕێدابردن و خۆدزینەوە لە مەسەلە ئەساسیەکەی هیچی تر نییە.
دەستور لە وتارەکەی بارزانیدا:
جارێکی تر بارزانی نامەسئولانە و بە ناڕونی لەسەر دەستور دواوە و نوسیویەتی "لە سەروبەندی پەسەندكردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2009دا لە لایەن پەرلەمانەوە، هەوڵێكی زۆرمدا بۆ ئەوەی تەوافوقی لەسەر دروست ببێ و بە دڵی هەموو لایەنەكانی كوردستان بێت و، پێداگیریم لەسەر ئەوە كرد كە دەبێ تێڕوانینی هەموو نەتەوە و پێكهاتە ئایینییەكانی تێدا جێبكرێتەوە. هەرواش كرا و، دوای ئەوە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا. ئەمجارەش دەمویست دوور لە هەموو گرژی و هەڵچوونێكی ناو پڕۆسەی سیاسی هەمان زەمینە دروست بكەمەوە بۆ گەییشتن بە تەوافوق"، ئەوەش نوسیوە "دوای هەڵبژاردنەكانی 21/9/2013 دەستبەجێ لە كۆبوونەوە دەستپێكییەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بە زووترین كات میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا بگەنە تەوافوق لەسەر هەمواركردنی پڕۆژەی دەستوور و ئالییەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم".
ئەبێت بارزانی لەخۆی بپرسیبێت سازان لەسەر دەستور یانی چی، ئاشکرایە لەدیدی بارزانییەوە یانی رازیبون بە هەمو مەرجەکانی ئەو و حیزبەکەی، بەڵام سازانی نیشتمانی بەمانا کورتەکەی واتە بەهەند وەرگرتنی دیدوبۆچونی هەمو لایەک و زامنکردنی لانی کەمی داواکانی هەموان، هێشتا کەسمان نەخەڵەفاوین و بیرمانە دەستور بە چ ئالیەتێک پەرلەمانێکی ماوەبەسەرچو کاڵا بەقەدباڵای بارزانی دوری، سەبارەت بە هەڵوێستی بارزانیش لەسەر دەستور هەمومان قسەکانی لە گوێماندا ماوەتەوە کە لە یادی شۆڕشی گوڵانی حیزبەکەیدا چی وت، ئەوانەشمان بیستوە کە چەندینجار هەوڵی داوە ژێربەژێر لایەنەکان رازی بکات دەستورەکە بخاتە راپرسییەوە، لە کورترین دەربڕیندا بارزانی دەستورێکی دەوێت زامنی مانەوەی خۆی و نەوەکانی بکات لەسەر کورسی دەسەڵات، ئەوەی لەم پەیامەشیدا سەبارەت بە دەستور وتویەتی جگە لە پێچ و پەنایەک بۆ حەزەکەی خۆی و نەوەکانی و حیزبەکەی شتێکی تازەی نەوتوە، بەدیوێکی تریشدا خەجاڵەتکردنی سیناریۆ داڕێژەرانی کودەتای 30 حوزەیرانە لەبەردەم هەموماندا، کە لەبەرامبەر کاردانەوەکاندا وتیان دەستور گەڕایەوە بۆ پەرلەمان.
بارزانی و سەرۆکایەتی:
چی بێنەوبەردەی دەستور و چی دواخستنی هەڵبژاردن و چی کودەتای 30ی حوزەیران و چی ئەم پەیامەش، لەپێناو حەزە بێسنورەکەی بارزانیدا بو بۆ کورسی سەرۆکایەتی، کەچی بارزانی زۆر بێ باکانە دەڵێت "ئامانجی من لە ناردنی تێبینیی لایەنەكان بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوە بوو... ئینجا بە هەموو سەراحەتێكەوە بە گەلی كوردستان ڕابگەیێنم كە من وەك شەخسی خۆم هیچ نییەتێكم بۆ خۆكاندیدكردنەوە نییە و ڕێز لە هەموو یاساكان دەگرم و ئەمانەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕادەستی هەر بەڕێزێكی دیكە دەكەم كە هەڵدەبژێردرێت"، بارزانی رەنگە خەڵک و ئۆپۆزسیۆن بە فاڵگرەوە بزانێ، رۆژانە دەیان مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی و کادری دو حیزبەکەی بارزانی لەسەر شاشە و راگەگەیاندنەکانەوە بەئاشکرا باسیان لە بە سەرۆک بونەوەی بارزانی دەکرد و دەیانوت بارزانیش خۆی ئاگاداری هەمو هەوڵەکانە و هیچ بێ پرسی ئەو نەکراوە، هەر سەرەتای باسوخواسی نەبونی مافی خۆهەڵبژاردنت وەفدێکت ناردە لای لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کە داوایەکیان هەبو ئەویش بونەوە بە سەرۆکی تۆبو بە یەکێک لەم دو رێگایە:
یەکەم: رازیبون بە دو ساڵ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی تۆ.
دوەم: بێ دەنگبون لەوەی کە یاسا رێگەنادات بارزانی مافی خۆهەڵبژاردنەوەی نییە و بەبێ دەنگی بارزانی خۆی هەڵبژێرێتەوە.
بارزانی جارێکی تر دەڵێت: "لێرەدا دووپاتی دەكەمەوە هیچ كات خولیای كورسی و پۆست نەبوومە. ئەمڕۆش نامەوێ مێژووی خۆم لە خەبات بۆ رزگاری و ئازادی كوردستان بە هیچ شتێكی دیكە بگۆڕمەوە"، ئەم وتەیە هەموجارێک بارزانی کە کورسیەکەی دوای دروستکردنی قەیران بەدەستدەهێنێتەوە دەیڵێت، بەڵام جارێک نەماندیوە بارزانی ئەمە بەکردار بکات.
سەرنجڕاکێشترین شت لە پەیامەکەی بارزانیدا ئەمەیە "دەبێ بە هەموومان نموونەیەكی جوانی دیموكراسی پێشكەش بكەین، نابێت هیچ كەس بە كورسییەكەیەوە بچەسپێت و، نابێت ڕێگە بدرێت سەرۆكی هەتا هەتایی هەبێت لە كوردستاندا"، ئەم دەربڕینەی بارزانی شتێکی مناڵیمان بیر دەهێنێتەوە، ئەگەر کەسێک قسەیەکی پێبوتینایە تەئکیدبوینایە کە وانییە دەمان وت: بەهیندیمان دەزانێ.
بارزانی حەزەکانی خۆی بۆ کورسی سەرۆکایەتی بە چەندین پاساو شاردۆتەوە، بۆ شاردنەوەی ئەو حەزە و خۆلادان لە باسکردنی ئەو کودەتا فەزیحەی 30ی حوزەیران و بە ستەملێکراو نیشاندانی خۆی دەستی بردوە بۆ تاوانبارکردنی هەموان و دەڵێت "هەروەها بۆ رەچاوكردنی نیگەرانییەكانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان لەمەڕ ئەگەری قوڵتربوونی قەیرانی سیاسی و پاراستنی سەقامگیری لە كوردستاندا و، لەبەردەم داوای كەسایەتییە خەباتگێڕەكانی كوردستانی عێراق و پارچەكانی دیكەی كوردستاندا، و پاش ڕاوێژكردن لەگەڵ زۆربەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان یاسای درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانم ڕەتنەكردەوە. بەڵام ئەو ڕەتنەكردنەوەیەش بەو مانایە نییە كە من لەگەڵ شێواز و ناوەڕۆكی یاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمدا بم، بۆیەش ئیمزام نەكرد".
هەر لەوپێناوەدا ئەوەش دەڵێت "لێرەدا وەك ڕێزگرتنێك لە دەنگی زۆربەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و بۆ ئیحراج نەكردنیان، بە گەلی خۆشەویستی كوردستان رادەگەیێنم، كە من بە شێوەیەكی كاتی تا وەكو خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان دەست بەكار دەبێت و بە پەلە دەگەنە تەوافوقێك، ئەو ئەرك و ئەمانەتەی كە خراوەتە سەرشانم بەجێیدەگەیێنم، هەر لە ئێستاشەوە داوا لە سەرۆكایەتیی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەكەم كە لەژێر ڕۆشنایی ئەو نامەیەم كە لە 12ـی 6ـی 2013ـدا ئاراستەی سەرۆكایەتیی خولی ئێستای پەرلەمانم كردبوو".
ئەم دەربڕینانەی بارزانی زۆر رونن، ئەو کێشەی کورسی هەبو، تاکە رێگە بۆ دانشتنەوە لەسەر ئەو کورسیە ئەو رێگەیەبو کە بەنایاسایی لە پەرلەمان گرتیانەبەر، هاوکات مەسەلەیەکی تریش هەیە ئەویش چونی بارزانییە بۆ بەغدا، لەو ماوە زەمەنییەی بارزانی باسی کردوە، کە سەرۆکایەتی دەکات شتەکان رون دەبنەوە و دو ئەگەرە:
١- چونی بارزانی بۆ بەغدا؛ لەو ماوەیەدا ئەوە تەواو رون دەبێتەوە کە بارزانی کورسیەکەی بەغدای تاڵەبانی وەردەگرێت یان نا، وەرگرتنەکەی یەکەم پەیوەندی بە کاتەوە هەیە کە دڵنیا بێتەوە، دوەمیش بە هەموارکردنەوەی ئەم مادەیەیە (رابعا- أن لا یقل تحێیله الدراسی عن الشهادە الجامعیە الأولیە المعترف بها من قبل وزارە التعلیم العالی والبحپ العلمی فی العراق) لە یاسای (قانون أحكام الترشیح لمنێب رئیس الجمهوریە)، چونکە بارزانی بڕوانامەی نییە، لە ئەگەری هەموارنەکردنەوەی ئەم یاسایەدا توشی گرفت دەبێت و ناتوانێت بچێتە شوێنەکەی تاڵەبانی.
٢- مانەوەی بارزانی لە هەرێم؛ دوای دڵنیا بون لە وەرنەگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار، بارزانی بە دو حیزبەکەی و رێوشوێنەکانی خۆیان، هەوڵی تێپەڕاندنی دەستور دەدات، ئەوکات بەپێی دەستور بارزانی بۆی هەیە بۆ هەشت ساڵی تر سەرۆکایەتی هەرێم بکات، واتە تا ساڵی 2023 مافی بە سەرۆک بونی هەیە.
ئەم خوێندنەوەیە بۆ پەیامەکەی بارزانی لەو دیوەوە بو، کە بەخت یاوەریان بێت و هەمو شتەکان لە بەرژەوەندی ئەوان بڕوات، بەڵام دیوێکی تری خوێندنەوە هەیە کە دایدەنێین بۆ کات، ئەویش ئەوەیە؛ لە هیچ کوێی دنیا و هیچ پەڕەیەکی مێژودا نییە، دەسەڵاتێک ئەوەندە نامەسئولانە مامەڵە بکات عاقیبەتی خێر بوبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست